کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رێکەوتننامەى یەکێتى و گۆڕان و ئەگەرى قوڵکردنەوەى ململانێکان

Monday, 16/05/2016, 23:51


ئەگەر سەرنجى رێکەوتنە ستراتیجیەکى نێوان گۆران و یەکێتى نیشتمانى کوردستان بدەین، نەیتوانیوە ببێتە مایەى داهێنانێکى نوآ لە فەزاى سیاسیى کوردستان و پەیوەندى نێوان ئەو حیزبانە، چونکە ئەم رێکەوتنە ستراتیجیەش هاوشێوەى رێکەوتنە ستراتیجیەکەى نێوان پارتى و یەکێتیە کە لە ساڵى 1988ەوە هەتا ئێستا درێژەى هەیەو هەر ئەم رێکەوتنەشە کە بووەتە بەشَک لە نەهامەتى و قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان، راستە ئەم رێکەوتنە کۆتایى بە شەڕى نێوان ئەو دوو پارتە هێنا، بەڵام قەیرانێکى ترى درێژە پێدا کە نەهامەتیەکانى کەمتر نەبوو لە شەڕ، ئەویش بەرهەمهێنانى ئەم گەندەڵیەیە کە دابەشبوونى کوردستانە لە نێوان دو ئیدارەداو پەکخستنى هەموو چاکسازیەک بوە لە حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، ئەم رێکەوتنەى نێوان گۆڕان و یەکێتیش تەنها جآ گۆڕکێیە لە نێوان حیزبەکان و دروستکردنى هاوکێشەى نوێیە لە نێوان لایەنەکاندا و دروستکردنى هاوکێشەى نوێیە بۆ ململانآ سیاسیەکان، واتە رۆژێک هبوو یەکێتى و پارتى لەبەرەیەکدا بون دژ بە حیزبەکانى ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەمڕۆ پارتێکى گەورەى ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هاوپەیمانى بەشێک لە دەسەڵات بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەلڕ نیوەکەى تردا.
نزیک بوونەوەى یەکێتى و گۆڕان پاش ئەو قەیرانە سیاسییە هات کە رووى کردە هەرێمى کوردستان و تیایدا پەرلەمان پەک خراو بەشێک لە وەزیرەکانى حکومەت دەرکران و بەدواى خۆشیدا ئەو قەیرانە داراییەى هێنا کە ئێستا دەیبینین، پارتى لە جیاتى گەڕان بەشوێن رێگەچارەى سیاسیدا ویستى گۆڕان زیاتر پەراوێز بخات و تەنانەت بیرى ئەوەشى بۆ دروست بوو بوو کە بەیەکجارى لە گۆڕەپانى سیاسیى دا دوورى بخاتەوە.
گۆڕان پاش ئەوەى زانى کە زۆربەى دەرگاکان بەروویدا داخراون بە ناچارى پەناى برد بۆ رێکەوتنى ستراتیجى لەگەلڕ یەکێتى دا، کە لەراستیدا ئەم هەنگاوە بەنیسبەت گۆڕانەوە زۆر گرانە، بەتایبەتیش لەلاى جەماوەر و دەنگدەرى گۆڕان، چونکە بنەماى گۆڕان لەسەر دژایەتى و پەرتکردنى یەکێتى دروست بووە و ئامانجى سەرەکى بزوتنەوەکەش روبەڕووبوونەوە بووە لەگەلڕ گەندەڵیدا، کە بەشێکى زۆرى لە دەڤەرى سەوز و حکومەتیشدا یەکێتى لێى بەرپرسیار بووە، لەبەرئەوە واژۆکردنى رێکەوتننامەى ستراتیجى لەگەلڕ پارتێکدا کە هیچ هەنگاوێکى بۆ چاکسازى نەناوە دەنگدەرى گۆڕان تووشى شۆک و هەرەس و ناڕەزایى دەکات.
ئەگەر سەیرى زۆربەى بەندەکانى رێکەوتننامەکە بکەیت شتى باشن و خزمەت بە ئایندەى سیاسیى هەرێمى کوردستان دەکات، بەڵام ئایا پارتى لەم کاتەدا کەوێتە ژێر کاریگەرى ئەم فشارانە و مل بۆ چاکسازى و شەرعیەت دەدا و رێگە دەدات دەزگا شەرعیەکانى وەک پەرلەمان کارا ببنەوە یان بڕیارى هەڵبژاردنێکى پێش وەخت بدات؟. بەبڕواى من پارتى هەرگیز لەم رێگەیەوە ملکەچ نابێت و بە سەرنجدان لە لێدوانى بەرپرسەکانى پارتیش ترس و دو دڵییەکى زۆریان پێوە دیارەو لە ئێستادا لە هەڵوێستێکى تر دەگەڕێن کە لە بەرامبەر ئەو رێکەوتننامەیەدا دەرى ببڕن.
ئەوەى جێگەى سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم رێکەوتننامەیە بەشێوەیەکى کردارى کوردستان دابەش دەکاتەوە بۆ دوو زۆنى جیاواز، واتە لێک دوورکەوتنەوەى دوو ئیدارەکە زیاتر تۆخ دەکاتەوە و ناکۆکیەکان قوڵتر دەکاتەوەو زیاتر دوو زۆنەکە دەخاتە باوەشى دوو دەوڵەتى هەرێمایەتى دەرەوەو بەمەش دەتوانن بەیەکجارى خەونى سەربەخۆیى و جیابوونەوە لە عێراق لەبار بەرن، کێشەى سیاسیى لە هەرێمى کوردستاندا کێشەى هەموو خەڵک و پارتە سیاسیەکان و رێکخراوە مەدەنیەکانە، لەبەرئەوە زۆرتر پێویستى بە گفتوگۆى هێمنانە و نزیک بوونەوەى هەموو لایەنەکان و وەرگرتنى راى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانە، نزیک بوونەوەى گۆڕان و یەکێتى لەم کاتەدا کە پەرلەمان لەکارکەوتووە خزمەت بە کاراکردنەوەى ناکات، چونکە پارتى بەشێوەیەک سەیرى ئەم رێکەوتننامەیە دەکات، کە ئەگەر لەهەر قۆناغێکدا بێتە مایەى لاوازکردنى پارتى ئەنجامى نادات، بەتایبەتیش لە کاراکردنەوەى پەرلەماندا ئەو دەبینێت کە دەبێتە کەمینە و تێپەڕاندنى هیچ یاسایەک بە بەرژەوەندى ئەو نابێت و هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى و دەستوریش بە قازانجى ئەو نیە، لەبەرئەوە لەژێر سایەى ئەم دۆخە نوێیەدا نە رێگە دەدات پەرلەمان کارا بێتەوە، نە گۆڕان بەشدارى حکومەت بکاتەوەو لەلایەکى تریشەوە فشارەکان بۆسەر یەکێتى زیاد دەکات لە هەڵوەشاندنەوەى رێکەوتننامەى ستراتیجى لەگەلڕ یەکێتى داو هەموو ئەو رێکەوتنانەش کە لە نێوانیاندایە بەتایبەتى لەسەر نەوت و غاز و گومرگەکان، ئەوکاتەش یەکێتى یان دەبێت قوربانى بدات بە ئەو بەرژەوەندیانەى کە لەگەلڕ پارتیدا هەیەتى، یان دەبێت لە رێکەوتننامەکە پاشگەز بێتەوە، کە هەردووکیان بۆ یەکێتى قورسە. ئەگەر یەکێتى گۆڕانى هەڵبژارد  بەسەر رێکەوتننامە ستراتیجیەکەدا، ئەوا جیابوونەوەى دوو ئیدارەکە دەبێتە دیفاکتۆ، ئەمەش خەونى گەورەى ئێران و تورکیایە بۆ لەباربردنى خەونى سەربەخۆیى.ئەگەر لە ڕێکەوتنەکەش پەشیمان بێتەوە لەروى مەعنەویەوە زیانى گەورە دەکات و سلێمانیش دەچێتە دۆخێکى ترەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە