پــیــاوێـک لــە پــەڕەی گــوڵ
Monday, 16/05/2016, 11:14
لە هەر وڵاتێکدا دەسەڵاتی دیوانی چاودێری دارایی هاوتا و هاوسەنگی دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و جێبەجێکردن نەبێت و لە بڕیارە سیاسی و ئابورییەکاندا هەمان هێز و قورسایی ئەوانی نەبێت ، ئەوا دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە تەنها سەرۆکێکدا کۆدەبێتەوە ، ئەو سەرۆکەش دەبێتە کەسێکی تاکڕەوی خۆسەپێنەری خۆپەرست و بە تەواوی یاسا فەرامۆش دەکات و بەرژەوەندی تایبەت دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی گشتییەوە و لە ئەنجامدا دەرگای گەندەڵی واڵادەبێت و تاڵانی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی پەرەدەسێنێت و وڵات ڕووبەڕووی وەیشومە و قەیران و قاتوقڕی و برسێتی و مەترسی گەورە دەبێتەوە و هیچ مانایەکیش بۆ مافی گشتی و ئازادی و دیموکراتی نامێنێتەوە . بێگومان حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی دروستبوونییەوە دەکەوێتە خانەی حکومەتە خۆسەپێنەرە تاکڕەوەکانەوە . نە بەتەنگ ماڵ و موڵکی گشتییەوەیە و نە ڕێز لە یاسا و دەستاودەستی دەسەڵات دەگرێت و نە بەهای مەینەتی و مێژووی خوێناوی میللەتەکەی خۆشی دەزانێت ، ئەوەندەش بێ باکە لە قسەی خۆی زیاتر ، گویێ لە قسەی کەس ناگرێت ... دیارە لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی خراپی لەمجۆرەدا چاکسازیی و بەرگریکردن لە گەندەڵی کارێکی ئێجگار ئەستەم و گرانە . بەڵام لە هەموو سەردەمێکدا و لە ناو هەموو میللەتێکدا ، کەسانی ئازا و بوێر و پیاوی پیاوانەی دڵسۆزی وا هەبووە لە پێناوی خزمەتکردنی نیشتمان و بەرژەوەندی گشتی و سەروەت و سامانی میللەتدا ئامادەبوون سەری خۆیان دابنێن و بە کژ گەندەڵی و تاڵانیدا بچنەوە و باکیشیان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ژیانی خۆیان نەبێ . شایانی باسە یەکێک لەو کەڵە پیاوە پاکانە ، کە خەمی گەلەکەی لە کۆڵ ناوە کاک جەلالی عومەری سام ئاغایە . کاتێک وەک سەرۆکی دیوانی چاودێری کاردەکات ، بە هەموو هێز و توانایەکییەوە دەیەوێت ئەو دەزگایە چاوی کراوەی گەل بێت و دەسەڵاتەکانی هاوتای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن بێت ، تا بتوانێت بە باشترین شێوە چاودێری وردی خەرجکردنی داهاتی ساڵانە بکات و موڵک و ماڵی گشتی بپارێزێت و بەر لە لێشاوی ئەو هەموو گەندەڵییە بگرێت ، کە جەستەی کۆمەڵگاکەمانی داڕزاندووە و ئابوری وڵاتی بەرەو داڕمان و هەرەس بردووە . ئەم پیاوە مەردە توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا ساڵانە دەیان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بێ ترس و پرس دەستبکات بە قوڕگی دزە گەورەکاندا و چۆکیان پیێ دابدات و ببێتە گابەردی سەر دڵیان . خۆ کاتێکیش سەرکردەکان و سیاسییە بیرکۆڵەکان و خاوەن کۆمپانیا بێ ویژدانەکان لە هەموو هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەشۆرێنەوە و وەک نەهەنگی برسی بە ڕاست و چەپدا هەموو شتێک قووتدەدەن و بە تاڵانی دەبـــەن ، ئـــازایــانــە نــاو و دۆســییــەی ( ٨٦ ) کـــەس و ( ٢٧٢٥ ) ڕاپۆرت ڕادەستی داواکاری گشتی هەرێم دەکات ، کە هەتا ئێستا تەنها چوار دۆسییە جوڵێنراون و دەسەڵاتیش ، کە پشکی شێری لە گەندەڵیدا هەیە ( ٨٢ ) دۆسێیەی لیێ سڕ و فەرامۆشکردووە ، کە سەدان ملیۆن دۆلاری دزراو و هەزاران پارچە زەوی و موڵک و ماڵی گشتیی تاڵانکراویان گرتۆتە خۆیان و لە بەرامبەریشدا دزە گەورەکان بۆ شاردنەوەی ئابڕوی خۆیان و پڕکردنی گیرفانیان بەردەوام ویستوویانە دەنگی ڕەوای کاک جەلال بە ژەهر و هەڕەشە کپ و خامۆش بکەن . بێگومان لەبەر نەبوونی یاسا و بەدەنگەوەنەهاتنی دەسەڵات بۆ ئەو ڕاپۆرتانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەندەڵی زیاتر پەرەدەسێنێت و دەچێتە ئاستی تاڵانییەوە و تەنها دەزگایەک ناتوانێت بەری پیێ بگرێت ، بۆیە ئەم پیاوە تێکۆشەرە ، کە بە موو لە ڕاستی لای نەداوە ، نامەی دەست لە کارکێشانەوە بۆ جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەنێرێت و تێیدا دەڵێت : ( شەرەفمەندنیم بە وەزیفەکەتان ، چونکە من جسمێکی غەریبم لە نێوانتاندا ) و پاشان بە ویست و ئارەزووی خۆی واز لە پلەی وەزیریی دەهێنێت ، بەمەش باشتر ڕێگا بۆ دزینی سەروەت و سامانی وڵات واڵا دەبێت و حاڵی وڵاتەکەمان دەگات بەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆمان ، کە جگە لە داڕمانی ژێرخانی ئابووریمان و نەمانی پارە لە بانقەکاندا ، ئەوەتا بە چوار پێنج مانگ حکومەت ناتوانێت نیو مووچە بۆ کارمەندەکانی خۆشی دابینبکات .
ئەوەی شایانی باسە کاک جەلال لە دەرخستنی گەندەڵییدا خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووە ، بە جۆرێک ناو و ناوبانگی سنوری کوردستانی بڕیوە و گەیشتۆتە دەرەوەی وڵاتیش ، ئەوەتا لە لایەن یەکێتی ئابوری ناسان و کارگێریی ناسانی دەوڵەتەکانی ئەوروپاوە ڕێزی لێنراوە و پاداشتی ساڵانەی لە بواری دەستپاکیدا پیێ بەخشراوە و وەک کەسایەتی ساڵیش دەستنیشانکراوە ، سەرباری ئەمانەش ڕۆڵی گرنگی کاک جەلالی عومەری سام ئاغا هەر ئەوە نییە ڕووبەڕووی گەندڵکارە زلحۆرتەکان بۆتەوە و پەردەی لەسەر ڕوو لابردوون ، بەڵکو دەیان هەڵویستی دڵسۆزانەی هەیە ، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەم :
١ - خانووەکەی یەکێکە لە خانووە جوان و دڵگیرەکانی گردی سەرچناری سلێمانی ، کە لە کاتی خۆیدا بە بڕی ( ٧٠٠ هەزار ) دۆلار خەمڵێنراوە ، بێ بەرامبەر بەخشیویەتی بە وەزارەتی تەندروستی تا دوای خۆی بکرێت بە بنکەیەکی تەندروستی و خزمەتی هاوڵاتیان بکات و لە ساڵی ٢٠٠٢ وە تاپۆی ئەو خانووە خراوەتە سەر وەزارەتی ناوبراو .
٢ - لە ناوچەی ئابڵاخ خاوەنی زەوییەک بووە و فرۆشتویەتی و پارەکەی لە بانقدا بە ناوی دەزگای چاودێرییەوە داناوە و ساڵانە سودەکەی وەک ڕێزلێنان پێشکەشی فەرمانبەرانی سەرکەوتو و چەند خانمێکی سەلاری دیوانی چاودێری دەکرێت .
٣ – پێشنیار بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە ، کە مانگانە موچەی خانەنشینییەکەی ببەخشرێت بە دەزگای شەهیدان و کەمئەندامان .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کاک جەلال چرایەکی گەشی نیشتمانەکەمانە ، هەموو خەون و خولیایەکی ژیانی ئەوەبووە خزمەتی خاک و خەڵک بکات ، دیارە دزەکان کە وەک زەروو بەربوونەتە گیان و جەستەی شەکەتی ئەم میللەتە کڵۆڵەمان ، ویستییان بە گەروویەکی پڕ لە ژەهرەوە فوو لەو چرایە بکەن و بەتەواوی خامۆشی کەن ، بەڵام ئێستا ئەو پیاوێکە لە پەڕەی گوڵ پاکتر و لە جاران گەشترو ڕووناکترە و جێگای ناخی دڵ و دەروونی هەزاران هەزار کوردی بەشەرەفە و دڵنیام ڕۆژێک لە ڕۆژان ، کە دەسەڵات دەگاتە دەستێکی پاک و بێگەرد ، ئەوا لە ناوەڕاستی باخێکی پڕ لە گوڵە باخی سپیدا پەیکەرێک بۆ ئەو چرا گەشەی نیشتمان دەکرێت و بەردەوامیش بۆن و بەرام و شنەی ئەو باخە خۆشەش باوەشێنی ڕۆحمان دەکات و ناخمان پڕدەکات لە پاکیی و نەوەکانی داهاتووش فێری دەستپاکی و خۆشەویستی نیشتمان دەکات ... بێگومان ئەو کەسانەشی دەنکە جۆیەکی ماڵی میللەتیان خواردووە ، ئەوا زوو بێت یان درەنگ بەر شەقی زەمانە دەکەون ، جا جێگای خۆشییەتی هەر لێرەدا هۆنراوە بەرزەکەی شێخ ڕەزای تالەبانی بیری ئەو کەسە مشەخۆرانە بخەینەوە ، کە چاویان بە کەسانی وەک کاک جەلالدا هەڵنایەت و سەرقاڵی دزینی داهاتی میللەتێکی ئەنفالکراون ، تا چاک بزانن هەتا سەر ئاوا نایخۆن ، چونکە ئەوەی بە دزی گندۆران بخوا ، دەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان کوتەکەکانی سەروگوێلاکی خۆشی بژمێرێ :
لێگەڕێ با کەر لە ناو قەرسیلدا یاری بکا
ڕۆژێک ئەبێ خاوەن قەرسیل کەر دارکاری بکا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست