ڕێکەوتنی (گۆڕان – یەکێتی) و چەند تێبینیەك
Monday, 23/05/2016, 19:55
1- ڕێکەوتنی سیاسی وەیان ڕێکەوتنی بازرگانی... ئەڵبەت لەباشوور شتێك نەماوە ناوی سیاسەت بێ و ئەوەی ئەگوزەرێ لەژێر ناوی حکومەت و فەرمانڕەواییدا تەنها چەند کەسێکی بازرگان بە ئارەزووی خۆیان و چۆن بیانەوێ و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەکانیان ،پاڵ بەعەرەبانەی نیشتمانەوە ئەنێن . دوو بنەماڵەی سەرەکی و چەندێکی لاوەکی تر ،کەخۆیان لە نەوشیروان و عەلی باپیر و کاكە حەمەی حاجی مەحمود و چەند ئیسلامیەك پێکەوە دەمیان ژەنیوەتە کەلاکێك بەناوی (هەرێم)و وونجر وونجریان کردوە. هەربۆیە چۆن گەواهیدەری هاوپەیمانی ستراتیژی نیوان(یەکێتی-پارتی)بووین و زانیمان چی لەهەگبەکەیدا هەبوو،بەهەمان شێوەش ئەمەی (گۆڕان-یەکیتی) هەر بۆ ئەو مەبەستەیە.
2- شوێنی واژوو کردنەکە..دەباشان وماڵی جەلال وەیان ڕاستر بێژین ماڵی هێرو. ساڵی ١٩٩٩ لەواشنتۆن هەریەك لە یەکێتی و پارتی ماڵدڵین ئۆڵبرایت کۆکرانەوەو کۆتاییان هێنا بەشەڕی ناوخۆ،ئەڵبەت ئەو کات یەکیتی تووشی شکستێکی سەربازی بوبوو کە چیتر نەیتوانی دژی هێزەکانی پارتی بجەنگێ لەبەرئەوەی هێزەکانی پارتی لەژێر چەتری هێزەکانی بەعسدا خۆیان کۆکردبۆوە. ئەمەی (گۆڕان-یەکێتی)هەمان شکستی گۆڕانە بەرانبەر یەکیتی. لەکاتێکدا گۆڕان دەنگی زۆرینەی هێناو یەکیتی بێبەشی کرد لەو پۆستانەی کەئەبوو بەپێی ژمارەی دەنگ وەدەستی بێنیایە.پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەك نمونە.
3- مەبەستی نەوشیروان لەم ڕێکەوتنە.. نەوشیروان وەك مەسعود، جەلال و ئەوانی تر وا تەمەنی بەرەو خەزان و کۆتایی ئەچێ،بۆیە مسۆگەرکردنی چەند بەرژەوەندی و پۆست و کۆمپانیاو چاڵە نەوت بۆ کوڕو نەوەکانی بەئەرکێکی خۆی ئەزانێ. هێنانە پێشی هەریەك لە کۆڕەکانی لەزۆربەی زۆری بۆنەکان و چاوپێکەوتن و دانیشتنەکان ڕاستی ئەوە ئەسەلمێنن.
4- مەبەستی جەلال لەم ڕێکەوتنە..کاتێ ئەڵێین ڕێکەوتنەکە لەدەباشان و لەماڵی هێروو بەئامادەیی جەلال واژوو کرا،ئەوا وەك زۆربەی میدیاکان باسیان لیوە کرد کەوا هەموو خاڵ و ماددەکان بۆ جەلال باسکراون و ئەویش ڕەزامەندی لەسەر نیشان داون،کەچی لەکۆتایی واژوو کردنەکە لەجیاتی ئەوەی واژوو کردنەکە لەنیوان سکرتێری یەکێتی کە تا هەنووکە جەلال تاڵەبانی ماوەتەوە و ڕێکخەری گشتی گۆڕاندا بێ،تەماشا ئەکەین لەنیوان نەوشیروان و کۆسرەت ڕەسوڵدا کرا.. کەئەمەش ئەو نهێنیەمان بۆ دەرئەخا،ناگرنگی و کەم بایەخدانی ماڵی جەلالە بەم ڕێکەوتنەو بۆ ئەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان مەسعود و جەلال وەك خۆی بمێنێتەوە.. گەر جەلال خۆی هەموو بەندەکانی بەدڵ بوبێ،ئەی بۆ خۆی واژووی نەکرد وەیان لانی کەم پەنجە مۆری لەسەر ڕێکەوتنەکە بکردایە؟!
5- مەبەستی هێرۆ لەم ڕێکەوتنە.. گەر بڕوانینە ماددەی حەوتەم و بەشی دووەم ئەبینین کەوا چۆن ئاماژە بە ڕۆڵی ژنان و گەنجان کراوە لەپرۆسەی سیاسی و بەشداری پێکردنیان. ئەم خاڵەش تەواو مەبەست لێی بەشداری هێرو شاناز و هەردوو کوڕەکانی هێرۆو نەوشیروانە.
6- نەتەوەیی بوون و نیشتمانی بوون لەم ڕێکەوتنە.. لە زۆر شوێنی ئەم بەناو ڕێکەوتنە باسی نەتەوەیی بوون و بەنیشتمانی بوونی دام و دەزگا و گەڕانەوەی ناوچە کوردستانیەکان و گیانی نەتەوەیی کراوە،کەچی هەردوو یەکیتی و گۆڕان ناتوانن خۆیان لە(بەغدا) ڕزگار بکەن و جارێکی تر گرێدراوی خۆیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا نەشاردۆتەوە.
7- مەبەستی ئێران لەم ڕێکەوتنە..لەماوەی ڕابردوو کاتێك پارتی و مەسعود زوو باسی ڕێفراندۆم و دروست کردنی دەوڵەوتی کوردی ئەکەن،هەریەك لەگۆڕان و یەکیتی بەستنەوەی ئەم بابەتەیان بە چاککردنی پەرلەمانەوە بەستۆتەوەو پێیان وایە پێوستە لەپەرلەمان ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە،لەکاتێکدا پەرلەمان پەکخراوە،وەیان ڕاستر بڵێین ئەم کارە ناکرێ و بەو شێوەیەش ئێران نایەوێ ئەم کارە بکرێ و لەلایەکی ترەوە بۆ ئەم مەبەستە مەسعود بانگێشتی ئێران کراوەو بۆ ئەوەی لەنزیکەوە گوێی ڕاکێشن و دەم کوتی بکەن.
8- مەبەستی پارتی لەم ڕێکەوتنە..ئەم ڕێکەوتنە ئەوەی بۆ پارتی ئاوەڵا کرد کە ئەم بارو دۆخە تا کۆتایی ٢٠١٧ وەك خۆی ئەبێت و هەردوو لا ڕازین بەوەی مەسعود وەك سەرۆكی هەرێم جارێکی تر ماوەکەی درێژ بکەنەوەو لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئەگەر چی پارتی کەمینەش بێ،وەلێ مەسعود پۆستەکەی خۆی ئەمێنێ.
لەڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنە بەشێکی تری سەرەکی بریتیە لە گەوجاندی شەقام و خاوکردنەوەیان . لێرەوە دەنگی ناڕازەیی و کپ کردنەوەی تووڕەییەکانی شەقام ئەم جار لەڕێگای گۆڕان و یەکیتیەوە سەنگەری لێ ئەگیرێ و بەرەنگاری ئەبنەوە. هەروەك چۆن باس لەهەماهەنگی میدیایی نێوانیان کراوەو بۆ ئەمەش ڕاگەیاندنی هەردوو لا جەخت لەوە ئەکەنەوە کەوا چۆن لەسەر هێڵێكی بەیانی هاوبەش کار بکەن بۆ ڕووبونەوەی هەر دەنگێکی ناڕازی و توڕەو یاخی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست