کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا سایکس بیکۆیەکی تر بەڕێوەیە یان کۆتای سایکس بیکۆ بەڕێوەیە!

Saturday, 07/05/2016, 22:20


پەیمانی سایکس بیکۆ کە واژۆکەی بەپێی لێکدانەوە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە بۆ 16/05/1916 یان 17/05/1916، بەهەرحاڵ ڕەنگە ڕۆژێک پێش یان پاش زۆر لەئەسڵی ناوەڕۆک نەگۆڕێت.
دەکرێت بپرسین؛ئاخۆ تەنها گەلی کورد زەرەر مەند بوو لەو ڕێکەوتن نامەیەدا کەدابەشکرا بەسەر چوار وڵاتی ناوچکەدا،یان گشت گەلانی ناوچەکە؟ ئاخۆ گەر براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهان بەرژەوەندی گەلانیان لەبەرچاو بوایه دەکرا تائێستا جەنگ و مەینەتیەکان بەسەر گەلانی ژێر دەستەدا برەوی هەبوایە؟ ئاخۆ گەر پاراستن و دەست بەسەردا گرتنی وڵاتانی ژێردەستەی ئیمپراتۆریەتی شکست خواردوی عوسمانی،بەبەشێک لەبەرژەەندیەکانی براوەی جەنگە کاولکاریەکەی جەنگی یەکەمی جیهان نەبوایە،بۆچی تائێستا ئامادە نەبوون ئەو دەوڵەتانە دەست هەڵگرن لە سەپاندنی هەیمەنەتیان بەسەر ئەو وڵاتانەدا؟
ئەو دابەش کردنەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێدا دابەش کرا لە پێش کۆتای عاتنی جەنگ و لەدوای کۆتای هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی لەنێوان ساڵەکانی 1914 تا1918، ڕاستیەکمان پێ نیشان دەدەن،کە ئەویش،ژێردەستە کردن یان مانەوەی ئەو گەل و نەتەوانە لەژێر دەستی وڵاتانی زلهێزی داگیرکاردا،ئیتر ئەو زلهێزانە ڕۆژئاوای بن یان ڕۆژهەڵاتی ڕەنگە زۆر کێشە نەبن. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیاد لە پێنج سەد ساڵ تەمەنی دەسەڵاتدارێتی هەبوە بەسەر ڕۆژهەڵات و بەشێکی کیشوەری ئەفریکاو و وڵاتانی بەڵکاندا. جەنگە بەردەوامەکانی قۆناغی دەرەبەگایەتی و سەردەمی جەنگە ئاینیەکانی مەسیحی و ئیسلامی،تەواوی چەندین سەدەیان داگیر کردبوو بەبێ وەستاندنەوە. بەملیۆنان مرۆڤ کراون بەخۆراکی ئەو جەنگانە،نەک تەنها لەپێناو پاراستنی خودایەک کەجێگای گواسترابوە وە بۆ ئاسمان،بەڵکو لەپێناو ئەو چینەی دەسەڵاتی لەژێر دەست نابوو،یانی چینی ئەریستۆکرات و خانەدان و ئاغاو پاپاو خەلیفەکان.
کەواتە، دەکرێت پێش هەر شیکردنەەیەک جێوشوێنی چین و توێژەکان بناسین،ئەگەرنا،دەکەوینە هەڵەوە لەناسینی هۆکاری بەرپاکردنی جەنگەکان.
تائێرە،ڕەنگە شتێکمان ووتبێت،ئێستا ئەرکی ئەم شرۆڤەیە،ڕێکەوتننامەوی سایکس بیکۆیە. ئەو ڕێکەوتن نامەی لەنێوان براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهاندا واژۆکرا.
وڵاتە براوەکان(فەرەنسا،بەریتانیا،ڕوسیای قەیسەری)گەرچی دەوڵەتەکەی قەیسەر لەڕێگای شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 وەڕوخاو نەیان هێشت قەیسەر فریای ئەو شایولۆغانە بکەوێت.
زۆر جار وادەبینین کەتەنها ئەوە گەلی کوردە کراوە بەقوربانی لەنێو ئەو پەیمان نامەیەدا،چونکە تەنها گەلی کورد لەو نێوەدا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبوە و بەناچاریشی دابەشیان کرد بەسەر چوارپارچەدا و هەرپارچەیەک خرایە ژێر دەستی دەوڵەت نەتەوەیەکی نوێی دروستکراو کە بەزمان بێگانە بوون بەگەلی کورد . بەڵام دەکرێت بپرسین ئاخۆ ئەو زلهێزانە هیچ حسابێکیان بۆ ئەو ئیحساسە کردوە یان ئەوان ئەوی بۆیان کێشەنەبوە،ئەو جۆرە لێکدانەوەیە بوە؟بیرمان نەچێت،دابەش کردنەکە زیاتر وورد کراوەتەوە و سنوری ناسیۆنالیستیشی بڕیوە تا ئەو ئەندازەی کە دەسەڵاتەکان بەپێی زاڵ کردنی جۆری کەمو زۆری دانیشتوانی دابەش کراو بەسەر جۆری مەزهەبەکاندا کراوە. لەعێراقدا،شیعە زۆرینە بوە،کەچی کەسێک لە سونەی عەرەب کراوە بەسەرۆک،لەسوریا سونە زۆرینەن بەڵام دەسەڵات دراوە بە کەسێکی سەر بەشیعە مەزهەب،لە لوبنان تا دەگات بەوڵاتانی دیکە ئەو دابەش کردنانە بەو شێوازە بوە. لێرەدا دیسان پێویستمان بەشرۆڤەی زیاتر هەیە. دەبێت بپرسین بۆچی ئەو دەوڵەتانە کاریان لەسەر ئەو شێوە دابەش کردنانە کرد! ئاخۆ لەپێناو بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیاندا بوە یان لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا؟بێگومان لەپێناو جێ قایم کردنی قاچی خۆیاندا بوە. چونکە کاتێک دەسەڵات دەدرێت بەکەمایەتیەکی لەسەر بنچینەی مەزهەبی،ئەوکات هەرچ داواکاریەکیشت هەبێت دەتوانیت زۆر بەئاسانە بیسەپێنیت بەسەر ئەو ژێردەستـانەی دیکەدا لەڕێی ئەو کاراکتەرە گوێ لەمستەی دەسەڵاتدارێتی پێدراوە. لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودی سەرانی ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی نێو براوەی جەنگ چەند بەوردی لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا دەستیان وەرداوەتە دابەش کردنەکان لەسەر ئەساسی مەزهەبی و قەومی.
بێگومان لەسەرەتادا، لەڕێی سەپاندنی پاشایەتیەکی دروست کراودا،دەسەڵات دارێتی دیاری کرا لەعێراق و سوریاو میسر لوبنان و وڵاتانی دیکە،دواتر قۆناغ بەپێی پێداوێستی و پێشوەچونی داخوازیە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە و کۆتای بەپادشایەتی هێنراوە و دەوڵەتی کۆماری بنیات نراوە،بەڵام دیسان کاراکتەرەکان هەر لەڕێی زلهێزانی ڕۆژئاواوە دست نیشان کراون.
خەڵکی سیڤیلی کورد زمان هەمیشە وەک قوربانیەک بینراون لەنێو ئەو کێشمەکێش و ململانێیانەی نێوان زلهێزاندا،لەلایەک بەهۆکاری ئابوری بەتایبەتیش دۆزینەوەی نەوت لەژێر زەمینی ئەو خاکەی ناوی کوردستانە. لەهەموو قۆناغەکاندا دەست براوە بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین لەدژی دەسەڵاتە داگیرکار و چەوسێنەرەکان،بەڵام هیچ کات نەیان هێشتوە ئەو شۆڕشانە بەسەرکەوتن بگەن،چونکە هەمیشە جۆری شۆڕشەکان وابوە،کە لەپێشدا پشتی بەخەڵکی زەحمەتکێش بەستوە،بەڵام دواجار لەپێناو پاراستنی هەیبەتی دەسەڵاتدارانی سەرەوەدا شکاوەتەوە،چین و توێژە جوتیار و زەحمەتکێش و کرێکارەکان، کراون بەقوربانی و ژیان و حاڵیان هار ساتە لەبەردەم تیاچونێکدا بینراوەتەوە.
ئێستا وا چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ تێپەڕ بوونی سەدەیەک بەسەر ئەو دابەش کردنە دڕندانەیەدا و جۆری ئەگەر و لێکدانەوەکان زۆرن و هەرچ لایەک بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. دەسەڵاتدارانی هەرێم،کە ماوەی زیاد لەبیست و پێنج ساڵە حوکمڕانی سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێم دەکەن،چاوێکیان لەسەر ئەم ساتانەیەو دەیانەوێت شتێک بکەن،کە لەپێناو بەرژەەندیەکانی خۆیاندا بێت و بەعینوانی پاراستنی بەرژەوەدیەکانی گشتی خەڵکی کورد زمان دەیقەبڵێنن. ئێمە شاهیدی مێژوویەکی ڕەشی نێو دەسەڵاتی خۆماڵی کوردین،کەڵەماوەی بیست و پێنج ساڵدا چ چینێکی بازڕگانی سیاسی موفتەخۆری بەرهەمهێناوە.چینێک کە لەمێژوودا کەم وێنەیە لەگیرفان بڕینی خەڵکە کورد زمانەکەی خۆیدا. ئەو چینەیش پارێز بەندیەکەی دیسان لەژێر هەیمەنەی ئەو دەوڵەتانەدایە کەدوێنێ دابەشیان کردبوو. کەواتە گەمەکە لەکوێدا دەست پێدەکات و لەکوێدا کۆتای بەخۆی دێنێت!؟ 
ئێستایش هەلومەرجی ناوچەکە وادەخوازێت بەپێچەوانەی ڕابردوو،(دیارە بەنیسبەت بەرژەوەندیەکانی زڵهێزانی ئەم سەردەمە نەک بەرژەوەندیەکانی خڵکی هەژار کراوی ناوچەکە) دیسان ناوچەکە دابەش بکرێتەوە،بەڵام ئەم جارەیان لەڕێی بنیات نانی دەوڵەت نەتەوە نا،بەڵکو لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەت نەتەوانە، بۆ دەوڵەتۆکەی جیاواز لەسەر دابەش کردنی مەزهەبی و قەومی. سەرگرتنی ئەو پرۆژەیەش،دیسان لەبەرژەەندی زلهێزانی جەنگ یانی دەوڵەتدارانی سەرمایەداری تەواو دەبێت و لەڕێی وەکیلە ناوەچەیەکانیانەوە،زەرەرێکی زۆری گیانی و مەعنەوی و مادی لەچینی هەژارکراوی خوارەوە دەدرێت و هەروەک چۆن ئێستا لە عێراق و سوریاو یەمەن و لوبنان و ئەفگانستاندا دەبینرێت و ڕۆژانە سەدان مرۆڤی سیڤیل دەکرێنە سوتەمەنی نێو جەنگە کۆنەپەرستیەکانی لەشێوەی مەزهەبی و تائیفی و قەومیدا.
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی؛ ئەگەر گەلانی ناوچەکە لەپێناو پاراستنی بوونی خۆیاندا نەیەنە مەیدان و دژی ئەو پیلان گێڕیە نەوەستنەوە،ئەوا دیسان ڕووبەڕوی قۆناغێکی نوێی دابەش کردنێکی دیکەی سایکس بیکۆ دەبنەوە، ئەویش بە دابەش بونێک لەژێر ڕقی مەزهەب و تائیفی و قەومیدا دەبێت،کەلەم نێوەدا تەنها دسەڵاتە چەتە مافیایەکان ڵەقارانجیان دەبێت و خەڵکی هەژار کراویش تەنها جەنگی ڕقابەرایەتی دروستکراوی دەستی چینەکانی سەرەوەی دەسەڵاتدار وماڵ وێرانی و بێکاری زیاتر و بەسواڵکەر بونێکی ڕەزیلانە چاوەڕێیان دەکات.
سایکس بیکۆ تەواو نابێت،مادام زلهێزانی سەرمایەداری لە نێو گەمەکەدان. چارەسەر بۆ چین و توێژە هەژار کراوەکان خۆڕێکخستنیانە لەژێر ڕابەرایەتی خۆیاندا بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان،هەروەک چۆن گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی داوەتە شۆڕش و خاوەنی ئەلتەرناتیڤی خۆسەری دیموکراتی تایبەتی خۆیەتی.
تەسلیم بونەکان،هەمیشە سەپاندنی چینە چەوسێنەرەکان بەشوێن خۆیدا دێنێت. بۆچینی هەژار کراویش،گەر دەرک بەهۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆی بکات،ئەوکات هیچ لایەن و هزو دەسەڵاتێک ناتوانێت یاری بەچارەنووسی بکات. 
ئێستا ماوەتەوە بپرسین؛ئاخۆ سایکس بیکۆ تەواو دەبێت یان سایکس بێکۆیەکی تر بەڕێوەیە؟ئاخۆ گەر زلهێزان بەرژەوەندی گشتی دانێشتوانی ناوچەکەیان بویستایە داعشیان بۆ دروست دەکرد؟ ئاخۆ دروست کردنی داعش بۆخۆی ئامرازێکی بەهێز نیە بەدەستی دەسەڵاتە زڵهێزەکان و دەسەڵاتە ناوچەییەکان تا جارێکی تر دابەش کردنەکان لە ڕێی مەزهەبیەوە بچێتە قۆناغێکی نوێوە؟ ئاخۆ گەر دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بۆخۆیان ژینگەی گشتی کۆمەڵگەیان نەشێواندایە لەپێناو بەرژەوەندیە چینایەتی و بنەماڵەییەکانی خۆیاندا،ئەوکات ڕێی تێ دەچوو کەهەلومەرجی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم بەم قۆناغە هەستیارە بگەیشتایە؟ئاخۆ گەر دەوڵەتی کوردیش ڕابگەیەنرێت چێژەکەی بۆ کام چینی کۆمەڵایەتیە؟ کەواتە ئەوانەی لە کۆتایهاتنی پەیمانی سایکس بیکۆ سود مەندن کێن؟ئاخۆ ئەوانەن کە لەسەر زبڵەکەی کانی قرژاڵە بەشوێن پارویەک ناندا دەگەڕێن یان ئەوانەن کە سەدان سەیارەی گولەنەبڕ بەشوێنیانەوەن؟بابمێنین و دوا قۆناغ ببینین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە