دەقی رێککەوتنامەی سیاسی گۆڕانو یەکێتی
Tuesday, 17/05/2016, 18:30
سەعات (6)ی ئێوارەی 17 - 05 - 2016 مەراسیمی راگەیاندنی رێکەوتنی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆتێلی شاری جوان لە شاری سلێمانی دەستپێکرد، کە ئەمەی خوارەوە دەقی رێکەوتنەکەیە:
(تێبینی: کوردستانپۆست دەقی ئەم رێککەوتنە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ پاشەڕۆژ لە ئەرشیفی خۆیدا دەپارێزێ).
----------------------------------------
دیباجە:
بزوتنەوەی گۆران و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە روانگەی باوەری تەواو بە پێویستی رێكخستن و پەرەپێدانی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانیان لە سەر بنەمای ئاشتەوایی و هاوكاری و باوەری هەدولا بە پێویستی بوونی ستراتیجێكی نیشتیمانی بۆ دامەزراندنی حكومرانییەكی تەندروست و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی كە یاسا تیایدا سەروەربێت و لە روانگەی باوەری تەواویان بەوەی كە پەرەپێدانی پەیوەندییی هەردولادایە، هەدوولا رێككەوتن لەسەر ئەو پەرنسیپانەی كە لەم رێكەوتنەدا هاتوون وەك بنەمایەك بۆ رێكخستنی چوارچێوەی گشتی پەیوەندییەكانیان.
بەشی یەكەم
بنەمای سەرەكی
ماددەی یەكەم:
1- هەردوولا پابەندن بە جێبەجێكردن و پەرەپێدانی ئەم رێككەوتنە و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندییە هەمەلایەنەكانیان و دابینكردنی هەلومەرجی لەبار بۆ پاراستنی دەستكەوتە سیاسی و یاسایی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی گەلەكەمان و یەكریزی ناوماڵی كوردستان و یەكێتی و یەكپارچەیی گەل و خاكەكەی.
2- هەدوولا جەخت دەكەنەوە سەر ئەوەی كە ئەم رێككەوتنە لە پێناوی باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و چاكتركردنی سەرچاوەكانی بژێوییانە.
3- هەردوولا جەخت دەكەنەوە سەر بەگژداچوونەوەی تیرۆر و تیرۆریزم لە ژێر هەر ناوناونیشانێكدا بێت لە ئێستا و داهاتوودا.
بەشی دووەم
دەستور و شێوازی حوكومرانی
ماددەی دووەم:
1- هەردوولا پابەندن بە جێبەجێكردنی سیستمی دیموكراسی و بنەماكانی لە: فرەیی،هەڵبژاردنەكان، سەروەری یاسا، دادپەروەری، مافی مرۆڤ،جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان،دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و شەفافییەت…هتد.
2- هەردوولا پابەندن بە پێویستی سیستمی پەرلەمانی لە كوردستان و ئەم سیستمە بە گونجاوترین سیستم بۆ ئەم قۆناغەی ئەمرۆ دەزانن كەتێیدا سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ و سەرۆكی حوكومەتی هەرێمی كوردستان لێپرسراوی راستەوخۆی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
ماددەی سێیەم:
هەدوولا پابەندن بەكاركردن بۆ هێنانەدی دەستورێكی دیموكراتی و مەدەنی ،كەمافی هاوڵاتی و ئازادییە گشتییەكان و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەروەری یاسا و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و هاوسەنگیی نێوانیان و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دەستەبەربكات.
ماددەی چوارەم:
1- هەدوولا كۆكن لەسەر چەسپاندن و پەرەپێدانی سیستمی ناناوەندێتی كارگێری لە كوردستان،بەشێوەیەك كە ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی تەواوی كارگێری و دارایی تەكنیكیان هەبێت بۆ راییكردنی كاروباری پارێزگاكان، ئەمەش لە رێگەی هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009ی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
2- هەدوولا پابەندی و پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكان دەردەبڕن و كار بۆ جێبەجێكردنی دەكەن.
ماددەی پێنجەم:
هەردولا كۆكن لەسەر لابردنی لەمپەرە یاسایی و سیاسیەكانی بەردەم دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێم و دەست بەكاربوونەوەی بێ مەرجی پەرلەمان لەسەر بنەمای سەروەری یاسا.
ماددەی شەشەم:
هەردوولا كۆكن لەسەر پێویستی بەگژداچونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی و یاسایی و ئابووری و داراییی و كارگێڕی بەمەبەستی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەو كێشانەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە. ئەمەش بە ویستێكی سیاسی ڕاستەقینە و حوكمڕانییەكی باش و سەروەری یاسا و كاری دامەزراوەیی دێتەدی.
ماددەی حەوتەم:
1- هەردوولا كۆكن لەسەر گرنگی حوكمڕانیی دامەزراوەیی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا پشت بەستوو بە ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەكان.
2- هەردوولا پابەندن بە پشتگیریكردنی ژنان و گەنجان لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمدا.
3- ئەم ڕێكەوتنە هەماهەمگی هەردوولا ئەڕەخسێنێت بۆ پشتگیریكردنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیكاكان لە سەرجەم بوارەكاندا.
ماددەی هەشتەم:
سەبارەت بە كەرتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و دڵنیایی كۆمەڵایەتی و گشت كەرتە خزكەتگوزارییەكانی دیكە، هەردوولا پابەندن بە ئەنجامدانی چاكسازیی پێویست لەو بوارانەدا لە پێناوی زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان و چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و یەكسانیی دەرفەتەكاندا.
ماددەی نۆیەم:
1- هەردوولا جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی كۆتاییهێنان بە پاشماوە و سیماكانی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان و دروستكردنی یەك ئیدارە لەسەر بنەمای حوكمڕانی دامەزراوەیی.
2- هەردوولا جەخت دەكەنەوە سەر بەتاوان ناساندنی شەڕی ناوخۆ و شەڕی دژ بە لایەنە كوردستانییەكان.
ماددەی دەیەم:
هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ڕەوایی شێوەكانی ڕادەربڕینی مەدەنییانەو ئازادی ڕۆژنامەوانی دوپات دەكەنەوە و ڕێوشوێنەكانی خۆپیشاندان و مانگرتن بە بەشێكی خەباتی دیموكراتی و پیشەیی جەماوەری دەزانن، جەخت لەسەر ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەیەكی ئاشتیانە و شارستانیانە و دوور لە توندوتیژی دەكەنەوە.
بەشی سێیەم
مافی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم
ماددەی یانزە:
1- هەردوولا كۆكن لەسەر ئەوەی كە مافی چارەی خۆنوسین و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە. ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتیمانییە و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان یەكلا دەكرێتەوە.
2- هەردوولا كۆكن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
بەشی چوارەم
دەسەڵاتی دادوەری
ماددەی دوانزە:
1- هەردوولا پابەندن بە پێویستی سەربەخۆكردنی تەواوی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرەكان لەڕووی وەزیفی و دارایی و كارگێڕییەوە و زیاتر كاراكردنی دەزگای داواكاری گشتی و كۆتایی هێنانی دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و پێویستی هەمواركردنی هەردوو یاسای دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و سەرجەم یاسا پەیوەندیدارەكان لە پێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجەدا.
2 – هەردوولا پشتگیری لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەن بۆ دامەزراندنی دادگای باڵای هەرێم بە سەرجەم تایبەتمەندییەكانەوە.
بەشی پێنجەم
پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ
ماددەی سیانزە:
هەردوولا كۆكن لە سەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە رێی دیالۆگەوە , لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەكانمان.
ماددەی چواردە:
هەردوولا پابەندبونی خۆیان بە گێڕانەوەی كەركوك و خانەقین و شەنگال و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر بۆ سەر هەرێمی كوردستان دوپات دەكەنەوەو یەكلاكردنەوەی كێشەی سنوری كوردستان بە ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوایەتی دەزانن.
بەشی شەشەم
فراكسیۆنەكان و تیمەكانی حكومەت
ماددەی پانزە:
1- هەردوولا پابەندن بە دروستكردنی ئیئتیلافێك بۆ فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان بە مەبەستی هاوهەڵوێستی سیاسی و یاسای , ئەم ئیئتیلافەش كراوە دەبێت بۆ بەشداری فراكسیۆنەكانی دیكە بە پێی پرۆتۆكۆڵی تایبەت .
2- ئەم رێككەوتنە رێگە بە هەردوولا دەدات, بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بكەن.
3- ئەم رێككەوتنە هاوكاری و هەماهەنگی تیمەكانی هەردوولا لە حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتە خۆجێییەكان دەستبەر دەكات .
بەشی حەوتەم
پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ
ماددەی شانزە:
سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان , هەدولا كۆكن لە سەر بە دامەزراوەیكردن و بە پیشەیكردنیان هەمواركردنی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە و یاسای وەزارەتی ناوخۆو یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان یان دەركدنی یاسای دیكە بۆ ئەو مەبەستە .
بەشی هەشتەم
پەیوەندییەكانی دەرەوە
ماددەی حەڤدە:
هەردوولا كۆكن لەسەر بە دامەزراوەیكردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێم لە سەر بنەمای هاوسەنگی و بەرژەوەندیی نیشتیمانی و رێكخستنی بە یاسا .
ماددەی هەژدە
هەردوولا كۆكن لەسە ئەوەی:
1- گەلی كوردستان ستراتیجێتی كوردستانی هەبێت بە جۆرێك نەبێتە بەشێَك لەشەرو ململانێی تائیفی لە هەردوو ئاستی عیراق و ناوچەكە.
2- لەسەر ئاستی كوردستانیش، پشتگیریی خەباتی رەوای گەلەكەمان لە پەرچەكانی دیكەی كوردستان لە پێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواكاندا.
بەشی نۆیەم
كەرتەكانی ئابوری نەوت
ماددەی نۆزدە:
سەبارەت بە كەرتەكانی ئابوری نەوت هەردولا كۆكن لەسەر:
1- نەوت و گاز و كانزاكان و سەرچاوەكانی دیكەی داهات موڵكی گشتین. گەران و دۆزینەوە و دەرهێنان و بەكارهێنان و بەرێوەبردن و مامەڵەكردن پێیانەوە و داهاتەكانیان بە شێوەیەكی شەفاف و دامەزراوەیی دەبێت، لە رێگەی دامەزراوە دەستورییەكانەوە بە جۆرێك كەمافی نەوەكانی ئێستا و داهاتوو دەستەبەربكات.
2- خۆدەربازكردن لە تاك سەرچاوەیی داهات و پەرەدان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی،گەشتوگوزار،بازرگانی،و…هتد.
3- ئامادەكردنی پرۆژەیاسای پێویست و هەمواركردنەوەی یاسا پەیوەندیدارەكان بۆ رووبەرووبوونەوەی قۆرغكاری و كێبركێی ناڕەوای سەرجەم بوارەكانی وەبەرهێنان و بازرگانی.
بەشی دەیەم
ڕاگەیاندن
ماددەی بیست:
دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەردوولا بەگیانی تەباییەوە هەماهەنگی یەكتر دەكەن بۆ پابەندبوون لەم ڕێككەوتنە.
بەشی یانزەیەم
حوكمە كۆتاییەكان
ماددەی بیست و یەك:
لایەنەكانی ئەم ڕێككەوتنە، مافی ڕێككەوتن یان پەیمانبەستنیان هەیە لەگەڵ لایەنی سیاسی دیكەدا، بەمەرجێك بەهیچ شێوەیەك ئەو ڕێكەوتن و هاوپەیمانییە پێچەوانە و ناكۆك نەبێت لەگەڵ هیچكام لە ماددە و بڕگەكانی ئەم ڕێككەوتنە.
ماددەی بیست و دوو:
ئەم ڕێككەوتنە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و چەسپاندنی پرەنسیپەكانی دیموكراسییە و هەر لایەنێكی دیكە بە ڕەزامەندی هەردوولا بۆی هەیە بێتە ناو ئەم ڕێككەوتنەوە.
ماددەی بیست و سێ:
پاش واژوكردنی ڕێككەوتنەكە، هەردوولا دەتوانن پرۆتۆكۆل و پاشكۆی بۆ زیاد بكەن. ئەو پرۆتۆكۆڵ و پاشكۆیانە پاش واژوكردنیان، بەبەشێكی جیانەكراوەی ڕێككەوتنەكە دەژمێردرێن.
ماددەی بیست و چوار:
سەركردایەتی هاوبەش بۆ هەماهەنگی و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە لە چەند ئەندامێكی هەردوو لا پێكدێت و ئەم سەركردایەتیە بەرپرسیارێتی ڕێكخستنی پرۆتۆكۆڵ و پاشكۆكان دەگرێتە ئەستۆ و لەكاتی پێویستدا لیژنەی كاتی تایبەتمەند دروست دەكات.
ماددەی بیست و پێنج:
1- ئەم ڕێكەوتنە پاش واژوكردن و گۆڕینەوەی دۆكیۆمێنتە واژوكراوەكانی، كاری پێدەكرێت.
2- دەقی تەواوی ڕێكەوتنەكە لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوەو ڕایگشتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
نەوشیروان مستەفا ئەمین كۆسرە رسول علی
سلێمانی
17/5/2016
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست