ئاڵنگاری یان ئاسنکاری؟
Thursday, 19/05/2016, 18:40
مرۆنی سیاسی و کارکوشتەی سیاسی لە تەمەنی هەوازهەڵکشیودا تاسکڵاوی ناچێتە سەر. پاشی ئەو هەمووە گێرەو کێشەی ناوخۆیی وکۆبونەوە وقسەوڕاوێژ ئاخریەکەی مرۆڤێکی نەخۆش وبێ گۆ وجڵتە لێدراو توانی بە ڕواڵەت گۆڕان ویەکێتی / بێ نیشتمانی/ لە دەوری یەکتر کۆکاتەوە. لە مێژووی حیزبەکوردیەکاندا لە باشوور ئەو شێوە ئاکارانە زۆر بینراون.ئاکامیش گەڕانەوە بۆ خاڵی / سیفر / بووە. شاییولۆغانی خەڵکێش بۆتە گەمەی کۆمەڵگا.بەرد زۆرە و پاساریش زۆر.
بەڕێز نەوشیرەوان مستەفا لە وتارەکەی خۆیدا دەستەواژەی / ئاڵنگاری / بە کارهێنا. بەوواتایە کە لە ژێر دەسەڵاتی عەشیرەگەریدا زوڵم وزۆری بڕشتی لە خەڵک بڕیوە ولە سەردەمی سەددامیش ئاوانەبووە. چون سەددام کورد نەبوو ، بەڵام کاکە مەسعودمان باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیمان بۆ دەکا هەڵبەت بە بێ ( نان وئاو ). خەڵک بە هەوا دەژین! ئەوانیش لە سەری نەویدا لە کۆشکووتەلارەکاندا بژین !
پیشەی ئاسنگەری یان ئاسنکاری مێژوویەکی لە مێژینەی هەیە. بەو واتایە کە ئاسنکار بە / چەکوش ،،، کاتی نووسینی ئەو وتارە وەبیر چەکوشەکەی کوردستانپۆست کەوتمەوە /. و بەخێرایی پە یتا پەیتا پشت سەری یەک لە ئاسنی گەرمی دەدا بۆ ئەوەی هەر جۆرێک پێی خۆش بێ شکڵ و قەوارەی بداتێ. تا دەگاتە شێوەی دڵخوازی ئاسنگەر یان ئاسنکار، بۆیە پاشآن دەستی لێهەڵدەگرێ ورەوانەی بازاڕی دەکا.
مێشکی دەسەڵاتی کورد لەو ٢٥ ساڵەدا وەک ئاسنیش نەبووە. مێشکێکی ساردوسڕی دواکەتوو. ئەو مێشکانە بە پێی تەواوی زانستی هەموو دونیا هێدی هێدی بەرەو پووکانەوە دەچێ ودەبێ خوداحافیزی لە سیاسەت بکەن وخانەنشین بکرێن. لەو ناوەدا ئەگەر کەسانێکی وشیاریش هەبن هیچ کەس جوابیان ناداتەوە. حیزبێک کە لە ترسی مرۆڤێکی نەخۆش ولە ترسی ژنی ئەو مرۆڤە نەخۆشە نەتوانێ کۆنگرەیەک بۆ بەرەوپێش بردنی رێبازی حیزبەکەی پێکبێنێ ، چۆن دەتوانێ کۆمەڵگایەک بەڕێوە بەرێ.
جێگری یەکەمی تاڵەبانی ،کۆسرەت ڕەسووڵ قسەی کرد. ئەو کابرایە ئێستێش خۆی بە گاشە خۆر دەزانێ. پێی وایە وڵات بە بێ وی رزگاری نایە. هەرچی گوێمدایە بایی فلسێک لە قسەکانی تێنەگەشتم چون هیچ قسەیەکی تازەی پێنەبوو لە هەلێک دەگەڕا کە تاریفی بارزانی بکا. نازانم بۆ پەڕە کاغەزێکی لە گیرفان دەرهێنا وپاشآن خستیەوە گیرفانی بە بێ ئەوەی چاوی لێبکا ! مەبەستی چی بوو لێی تێنەگەشتم.
دەستەواژەی ئاڵنگاری بۆ ئەو سیستمە پەیامێکی زۆر بچووکە. ئەو دەسەڵاتە دەبێ بدرێتە دەستی ئاسنکارێکی پسپۆڕ وشارەزا کەچۆن بە شێوەیەکی خێرا لە ئاسن دەدا تا رێکوپێکی بکا. مێشکی ئەوانەش دەبێ بدرێتە ژێر چەکوشی ئاسنکار تا قەوارەو هزرو ڕامانی سیاسەتیان بێتە گۆڕین. لە وڵاتێک کە دەسەڵات بە زمانی چەک بئاخفێ وهەڕەشە لە هاووڵاتیاتی خۆی بکا ئەو وڵاتە بە حەزرەتی فیلیش نایەتە چارەسەرکردن.
چاوەڕوان دەبین. زۆری ناخاینێ دووبارە دەردەکورد سەرهەڵدەداتەوە وهەمیسان دووبەرەکی ولێکدابڕان شین دەبێتەوە. رووناکبیری ساویلکەش پێی وایە دەبێ گەشبین بێ. بە دوعاوپاڕانەوە رێگای کوردخوازانە بێتە سەرچارەنووسمان.شێرپەنجە بە حەبی ئاسپرین چاک نابێتەوە. دەبێ ریشەکێش بکرێ. بڕواننە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی وڵات. بە هەموویان نزیکەی ١١٠ ساڵیان تەمەنی حیزبی هەیە.وەهایان دیلکردوون کە تۆفانی نوح جووڵەیان پێناکا.
هەم پاڕتەکەی بارزانی وهەمیش هی بنەماڵەی تاڵەبانی پێویستیان بە نوێکردنەوە هەیە. نوێکردنەوەش بە گرتنی کۆنگرە پێکدێ. من لەو بڕوایەدام هیچکامان ئەوەندە بوێر نین کە خۆیان دەگەڵ ئاڵگۆڕەکانی سەردەم بگونجێنن. سیستمی دەسەڵات سنووری رێکاری ئالنگاری تیپەڕآندووە. حەوجێی بە ئاسنکارێکی شارەزاهەیە کە مێشکی سیاسەتی ئەو سیستمە / پان / کاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست