دۆخی زمانی کوردی لە نێوان پێنووس و شێوەی قسەکردنی ڕەش وڕووت و ڕامیارەکان دا
Tuesday, 17/05/2016, 14:25
سەرەڕای ئەوەی کە زمانی کوردی وەکو یەکیک لە زمانە کۆنەکانی جیهان ژمێر دەکڕێ، بەڵام بەداخەوە، ئەم زمانە، کە زانای بەنێو بانگ (أبو بكر أحمد بن علي) کە نازناوی (ابن وحشية النبطي)یە، کیمیاگەر و زانای زمان بوو، لە سەدەی سێ کۆچی ژیاوە، بەمانای کە پێش دوازدە سەدە لە ژیان بووە. ئەم زانا گەورەیە، پەڕتووکیکی هەیە بە زمانی عەرەبی، بەناوی (شوق المستهام في معرفة رموز الأقلام)ە، لەم پەڕتووکە دا ڵێکۆڵیینەوە لە (٨٩) زمانی کۆن و شێوەزاری نووسین پێیان کردووە، دیسان بەراوردیان کردووە لەگەڵ زمانی عەرەبی دا، لە ناو ئەم زمانانە دا زمانی کوردی و هێروگلیفییش بوون. لەم بوارەوە زانای کوردیش (محەمەد مەردوخ) لە پەڕتووکەکەی بە ناوی (تاریخ کورد و کوردستان) لە لاپەرەی (٣٩) ئەڵێ:" ئەم ئەلف و بێیە کە (ابن وحشية) هێما بۆی کرد، کە ئەمەیش وینەکەیە لە خوارەوە داینەم، کە هەر پیتیکی کوردی کۆن پیتیکی عەرەبی لە ژێریەتی تا خوێنەری بەڕێز بزانی ئەمە چ پیتیکە.
مەردوخ ئەڵێ، شێوەی ئەلف و بێ کوردیەکە لە پەڕتووکە پیرۆزەکەی (زەردەشت) کە (ئەفستایە) ئەچێ. دیسانەوە، ناوی پەڕتووکەکەی (ابن وحشية) لە ببلوگرافی (الفهرس)ی (ابن الندیم) هاتووە،کە لە سەدەی یازدە زاینیی نووسیتی. زانا (ابن وحشیة) ئەڵێ من لە پەڕتووکەکەم تەنانەت ناوی ئەو زمانە کۆنانە باس کردوومە، زمانی کۆنیش بە گوێرەی (ابن وحشیة) ئەو زمانەیە کە چەند هەزار ساڵ تەمەنیە؟، لە لاپەرەی (١٦٥)ی پەڕتووکەکەی،کە چاپی (دار الفکر)ە ناو بەشی هەفتم و کۆتاییەکەی بەم شێوەیە ناوە: في ذكر أقلام الملوك التي تقدمت من ملوك السريان و الهرامسة و الفراعنة و الكنعانيين و الكلدانيين و النبط والأكراد والكسدانيين والفرس والقبط = پێش ئەوەی قسەکەی (ابن وحشیة) وەربگێڕم بۆ سەر زمانی کوردی دا،با ووشەی "قەڵەم" کە لە سەرەتای دەقی نووسینە عەرەبیەکە هاتووە شیبکەمەوە. خوێنەری بەڕێز، ئەم ووشەیە بە مانای پێنووس (قەڵەم) نییە، ئەمە بە مانای زمانە (اللغة) هەر وەها عەرەب ئەڵێ: القلم أحد اللسانين = پێنووس یەکیکە لە دوو زمانەکە، چونکە ئەوەی پێنووس ئەنووسی لە زمانی مرۆڤ دەرەچێ. ئیستایش با دەقەکە وەرگێڕین بۆ سەر زمانی کوردی. شایانی باسە، زمانی ئەوانی ناو براو وەکو سریان، هەرامسە، فەراعەنە، کەنعانیین، کەلدانیین، ونەبتەکان و کوردەکان و کەسدانیین وفرس و قەپتەکان. ناوی کورد کە هێما بۆی کردووە نیشان ئەدا چ وەکو زمان بۆ قسەکردن چ وەکو زمانی نووسین زۆر کۆنە؟، یەکیکە لە زمانە کۆنەکانی جیهان دا ئەگەر کۆنترینیان نەبێ؟. خوێنەری هێژا، (ابن وحشية) لە پەڕتووکەکەی کە هێما بۆی کردین لە سەرەوە، ئەڵێ: لقد رأيت في بغداد في ناووس من هذا الخط - يقصد الخط الكوردي- نحو ثلاثين كتاباً وكان عندي منها بالشام كتابين: كتاب في إفلاح الكرم والنخل, وكتاب في علل المياه وكيفية استخراجها من الأراضي المجهولة, فترجمتهما من لسان الأكراد إلى لسان العربي لينتفع به أبناء البشر. ثم يقول (ابن وحشية) في ذات الكتاب في صفحة (203-204): إنما كانت براعة الأكراد الأول في صناعة الفلاحة وخواص النبات ويدعون أنهم من أولاد بينوشاد, وقد وصل إليهم سفر - كتاب- الفلاحة لآدم (ع). ويضيف (ابن وحشية) في نهاية كتابه المذكور صفة قلم من أقلام القديمة وفيه حروف زائدة عن القواعد الحرفية, تدعي الأكراد أنه القلم الذي كتب به بينوشاد وماسي سوراتي جميع علومهما وفنونهما = ئەڵێ: لە بەغدا و لە ناووس بە چاوی خۆم لەم نووسینە بینی - مەبەستی نووسینی کوردیە- نزیکەی سی پەڕتووک، (ابن وحشية) دیسان ئەڵێ: لەوێ لە شام دوو پەڕتووکم هەیە یەکیک بە ناوی(کێڵای درەختی مێو ودارخورما) پەڕتووکیکی تربە ناوی (دەر هێنانی ئاو لە سارا) ئەڵێ: وەریانگێڕامەوە لە زمانی کوردی بۆ سەر زمانی عەرەبی دا تا هەموو مرۆڤەکان کەڵک ڵێان وەر بگرن. دیسانەوە لە خودی پەڕتووکەکەی لە لاپەرەی (٢٠٣-٢٠٤) ئەڵێ: چالاکی کوردان لە کشتوکاڵ و روەک ناسی، هەر وەکو خۆیان ئەڵێن، ئەوان ڕۆڵەی بینوشادن، ئەمە لە ئادەمەو (د.خ) بۆیان بە جێ ماوە. دیسان (ابن وحشية) لە پەڕتووکەکەی باسی زمانیک لە زمانە کۆنەکان ئەکا و ئەڵێ: ئەو زمانە - زمانی کوردی- پیتی زیاتر لە پێویست هەیە لە رێزمان، کوردان ئەڵێن ئەم زمانە بوو کە بینوشاد و ماسای سوراتی هەموو زانیاری و هونەریەکەیان پێ نووسی. خوێنەری بەڕێز، هەتا لێکدراوی (مفسر)ی قورئانیش هێمای بۆ زمانی کوردی کردووە کاتی کە لە ئایەتی (٢٢) لە سوورەتی روم ئەڵێ: ومن آياته خلق السموات والأرض واختلاف ألسنتكم وألوانكم إن في ذلك لآيات للعالمين = لە دەرئاساکەی اللە ئاسمان و زەمین هێنایە کایەوە وجیاوازی زمانەکانتان و ڕەنگەکانتانیش، ئەمانە نیشانەن بۆ هەموو جیهان.(ابن کثير) لە لێکدانەوەکەی بۆ ئەم ئایەتە بۆ جیاوازی زمان ئەڵێ: ئەمانە عەرەبن ئەوان کەرەجن ئەوی دیکە رومن ئەوانیتر ئەفرنجن بەربەرن، حەبەشەن،هنودن، ئەرمەنن، کوردن هەتادوایی. ئەمە ناو کورد بوو کە (ابن کثير) پێش (٧٣٦) ژیاوە ناو کورد و زمانی کوردی هاوردووە وەکو زمانیکی زیندوو؟. دیسانەوە، زاناو هەڵبەستوانی کورد (بابا تاهیری هەمەدانی) (٩٣٥-١٠١١م) هەڵبەستەکانی پێش هەزار ساڵ بەم زمانە کوردیە شیرینە نووسیوە،کە زانا و هەڵبەستوانی فارس (عومەری خەیام) ڕێبازی ئەوی گرت (تأثر به) چونکە (بابا تاهیر) (١١٣) ساڵ پێش ئەو ژیا. بەڵام لە بەر ئەوەی کە کورد بوو، فارسەکانیش دام و دەزگاکانی ئێران بەدەستیانەوە بوو کەمتەرخەمیان کرد. هەڤاڵان، کەچی بە داخەوە ئەم زمانە بە کۆمەڵە وشە شیرینەکانیەوە هێشتا یەک گرتوو نییە!!. بێچگە لەمەیش، بەداخیکی زۆر گرانەوە، ئەمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کورد بە تایبەت لە باشووری کوردستان(هەرێمی کوردستان) بە تایبەت تریش دام و دەزگای سێ پاڕێزگاکەی هەرێم هەوڵێر و سڵێمانی و هەڵەبجە بە پارتە ڕامیارەکانەوە کە تێکدەری ئەم زمانەن. یەکیکیان کە ئەندامی مەکتبی سیاسیی یەکیک لە حزبەکانە و خۆی بە "سوسولوف"ی سڵێمانی حسێب ئەکا، کاتی باسی نوێ بونەوە و سۆسیالیسم و شێوەی حوکمڕانی ئەکا بیری ڵێ نەکردووە تا ئێستا زمانەکەی خۆی کە لە ناو دەمیەتی راس بیکەیەوە، کاتی بە شێوەزاری عەرەبی ناشرینەکە بە پەرلەمان ئەڵێ بَرلمان. یان کاتی ئەڵێ: "عالەمی عەرەبی". ئەم ڕستە نە ئەوەی کە لە لایانی زمانەوە هیچ کوردییک تیا نییە، بەلکو گەوجی ڕامیارییشە (غباء سياسي)، ئاخر جیهانی عەرەبی چێ!. ئەمڕۆ یەک زاراوەی جیهانی. .. بەشێوی ڕامیاری بکار دەبری ئەوەیش جیهانی ڕۆژئاوایە کە چۆنیەتی جوگرافیایی هەیە نە ڕەگەزی؟ وەکو "العالم العربی". چۆنیەتی جیهان بوون بە شوێنیک یان لایانی دەگوتری کە ئەو خاکە سەر بەو نەتەوەیە هەر لەسەرەتایەوە، نە وەکو عەرەب ئەو ڕۆژ لە ڕۆباری فورات و دیجلە و نیل پەرینەوە و دەڤەرەکە داگیر کردن و ئەمڕۆ گەرەکیان بە تەزویر کردنی مێژوو بکەنەی بە ناو خۆیانەوە. با هەموو کوردیک ئەمە بە باشی بزانی کە ئەوان داگیرکەرن، قەت ئەم وڵاتانە بە ناو ئەوان نابن.هەرکەسێک ئەم قسەی (عالەمی عەرەبی)یە بکا نەبایەت کوردیک ئەم قسەیە بکا بە تایبەت ئەگەر بەرپڕسیکی سیاسی بێ، ئایا ئەم کابرایە بیری لێ نەکردووە کە کاتی عەرەب ئەڵێ "العالم العربی" دوو بەشی کوردستان بە باشوور و ڕۆژئاوا ئەبن بە بەشیک لەو "العالم العربیە" و بوونیان نامینی!!. هەر ئەم کابرایە دوێنێ سمیناریک داشت، گوێم لێ بوو، گوت ئەگەر ئێمەی ئازادی خوازان ڕێ نەدەین بە ئیسلامیەکان ئیشی سیاسی بکەن ئەوە ئێمە خیانەتە لە ئازادی ئەکەین!، نە هەڤاڵی بەڕێز، ئەوە قسەکەی تۆە خیانەتە لە ئازادی. ئەو ئیسلامیانە کەڵک لە دیموکراتی وەرئەگرن تا دیانە سەر دەسڵات، پاش بەدست گرتنی دەسەڵات خۆیان بە وەکیلی اللە ئەزانن و قەت قەبوول ناکە لە دەسەڵات لابدەن بە شێوەیکی دیموکراتیانە، ئایا تۆ ئەمە نازانی!! لە ڕاستیا ئەگەر نازانی کارەساتە، ئەگەریش ئەزانی و ئەم قسەیە ئەکەی هەر یەک جار کارەساتە. ئەم هەڤاڵە بەڕێزە ، پێش چەند هەفتەیک مشت ومڕی هەبوو لەگەڵ یەکیک لە ئیسلامیەکانی کوردستان، بە ئیسلامیەکە گوت من (٤٨) سەعەت خەریکی خوێندنی کتێبەکەت بووم.بێگومان شتیکی باشە پەڕتووکەکەی خوێندیتی، هیچ خەراپ نییە، بەڵام کاتیک ئایەتیک لە "ئینجیل" خوێندەوە بە هەڵە خوێندی، کە پاشان ئەو ئیسلامیە کە مشت و مڕ لە گەڵیا کرد ڕاستی بۆی کردەوە، کە ئەمەیش خاڵیک بوو بە سوودی ئەو ئیسلامیە؟. هەڤاڵێ "سوسولوف"ی سڵێمانی ئەتۆ ئەوەندە خۆت خەریکی فشەفش بە باسی مودێرن و جیهانگەرایی ئەکەی، تۆزیکیش خۆد خەریکی خوێندنی پەڕتووکە ئیسلامیەکان بکە، چونکە ئەوان - ئیسلامیەکان- ئەمڕۆ لە سەر گۆرەپانەکەن و ڕەقەبەرایەتی لە نێوانتان دا هەیە وەکو دوو لایانی دژوار؟. با بچینەوە سەر دۆخی زمانەکە، کە پاش ئازاد بوونی باشوور لە ساڵی (١٩٩١) لە ڵایانی دەسەڵات دارانەوە بە یەک جاری بێ حورمەتی پێ ئەکری. هەندی لە بەرپڕسانی هەرێم وەکو ئەوەی کە بە پەرلەمان ئەڵێ برلمان، ئەمانیش ئەڵێن: شەعبی عێراق و شەعبی کوردستان. تۆ خوا ئەمانە نەبایەت وەکو ئێستر ڕەشمەیان بکەن. بێجگە لم ئێسترانە، خەڵکانی زۆر هەن نازانن جیاوازی وشە لە نێوان قسە ونوونسین دا!. با یەک نموونە بۆتان بگێرمەوە کە ئەوەیش ناوی "مەهاباد"ە لە دوو وشە پێکهاتووە "مەه" ئەڵێن لە ماهەوە هاتووە کە ناو مادەکانە بە شێوەزاری عەرەبی، ئابادیش هەر ئاوایە بە مانای ئاوەدان بەڵام ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەینووسنەوە"مەهابات"!!. ئەتۆ کاتی گەرەکتە بزانی مانای ئەم ناوە کە "مەهابات"ە چیە، لە ئەنجام دا هیچ مانایک بۆت دەرناچێ! چونکە بە هەڵە نووسیتیان. دیسانەوە، بە دنگیش ئەڵێن "صوت" ئەمەیش بە ڕاشکاوی دیارە کە وشەیکی عەرەبییە. خوێنەری هێژا، ئە ئەمە زمانی پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستانە لە هەرێمی کوردستان!!. دیسانەوە، کاتیک گوێە لە هەڵبستوانی کورد ئەگری، کە ڕۆژانە سەر قاڵە لە گەڵ وشەی کوردی و ئەرکی سەر شانیەتی کە زمانی کوردی لە خەڵت خەوش پاک بکاتەوە، کەچی ئەبینی نێوەی وشەکانی هەڵبەستەکەی عەرەبیە!!. کابرایکی تر کە ئەگەر بە هەڵە نەچووم بەرنامەیکی کۆمەڵناسیی هەبوو، ڕۆژیک ڕەخنە لەو کەسان گرت کە زۆر وشەی عەرەبی لە ناو قسەکانیای بە کار ئەبەن، بەڵام ئەم کابرایە بە درێژایی بەرنامەکەی کە نێو کاژێر بوو زۆرتر لە پەنجا وشەی عەرەبی بە کار برد!!. دوایین ڕەخنەی من ئەوەیە، کە باشووری کوردستان لە سەر دەمی داگێر کەری عەرەب یەک زمانی نووسینی هەبوو کە ئەوەیش سۆرانیە، بەڵام لە سەر دەمی دەسەڵاتی خودی کورد بوو بە دوو زمانی نووسین لە سەرەوە بەهدینی (کرمانجی) لە خۆاریشەوە سۆرانی. ئایا کەسیک تۆزی بیری نەتەوایەتیی هەبێ قایلە بەم دۆخە نا سروشتیە؟.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست