کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی دڵخۆش مەبە! لە هاوکێشەی رۆحانییدا هەمووتان رێژەی نەگۆڕن!

Saturday, 28/05/2016, 3:28


مێژوویی ژیانی سیاسیی سەرکردەکانی باشوور و ئەزمونی میللەتی کورد لە باشووردا سەلماندویەتی کە لە یەکەم سەرهەڵدانی شۆرشی میللەتی کورد لە باشووری وڵاتدا، سەرکردەی بزوتنەوە سیاسییەکانی کورد لەو بەشەدا یەک لە دوای یەک چاویان لەیەکتر کردوە هەوڵیانداوە و پێشبڕکێیان بووە لەوەی کە کامیان زیاتر خۆی بخاتە باوەشی دەسەڵاتدارانی ئێران.
بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی شۆرشی چەکدرای کورد، سەرکردەکانی باشوور بزوتنەوە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی زۆرینەی سادەی میللەتی کوردیی باشووریان خستۆتە خزمەت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە پاراستنی بەرژەوەنیی خۆیان و گیرفان پڕ کردنیان.
بەدرێژای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو تا ئیمرۆ، دەسەڵاتی سیاسیی ئێران چەندین گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە بگرە لە گۆڕانی سیستەمیی سیاسیی دەسەڵاتی پادشایەتی و ڕاکردنی شا بۆ میسر و بۆسیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی، گۆڕانی یەک لە دوای یەکی سەرۆکی ئەو وڵاتە چ بە هەڵبژاردن بووبێت یان بە شۆڕش کردن یان بە زۆرەملێ بووبێت. ئەوەی لەو هاوکێشەیەدا بووە بە رێژەی نەگۆڕ قەت گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە ئەویش ئەوەیە کە دەموچاوی سەرکردەی کوردیی باشوور و هەڵوێستەکانیان بووە. هەر سیستەم و هەر دەسەڵاتێکی سیاسیی ، یان هەر کەسایەتییەک لە ئێران دەسەڵاتی گرتبێتە دەست ئەوا سەرکردە کوردەکانی باشوور وەستاون و بوون بە جاشی!
ئیمرۆ، ساڵی ٢٠١٦دەیە، میدییاکان بڵاویان کردۆتەوە کە سەڕۆکی هەرێم بانگێشت کراوە بۆ ئێران ئەویش قەبوڵی کردوە. زۆرن ئەوانەی پێیان وایە گوایە ئەو بانگێشت کردنە بۆ ئەوەیە کە لە بارزانی پپارێنەوە بۆ ئەوەی وازبهێنتی لە بانگەشەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی! ئەو جۆرە لێکدانەوەیە لە لایەن هەندێک نووسەر ئەگەری ئەوەی تێدایە کە بۆ گیرفان پڕکردن بێت، دەنا ئەگەر بۆ شێکردنەوە و لێکدانەوەی سیاسیی بێت ئەوا گومانی تێدا نییە، کە ئەو جۆرە لێکدانەوەیە و شێکردنەوەیە ئێجگار ساویلکانە و بی بنەمایە، بۆچی؟
دوژمنانی کورد زۆر لە میللەتی کورد باشتر شارەزاییان هەیە دەربارەی سەرکردەکانی باشوور، ناخ و مۆخی ئەو سەرکردانەیان بەتەواویی خوێندۆتەوە! خاڵی لاواز، خاڵی بەهێزیان دەزانن، کە بەرژەوەندیی کوردی تێدا نییە، یان ئەگەر هەبێت! کەسایەتییان، مێژووییان، هەروەها ئەزمونییان لە جۆری بەڕێوەبردنی پارتەکانی خۆیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ پارتەکانی دەوروبەر و خەڵکیدا دەزانن، بەتایبەتی ئەزمونی ئیدارە کردنی حکومەتی هەریم تا دەگات بە مێژووی ئەزمونی خۆیان لەگەڵیاندا، بە تایبەتی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران وەک رۆژی رووناک دیارە کە ماهیەتی ئەو سەرکردانە نەک تەنیا بارزانی بەڵکو هەرهەموویان هی ئەوە نیین، خاوەن پلان و بەرنامەی سەربەخۆی بوونی کوردستان بن و ئاڵای یەک پارچەیی بوونی کوردستان هەڵبکەن.
چوونی بارزانی بۆ تاران، پەیوەندیدار نییە بە مەسەلەی گەڕانەوەی پەرلەمانتارە کوردەکان بۆ بەغداد، یان فەرزکردنی مەرجی کورد بۆ گەڕانەوەیان. گەڕانەوەی پەرلەمانتارە کوردەکان بۆ کوردستان، بجێهێشتنی دەسەڵاتی ناوەند هۆیەکەی ئەوە نەبووە کە پێداگرییان کردوە لە دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەویی، یان پێداگریان کردبێت لە گەڕاندنەوەی ناوچە کوردییەەکان کە بە رێککەوتنی نێوان سەرکردە کوردەکان و حکومەتی ناوەند سازشی لەسەر کراوە! حکومەتی ناوەند و ئەو پەرلەمانتارانە هیچ کێشیەک لە نێوانیاندا نییە و دەسەڵاتی ناوەند دەریانی نەکردوە. پەرلەمانتارە کوردەکان لەلایەن جەماوەریی عەرەبی شیعەی عیراقی راونراون، ئیتر تێناگەم دەبێت مەرجی سەرکردەکانی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە پان و بەرینی هەرێم چی بێت و بیانەوێ فەرزی بکەن!؟
رێککەوتنی سیاسیی و ئاشتەوایی نێوان سەرکردەکانی باشوور لە هەموو کاتێک و زەماندێکدا لەسەر خوانی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە، زۆرینەی خەڵکی سادەی بێ ئاگا، سوتەمەنی شۆڕشەکانی کورد بوون، وا تێگەیەنراون کە ئەو رێککەوتنانەی لەسەر خوانی دوژمناندا ئەنجمدراون بۆ تەبایی و پاراستنی نەتەوەی کورد بووە، نەک بۆ بەرژەوەندیی و گیرفان پڕکردنی سەرکردەکانی باشوور. نمونەی رێککەوتنی سیاسیی نێوان سەرکردەکانی باشوور سەنگی مەحەکی ئەو ڕاستییەن، لە رێککەوتن و پێکهێنانی بەرەی جەوقەد لە سوریا لە ساڵی ١٩٨٠دا، رێککەوتن و پێکهێنانی جود لە گوندی ڕژان لە ساڵی ١٩٨٠دا، لە تێکەڵکەردنی باڵی شۆڕشگێران و کۆمەڵە لە نێو هێزی یەکێتی لە ساڵی ١٩٨٩دا، لە رێککەوتنی نێو سەرکردەی پارتەکانی، یەکێتی، پارتی، حسک، پاسۆک و حشع لە کۆتایی ساڵی هەشتاکان لە ژێر ناونیشانی "ئاشتبونەوەی گشتی"، لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی لە سەرەتاییی سالی ٢٠٠٠کاندا، تا دەگات بە رێککەوتنی دەباشان ساڵی ٢٠١٦ لە نێوان نەوشێروان مستەفا ئەمین و هێرۆ میراتگری سیاسیی تاڵەبانی. هەموو ئەو رێککەوتنانە لە ژێر چاودێری و رەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ئێرانیی بووە.
ئەو ئەزمونانە پێمان دەڵێن، ئەوجارەش بانگێشتکردنی بارزانی بۆ تاران پەیوەندیدارە بە گرژی نێوان سەرکردەکانی پارتە بەشداربووەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم بە تایبەتی سەرکردەکانی حزبی یەکێتی، حیزبی گۆڕان و پارتی. دووبارە رێژەی نەگۆڕ سەرکردەی ئەو پارتانە لەسەر خوانی دوژمن گرژی نێوانیان خاو دەکەنەوە کۆکدەبن لەسەر واژوو کردنی کۆنتراکتی نەوت و گاز لەگەڵ ئێران و دابەش کردنی پشک لە نێوان خۆیان. بە گەڕانەوەی سەڕۆکی ماوە بەسەرچوو لە تاران یەکەم هەنگاو نزیکبوونەوەی بارزانی دەبێت لە سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتی، بەمجۆرەش کات بەرەو ئەوە دەڕوات کە ساڵی ٢٠١٦ تەواو بێت، هەر چۆن لە نێوان خۆیان رێککەوتبوون و لە میدایکاندا بڵاوبووەوە بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان هەموو لایەکییان رازیببوون بە مانەوەی بارزانی وەک سەڕۆکی هەرێم تا ساڵی ٢٠١٧. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە