دێوەزمەی پەرلەمان و دەسەڵاتی کوردی
Thursday, 12/05/2016, 23:06
دیارە لێرەدا باسی ئەو دەسەڵاتە کوردیە دەکەین کە بە هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەریهەڵدا بە کۆتایی ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی کورد لە بەهاری ١٩٩١ تاکو ئەمڕۆ. ئەمەش بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و ماڵوێرانکردن و ئەنفال و راگواستن و هەموو ئەو کارە دژ بە مرۆڤایەتیانە بووە کە دەرحەق بە گەلەکەمان کراوە لە لایەن حیزبی بەعسی فاشییەوە. ئامانجی گەلی کورد لە چەشتنی ئەو هەموو نەهامەتی و دەردەسەریە بریتی بوو لە بەدەستهێنانی ئازادی و چەسپاندنی دەسەڵاتێکی کوردی دیموکراسی بە شێوەیەک کە هەموو تاکێکی کورد بتوانێت مافە سەرەتاییەکانی خۆی تێدا بەرجەستە بکات لەسەر ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هتد...
یەکێک لە گرنگترین ئەو دامەزراوانەی کە پێویستە دابمەزرێت لە هەموو وڵاتێکی دیموکراسیدا بریتیە لە پەرلەمان، هەر لەم دەزگایەدا دەنگ لەسەر دەستوور دەدرێت کە بە دایکی یاساکان دەناسرێت. دەستووریش سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵات بە شێوەیەکی دیموکراسی دیاریدەکات لە رێی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانەوە، ئینجا دەکرێت ئەو سیستەمە پەرلەمانی بێت یاخود سەرۆکایەتی.
دیارە ئێمەی کوردیش هەر لە ساڵی ١٩٩٢ و سەرکەوتنی ڕاپەرینە مەزنەکەمان ئەم جۆرە حوکمرانیەمان چاوەڕوان دەکرد لە سەرکردایەتی سیاسی گەلەکەمان، بەڵام زۆری پێنەچوو ئەم خەونە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لە باربرا، چونکە نەدەگونجا لەگەڵ بەرژەوەندیە کەسییەکانی بەرپرسەکانیاندا. زۆر مەحال بوو کە سیستەمێکی دیموکراسی پەرلەمانی لە ڕێی جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانییەوە بۆ گەلەکەمان دەستەبەر بکرێت چونکە دەیانزانی کە هەیمەنە و حوکمڕانیان پێ لەق دەکات لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا. هەر ئەمەش وایکردبوو کە هەردوو حیزبی دەسەڵات ترسێکی تەواویان هەبێت لە پەرلەمانێکی کارا کە ئەرکەکانی خۆی دەبینێتەوە لە یاسا دانان و چاودێری کردن دوور میزاجی کەسی و هەلپەرستی حیزبی دەسەڵات. بۆیە پەرلەمان هەمیشە وەک دێوەزمەیەک جێگای ترس و بەربەست بووە لە پێش دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی بە تایبەتی بۆ مەسعود بارزانی کە هەمیشە هەوڵی پەکخستن و بە کارتۆنی کردنی داوە. بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش چەندین نموونەمان بەدرێژایی ٢٥ ساڵی ڕابردوو لەبەردەستە کە چەندین ڕێکار گیراوەتەبەر بۆ بچوکردنەوەی پەرلەمان و دەستەمۆ کردنی هەتاکو ئەمڕۆ.
هەر لە سەرەتاوە چینی خوێندەوار و بە ئەزموون زوو لەوە تێگەیشت کە ئەمانە نیازیان بە سیستەمێکی پەرلەمانی دیموکراسی نیە، کاتێک کە دەیانبینی کورسیەکانی پەرلەمان بە برابەشیانە بە شێوازی پەنجا بە پەنجا دابەشکرا بە بێگوێدانە هێز و لایەن و کەمایەتیەکانی تر. دیارە ئەم پەنجا بە پەنجایە مەبەست لێی تەنها دابەشکردنی کورسیەکانی پەرلەمان نەبوو، بەڵکو دابەشکردنی سەروەت و سامان و داهاتی میللەتەکەش بوو کە مۆرکی تاکو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ ماوە بەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم و داهاتەکەیەوە. بۆیە بەردەوام دەمانبینی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە چوارجێوەی ترس لە پەرلەمان و پجوکردنەوەی پەرلەماندا کاریان دەکرد. هەمیشە ئەولەویەتی هەردوو حزبی دەسەڵات دەستبەسەراگرتنی حکومەت بووە، کێشەکان بەردەوام لەسەر چۆنیەتی دابەسکردنی پۆستەکانی حکومەت بووە، هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە ئەم دامەزراوەیە کارا بکەن چونکە دەیانزانی کە پەرلەمان بەرژەوەندیە کەسی و حزبیەکانیان پێ لەق دەکات. ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بووە کەسانی خاوەن بڕیار لە حزبەکانی دەسەڵات هەرگیز پۆستی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە. هەر بۆ نموونە کاتێک حکومەت لە ساڵی ٢٠١٠ کەوتە دەست یەکێتی نیشتمانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئامادە نەبوو کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت جونکە ئەگەر ئەو پۆستەی وەربگرتایە دەبوایە پەرلەمان بە کاری خۆی هەڵبستایە، بۆیە ئەویش ئەوەی بە قابیلی خۆی نەدەزانی کە ببێتە سەرۆکی پەرلەمانێکی ناکارا. ئەوەی ڕوون و ئاشکرا بووە بە دریژای تەمەنی پەرلەمان بەشێوەیەکی گشتی کادری ناوەندی بۆ پۆستی ئەندام پەرلەمان دەستنیشان کراوە، بگرە زۆر جار لەوانەیە کەسانی بودەڵەش بوبن وەک ئیمتیاز بۆ مووچە و دەستکەوتەکانی پەرلەمان لەوێ دانراون. ناپاکی و ڕق ئەستوری هەردوو حزبی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی دیمئکراتی کوردستان زیاتر لە یەکێتی بە ڕوونی و ئاشکرایی دەرکەوت لە ساڵی ٢٠٠٥ بە دواوە، هەر لە دوای ڕێکەوتنی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لەسەر دابەشکردنی هەردوو پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەنێوان خۆیاندا. پارتی هەر هەوڵێکی بۆ هەموار کردنەوەی دەستوور یان لادانی سەرۆک کە بە پێی یاسا ناکرێت لە دوو خولی چوار ساڵی زیاتر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە بە دژ لە قەڵەم دەدا. دیارە ئەم دۆخەی بە ئاسانی بۆ دەچووە سەر چونکە یەکێتی نیشتمانیش بەرامبەر بەوە دەستکەوت و پۆست و بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ پارتی پاراستبوو، بەشێوەیەک من بۆ تۆی دەکەم و تۆش بۆ منی بکە، نە لە تۆ قسە و نە لە من قسە. دیارە ئەمە سەردەمانێکی زۆر بە ئاسانی دەچووە سەر بۆ مەسعود بارزانی، بەڵام پاش حاڵی بونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ ئیتر نەدەکرا پەرلەمان هەروا دامەزراوەیەکی لاواز بێت چونکە خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گۆرانی بەسەردا هاتبوو، هیچی تر قسەی باق و بریق و چاو سوورکردنەوە و نان بڕین ڕێی لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەوادارەکانی نەدەگرت کە بێدەنگ بن. کار گەیشتە ئەوەی لە ٢٠/٨/ ٢٠١٣ پیچەوانە بە دەستوری هەرێمی کوردستان ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵی تر درێژکرایەوە بە دەنگی ئەندام پەرلەمانەکانی هەردوو لیستی سەوز و زەرد. ئەم جارەیان پەرچەکردارەکان گەورە بوون، ئەندامانی پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان هاتنە دەنگ و پشێویەکی تەواوی لێکەوتەوە چ لە ئاستی پەرلەمان و چ لە ئاستی ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان. بۆیە ئەمە وەک وەرچەرخانێک وابوو لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان. بەتەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ و چوونی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حکومەت، دکتۆر یوسف محەمەد پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرت، بەڵام کارێکی زۆر قورس و دژوار چاوەڕوانی ئەم سەرۆکە تازەیەی دەکرد، چونکە ئەوەی پێشتر هەبوو پەرلەمان نەبووە تەنها دامەزراوەیەک بووە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی حزبی، هەرگیز چاودێری و بە دواداچوونی پێنەدەکرا. دیارە سێ ئەرکی زۆر قورس لە بەردەمی ئەم پەرلەمانە تازەیەدا بوو کە ئەوانیش بریتی بوون لە بە شەفافکردنی پرۆسەی نەوت، هەموارکردنی دەستوور، دانانی سەرۆکێکی تازە بۆ هەرێمی کوردستان کە لە بنەرەتدا دوو ساڵی لە وادەی یاسایی خۆی لادابوو. دیارە هەرسێ دۆسیەی ئاماژەپێدراو لای پارتی هێڵی سوورە، بە دەستلێدانیان بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە. لێرەدا دکتۆر یوسف محەمەد دەستی لە هەرسێ بابەتەکە وەردا، بەرنامەی کاری بۆ دادەنا و دەخرایە گفتوگۆکانی پەرلەمانەوە. تا کار گەیشتە ئەوەی مەترسی لەسەر کورسیەکەی مەسعود بارزانی دروستبێت. دیارە ئەمەش بە پارتی قبوڵ نەکراو ڕێگیریان بە هێز لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمان کرد کە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی. لە کۆتایدا بە ڕوونی دیارە کە پەرلەمانی ئاکتیڤ و خاوەن بڕیار دێوەزمە و زەحمەتە بۆ پارتی و بارزانی بەڵام پەرلەمانی بێشکۆ و پەککەوتوو رەحمەتە.
پارێزەر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست