کێ پیاوی ئەو قسانەیە کە دەیانکات؟
Saturday, 30/04/2016, 14:05
(ئەو کەسانەی راستن بۆ چارەسەر کەسانی وڵاتپارێزو رابوردوپاکن، بەشدار نەبوون لە هیچ پڕۆژەیەکی تاڵانیی، وڵاتفرۆشیی و پیسخۆرییدا.)
تا ئێستا له ناو کۆمه‌ڵگای کوردییدا "مه‌رج" نییه له‌سه‌ر قسه‌و تێکست. خه‌ڵک به گشتیی گوێ ده‌گرێت بۆ قسه‌که‌رو وشه‌کان ده‌کات به سه‌رچاوه‌ی تێگه‌شتن و متمانه به که‌س یان به رێکخراو. به بێ ئه‌وه‌ی له پله‌ی یه‌که‌مدا حساب بۆ که‌س یان رێکخراو خۆی بکرێت که خاوه‌نی چ موراڵێکه. قسه‌که‌ریش هه‌میشه بێ گرفت جوانترین وشه هه‌ڵده‌بژێرێت. بۆ نموونه دز باسی ده‌ستپاکیی ده‌کات، وڵاتفرۆش باسی وڵاتپارێزیی ده‌کات، زۆردار باسی دیموکراتیی ده‌کات، تاڵانچیی باسی دادوه‌ریی ده‌کات، پیسخۆر پڕۆژه‌ی چاکسازیی ده‌رده‌کات.
به درێژایی مێژوو نموونه‌ی پارت و ده‌سته‌ڵاتدار هه‌یه که ئایدۆلۆجییان به پێی باوی سه‌رده‌م گۆڕیووه. جه‌ماوه‌ر به‌گشتیی به‌و جۆره ته‌ماشای ده‌سته‌ڵاتداران و پارته‌کان ناکات که ئایا که‌سه‌که یان رێکخراوه‌که راسته بۆ ئه‌و لافانهی که لێیان ئه‌دات؟ ئایا ئه‌وه‌ی گفتی فڕین ده‌دات کۆترە یان کیسەڵ؟
ئه‌وه‌ی که راستیی که‌س یان رێکخراو ده‌رده‌خات کرده‌وه‌یه. زمان و گوزارشتی زانستیی سه‌رچاوه له کرده‌وه‌وه ده‌گرێت. قسه‌یه‌ک له کردار نه‌دوێت یان موراڵێک له پشتییه‌وه نه‌وه‌ستابێت به‌تاڵه. کێشه قسه‌کان نین، قسه هه‌یه، کێشه که‌سه‌که یان رێکخراوه‌که‌یه که ئایا شیاوه بۆ ئه‌و لافانهی کە لێیان ئه‌دات؟
بۆیه، بناغه‌ی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک به که‌س یان رێکخراوی راست ده‌ست پێده‌کات. پێویسته به پله‌ی یه‌که‌م سه‌رنجمان له‌سه‌ر موراڵی که‌س و بونیادی رێکخراو بێت نه‌ک له‌سه‌ر قسه یان به‌رنامه. ئه‌وه موراڵی که‌سه‌کانه که ناوه‌ڕۆک ئه‌دەن به قسه هه‌روه‌ها ئه‌وه بونیادی رێکخراوه که به‌رنامه ده‌خاته کاره‌وه. هۆی پیسخۆریی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌ڵاتداران یان پارته‌کان قسه یان به‌رنامه‌کانیان جوان نین. قسه‌و به‌رنامه‌کانیان راستن به‌ڵام خۆیان هه‌ڵه‌ن. لێره‌دا هۆکارو گرنگیی په‌روه‌رده‌و خۆگۆڕیین ده‌رده‌که‌وێت. مرۆڤ ده‌یه‌وێت له رێگای په‌روه‌رده‌وه خۆی بگه‌یه‌نێته ئاستی ئه‌و شتانه‌ی که تا ئه‌و کاته ئایدیاڵن.
په‌روه‌رده بونیادنانی موراڵه بۆ گوزارشت و به‌کارهێنانی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی که نیازه ره‌چاو بکرێن. هه‌روه‌ها په‌روه‌رده بونیادنانی موراڵه بۆ ئه‌و ئایدیاڵانه‌ی که ده‌خوازرێن وه‌کو نه‌خشه‌یه‌ک دنیایه‌کیان له‌سه‌ر دروست بکرێن یان وه‌کو تۆوی روه‌کێک بڕوێنرێن. دزیش ده‌زانێت که دزیی خراپه. به‌ڵام هه‌تا سیستێمی بیرکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بناغه موراڵییه ئیش نه‌کات که نابێت رێگا به خۆی بدات هه‌ڵه یان خراپه بکات هه‌ر دزیی ده‌کات. ئازادیی مافێکی سروشتییه. هه‌موو که‌سێک باسی ده‌کات. به‌ڵام مرۆڤێک هه‌تا سیستێمی بیرکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بناغه موراڵییه کار نه‌کات که ناتوانێت ژێرده‌ستیی و ملکه‌چیی قبوڵ بکات هەر ناتوانێت گوزارشت له ئازادیی بکات. هه‌ر وه‌کو چۆن ئەگەر سەد دۆلارت پێبێت نا‌توانیت شتێک بکڕیت بە دوو سەد دۆلار، ئاواش نا‌توانیت رەوشتێکت هەبێت کە موراڵەکەیت تیادا نەبێت. مرۆڤ ناتوانێت ببینێت بە بێ هەبوونی چاو. کۆمپیتەرێک نانوسێت ئەگەر پرۆگرامی نوسینی تیادا نەبێت. کەواتە، قسەکان ئاسانن. خۆشمان نەمانبن میللەتان کردویانن. روناکبیران هەمیشە وەکو چۆلەکە قسەی فەیلەسوفەکانی جیهان دەجریوێنن. بەڵام خۆیان نەزانن. ئەوەی بۆ ئێمە دەبێت جێگای سەرنج بێت ئەوەیە کە بە زمانێکی ساکار:
ئایا پیاوی ئەو شتانەین کە دەیانڵێین؟ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی دەوڵەتی کوردیی و دیموکراتییە؟ ئایا بزووتنەوەی گۆڕان هێزی چاکسازیی و چارەسەرییە؟ ئایا یەکێتی نیشتیمانیی رێکخراوی سۆسیاڵدیموکراتییە؟
کردەوەکانیان وەڵامی ئەو پرسیارانەن کە لێیان کراون. لە کردەوەدا چی‌یان کردبێت لە راستییدا پیاوی ئەوەن. بەڵام مەڕمیللەت مافی ئەوەی نییە راستیی کۆیلەیەتیی خۆی و دنیای داگیرکاریی ببینێت. دەستەڵاتداران هەرچییەک بڵێن و بکەن هەر دەخوات، هیچ مەرجێکی خەڵکیان لەسەر نییە.
ده‌توانین له ئێستادا بڵێین:
هزرو به‌رنامه هەیە. ئەوەی کە نییە که‌س و رێکخراوی لەبارە بۆ ئه‌وه‌ی به زمانی کرده‌وه ناوه‌ڕۆک بده‌ن به هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک. ئەوەی کە پێویستە ئیشی تیادا بکرێت و پەیدا بکرێت بونیادی موراڵە بۆ ئەو پرەنسیپانەی کە پێویستە رەچاو بکرێن و ئەو ئایدیاڵانەی کە خواستن ببن بە راستیی. کام پرەنسیپ و کوا پەروەردەکەی؟ کام ئایدیاڵ و چۆن بونیادی موراڵییەکەی دروست دەکەین؟ ئەگینا لە دەرەوەی ئەم لۆجیکە هەر قسەی بەتاڵ دەمێنێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست