سیناریۆکان و کلکایەتی سیاسیمان
Friday, 06/05/2016, 3:01
دواى روخانى رژێمى پێشووى عێراق، سەرکردە سیاسییەکانى عێراق بە بیانووی پیادەکردنى دیموکراتى و لەناوبردنى حوکمى تاکڕەوانەى سەدام حسێن خۆیان خزاندە نێو گۆڕەپانی حکومڕانى عێراق، بەڵام بەپێچەوانەی بۆچوونەکانى خۆیان و لەجیاتى لەناوبردنى حوکمی تاکڕەوی و تاک لایەنی، ئێستا عێراق سیستەمێکی حوکمڕانی هەیە کە سیستەمێکی حوکمڕانی تاکڕەوانەى فرە لایەنە، مەبەستم ئەوەیە هەموو سەرکردەیەکی سیاسی لە عێراق بۆخۆى سەدام حوسەینێکە و کەسیتر بە ژێر دەستەى خۆی نازانێت.
لەدواى 2003 دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنى کورسییەکانى عێراق بێ گوێدانە ئەو دیموکراسییەى خۆیان بانگەشەى بۆ دەکەن، تەوافوقیان هێنایە ئاراوە و لەوکاتەوە تاکو ئێستا بە سەدان سیناریۆیان دروست کرد و دواتریش بە نێوەندگیری ئاغاکانیان لە وڵاتانى ئیقلیمی و نێودەوڵەتى کێشە دروستکراوەکانى خۆیان چارەسەر دەکەن.
زۆر بە مێژووی چەند ساڵى رابردوودا ناڕۆم، بەڵام لە ماوەى رابردوودا ئەو کێشەگەلەى لە عێراق روودەدەن زۆرجاران وتومە هەمووى سیناریۆیە و دواتریش وادەرچووە.
لە ئێستاشدا هەر لە داعشەوە بیگرە تاکو حەشدی شەعبی و تا دەگاتە قەیرانى دارایی و سیاسی عێراق بە کوردستانیشەوە هەمووى بە سیناریۆی بەرپرسان و دەسەڵاتداران تێدەگەم و بۆ خۆدەربازکردنى خۆیان و حزبەکانیانە لەو نەهامەتیانەى بەسەر گەلانى عێراقدا هێناویانە ئەم کارانە ئەنجام دەدەن.
مالیکی هێزی دیلجەى دروست کرد و لەدژى کورد بەکاری هێنا، پرسیارەکە لەوەدایە بۆچی دروست کرا؟ بۆچی و چۆن لەبار برا؟
داعش دروست بوو، بەرپرسانى هەرێم وتیان لە دژی مالیکی و شیعە دروست بووە، بەڵام بینیمان هێدەى دژایەتى کورد و هەڕەشەیان بۆ کوردستان و سونەکان هەیە نیو هێندە کەمتر مالیکی و شیعە لێیان ناترسن!
کاتێک حەشدی شەعبیشیان دروست کرد بە بیانوى دژایەتى داعش، نازانم حکومەتى عێراق لەجیاتى بەهێز کردنى سوپاى فەرمی وڵات هات ئەمەى دروست کرد، کورتیەکەی حەشدیش درایەوە بە گژى کوردە داماوەکە کە دڵنیام ئەمەش هەر سیناریۆی بەرپرسانە.
پێم سەیرە لەخاکی خۆتدا بتسوتێنن، بتکوژن، دوای بەدیل گرتنت بە ئیهانە بە بەرچاو بەرپرسانەوە بتکوژن، بەڵام لەجیاتى تۆڵە سەندنەوە بە پێکەنینەوە دەستلەملانی بکوژەکانى رۆڵەکانى گەلەکەت بیت!
بە کوردی و بە کورتى، بە بڕواى من ئەم هێزە جۆراوجۆرانەى لە عێراقدا هەن و ئەو هەنگاوانەى کە دەینێن لە دژى یەکتر، هەمووى سیناریۆى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى عێراق و هەرێمن، بەڵام کار پێکردن و کوژاندنەوەى سویچ پلاکەکە لەدەستى وڵاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکاندایە، بەداخەوە بەم جۆرە کار کردنەش دەوترێت کلکایەتى سیاسی.
وەک هەمیشەش دەیبینین ئەوان دەست لەملانی یەکن و تەنها کوڕى فەقیری ئەم گەلە خوێنەکەی بەفیڕۆ دەچێت و سەر زلەکانیش وەک ئەوەى نە با یان دی بێت و نە بۆران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست