ئاماژەكانی راگەیاندنەكەی پارتی لەسەر رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان
Saturday, 21/05/2016, 22:29
*شەڕی داهاتوی یەكێتیو پارتی لەسەر نەوته
* پارتی بوه حزبی كەمینە
* یەكێتی و گۆڕان كوفريان كرد
هەڵوێستی پارتی لەبەرامبەر رێكەوتنەكەی یەكێتیو گۆران شتێكی چاوەروانكراو بو، درێژەپێدەری هەڵوێستو سیاسەتە تاكڕەوییەكانیەتی كە نایەوێت لەخۆی زیاتر ناوەندێكی تری بریار لەگۆڕەپانەكەدا بونی هەبێتو،هەمو حزبەكانی كوردستان پاشكۆو ملكەچی سیاسەتەكانی ئەو بن. نەناردنی وەفدیشیان بۆ مەراسیمی ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە ئاماژەیەكی پێشوەختە بو لەم هەڵوێستە.لەگەل ئەمانەشدا كاتێك راگەیاندنەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەخوێنیتەوە هەست بەچەند ئاماژەیەك ئەكەیت كە تەعبیر لەسیاسەتی راستەقینەی ئەم حزبە ئەكات بەرامبەر هەر گۆڕانكارییەك لەهاوكێشە سیاسیەكانی كوردستاندا.
ئاماژەكان:
1- كوفری یەكێتی و گۆڕان
باڵادەستی پارتی لەهاوكێشەی سیاسی كوردستاندا لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە پارتی بەشێوەیەكی بەفراوان لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەستی بەتەزویرو تەزویركاری كردو خۆی كردە هێزی یەكەم بەجیاوازییەكی زۆر كەمەوە.. لەلایەكی تریشەوە بەراكێشانی سەدان موستەشارو سەرۆك عەشیرەتو سەرۆكجاشو چڵكاوخۆری بەعسی فاشیزم هەوڵیدا رێكخستنەكانی فراوانتر بكات بۆ ئەوەی لەم پلەیەدا بمێنێتەوە، دوای ئەویش بەدەستبەسەراگرتنی داهاتی گومرگی ئببراهیم خەلیل هەوڵی بەهێزكردنی حزبەكەیدا،ئەمەش شەڕی ماڵوێرانكەری ناوخۆی لێكەوتەوە.پارتی لەوەتەی كەوتۆتە ژێر ركێفی بنەماڵە، بارزانیەكان خۆیان بەخاوەنی كوردستان ئەزانن بەئەرزو ئاسمانیەوە،بۆیە دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلولیان هەرەس پێهێنا،لەگەل دروستبونی یەكێتیو راگەیاندنی شۆڕشی نوێوە هاتنەوە سەر ساحەكە نەوەك بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لەم شۆڕشە،بەڵكو تەنها بۆ لەناوبردنی یەكێتی بو،كارەساتەكەی هەكاری بەڵگەی ئەم راستیەیە.بۆیە پارتی زۆر دەمێكە نەیهێشتوە حزبی ركابەری ئەوەندە بەهێز بێت بتوانێت رێگری لێبكات لەدەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لەكوردستاندا.لەو روانگەیەوە قوتبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو هێزێكی جەماوەری بەپارتی هەزم نەكرا، وەستانی كەسێكی وەكو یوسف محمەدیش لەبەرامبەر پۆستەكەی مەسعود بارزانی كارێك نییە پارتی پێی قبوڵبكرێت، بۆیە ئەم سیاسەتو هەڵوێستانەی گۆران بون بەزەنگێكی مەترسی زۆر گەورە بەرامبەر بە پارتی، ئێستا ئەم بزوتنەوە نەیارەیشی چۆتەپاڵ هێزێكی كاریگەری سەرساحەكە، ئەویش یەكێتی نیشتمانییە، بەمەش ترسەكەی پارتی زۆر گەورەتر بوە، چونكە گۆڕان كاتێك هیچ هێزێكی عەسكەری نەبو ببوە گەورەترین هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی پارتی،ئێستا هێزێكی عەسكەری گەورەی لەپشتە، ئەمەش كارەساتە بۆ پارتی، بۆیە نزیكبونەوەی گۆڕان لەیەكێتیو یەكگرتنەوەیان ماڵوێرانییە بۆ ئەم حزبە، ئەوەش كوفرێكی گەورەیە كە یەكێتی كردویەتی و پارتی لێی خۆش نابێت.
بۆیە پارتی توشی هیستیریا بوەو سەری لێشێواوەو هۆشی نەماوە، ئەگینا چۆن حزبێك ریگا ئەداتە خۆی بریاری" اعفاء"ی سەرۆكی پەرلەمان دەربكات پیش تەواوبونی ویلایەتە قانونییەكەی، ئەوەتا سەركردەكانیان باس لەوە ئەكەن گوایە ناهێڵن دكتۆر یوسف محمد بگەرێتەوە پەرلەمان تا هەلبژاردنی داهاتو، ئەمەش رێك مانای ئیعفاكردنیەتی بەبریاری حزب نەوەك بەیاسا.
2- پارتی وەك حزبی كەمینە
بەیەكگرتنەوەی هەردو فراكسیۆنی یەكێتی وگۆڕان لەپەرلەمانی كوردستانو عیراقدا پارتی ئەبێتە كەمینە. بەپێی حوكمی ئەم دیموكراتیەی پارتی لكاندویەتی بەخۆیەوە ئیدی ناتوانێ بریارە چارەنوسسازەكان بەكەیفی خۆی دەربكات چونكە ئەو بوەتە كەمینە.ئەگەر ئێمە وەكو هەمو میللەتانی دونیا پەرلەمان بەنوێنەری خەڵك بزانین، ئەبێ رێز لە زۆرینەو كەمینە بگیرێتو مەبدەئی تەوافوق بخەینە ناو تەنەكەی خۆڵەوە، چونكە بەم چەمكە قۆڕەوە دەیان ساڵ ماڵوێرانیمان توشی ئەم میللەتەی خۆمان كرد،هەم لەعیراقو هەم لەكوردستانیش بەم مەبدەئە سەقەتەوە پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی حوكم تیرۆركرا،ماڵو سەروەتو سامانی میللەت دزرا بۆ دەوڵەمەندكردنی حزبەكانی دەسەڵات ئەم مەبدەئە داهێنرا، لەكاتێكدا لەهەمو دونیا بەیەك كورسیش بێت حوكم بۆ زۆرینەی هەڵبژاردنە. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا قەت تەسەوری ئەوە ئەكرێ رۆژێ لەرۆژان پارتی رازی بێت بەوەی دەستبەرداری دەسەڵاتەكەی بێت لەپێناو چەسپاندنی دیموكراسیەت لە كوردستاندا، ئەمە نەك مەحاڵە، بەلكو بەخەونیش نایبینین،چونكە پارتی بەبێدەسەڵاتو پارە یەكسانە بەسفر، كەواتە چی بكرێ بۆ ئەوەی ئەو دیموكراسییەتەی میللەت چاوەڕێی ئەكات بێتەدی و ئێمەش وەكو هەمو میللەتانی دونیا بتوانین لەژێر سایەیدا بەخۆشیو بێ كێشەو ململانێی خوێناوی بژین.
پارتی، سەرۆكەكەیان بەخوای سەر ئەرز ئەزانن، كورسیەكەشی بەعەرشی ئەم خوایە، جا كێ زاتی ئەوە ئەكات دەست بۆ ئەم خواو عەرشەكەی ببات..لەنێو خودی راگەیاندنەكەی پارتیدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەوان باس لەگەلەكۆمەكی یەكێتیو گۆڕان ئەكەن بەواتا دور نیە بەیانی لەناو پەرلەماندا بەزۆرینەیانەوە شەڕی كورسی سەرۆكی هەرێم و گۆڕینی سیستەمی سیاسی بكەن،ئەمەش دەستبردنە بۆ عەرشەكەی بارزانی، بۆیە هەرخۆیان بەدیلی ئەم گەلەكۆمەكیان داناوە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ بارە نەخوازراوەكەی پێشوتر،واتە یان گەڕێكی تری شەڕی ناوخۆ، یان جیابونەوەو دو ئیدارەیی. پارتیش زۆر بەلایەوە گرنگ نیە ئەم هەمو ئیدیعایانەی لەو ماوەیەدا كردویەتی سەبارەت بەسەربەخۆیی بیخاتە ناو تەنەكەی زبڵەوە، پاساوی ئەوەشمان بۆ بێنێتەوە گوایە یەكێتیو گۆڕان بەپیلانی ئیرانو دوژمنانەوە نەیانهێشت ئەم سەربەخۆییە سەرتاسەرییە سەر بگرێت، بۆیە لەسەر یەك مەتر ئەرزیش بێت دەوڵەتۆكەیەك بەهاوكاری توركیا دروست بكەن تەنها بۆ ئەوەی سامانی نەوتەكەی كوردستان بدەنە توركیاوەو خۆشیان وەكو عائیلەی مالیكە حوكمی كوردستان بەسوڵتانیزم بكەنو دەوڵەتەكەیان بەویراسە بۆ نەوەكانیان بگوازنەوە.
3-شەڕی داهاتوی یەكێتیو پارتی لەسەر نەوت
بەم وەزعەی ئێستاوە هیچ حزبێك ئەگەر یەك تۆز میسداقییەتو نیشتمانپەروەری ونەتەوەپەرستی تیا بێت، ناتوانێت لەگەڵ حزبێكی وەكو پارتیدا بگونجێت، چونكە ئەو سڵ لەهیچ خیانەتێكی نیشتمانیو نەتەوەیی ناكاتو بەبەخشینی سامانو ئەرزی كوردستانیش بە توركیاو كۆمپانیاكانی نەوتەوە،بۆیە بۆیە كاتێك بژاردەی دو ئیدارەیی ئەبێتە ئەمری واقیع پێموایە پارتی دەستپَیشخەر ئەبیت لەفەرزكردنی ئەم واقیعە،چونكە كاتێك پارتی بریار ئەدات سەرۆكی پەرلەمان لەسەیتەرەی پردێ بگێرێتەوە سلێمانیو، نەیارەكانیشی فرێئەداتە پشت سەیتەرەكەی دێگەڵەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ عەقڵییەتی پارتیو هێشتنەوەی خەتی تەماسی نێوان هەردو زۆنی سەوزو زەرد، بۆیە هەر خۆی ددەستپێشخەر ئەبێت لەمبارەیەوە، چونكە ئەویش بەشبەحاڵی خۆی ناتوانێت لەگەڵ ئەم حزبانە هەڵكات بەتایبەت ئێستا بەرەی حزبە نەیارەكانیشی رۆژ لەدوای رۆژ بەفراونتریش ئەبێت.
بەپێی هەندێ ئامار زۆربەی ئەو بیرە نەوتیانەی بەرهەم دێنن لەناوچەكانی یەكێتیدانە، هەرچەندە هەمو داهاتەكانی كەوتۆتە دەست پارتییەوە، یەكێتی ئەگەر ئاگاداری پرۆسەی نەوتیش بێت بەڵام قەت پشكی ناوچەكەی خۆیشی لەپارتی پێ وەرنەگیراوە، سەرباری ئەوەی سامانەكە بەزۆرینە لەناوچەكانی ژێردەسەڵاتی یەكێتی دایە،بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی زۆنەكەی بەبریاری پارتی قوتیان بڕاوەو موچەیان پێنادرێ.ئەم خۆراگرتنەی یەكێتی تا ئێستا لەبەرخاتری تەوافوقە قۆڕەكە بوە،بەڵام كاتێك دو ئیدارەیی وەكو ئەمری واقیع خۆی فەرز ئەكات، یەكێتیو گۆڕان بەمە رازی نابن. لەپای چی یەكێتیو گۆڕان دەستبەرداری ئەم سامانە بنو میللەتەكەی خۆیان برسی بكەن بۆ سەڵتەنەتی پارتی؟. بۆچی لەپێناو پارتی وتوركیا رێگە بدەنە دزینی ئەم سامانەی میللەت؟؟بۆیە پێموایە شەڕی داهاتو لەسەر ئەم ناوچە نەوتییانە ئەبێت،بەدوریشی نازانم توركیاش بێتە ناو شەڕەكەوە چونكە ئەویش پشكی لەم دزینی سامانەی كورددا هەیەو تا دوا نەفەس دیفاع لەپارتی ئەكات،ئەگەر پەیوەندی یەكێتیو ئێران لەلایەكو، پەیوەندیشی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكانیش لەبەرچاو بگرین ئەوسا بۆمان دەرئەكەوێ كەوا شەڕێكی قوڕسمان لەپێشە.
پرسیارە گەورەكە ئەوەیە: ئایا پارتی كە هەمیشە بانگەشەی ئەوە ئەكات ئەیەوێت لەگەڵ عیراقدا ببێتە هاوسێیەكی باش، ئامادەیە لەگەڵ براكانی خۆیدا بەبێ شەڕ ماڵ جیا بكاتەوە؟؟ یان جارێكیتر میللەتەكەمان توشی شەڕێكی بێئامان ئەكاتەوە، چونكە ئەمجارە غەنیمەكەی زۆرترەو چەكی وێرانكەریش بەدەست هەردو لایەوەیە؟؟با چاوەڕوانبین بزانین پارتی مل بۆ ئەو دیموكراسیەتە ئەدات كە لكاندویەتی بەناوی حزبەكەیەوە، یان هەروەكو پیشەی خۆی جارێكیتر خیانەت لەمیللەتەكەی ئەكات بەهێنانی جەندرمەكانی توركیا بۆ ناو شەڕە وێرانكەرەكەوە؟؟؟!!!.حوكمی ئەخیریش هەمیشە بۆ میللەتە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست