سایکس بیکۆ....داعش ....کورد
Monday, 23/05/2016, 17:26
ئایا لە ناوخۆى خۆماندا هیچ ئامادە کاریەکمان کردووە بۆ ئەو کارە گرانە مێژوییە؟ ئایا ناو ماڵى خۆمان یەک خستوە؟ ئایا توانیومانە لۆبیەکى بەهێز لە دەرەوە بنیات بنێیین؟ ئەى ئایا هەنگاوى بەدیلمان چییە ئەگەر گۆڕانکاریەکان بەخواستى ئێمە نەبوو؟
---------------------------------------------------------
ئەگەر چەخماخەى جەنگى جیهانى یەکەم بەهۆى تیرۆر کردنى (ئەرشیدۆقى) پادشاى ئەوکاتى وڵاتى (مەجەر) و (نەمسا) ى ئەمڕۆ لەلایەن قوتابیەک بەناوى (جفریلو برەنسیب) ى ێربى سەرى هەڵدابێت، دەى ئەوا چەخماخەى هەڵگیرسانى ئەو جەنگەى ئەمڕۆى کە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گرتۆتەوە ، کە ئەمیش جەنگێکى جیهانییە بەڵام بەبێ ناولێنان، لەو ئاگرەوە کڵپەى سەند کە کەسێک بەناوى (محمد بو عزیز) لە جەستەى خۆى بەردا لە کاردانەوەى لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانى تونسدا.
بەهارى عەرەبى:
هەمومان شۆڕشەکانى 2011 ى وڵاتانى عەرەبیمان لە بیرە کە بە ( بەهارى عەرەبى ) ناوزەدکرا، سەرەتا لە وڵاتى تونسەوە سەرى هەڵدا و پاشن وڵاتى میسر و دواى ئەویش لیبیا لە باکورى کیشوەر ئەفریقا و پاشان پەڕیەوە بۆ بۆ بەرى کیشوەرى ئاسیاى وڵاتانى عەرەبى ئەویش وڵاتى یەمەن و دواى ئەویش وڵاتى سوریا، درێژەکێشان و خوێناوى بونى شۆرشى گەلانى سوریا و دەستێخستنى لەلایەن وڵاتانى ناوچەکە ودونیاوە شۆڕشەکانى بەهاى عەرەبى ڕاگرت.
سەرەتا ئەو شۆرشانە بۆ چەسپاندنى دادگەرى کۆمەڵایەتى و باشتر کردنى گوزەرانى خەڵکى بو دژ بەو دەسەڵاتە ئیستبدادیانەى کە چەند دەیەیەک بوو دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتبوو،شۆڕشەکانیش تا ڕاددەیەک ئامانجیان پێکا ، هەر هیچ نەبێت ڕژێمەکان و سەرانى ڕژێمەکان لادران، هەرچەندە لە وڵاتى میسر کودەتاى سەربازى و دەستى دەرەکى نەیهێڵا شۆڕشەکە بە ئامانجەکانى خۆى بگات، دیسان لە وڵاتى یەمەنیش جەنگى مەزهەبى و دەستى دەرەکى نەیهێڵا ئەو شۆڕشەش ئامانجەکانى وەدى بێت، هەرچەندە تا ئەمڕۆشى لەگەڵدا بێت ڕەوشى ئابورى و ئاسایشى ئەو وڵاتانە سەقامگیر نەبووە، بەڵام سنورى ئەو وڵاتانە سەقامگیرە و ئاریشەکانیان بە ئاریشەى ناوخۆیی دەزانرێت.
ئەى بۆ سوریا جیاواز بوو؟
بەڵام بۆ شۆڕشى گەلانى سوریا جیاواز بو لە شۆڕشەکانى وڵاتانیتر ؟ شۆڕشەکەى سوریا ئەوە پێنج ساڵە درێژەى هەیە و شۆڕشەکە سەریکێشا بۆ جەنگى خوێناوى بووە هۆى وێران بونى سەرخان و ژێرخانى ئابورى ئەو وڵاتە و کوژرانى سەدان هەزار هاوڵاتى و ئاوارە بونى ملیۆنانیتر ، ئەو جەنگەى ئەمڕۆ لە سوریا دەگوزەرێت تەنها جەنگى ناوخۆیى ئەو وڵاتە نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە جەنگى جیهانى بەڵام بەبێ ناو هێنان، چونکە ڕاستەوخۆ هەموو وڵاتانى ناوچەکە و وڵاتانى ئەوروپا و زلهێزانى وەک ئەمریکاو ڕوسیاش بەشدان لەو جەنگەدا، ئەوو جەنگە تەنها لە نێوان دوو جەمسەردا نیە ، ئەم جەنگە جیاوازە لە جەنگەکانیتر چونکە فرە جەمسەرە و شەراکەتیکى رونیش لە نیوان جەمسەرەکاندا هەیە ، وەک داعش بەتەنها لەلایەک ، چونکە هاوپەیمانەکانى دیار نیین، ڕژێمى سوریاو هاوپەیمانەکانى ، پێشمەرگە و هاوپەیمانەکانیان لە هەرێمى کوردستان و یەپەگە و هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆئاواى کوردستان و سوپاى عێراق و هاوپەیمانەکانیان و ئۆپۆزسیۆنى سورى و هاوپەیمانەکانیان و جەبهەى نوسرو هاوپەیمانەکانى ،ئەم جەنگە فرە ڕەنگ و فرە دەنگە کەوتۆتە سنورێکى دیاریکراوەوەکە ئەویش ڕۆژهەڵاتى ناوەراستە، وبەکورتیەکەى جەنگەکە لەسەر سنورى نەخشەى (سایکس بیکۆ)یە.
ئایا سەرهەڵدانى داعش کۆتایى بە سایکس بیکۆ دێنێت؟
• - بۆچى شۆڕشەکانى ترى بەهارى عەرەبى لە سنورى وڵاتەکانیان دەر نەچون، بەڵام ئەوەى سوریا هەموو وڵاتانى سنورى سایکس بیکۆى گرتەوە؟
• - بۆچى مانەوە ى بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەى ئەوەندە درێژەى کێشا؟
• - نەک وڵاتانى سنورى سایکس بیکۆ ، ئەى بۆ هەموو زلهێزانى دونیا هاتونەتە سەرخەت وبوون بە بەشێک لەو شەڕەى ئەمڕۆ؟
• - جەمسەرەکانى ئەم جەنگە ئاڵۆز تێکەڵن، زلهێزەکان زیاد لە جەمسەرێک یارى بە کارتەکانیان دەکەن !
• - بۆچى هەموو وڵاتانى ناوچەکە و هەموو زلهێزانى دونیاش داعشیان پێ لەناو نابرێت! تۆ بڵاێیت ئەو ڕێکخراوە هێندە بە هێز بێت؟
• - پاش سەد ساڵ لە سایکس بیکۆ ئایا ئێستە کاتى هاتووە کە دەسکارى سنورەکان بکرێتەوە؟
ئەمانە کۆمەڵە گەمانێکن کە دەبێت بۆ هەر یەکێک لە کومانانە وەڵامى ڕون و باوەڕپێکراو هەبێی.
ئەگەر دەستکارى سنورەکان کرا؟
بەبڕواى بەندە ئەگەر دەسکارى سنورەکانى سایکس بیکۆ کرا ئەوە گەورەترین سود مەند لە ناوچەکەدا گەلى کورد دەبێت ، بەڵام ئەى ئەگەر جەنگى داعش و ڕژێمى سوریاش کۆتاییان هات و دەسکارى هیچ کام لە سنورە دەسکردەکان نەکرا چیى؟ ئاخر خۆ هیچ مادە و خاڵێکى ئەو ڕێکەوتنە باس لە هەڵوەشانەوەى ئەو رێککەوتنە ناکات بۆ پاشى سەد ساڵ!!! ئاخۆ ئەم پێداگیریەى ئێمە بۆ هەڵوەشانەوەى سایکس بیکۆ ى پاش سەد ساڵ لە چیەوە سەرچاوەیگرتووە؟ ئەگەر تەنها بیناکردنە لەسەر ئەوەى کە بە کردارى سنورە دەستکردەکانى سایکس بیکۆ هەڵوەشاوەتەوە ، ئەوە بەڵگەیەکى بەهێز نیە بۆ ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردى، بەڵێ هەموو زلهێزانى ئەمڕۆ بە خاوەنانى پرۆژەکەى سایکس بیکۆشەوە دان بەو هەڵە مێژوویەدا دەنێن کە چ زوڵمێکیان لەگەلى کوردکردووە.
ئێمە ئەمڕۆ ئامادەین بۆ ئەرکە مێژوییەکە:
ئەمڕۆ هێزى پێشمەرگە نەک ڕاستەوخۆ بەشدارە لە شەڕى دژى داعش بەڵکو بەشاهێدى نوێنەرانى دونیا و کۆمەڵگەى نێو دەوڵەتى ئەمڕۆ پێشمەرگە لە جیاتى جیهان شەڕدەکات، سەرکەوتنى هاوپەیمانان لەم جەنگەدا واتە سەرکەوتنى ئێمەش، لێرەدا جێگەى خۆیەتى بپرسین ئایا هاوپەیمانان هیچ گرەنتیەکى نوسراو یان زارەکیان داوە بە کورد بۆ پاش جەنگى داعش ؟ یان وەک پیشەى هەموو جارێکیان کە کاریان پێمان نەما دەماندەنەوە دەست ئەو قەدەرە کە ئەوان بۆمان دیارى دەکەن؟؟؟ یان ئایا لە ناوخۆى خۆماندا هیچ ئامادە کاریەکمان کردووە بۆ ئەو کارە گرانە مێژوییە؟ ئایا ناو ماڵى خۆمان یەک خستوە؟ ئایا توانیومانە لۆبیەکى بەهێز لە دەرەوە بنیات بنێیین؟ ئەى ئایا هەنگاوى بەدیلمان چییە ئەگەر گۆڕانکاریەکان بەخواستى ئێمە نەبو؟ کارتەکانى فشارمان کامانەن؟ پێش کۆتایى هاتنى جەنگ هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بە وەڵامى ڕون و موقنیع هەیە.
بە بڕواى بەندە هەرچى زووە پێویستمان بە یەکخستەوەى نێوماڵى خۆمان و ئاشتبونەوەى نیشتمانى هەیە ، هێزە سیاسیەکان بۆ لەخۆیان ناپرسن لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکاریەى کە بڕیارە بێتە ئاراوە کەچى ئێمە لەهەموکات زیاتر پەرتەوازە و بێ بەرنامە و ماڵ جیا و لێکترازاوین! لە ڕوى ئابوریەوە نا ئامادە ، لە ڕوى یاساییەوە هەرسێ دەسەڵاتەکەى هەرێم لە ژێر پرسیارى جەوهەریدان بە جۆرێک شەرعیەتى یاساییان لەدەست داوە، ئایا بەم حاڵەوە دەتوانیین قۆناغەکە بەسەر کەوتویى تێ پەڕێنیین؟ باشە ئەگەر باش کۆتایى ئەم پرۆسە جیهانیە جارێکیتر ئێمە بە دەستى بەتاڵ لێى دەرچووین ئیتر گلەیى لە کێ بکەین؟ کێ تاوانبارکەین؟ کێ بەرپرسیاریەتى دەگرێتە ئەستۆ؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست