کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناوزڕاندن، تووندوتیژییەکی شاراوە

Saturday, 30/04/2016, 22:46


له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریماندا هه‌میشه‌ ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌ به‌گوێماندا ده‌درا كه‌ ده‌ڵێت( جام بشكێ‌ نه‌ك بزرنگێ‌) ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ست له‌م په‌نده‌ فێركردنی تاكه‌ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ به‌ها‌و پێودانگه‌ ئاكاری‌و مۆراڵییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی قوڵیشی تێدایه‌ به‌لای توند‌وتیژیدا. چونكه‌ بژارده‌ی شكاندن، كه‌له‌ودا كۆتایی هاتن یا كۆتایی پێهێنانێکی توند‌وتیژانه‌ی تێدایه‌، به‌ باشتر دانراوه‌ له‌ زرنگانه‌وه‌. به‌ واتایه‌كیتر مه‌به‌ست له‌و په‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بمرێت یا ژیانی كۆتایی پێ بێت باشتره‌ له‌وه‌ی ناوی بزرنگێته‌وه‌ یا بزڕێنرت، مه‌به‌ستیش له‌ ناوزڕان، ئابڕووچوونه‌. له‌ راستیدا ناوزڕان یا خود به‌ ته‌نها ترسان لێی هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ له‌ توند‌وتیژی‌و حاڵه‌تانه‌ی كوشتن كه ‌له ‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
ناوزڕان له‌ رووی ماناو زاراوه‌ناسییه‌وه‌ له ‌هه‌ردوو وشه‌ی ناو + چاوگی فرمانی تێنه‌په‌ڕی زڕان پێك دێت كه‌ به ‌مانای ئاشكرابوونی نهێنییه‌ك یا ئابڕووچوون دێت. به‌ عه‌ره‌بیش واته‌ ( فضیحه یا إفتضاح‌)‌و به‌ئینگلیزی scandalisation. 
توند‌وتیژیش به‌ پێی پێناسه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بریتییه‌ له‌ به‌كارهێنان یا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێانی به‌ ئه‌نقه‌ستی هێزێكی جه‌سته‌یی یا توانستی ، به‌هه‌ڕه‌شه‌ بێت یا به‌كارهێنانی راستینه‌،ی مادی له‌ دژی خود یا كه‌سێك یا كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك یا كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ببێته‌ هۆی، یا ئه‌گه‌ری، بریندار بوون یا مردن یا زیانێكی ده‌روونی یا گه‌شه‌ی خراپ یا بێبه‌ش بوون.  (راپۆرتی جیهانی ته‌ندروستی‌و توند‌وتیژیی، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، ساڵی 2002).
زۆرجار تاك یا خێزان ژیانێكی ئاسایی یا ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن ئابڕوومه‌ندانه‌ ده‌ژین، به‌ڵام ئاشكرا بوونی نهێنییه‌ك یا رووداوێك له ‌نێو ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا، دۆخێك ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ده‌شێت پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سه‌كه‌ بله‌رزێنێت یاخود ژیان‌و گیانی كه‌سه‌كه‌ یا كه‌سانی تر بخاته‌ به‌رمه‌ترسی كوشتن، بگره‌ ژیان‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كه‌سانی ده‌روبه‌ریشی بخاته‌ نێو كۆمه‌ڵێك ئاڵۆزی‌و كاردانه‌وه‌ی جۆرا‌وجۆره‌وه‌. چونكه‌ ناو و پێگه‌‌و كه‌سێتیان كه‌وتۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌‌و به‌ هۆی ئه‌و كاره‌وه‌ ناوبانگیان زڕاوه‌، واته‌ پرسه‌كه‌ به‌لای كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌وه‌ یا كه‌سانی ده‌وروبه‌رییه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندی به ‌ئابڕووچوونه‌‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ هۆكاری ئه‌و ئاكامانه‌ی كه ‌دواتر له‌ رووداوه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌ وه‌ك سزای یاسایی، خۆكوشتن یا كوشتن، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م دوو ئاكامه‌ی دواییان په‌یوه‌ندی نزیكیان به‌ كۆمه‌ڵناسیی تاوان‌و كۆمه‌ڵناسیی توند‌وتیژییه‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ندێكجاریش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ریتییه‌كاندا، وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ یاخود كوشتنی ئه‌نجامده‌رانی كاره‌كه‌ یا رووداوه‌كه‌، وه‌ك له‌ حاڵه‌تی په‌یوه‌ندی سێكیسدا، هۆكارێكه‌ بۆ ئاشكرابوون‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ له ‌ناو خه‌ڵكیدا. واته‌ كاردانه‌وه‌ی كه‌سانی ده‌روبه‌ر(نه‌ك روداوه‌كه‌ خۆی) ده‌بێته‌ هۆی ناوزڕان‌و ئابڕووچوون،له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر توند‌وتیژیی یا كوشتنی تیا روونه‌دات ئه‌وا رووداوه‌كه‌ به‌ بێ‌ ده‌نگۆ‌و هه‌ڵانانه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت.
لێره‌دا ده‌كرێت بپرسین ئابڕووچوون چ پێگه‌‌و تێگه‌یه‌كی هه‌یه‌‌و تاك له‌ دوای ئابڕووچوون چۆن ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو ژیانی ئاسایی؟ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئابڕووچوون له‌ رووی ده‌رووندروستییه‌وه‌ چ پێناسه‌یه‌كی هه‌یه‌؟
به‌ بڕوای د. سید حسن علم الهدی پسپۆڕی كۆمه‌ڵناسی له‌ شاری تاران، ئابڕووچوون به‌ره‌نجام‌و سه‌ره‌نجامی هه‌نگاوگه‌لێكن كه‌ تاك ئه‌نجامیان ده‌دات كه‌ له‌گه‌ڵ نۆرم‌، به‌هاكان‌، بنه‌ما ئاكارییه‌كان‌و پێوه‌ره‌ ئایینیه‌كاندا ناكۆكن‌و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌م كاره‌ یا هه‌نگاوه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر ناو‌و ناوبانگ‌و ناوی ده‌زڕێت‌و ره‌نگه‌ كاریش بكاته‌ سه‌ر چاره‌نووسیشی. 
ئابڕووچوون یا رسوایی له‌ هه‌موو زه‌مینه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا رووده‌دات‌و ده‌شێت هه‌موو بوارێكی ژیان بگرێته‌وه‌ وه‌ك ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی، سێكسی‌و ...هتد. له‌ راستیدا له ‌هه‌رشوێنێك كه‌ جۆرێك په‌یوه‌ندی‌و چالاكی مرۆیی هه‌بێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌شێت روو بدات. به‌ڵام به ‌ئه‌ندازه‌ی جۆرا‌وجۆر، كه‌م‌و زۆر‌و توند‌و هێواش. ئه‌وه‌ش كه‌ ئاست‌و راده‌ی كاردانه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دیاریده‌كات كه‌لتووری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به ‌پله‌ی یه‌كه‌م، واته‌ روانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ جۆری رسواییه‌كه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گۆڕێت. پاشان پێگه‌‌و باری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سه‌كه‌. بۆ نموونه‌ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ندا زۆرجار په‌یوه‌ندی ئازادنه‌ی كچ‌و كوڕ جۆرێك له‌ رسوایی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خێزانیی تێدایه‌، خۆ ئه‌گه‌ر خێزانی كچه‌كه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بن‌و ناو و ناوبانگیان هه‌بێت، ئه‌وا كێشه‌كه‌ هه‌ر به‌ كوشتنی كچه‌كه‌ كۆتایی نایه‌ت به‌ڵكو كوڕه‌كه‌ش ده‌كوژن‌و زۆرجار له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌وه‌ دوژمنایه‌تی له ‌نێوان دوو خانه‌واده‌دا دروست ده‌بێت. به‌ڵام له ‌وڵاتانی رۆژئاوایی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی‌و سێكسیی نێوان تاكه‌كان وه‌ك كارێكی تایبه‌ت، ئاسایی‌و په‌سه‌ند سه‌یرده‌كرێت، مه‌گه‌ر یاساشكێنییه‌كی تێدابێت. له‌ هه‌مان كاتدا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاواییدا كێشه‌یه‌كی دارایی یا سیاسی یا ئیداری یا ته‌نانه‌ت درۆیه‌ك ده‌شێت ببێته‌ مایه‌ی ئابڕووچوون‌و كه‌سی ئابڕوو چوو دوچاری لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ببێته‌وه‌ یا خۆی بكوژێت. به‌ڵام ئه‌و كێشانه‌ له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا جێگه‌ی بایه‌خ‌و باس نه‌بێت. وه‌ك كێشه‌كانی گه‌نده‌ڵی‌و ئیختیلاسی به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كان کە رۆژانە لە میدیاکانەوە بڵاو دەکرینەوە، یا درۆی بەرپرسان کە لە ناو کۆمەڵگەدا بە هۆی درۆکانیانەوە ناویان زڕاوە. یا وه‌ك كێشه‌ی فایلداره‌كان كه‌ دوای روخانی رژێمی به‌عس كۆمه‌ڵێك زانیاری‌و دۆسیه‌ له‌سه‌ر تێوه‌گلانی هه‌ندێك به‌رپرسی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ كاری سیخوڕیكردن بۆ رژێمی به‌عس ئاشكرا بوو، كه‌چی كه‌سه‌ فایلداره‌كان (ئابڕووچووه‌كان) په‌نایان برده‌ به‌ر درۆكردن‌و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی ناڕاست، حزبه‌كانیشیان له‌مه‌دا پشتگیریان كردن‌و له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌شدا كاردانه‌وه‌ی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. له‌ كاتێكدا هاوڵاتییه‌ك له‌ شاری سلێمانی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی له‌و لیسته‌دا هاتبوو دووچاری شۆكێكی ده‌روونی بوو له‌ ئه‌نجامدا خۆی كوشت. ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و زه‌بره‌ ده‌روونییه‌یه‌ كه‌ به ‌هۆی ناوزڕانه‌وه‌ به‌ر تاك ده‌كه‌وێت. 
هه‌ندێكجار له‌ یه‌ك وڵاتیشدا، ده‌شێت پرسێك له‌ ناوچه‌یه‌كی وڵاتدا ئابڕووبه‌ر بێت به‌ڵام له‌ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ له‌گه‌ڵ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا په‌سه‌ند بێت، وه‌ك ره‌دوو كه‌وتن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ هه‌بووە و هەیە، به‌ڵام له‌ هه‌ندێكی تردا قه‌ده‌غه‌و سزای له‌سه‌رە. کەوایە مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌های ئه‌و پێوه‌رانه‌ چه‌ندێكن له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا كه به‌هۆی ریسواییه‌وه‌ تێكشكێنرا‌ون‌و ئه‌و په‌شێوییانه‌ چین‌و تا چ راده‌یه‌كن كه‌ له‌ ژیانی تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌دا دروستی ده‌كه‌ن.
به‌م مانایه‌ زۆربه‌ی رسوایی‌و ئابڕووچوونه‌كان له‌گه‌ڵ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا پێناسه‌ ده‌كرێن، ئه‌گه‌رچی به‌هاكانیش له ‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌كاندا رێژه‌یی‌و گۆڕاون. به‌ڵام هه‌ندێك رسوایی وه‌ك ئابڕووچوونه‌ دارایی‌و ئابوورییه‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا(نه‌ك هه‌مووی)هاوبه‌شه‌‌و كاردانه‌وه‌ی جیدی له‌گه‌ڵ ده‌بێت.
ئابڕووچوون یا هه‌ڵماڵرانی نهێنی
باری ده‌روونی‌و كه‌سێتی مرۆڤ پڕن له‌ نهێنی جۆرا‌وجۆر، هه‌ر له‌و خه‌ون‌و خه‌یاڵه‌ سێكسییانه‌وه‌ بیگره‌ كه‌ هه‌ندێكجار به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك شه‌رمئاوه‌رن كه‌ ره‌نگه‌ كه‌سه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بێت بۆ نزیكترین كه‌سی خۆی باس بكات، تا ئه‌گات به‌ رووداو ‌و ئه‌زموونه‌ پراتیكییه‌كان. خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌ ده‌روونییه‌كانی نهێنی‌و لایه‌نه‌ كه‌سێتییه‌كانی (واته‌ خه‌ون‌و خه‌یاڵ له‌گه‌ڵ ئه‌زموون)هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. واته‌ لایه‌نه‌ ده‌روونییه‌كان زۆر زاتی‌و كه‌سین كه‌ ده‌شێت تا مردنی كه‌سه‌كه‌ هیچ كه‌سێك به‌شدارنه‌بێت تێیدا، به‌ڵام لایه‌نی كه‌سێتی واته‌ ئه‌زموون‌و رووداو‌ و پێشهاته‌كان ئه‌گه‌ر چی زۆر تایبه‌تیش بن ئه‌وا بێگومان كه‌سێك یا زیاتر تیایاندا به‌شداره‌.
كه‌وایه‌ كاتێك ده‌ووترێت كه‌سێك به ‌هۆی ئاشكرابوونی نهێنییه‌كه‌وه‌ دوچاری رسوایی یا ئابڕووچوون بۆته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و نهێنییه‌ به‌لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ نهێنییه‌، ده‌نا به‌ لای هه‌ندێكی تره‌وه‌ شتێكی زانراوه‌‌و ره‌نگه‌ به‌شداریش بوو بن تێیدا. به‌ڵام به‌ گشتی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئابڕوو چوون مانای قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ئاشكرابوونی نهێنیی كارێك كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا. لێره‌دا حاڵه‌تی ئابڕووچوونه‌كه‌ به‌ چەند دۆخ یا قۆناغدا تێده‌په‌ڕێت. 
قۆناغی یه‌كه‌م هه‌وڵی كه‌سه‌كه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی رووداو یا كاره‌كه‌ به‌ نهێنی چونكه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ‌كه‌سێتی‌و ناوبانگ‌و ئابڕوویه‌وه‌ هه‌یه‌. 
قۆناغی دووەم ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ئه‌و نهێنییه‌ی كه‌سه‌كه‌ ئاشكرا بێت ئه‌وا جۆرێك له‌ رسوایی یا ناوزڕان دێتە ئاراوە. لەم قۆناغەدا هه‌موو یا به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ به‌و راز‌و نهێنییه‌ ده‌زانن‌و كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. واته‌ رێ‌ شوێنه‌ کۆمەڵایەتی و یاساییەکان ده‌گیرێنه‌به‌ر بۆ داڕشتنی جۆری سزا یا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌. 
قۆناغی سێیه‌م قۆناغی جێبه‌جێكردنی كاردانه‌وه‌ی كه‌سی یا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌ له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ روویداوه‌، هه‌ر توند‌وتیژییه‌ك كه‌ له‌و رسواییه‌وه‌ داكه‌وێ له‌م قۆتاغه‌دا ده‌بێت. دیاره‌ ئه‌و ئابڕووچوونه‌ش ده‌ره‌نجامی كار‌و هه‌ڵبژارده‌‌و بڕیاره‌كانی كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تی بۆیه‌ دواجار هه‌ر خۆی لێی به‌رپرسیار ده‌بێت. 
قۆناغی چواره‌م قۆناغی كپبوونه‌وه‌ یا خاوبوونه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌كانه‌ كه‌ لێره‌دا تاراده‌یه‌كی زۆر چاره‌نوسی كه‌سی ئابڕووچوو ‌و ره‌وتی رووداوه‌كانیش دیاریكراون‌و ئه‌و گرژییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌سێتییانه‌ی كه‌ دروست بوون به‌ره‌و شل بونه‌وه‌ ده‌چن.
كه‌لتووری ناوزڕاندن
له ‌دنیای ئه‌مڕۆدا میدیاكان‌و ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندی وه‌ك مۆبایل‌و ئنته‌رنێت رۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی نهێنییه‌ تایبه‌تییه‌كان‌و نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ جۆرا‌وجۆره‌كانی جیهاندا. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ ناوزڕاندن یا رسواكردن ببێته‌ كه‌لتور‌و پلانی بۆ دابنرێت‌و ته‌كنیكی جۆرا‌وجۆری تیا به‌كاربهێنرێت‌و ته‌نانه‌ت پاره‌‌و بودجه‌یشی بۆ ته‌رخان بكرێت . ئەمەش زۆرجار بۆ میدیاکان دەبێتە بازاڕێکی باش بۆ زیادکردنی تیراژی چاپکراو یا زیادکردنی ژمارەی بینەر و سەردانکەری تی ڤی و ماڵپەڕەکانیان، بەم مانایە رەنج و ئازاری کەسانێک دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ داهاتی کەسانێک تر. هەر ئەمەیش پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ کەلتووری ناوزڕاندن.
لێره‌دا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رەهەندە ترسناكه‌كه‌ی چه‌مكی ناوزڕاندا به‌ره‌و روو ده‌بینه‌وه‌ ئه‌ویش ناوزڕاندن یا رسواكردنه‌، ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كه‌میاندا‌و مانای  كرداری (ناوزڕان) ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ رێكه‌وتێك یا هه‌ڵه‌یه‌كی بێمه‌به‌ست، ئه‌وا له ‌دووه‌میاندا واته‌ ناوزڕاندن ئاماژه‌یه‌كی مه‌به‌ستدار‌و پلانێكی ره‌نگ بۆ رێژراوی تێدایه‌ و بکەر و کارەکتەری کۆمەڵایەتی یا دامەزراوەی سیاسی و میدیایی لە پشتییەوەن. واتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە کە فرمانەکە لە تێنەپەڕەوە دەبێتە تێپەڕ (ناوزڕان        ناوزڕاندن) و جیاوازییەکی زمانەوانی نییە بەڵکو جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە کارێکی خۆڕسکەوە دەبێتە کارێکی ئامانجدار. خۆڕسک بەو مانایەی کە ناوزڕانەکە بە هۆی هەڵەی خودی ئەو کەسەوە دروست دەبێت کە رووداوەکەی لێ قەوماوە. بەڵام ناوزڕاندنەکە لەلایەن کەسێک یا کەسانێکی ترەوە ئەنجام دەدرێت.‌ به‌م پێیه‌ ده‌كرێت بڵێین ناوزڕاندن یا رسواكردن بریتییه‌ له‌ ئاشكراكردن یا بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كی به‌ڵگه‌نامه‌یی له‌ باره‌ی ره‌فتاری نهێنی كه‌سێك یا كه‌سانێكه‌وه‌ له‌لایەن كه‌سێك یا كه‌سانێك یا ده‌زگایه‌ك یا رێكخراوێكه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی زیان گه‌یاندنی مادی یا مه‌عنه‌وی پێی یا پێیان. 
وێڕای پاڵنەری قازانجی مادیی، ده‌شێت له ‌پشت ئاشكراكردنی نهێنی كه‌سانێك له‌لایه‌ن كه‌سانێكی دییه‌وه‌ پاڵنه‌ر‌و ئه‌نگیزه‌ی سادیستییانه‌ش ببینینه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌مڕۆدا به‌هۆی به‌ربڵاوی ته‌كنیكه‌كانی ده‌نگ‌و ره‌نگه‌وه‌ نه‌ریتی رسواكردن یا گه‌ڕان به ‌شوێن نهێنی كه‌سانی تردا كارێكی زۆر گران نییه‌. بۆیه‌ ده‌بینین كه‌سانێك هه‌ن له ‌بڵاوكردنه‌وه‌ی نهێنی خه‌ڵكیتر چێژ وه‌رده‌گرن، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ك له ‌شێوه‌كان چێژوه‌رگرتنه‌ له‌ ئازارگه‌یاندن به ‌كه‌سانی دیكه‌ چونكه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییه‌دا بێگومان كه‌سی نهێنی هه‌ڵماڵراو ئازار ده‌چێژێت سەرباری ئەوەی روانینی گشتی کەسەکە چۆنە تەنانەت بەرامبەر بەهەمان کەیس کە ئەگەر بەسەر کەسێکیتردا رووبدات ، دواجار ئەو قوربانییەکی کەلتووری ناوزڕاندنە. وەک ئەو کەسایتییە ئیسلامی و ئاینییانەی کە لە کاتێکدا ستاییشی پاکدامینی ، ئەمانەت و دەستگرتن بە ئەخلاقەوە دەکەن و کەسانێکیش تڕۆ دەکەن و تیرۆری کەسایەتییان دەکەن کە لەگەڵ بەهاو پێودانگەکانی ئەواندا نایەنەوە، بەڵام خۆشیان بەهۆی ئاشکرا بوونی نهێنییەکانیانەوە تڕۆ دەکرێن. واتە لە کەسایەتییەکی توند و کۆنەپارێزەوە دەبنە قوربانیی کاردانەوەی توندی نەیارەکانیان. 
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ بوونی دیارده‌ی به‌ جیهانیبوونی گواستنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان‌و به‌ربڵاوی كه‌لتوری رسواكردندا، دۆخه‌كه‌ به ‌جۆرێكه‌ كه‌ ده‌شێت رووداوێك له‌ گه‌ڕه‌كێكدا رووبدات به‌رله‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی ئه‌ودیو پێی بزانێت، به‌ هۆی ئینته‌رنێت یا مۆبایله‌وه‌ خه‌ڵكانی دیوه‌كه‌ی ئه‌ودیوی گۆی زه‌وی پێیبزانن. ده‌كرێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ی گواستنه‌وه‌ی زانیاری‌و هه‌واڵ به‌ ده‌نگ‌و ره‌نگ، به‌ مه‌به‌ستی رسواكردن، به‌راورد بكرێت به‌ نه‌ریتی سه‌رتاشین یا خۆڵ و دۆكردن به‌سه‌ری كه‌سێكدا ،له‌ كورده‌واریدا، بۆ ئه‌وه‌ی رسوای بكه‌ن‌و خه‌ڵكی گوندەکە له‌ كاره‌ هه‌ڵه‌كه‌ی ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، واته‌ وه‌ك سزایه‌ك ئه‌نجامده‌درا. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ هێشتا گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌رتاشینه‌كه‌ به ‌زه‌حمه‌ت چه‌ند گوندێك ئه‌ولاتر ده‌ڕۆیشت.
چۆنێتی به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی رسوایی  
بێگومان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دووچاری رسوایی (سكانداڵ) ده‌بنه‌وه‌، به‌ بارێكی ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خوازراودا تێده‌په‌ڕن‌و ماوه‌گه‌لێكی تاڵ و دژوار ده‌چێته‌ نێو ئه‌زموونی كه‌سێتیانه‌وه‌‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجاریش دوچاری شۆك، خه‌مۆكی‌و چه‌ندین زه‌بری ده‌روونی تر ده‌بن. له‌م حاڵه‌ته‌دایه‌ كه‌ پرسیاری ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌‌و هه‌ڵكردن له‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا یاخود له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ زیندوویی مانه‌وه‌ له‌ لای كه‌سه‌كه‌‌و ره‌نگه‌ كه‌سانێكی تریش سه‌رهه‌ڵ بدات. هه‌ڵبه‌ته‌ بنه‌مای پرسیاره‌كه‌ش له‌و نیگه‌رانی‌و دڵه‌راوكێیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ قه‌بوڵكردن یا ره‌تكردنه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه. واته‌ ئه‌وه‌ كه‌سه‌كه‌ نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌‌و نایه‌وێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا سازگار بێته‌وه‌، به‌ڵكو زۆرجار ترسه‌ له‌وه‌ی له‌ ئایینده‌دا دوچاری سوكایه‌تی‌و ئازاری جه‌سته‌یی، ده‌روونی‌و كه‌سێتی ببێته‌وه‌‌و به‌رده‌وام وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌و برینه‌ ده‌روونییه‌ی بهێنرێته‌وه‌ سوێ‌. له‌به‌رئه‌وه‌ش هەندێکجار كه‌سه‌كه‌  ناچار په‌نا ده‌باته‌ به‌ر خۆ كوشتن یا سه‌رهه‌ڵگرتن( دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شوێن‌و زێدی خۆ‌و رووكردنه‌ شوێنێكی دیكه‌). 
لێره‌وه‌ چۆنێتی كاردانه‌وه‌‌و هه‌ڵویست وه‌رگرتن له‌ به‌رامبه‌ر ئابڕووچووندا په‌یوه‌سته‌ به‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیی كه‌سه‌كه‌‌و بڕ‌و جۆری ئابڕووچوونه‌كه‌وه‌‌، به‌م مانایه‌ توانای خۆڕاگریی تاكه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و زه‌بره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ده‌روونییانه‌ی له‌ ئه‌نجامی رسواییه‌وه‌ به‌ریان ده‌كه‌وێت جیاوازه‌. 
سه‌باره‌ت به ‌چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌شێت ئه‌و رسواییه‌ له ‌رووی مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ زیانبار‌و ئازاراوی بێت بۆ كه‌سانێك،  به‌ڵام گرنگه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری رێ‌‌و شوێنه‌كاندا هه‌م كه‌لتوری لێبورده‌یی‌و هه‌م نه‌ریتی چاكسازی به‌ مه‌به‌ستی فرسه‌ت پێدانه‌وه‌ بۆ هاتنه‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت" نابێت رێگای گه‌ڕانه‌وه‌‌و چاككردنه‌وه‌ی شته‌ هه‌ڵه‌كان له‌به‌رده‌م كه‌سه‌كه‌دا دابخرێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك كارێك بكات كه‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ها‌و پێوه‌ره‌ له‌ پێشدادانراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، نابێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌." چونكه‌ تاك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆی واده‌رده‌خات كه‌ هێشتا كۆنترۆڵی خۆی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌، به‌ڵام ناتوانێت هه‌ستی تێكشكان‌و سه‌ختیی ئه‌و زه‌بره‌ له‌ ناخیدا بسڕێته‌وه‌‌و له‌ سزای مه‌عنه‌وی ئاشكرابوونی نهێنییه‌كه‌ی ده‌رباز بێت.  
سەرچاوەکان:
زندگی پس از رسوایی  http://www.fungozar.com/tag/
http://www.emro.who.int/ar/violence-injuries-disabilities/violence/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە