کاک نۆشیروان هاتەوە بەڵام!
Thursday, 28/04/2016, 21:46
هاتنەوەو نەهاتنەوەی کاک نۆشیروان کرابووە مەتەڵێک ولەلایەک نەهاتنەوەی والێکدەدرایەوە کەوا نهێنیەکی گەورەی تێدایەو لەوێ شتێکی گرنگی بەدەستەوەیە،لەلایەکی تر هاتنەوەی وا لێکدەدرێتەوە کە بەفوویەک هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات!دژەکانیشی ڕۆیشتنی بە هەڵاتنوو هاتنەوەی بە ناچاری وبێ ئومێدی لەدووربوون ونزیک بوون لێک دەدەنەوە!
من پێموایە ئەم ڕۆیشتن ودرەنگ هاتنەوەی هیچ نییە جگەلە بێهیوایی بە چارەسەرکردنی کێشەکان،لێرەبوونی خۆشی وئێمەش دەزانین هیچ کاریگەریەکی نەدەبوو مادام ئیرادەیەک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان،کاتێ پارتی هەر بۆ زەوق وزۆر بەئاسانی ڕێگە لەسەرۆکی پەرلەمان کەبەرزترین دەستەڵاتی یاسادانانە دەگرێ و ئیفلیچ وگێڕی دەکات،کاتێ ،وەزیرەکانی بۆدەنێرنەوە ماڵەوە بێ هیچ متمانە لێسەندنەوەیەکی قانوونی!کێ وچۆن دەتوانێ ئەم بارە ناقانوونیە ڕاست کاتەوە؟دیارە جگەلە پارتی،کەئەویش نایکات!لێرەدا کاک نۆشیروان دەیتوانی چی بکات و بۆچی بهاتایەتەوە؟چ هەوڵێک سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتی وپارتەکانی تر نەیانداوە بۆ ئاسییکردنەوەی دۆخەکەو ئەو لێرەبا دەیدا؟
ئێستاش کەهاتۆتەوە،وەک هەر سەرکردەیەکی تری یەکێتی،یان گۆڕان دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ وهیچی تر.نەدارحەسای سحری پێیەونە لەبەرخاتری ئەویش پارتی لەکەلی شەیتان دێتەخوارەوە.مەگەر لەبەرنامەو دروشمەکانی بزووتنەوەکەی دابشکێنێ ومیکاڤیلیانە لەپێناوی ئامانجەکاندا قوربانی بە بەرنامەو پرەنسیپەکانی بدات و[ئامانج بیانوو بۆ ئامڕاز دێنێتەوە]بگرێتەبەر.
ئەوەی کەم تاکورتێکیش ئەو پیاوە بناسێ دەزانێ هەرگیز یاری بە باوەڕوبەرنامەکانی ناکات.کەواتە هیوا هەڵواسینی زیاد لەڕادە بەکاک نۆشیروان جگە لە خۆخەڵاتاندن و سەرخستنە ژێر لم زیاتر هیچی تر نییەو نیشاندانیشی وەک فریاد ڕەس باری شانی هێندەی تر قورسدەکات.دەزانم بەرنامەو بیرۆکەی پێیە بۆ چارەسەری کێشەکان وڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد،بەڵام بەهاوکاری هەموان دەتوانێ جارێکی تر گۆمەکە بشڵەقێنێ، لێگەڕێن بەپێی هەلومەرجەکەوپێداویستی هەنگاو هەڵبێنی وکاتی ئەوەش هاتووە پارتی دۆخەکە باشتر بخوێنێتەوەولەکەلی شەیتان بێتەخوارەوە وبارەکە ڕاست کاتەوەولەگەڵ گۆڕان وسێ پارتەکەی تردانیشێ وجدیانەتر کار بکات بۆئەوەی پەرلەمان وحکومەت بخاتەوە سەر پێ! بەتایبەت ئێستا کە لەدەروازەی گۆڕانکاریەکانداین کە زۆر بەخێرایی کات تێدەپەڕێ وئەگەرێکی زۆر نزیکە ڕووداوەکان جوگرافیای سیاسی ناوچەکە جارێکی تر بگۆڕن.ئامادەبوونی ئێمە بەیەکگرتوویی مەرجی بنەڕەتی قۆستنەوەی ئەنجامەکانە بۆ قازانجی گەلەکەمان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست