نیکۆڵ دیسالفۆ: "خەباتی میللەتی کورد بۆ ئازادی بەشێکە لە خۆم"
Sunday, 24/04/2016, 1:35
بە درێژایی مێژووی شەست ساڵ، سەرکردەکانی باشوور بە هێزی خۆیان دەبینن لە پارە، پۆست، ژیان کردن لە باڵەخانەی سەر بەرزاییەکان، بوون بە خاوەن بیرە نەوت، بوون بە خاوەنی میدیایی زەبەلاح، دزینی سەرەوت و سامانی نیشتمان، ملکەچی و جاشاییەتی کردن بۆ دوژمنان و لاواز کردنی خەڵک بە برسیی کردنیان و کۆنتڕۆڵی قوتی بژێوی ژیانی هەژاران و لاواز کردنیان. سەرکردەکانی باشوور بەهێزی خۆیان لە لاوازی کردنی نەتەوەی کورددا دەبینن.
هەڵگرتنی ئەو جۆرە عەقڵییەتە لە لایەن سەرکردەکانی باشوور بە درێژایی مێژوو هۆکاری ئەوە بووە کە نەیان توانیوە لە پێناو هەڵوێستێکی نیشتمانی و نەتەوەیدا ژیانیان بەخت بکەن، هەر لە هەوڵی ئەوەدا بوونە لە ژیاندا بمێنن، لە مردن ڕایان کردوە. بۆ مانەوە لە ژیان لە هەستیارترین کاتدا میللەتیان بەجێهێشتوە و ئاشبەتاڵیان بە شۆڕشەکانی کوردیش کردوە وەکو ئاشبەتاڵی بنەماڵەی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٤دا. ڕاکردنی تاڵەبانی بۆ ئەوروپا لە سەرەتایی ١٩٨٨دا. ئەمە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە کەسیان بە مردنێکی سەربەرز نەمردون لەگەڵ ئەوەی کە گوایە سەرکردایەتی بزوتنەوەیەی رزگاری نیشتمانییان کردوە، هەموویان لە نێو پێخەفی شەرمەزارییدا دەورە دراو بە کەسوکار ماڵئاواییان کردوە لە ژیان بەهۆی نەخۆشی یان بەهۆی تەواو بوونی تەمەن و هاتنی پیری.
ئەگەر تەنیا بگەڕاێینەوە بۆ مێژوویەکی نزیک، سەرنجێک لە مردنی ئەو سەرکردانە بدەین کە ئیمرۆ کەسوکار و خێزانیان شانازی بە خەبات و ماندوو بوونیان دەکەن، بۆمان دەردەکەوێت کە کەسیان لە شەڕدا، یان لە ژێر پەتی سێدارەدا، یان بەهۆی مانەوەیان لە زیندانی درێژ خایەندا یان لە ژێر ئەشکەنجەدا نەمردون! نمونە، مەلا مستفای بارزانی لە ئەمریکا، ئیدریس بارزانی لە ئێران، ئیبراهیم ئەحمەد لە بریتانیا، مردووی ناو پێخەف جەلال تاڵەبانی لە بەغداد.
سەرکردەکانی تری باشوور کە هێشتا لە ژیان ماون، کاتێک ترسی مردنیان لێدەنیشێت ڕادەکەن بە وڵاتاندا، بە پارەی دزراوی میللەت لە باشترین نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن بۆ ئەوەی تەمنیان درێژ تر بکەن!
سەرکردەکانی باشوور، دەزانن هەڵوێست، بڕوا بوون بە بەها بەرزەکان و پرنسیپ چیە و چی دەگەیەنێت، بەڵام ئەوەش دەزانن کە نرخی ئەو بەهایانە ئێجگار گران دەکەوێت، ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە خۆیانی لێ دەدزنەوە و گاڵتەیان بەوە دێت کە " هەڵوێستی بەرز مرۆڤ بە ژیاوی دەهێڵێتەوە، لە نێو میللەتەکەی خۆی و نەتەوەکانی تری دنیا" دا نمونە 'غاندی و ماندێلا". لە نێو نەتەوەی کوردیشدا لە مێژوودا، پێشەوا " قازی محەمەد"ە. نمونەی ژیاوی ئیمرۆشمان "سەڕۆک عەبدوڵا ئۆجەلان" ە.
ئۆجەلان، سەرکردەیەکی زیندانی کراوی کوردە، هیج کەسێک بەرژەوەندیی لەوەدا نییە پشتیوانی لێ بکات، بەڵکو پشتیوانی کردن لە "ئۆجەلان" دەبێتە مایەیی دروست بوونی نەهامەتی لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی تاک، نەتەوە و مەیدانی پڕ کێشمەکێشمی نێو نەتەوەکانی دنیادا.
ئاپۆ، دوور و نزیک بۆ نەتەوەیی ئیتالیی خەباتی نەکردوە بەڵام ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەی بەرامبەر بە نەتەوەکەی خۆی، هەڵگرتنی مەشخەڵی بەرەنگاریی بوونەوە و سەڕۆکایەتی کردنی بزوتنەوەیی رزگاری میللەتە ژێر دەستەکەی، بۆتە مایەی رێزلێنان و پشتیوانی لێ کردنی لە سەر ئاستی تاک، بەکۆمەڵ لە نیو کورد و لە نێو نەتەوەکانیی تری دنیادا.
مەریلیتا ئەندامی شارەوانی یەکێک لە شارەکانی ئیتالیادا لە بۆنەی یاد کردنەوەی رۆژی ئازادی ئیتالیادا لە رێککەوتی ٢٢/٤/٢٠١٦دا، گوتی "خەباتی ئیتالییەکان و کورد دژ بە فاشیزم هاوشێوەی یەکن، ئەو جۆرە خەباتە دەبێت بەردەوامیی هەبێت. دەربارەی خەباتی میللەتەکەمان لە باکووری وڵاتدا و "ئۆجەلان"یش، گوتی "جێگەی بایەخ و سەرنجە کە ئیمرۆ ژنان سەڕۆکایەتی خەباتی میللەتی کورد دەکەن. سەڕۆکی نەتەوەیی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی ئەو بزوتنەوەییە، خەبات دەکات بۆ وەدەست هێانی مافەکانی کورد. بە شەرەفەوە هەقی هاووڵاتی بوون دەدەین بە کەسێکی لەو جۆرە، کە لە زیندانێکی تاک و تەنیادا لە دورگەی ئیمیراڵدا، سەرۆکایەتی بەرەنگاری بوونەوەیەکی لەوجۆرەدا دەکات".
نیکۆڵ دیسالفۆی تەمن٩٢ ساڵ، جەنگاوەرێکی شۆرشگێری کۆنی ئیتالیایە کە لە رابردودا لە سەنگەری میللەتەکەیدا دژ بە فاشییەکان خەباتی کردوە و لە مەراسیمی رۆژی "ئازادی ئیتالیا"دا بەشدار بوو گوتی.
" وەکو جەنگاوەرێک دژ بە فاشیزم، مایەی شانازیمە کە ئۆجەلان سەڕۆکایەتی خەباتی چەکداری دەکات. دەبێت ئۆجەلان بەردەوام بێت و خۆی بەدەستەوە نەدات. خەباتی میللەتی کورد بۆ ئازادی پارچەیەکە لە نێو خودی خۆم دایە".
سەرچاوە:
https://anfenglish.com/out-there/italy-s-palagonia-municipality-awards-ocalan-with-honorary-citizenship
http://www.ansamed.info/ansamed/en/news/sections/politics/2016/02/15/naples-confers-honorary-citizenship-on-pkk-leadr-ocalan_396055a3-033c-4a14-9dca-2a90f5605e51.html
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست