ئەی هاوار تۆزقاڵێك مۆڕاڵ

Saturday, 30/04/2016, 22:55


لێکۆڵینەوەیەکم بە دەستەوە بوو لە زانکۆیەکی نەرویج لە بارەی مەیدانەکانی رۆشنبیری و ئاستیان و پێشنیارەکان بۆ بەرەو پێشبردنیان و هێنانەوەی نموونەی مەیدانی و لە کۆتایشدا پەیوەندی بە مرۆڤەوە وەکو چالاکیەکی زیندووی ناو هەر کۆمەڵگایەك، بە تایبەتی لە ناو ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت تازە پێگەشتوو بن و دیواری قەیران و گەندەڵیەکان بشکێنن، باشترین مەیدانیش بۆ من وەك کوردێك بریتی بوو لە کەلتووری خۆمان کە زۆر لێمان نزیکە. هەرچەندە من خۆم ئەدیب و هونەرمەند نیم.
بۆ ئەم مەبەستە سەردانی چەند شوینێکی جیاوازم کرد لە نەرویج و لەوانەش کۆمەڵگا و ئەنجومەنە کوردیەکان و چەندان سەرچاوەم کۆکردەوە، هەروەها سەردانی وێبسایت و بلۆگەکانم کرد. لەو شتانەی بووە جێی سەرسوڕمان بەلامەوەو تەنانەت هەندێکیان توشی شۆکیان کردم، بریتی بوو لە ئاستی فەیسبوكی کوردان، تەماشای فەیسبوکی هەندێك بە ناو ڕۆشنبیرم کرد بێزم لە خۆم هاتەوە بۆ دەبێت لای چینێك بە تایبەتی لاوان ئەوەندە رۆشنبیری و وێژە سوك بکرێت و هەر کە بێتاقەت بوون کۆمەڵێك وشەی ناپەسەند هەڵڕێژن و ناوی لێبنێن وێژەو هونەر؟
با لەم رووەوە نموونەیەك بهێنمەوە
لە لاپەرەی فەیسبوکی رۆشنبیر و نووسەرێكدا ئەم وتە و سوکایەتیانە نووسراون و رەنگە لای هەندێکیش داهێنان بێت، تیایدا چەند جارێك سوکایەتی بە شاعیران کراوەو بە (خوێڕی) ناوی بردوون، کە بێگومانم ئەمە هەر دیدو ناخی نووسەرەکەیەتی ئەگینا شاعیرانی پێشین و ئێستای کورد کەسانی بەڕێز و خزمەتکەر و لێهاتوون و هیچیان لە شاعیران و نووسەرانی جیهان کەمتر نین، بە لاوان و ئەزموندارەکانیانەوە، کلاسیک و هاوچەرخەوە، میللەتێك ڕێز لە ئەندامەکانی و هونەرمەندەکانی نەگرێت ئەوا چۆن چاوەڕوانی ئەوە دەکەن میللەتانی تر ڕێزیان لێ بگرێت؟  تەنانەت لە هەندێك وڵاتدا جادە و هۆڵ و وێسگەی شەمەندەفەرو فڕۆکەخانەو باخچەو چەندان شوێن کراوە بەناویانەوە وەكو دەستخستنە سەر کارەکانیان بە ڕێزو ناوهێنان، چونکە بەشێکن لە مێژووی وڵات و نەتەوەو مرۆڤایەتیش.. کەچی بە داخەوە لای ئێمە ئەوەش جێی سوکایەتیە، هەندێك لەو وشانەی لەمبارەوە ڕیزکراون ئەمانەن
(ئەو شاعیرەی خوێڕی نەبێت
ژیانێكی خوێڕی دەبێت.
***
جەهەننەم بۆیە ناخۆشە
پڕە لە شاعیری خوێڕی.
***
ساردە دونیای مۆدێرنە 
پڕە لە مرۆڤی دڵئاسن
پڕە لە شاعیری خوێڕی).
***
فرێندێکیش کۆمێنتێکی لەوە خراپتری لەژێریدا بۆ نووسیوە :
(وه‌لاهی زۆر راسته‌ .. پڕه‌ له‌ گه‌واد)!؟
***
من هەر ئەوەم لە توانادایە بڵێم گەر لە کوردستانیش وەکو نەرویج و ئەوروپا  یاسا بەرقەراربووایە و مافی مرۆڤ هەبووایە، ئەوا شاعیران لە بەرامبەر ئەو سوکایەتیەدا داوای روونکردنەوەیان لەو نووسەرە دەکرد کە وەك کەسێك ڕێز لە بەهای وشەو فەرهەنگ بگرێت، بە پاساوی چی و لە هۆی چی لەگەڵ ئەو هەموو چەرمەسەریەی هونەرمەندانی کورد تیایدا دەناڵێنن ئەم وتە ناشرینەیان بەرامبەر دەرببڕدرێت؟ ئایا ئەمەیە ئاستی بەرپرسیاریەتی و دڵناسکی شاعیر؟ بۆچی دڵی خەڵکی هەست ناسک ئازار دەدات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە