مێژووی دیستۆپیا (شۆڕش یان هەرا)
Wednesday, 11/05/2016, 22:00
یەکێ لەو وانەو پەندانەی هەریەك لە برایم و ئەحمەد و مەلا مستەفا فێری بوون بریتی بوو لە فەلسفەی خۆبەدەستەوەدان و کلك گرێدان بەدوژمنانی کوردەوە. لای ئەمان،ئەو شۆڕش و خەباتەی دێتە کایە پێوستە ڕەچاوی بەرژەوەندی سەردەستان بکرێ. هەربۆیە،چ لەڕێگای ئێران و تورکیا بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندیان پاراستراو بێ و نەکەونە ژێر گێژاوی گرتن و لەسێدارەدان و بتوانن بەئاسانی گەرمیان و کوێستان بکەن،ئەوەبوو هەموو ڕێگەیەکیان هەڵبژارد تا دڵی داگیرکەران ڕابگرن بۆ مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکانیان. لەو کاتەی برایم ئەحمەد جڵەوی پارتی هیوا بۆ مەلا مستەفا بەجێهێشت کە دواتر گۆڕدرا بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەنجەتی ئەوەی گوایە ئەم سەردەمە پێوستی بە خەباتی چەکداری و هێزی تفەنگ بەدەستە. ئا لەو کاتەوە خەباتی ڕێکخستن و هۆشیاری کۆمەڵ و بڵاوکردنەوەی هزری نەتەوەیی لەلایەن برایم و مەلا مستەفادا شەقێکی تێهەڵدراو گۆڕدرا بە هێزێکی فشەڵی چەکداری کەدواتر پێش ئەوەی لەخزمەتی خەباتی کوردیدا تاقی بکرێتەوە لەلایەن شای ئێرانەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساند تا دژایەتی عەبدول کەریم قاسمیان پێکرد بەهەماهەنگی ئاغا و دەرەبەگی کوردستان.
ئەم هەڵایە لەژێر ناونیشانی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ دەستی پێکرد. هەڵبەت ئەو کارەی عەبدول کەریم قاسم دژ بە دەرەبەگ و ئاغا و بەگەکان لای زۆربەی سەرۆك و سەردارانی خێڵەکان دژایەتی کرا. ئەو هەموو زەوی و زارانەی گەڕاندرێنرایەوە بۆ پاڵەو جووتیاران ،ئەگەر چی بۆ ماوەیەکی کورت ببوو بەمایەی خێرو باشە بۆ زۆربەی خەڵکی هەژار و لێقەوماوان،لێ چینی بۆرژواو خوێنخۆر ئەمەیان پێ هەزم نەکراو لەساتیك گەڕان تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. بۆ ئەمەش مەلا مستەفا باشترین خزمەتی بە هەریەك لە(چینە لەخۆباییبوەکەی کوردستان و حکومەتی ئێران و هێزی ئیستعماری ئەمریکا)کە ئەو دەم هاوپەیمانی ئێران بوون ،توانیان لەڕێگای ئەو هەموو چەك و تفاقە سەربازیەی پێشکەش بەمەلا مستەفا کرا لەڕێگای چەندین بەناو خەباتی کوردایەتی و دژایەتی عەرەب کورد هەڵبخەڵتێنن و ئەو شەڕە نەگریسەیان پێکرد کەجارێکی تر ئاغا و دەرەبەگیان هێنایەوە سەر بەڕە کۆن.
بەداخەوە لەبەرئەوەی هەڵاکەی ئەیلول هیچ جۆرە خۆئامادەگیەکی هزری بۆ نەکرابوو ،هەربۆیە بەفیکەیەکی شای ئێران توانرا کۆتایی پێبهێنرێ و ئاشبەتاڵی پێبکەن. ئەم هەرایە لەبەرئەوەی بنچینەکەی بۆ خەباتی کوردو کوردستان نەبوو،ئەوانەی ئەم هەرایەیان بەرپاکرد زۆرترین کات لەمەیدانی بەرنگاربوونەوە دوور بوون و بۆ تاقە ساتێکیش نەچوونە بەرەکانی شەڕەوە. ئەمان لەئێران بەکەماڵی ئیسراحەت خەریکی بارزگانی و کاری خۆیان بوون.هەرچی بنەماڵەو کەسە نزیکەکانی خۆیانە لەئاگرەکەوە دووریان خستبونەوەو لەدوورەوە بەدووربین سەیری کوردستانیان ئەکرد. بەواتایەکی تر،سەرکردەو پیاوە نزیکەکانی مەلا مستەفا هیچ باوەڕیان بەم هەراو هەڵایەی خۆیان نەبوو،هەربۆیە خاوەنداریان نەکرد و ئەمان تەنها لەخەمی پارەو ئیسراحەتەدا بوون.
یەکێ لەو دیاردانەی کە هەرای ئەیلول هێنایە کایەوە بریتی بوو لەبەشداری نەکردنی هیچ لەسەرکردە گەورەو نزیکەکانی مەلا مستەفا. لەمێژووی ئەو هەرایەدا تەنها کەسێك لەوانە نە گیران،نەکوژران و نەزامداربوون. بەڵکە،ئەوە تەنها خەڵکە سادە و خاکیەکە بوو خۆی کردە قوربانی ئەو فشە کوردایەتیەی مەلا مستەفاو هەراکەی ئەیلول. هێزەکانی سەر بەمەلا مستەفا و ئەوانی نزیکی خۆیان لە حاجی ئۆمەران و گەڵاڵە و قەندیل و هەندێکی تریان لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشێکی تریان لە تاران جیگیر کرابوون و هیچ جۆرە بەشداریەکی ڕاستەوخۆی سەربازیان نەکرد. هەر بۆیە لە (دیستۆپیا)ی مەلا مستەفادا شتێك نەما ناوی خەباتی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ بێ و شەڕی دەستەو یەخە کردن لەگەڵ دوژمنان. زۆربەی کات مەلا مستەفا قارەمانی دروست کردنی دار جگەرەو کوشتنی وورچ بوو. ئەم بەناو سەرکردەیە بۆ تەنها ساتێکیش نەکەوتۆتە ژێر مەترسی گوللەو فیشەکی دوژمن،بەڵکە گەلێ دوور بووە لە بەرەکانی جەنگ . هیچ کاتێ نەیتوانیوە بەرەنگاری لە میلەتی کورد بکا،بەڵکە بەپێچەوانەوە میلەتی کوردی تووشی ئاشبەڵ و دەست خەڕۆیی کردوە،کورد وەتەنی(دەست خەڕۆکەر لە ماڵ وێرانکەر خراپترە)هەر بۆیە ئەمیش هەر ئەو کارەی کردوەو تەنها ئەوەی بەجێهێناوە کە دوژمنانی کورد ڕایان سپاردوە.
ماویەتی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست