تا پارتى و بنەماڵە هەبن کورد نابێت بەهیچ
Monday, 09/05/2016, 14:29
هیچ کاتێک نارەحەت و نیگەران و غەمبارنیم ،لەوەى کە بنەماڵەى بارزانى و خودى مەسعود لەسەر رەقەم ،خیانەت،ناپاکى، وڵات فرۆشى،کلک گرێدان بۆ دوژمنان ئەنجام ئەدات، لەبەر ئەوەى ئەو کارە بۆتە نەریت و ناسنامە و بەشێکى دانەبڕاوەى ژیانى و، بەدەماریا رۆچووە و،بەبێ ئەوەش ناتوانێت چەند چرکەیەک لەسەر پێى خۆى رابوەستێت.
ئەوەى کەبۆتە مایەى پەستى و دڵتەنگیم، لەهەرشت زیاتر تووڕەو قەڵسم دەکات،بوونى کۆمەڵێک کۆیلەو ماستاو چى یە،کە دەورى بنەماڵەیان داوە،بەشان و باڵیاندا هەڵدەدەن،رەوایى بەخیانەت و ناپاکى یەکانیان دەدەن،لەپێش چاوى ئێمە کۆلکە مەلاکانى بارزانى و، هەرزە سیاسیەکانی بنەماڵە بەموقەدەس و کاریزما دەچوێنن.ئاخر ئەوە گەر گەوجێتى و خۆفریودان نەبێت چى ناودەنێیت؟ کێ هەیە ئەلفو باى سیاسى بزانێت و رەوایى بدات بەوەى بەناو سەرۆکەکەى پاشەڵ پیس بێت؟ کێ هەیە ئەگەر بەئەندازەى مێشێک عەقڵ لەهزریدا بێت، نەزانێت ئەوەى کە مەسعود و پارتەکەى بەیتو بالۆرەى بۆدەکێشن لەموزایدە و خۆڵکردنە چاوى خەڵک زێدەتر هیچى دیکە نى یە. لەلایەک باسى ریفراندۆم و سەربەخۆیى دەکەن، کەچى بەفەرمانى ئەردۆغان و نەوەکانى ئەتاتورک سیاسەتى قرێژو چەپەڵ لەدژى کوردانى باکوور و رۆژڕوا پیادەدەکەن. لەلایەک کۆتایى هێنان بە وادەى پەیمانى سایکس بیکۆ دەکاتە رۆژەڤ. کەچى بەنوێژى نیوەڕۆ خەندەق لێدەدات و بەدەستى خۆى جارێکى دیکە وڵات جیادەکاتەوە. سنور بەرووى ئاوارەکاندا دادەخات. رێگە لەناردنى کۆمەک و هاوکارى بۆ رۆژئاوا دەگرێت. لەولاشەوە بەنهێنى لەگەڵ داعشدا کلک گرێ دەدات، شەنگال و مەخمورى رادەست دەکات، لەوسەریشەوە خۆى بەرابەرو پێشەواى یەکێتى نەتەوەیى دەزانێت. ئەگەر ئەمانە بنەما و سەرەتاى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى بن،ئەوا هەقە مەدالیاى رێز وخەڵاتى شانازى ببەخشین بە مەلا ى خەتێ و ئیدریسى بەتلیسى،کە ئەوان سەدان ساڵ لەمەوبەر دیدو بۆچونیان هاوشێوەى مەسعود و بنەماڵە بووە.سەربارى ئەوەش بەدرێژایى تەمەنى دۆڕاوى پارتى کە نزیکەى 60 ساڵە بوون و ئامادەگى پارتى بۆ کورد و،ئەم بەشەى کوردستان چ خێر و بێرێکى هەبووە؟ چ دەستکەوت شکو یەکى بۆ میللەت هێناوە؟!بەناو شۆڕشەکانى ئەیلول وگوڵان ،جگە لەخۆسەپاندن و خۆچەسپاندنى پارتى و بنەماڵە بەسەر شۆڕشى کورد و پاوانکردنى دەسەڵات چ ئاکامێکى ترى لێ شین بووە. وا ئێستا بەناو کادیرو کۆیلەکانى پارتى پێى خەنى و شاگەشکەن؟!
پارتى وبنەماڵە سڵ لەهیچ شت ناکەنەوە،ئەوەى بخوازێت لە دزى،گەندەڵى ،خیانەت،ناپاکى، پیاوکوژى....و پەیرەوى دەکات،،لەولاشەوە زوڕ ناژەنەکانى بنەماڵە،تەواوى ئەو خیانەت و ملهۆڕیانە بە دەستکەوت سەروەرى دەزانن و، دەیانکەنە سیمبول و شانازى، وەک چۆن ئاشبەتاڵ و، 31ى ئاب تەسلیمکردنى شەنگال، کە بۆتە ناسنامەو شانازیان. کەبەداخەوە جوداى کورد ،هەر گەل و میللەتێکى دیکەى سەر ئەم زەمینەبووایە، لەسەر ئەو ناپاکى وخۆ دۆڕاندنە، پارتى فاشیست و دیکتاتۆریان روبەروى یاسا دەکردەوە و ،قورسترین سزاشیان دەدا،و رێگەى پێنەدەدرا کە بۆهەتایەتوخنى سیاسەت و دەسەڵات بوایەتەوە، دەخرایە زبڵدانى مێژووەوە.
کەچى بەداخەوە ئێمەى کورد، لەهەمبەر ئەو هەموو خیانەت و ناپاکى و تاوانە نەخشەبۆکێشراوانەدا،هیچ پەرچەکردارێکمان نى یە، لەسەر هیچ کام لەو تاوانانە نایەینەگۆ. دەستەوەستان و بێ هەڵوێستین.ئەوەتا دەبینین، حکومەت ئیفلیجە،پەرلەمان سوککراوە، موچە خۆر بۆتە سواڵکەر، وڵات بۆتە بەرەلاخانە، هەموو کەس حاکمى ئەم وڵاتەیە کورد خۆى نەبێت، پارتى دەستى گرتوە بەسەر هەموو جومگە هەستیار و کاریگەرەکانى دەسەڵاتدا، بەکەیفى خۆى سوکایەتى بەمیللەت دەکات، خەڵک سەرەنگون دەکات، بێ رێزى بەئاین و مزگەوت وموقەدساتى گەل دەکات. شۆڕش و خەبات بن پێ دەخات، دیموکراسى و سیاسەت دەکاتە کۆێخایەتى،کەچى بەباى خەیاڵمانا نایەت،وەک نەبامان دیبێت نەباران. تەنها و تەنها خەم و کێشەى گەورەمان کە سەرەتاترین مافە، هەر مووچە و، دەنگوباسى بەرزبونەوەى نرخى نەوت داهاتى حکومەتە و هیچى تر.
بەبڕواى من بەر لەهەرشتێک،بەر لەوەى شۆڕش و سەرهەڵدان لەهەرپارچەیەکى دیکە بەرپابێت،بەرلەوەى بیر لەیەکریزى بکەینەوە، بەر لەوەى نەخشەى دوارۆژ دارێژین، بەرلەوەى بیرلە کیان و سەربەخۆى بکەینەوە،بەرلەوەى سەنگەر لەداعش و نەیارانى کورد بگرین،بەرلەوەى بیر لە رێکخستنى ریزەکانمان بکەینەوە، ئەرک و کارى لەپێشینەمان ئەوەیە کە شەڕى بنەماڵەو کۆیلەکانیان بکەین،چونکە تا گەراى خیانەت و،تۆوى ناپاکى رەگى دیکتاتۆرى لە بن هەڵ نەکەنین، هەموو کار و کردەوەیەکمان مەحاڵ و ئەستەم دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست