کورد ئەگەڕێتەوە بۆ بەغدا ؟
Saturday, 07/05/2016, 22:16
پرسیارێک لە گۆڕێیە ، کورد بچێتەوە بەغدا یان نا ؟! سەیرە یەکێک باوەڕی وابێت ، کورد ئەبێ لە بەغدا بێت ، تائاگاداری پڕۆسەی سیاسی بێت ، یا بەشدار بێت لە نۆژەن کردنەوەی حکومەتی بەغدا .. بێئاگان لەوەی پڕۆژەی دەوڵەت لە بەغدا شکستی هێناوە . عراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سیادە کۆتایی هاتوە ..
ڕۆژنامە عربیەکان ، هەم الکترۆنی ، هەم نوسراو .. گرنگیەکی زۆریان داوە بەو تەنگژە سیاسی یەی عراقی پیا تێئەپەڕێ .. هەندێ لەو ڕۆژنامانە هۆشداری مەترسیدار ئەدەن لە مەڕ دواڕۆژی کاری سیاسی و چارەنوسی عراق و مانەوەی وەک وڵاتێک .. هەندێکی تریان ، ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنانە ، بە ژانی شۆڕشێکی گشتگیر دائەنێن ..
لە وتارێک دا بە ناونیشانی ( دابەشبونی عراق ، بە ڕێگای هەرج و مەرج ) ، ( داود بەسری ) لە ڕۆژنامەی ( سیاسە ) ی کوێتی دا ، ئەنوسێ : " ئەو گۆڕانە خێرایانەی لە شەقامی عراق دا ڕوئەدەن ، ئەو هێرشە جەماوەریە فراوانەی ، لە لایەن تەیاری ( سەدر ) یەوە ئاراستە ئەکرێن ، بۆ سەر ناوچەی سەوز و داگیر کردن و وێران کردنی پەڕلەمان و لێدان و سوکایەتی کردن .بە هەندێ لە پەڕلەمتارەکان ، کە زۆریان لە تەیاری شیعین ، نامەیەکی ڕونە بۆ هەموان ، کە پڕۆژەی سیاسی لە عراق دا بەم شێوە تایفیە پوچەڵەی ، بۆتە گاڵتەجاڕی " ..
هەر وەها وای دەبینێت ، پرۆسەی سیاسی لە عراق دا " لە حاڵەتی گیانەڵا و لێک ترازان و هەڵوەشان دایە " .. وە زۆر گرانە کۆنتڕۆڵی ئیقاعی شەقامی عراقی بکرێت . لە کاتێکا نەخشەی دواڕۆژی عراق لە لایەن وڵاتانی دەرەوە ، لە ژورە ڕەشەکان دا داڕێژراوە .. وەک وڵاتێکی یەک پارچە کە لە ١٩٢١ ەوە سنوری دیاری کراوە ، ئەبێتە رابردو ..
( محمد خروب ) لە رۆژمامەی ( الرآی ) ئەردەنی دا دەنوسێت : " کشانەوەی تەیاری سەدری لە ناوچەی سەوز ، کۆتایی یاریەکە نیە ، پێک هێنانی حکومەت ی تکنۆکرات ، بێ بناغەی پشکاندن .. چارەسەرێکی سیحریی پێ نیە بۆ کێشە قوڵ و مەترسیدارەکانی عراق ..
بە ناونیشانی ( ڕاپەڕینی هەژارەکانی عراق ) ، جاسر عبدالعزیز الجاسر ، لە ڕۆژنامەی ( الجزیرە ) ی سعودی دا ئەنوسێت : " هەژارەکانی عراق ،کۆتاییان بە دوابەشی حوکمی پشکاندن و بە کرێگیراوانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە هێنا .. وە باوەڕی وایە " ئەوەی ڕوئەدات ژانی شۆڕشە ، بەڵام هەوڵەکانی لەباربردنی ، سەری هەڵداوە ، ئەوەش پەنابردنی حکومەت بۆ هێزە میلیشاکان وەک حشدی شعبی و ڕێخراوی بەدر ، ئەوەش دەرگا بۆ چەند ئەگەرێک ئەکاتەوە ..
لە دەسپێکی رۆژنامەی ( الریاض ) ی سعودی دا ، ( ایمن الحماد ) وای ئەبینێت ، عراق بەرەو دژوارترین هەڵدێر مل ئەنێ ..
وە دەنوسێ " گرتنی پەڕلەمان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە بەو مانایە دێ ، جەماوەری عراق باوەڕی وایە ئەو چینە سیاسیە توانای بەڕێوەبردنی عراقیان نیە، خۆیان ئەتوانن جڵەوی کاری خۆیان بگرنە دەست ، لە ڕێی ئەو پەڕلەمانەوە ، خۆیان هەڵیان بژاردوە "...
ئەوە بۆچونی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی عرب ، لە بارەی دۆخی سیاسیی عراقەوە ، سەیرە نوێنەرانی کورد لە بەغدا ، دەرک بەوە نەکەن .. دەسەڵاتێک هەیە لە بەغدا بتوانێ بڕیار بدا ، حکومت هەیە لە بەغدا ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست