کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کێ ئەم رێکەوتنەی بەسەر یەکێتی و گۆڕاندا فەرز کرد ؟

Tuesday, 17/05/2016, 18:16


کەس ئینکاری ئەوە ناکات، کە لە پارەوە قسەو باس لێرەو لەوێ لەسەر نزیک بونەوەی یەکێتی و گۆران دەکرا و، زۆر جار گەرم دەبووەوە و ئینجا هەواڵەکان لەوبارەوە لەپردا نغرۆ بوون .  لە لایەن چاودێرانەوە؛ بە کارهێنانی ئەو دەنگۆیانە بە باڵۆن و بەکارهێنانی تەکتیکی ململانێی هەردوو لایان لەگەڵ پارتیدا حساب دەکرا .  لە پرێکدا سەرجەم باڵ و ئەڵقەکانی نێو هەردوو حزب، گۆران و یەکێتی، کۆک بون لەسەر رێککەوتن و هەموو شتێک هەڵتۆقی، ئێمەش وەک پێشتر پیرۆزباییان لێ دەکەین و بە هەنگاوێکی ستراتیجی راستی لەقەڵەم دەدەین، نەک راوبۆچونمان لەم کاتەدا وابێت، بەڵکو لە کاتێکدا ئەوان خەنجەریان لەیەک دەسوو و شمشێری روبەروبونەویان لە کەلان دەرهێنابوو و ئەسپی یەکتر قرکردنیان تاودەدا، ئێمە باسی ئەرێنی هەماهەنگیانمان دەکرد، تەنانەت زۆرێک لە سەرکردەکانیشیان لەو قسەو باسەمان بێزاربوون و، تا ئەمرۆش هەر لەسەر ئەو بۆچونەین، بەڵام .
دەکرێت لەم کاتەدا وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەست کەوێت :
1-لەم کاتەدا دەکرێت بزانین ئەو بارودۆخە خودی و بابەتیە چی بوون وای لێکردن لە ماوەیەکی زۆر  پێوانەییدا بگەنە رێککەوتن و، خێراییەکەی  لەو هەنگاوانەی پێشتر بەدوور بوون، کە لە ئاشتەوایی نیشتیمانی دا پێویستمان پێی بوو  و ئەوان لەوبارەوە لەسەر پشتی کیسەڵ دەرۆیشتن ؟
2- ئایا قەیرانە سیاسی و ئیداریەکەی هەرێم پاڵنەری سەرەکی  بوون، یان هەردوولا ناچار بوون بۆ خێراکردن لەم رێککەوتنە؟
3- هاوکێشە ناوچەیی و تەوەربەندیەکە چەند کاریگەری هەبووە لەسەر ئەم هەنگاوە و، پاڵنەری ئەنتی کاریتری ئەم و ئەو  نەبووە، واتە هۆکاری تر لە پێناو ئامانجیتر، کاری خۆی نەکردووە لەم بارەوە، بەدوور لە خودی مەبەست و پشت پەردەی رێککەوتنەکە و، هاوکێشەی گەورەتر لەئارادا نەبووە بۆ بەدیهێنانی ئەم رێککەوتنە ؟
4- ئایا فشاری وڵاتانی زلهێز رۆڵی خۆی گێراوە، یان روونتر بڵێین؛ بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی ناوچەکە و عیراق و بەرەنگاربونەوەی هەندێک هەنگاوی خودیانەی کورد دوور لە بۆچونی زلهێزەکان، لەوبارەوە تا چەند رۆڵی خۆی گێراوە ؟
5- نەخشەکێشانی سیاسی و جوگرافی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و مەبەست و نیاز لە بەدەستهێنانی گۆرانکاری ریشەیی لە لایەن وڵاتانی دەسەڵات بەدەستی جیهانی، بە راستەخۆ بێت یان ناراستەوخۆ، چەند کاریان تێدا کردووە؟
6- ئایا دامودەزگای هەواڵگری هیچ رۆڵی لەم بارەوە بینیوە ؟
7- یان وەک زۆر کەس لەوباوەرەدایە، خەڵکان و کەسانی دەسترۆیشتوی هەردوو لایان فەرزیان کردووە و وا کەوتۆتەوە، کە ئەگەر نارازیبونیش هەبێت کەس نەوێرێت رایبەگەیەنێت و، هەر رایەکی پێچەوانە لەسەر کەسایەتی و بۆچونی کەسە نارازیەکان بکەوێت و بێدەنگیان هەڵبژاردبێت  .  ئایا هەمووان توشی ئەمری واقیع بوون و، بوار بۆ نارازیبون نەماوەتەوە ؟
ئەمە و چەندین پرسیاری تر کە وەڵام دانەوەی بۆ خەڵک پتەوی هەنگاوەکان و سەرکەوتن و پێشخستنی رێککەوتنەکە بۆ هەمووان روون دەکەنەوە و نیازەکان ئاشکرا دەکەن و ئاستی قازانجی گشتی لەم رێکەوتنەدا بۆ پرسی کوردستانمان، دەردەخەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە