کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی یانزه‌ ساڵ و سێ مانگه‌ سه‌رۆکه‌ ئاخر سودی چیت هه‌بوو؟

Wednesday, 20/04/2016, 21:54


له‌ ٣١ی کانونی دووه‌می ساڵی (٢٠٠٥) بارزانی له‌ ناو په‌رله‌مان وه‌ک یه‌که‌م سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌کاربوو چونکه‌ پێش هه‌ڵبژاردنی پڕۆڤه‌ی بۆ ئه‌و پۆسته‌ی کردبوو، هه‌ر له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی (١٩٩٢) له‌ پاڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان هه‌ڵبژاردنێکیش بۆ ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی گه‌لی کورد ئه‌نجامدرا به‌بێ ئه‌نجام ! له‌وکاته‌وه‌ خۆی وه‌ک ڕابه‌ری ڕزگاری خوازی ده‌زانێ وه‌ له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆش سه‌رۆکی هه‌رێمی زه‌ردبوو دواتریش له‌دوا ڕوخانی عێڕاق خۆی هه‌روا پیشاندا به‌تایبه‌تی کاتێک مام جلال به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی خۆی بۆ سه‌رۆک کۆماری له‌عێڕاق یه‌کلا کردبۆوه‌ بارزانیش به‌شێوه‌یه‌کی پراکتیک خۆی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم داده‌نا تاده‌رچونی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی ، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین بارزانی (٢٥) ساڵه‌ سه‌رۆکه‌ (١٣) ساڵ و چه‌ند مانگێک به‌ جۆرێک.
له‌ (٢٠٠٥/١/٣١) سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ له‌و به‌رواره‌ بۆ ئێستا ڕێک ده‌کاته‌ یانزه‌ ساڵ و دوو مانگ و بیست ڕۆژ، که‌ ئه‌مه‌ش به‌چه‌ندین جۆری فڕوفێڵی یاسای و نایاسای درێژکردنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن یان خۆسه‌پاندن، بۆ نمونه‌: له‌ (٣١) ی کانونی دووه‌می ساڵی (٢٠٠٥) به‌ده‌نگدانی ئاشکرا له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان بۆ جاری یه‌که‌م له‌لایه‌ن پارتی و یه‌کیه‌تی به‌پێی ڕێککه‌وتنی پێشوه‌خته‌ هه‌ڵبژێردرا بۆ ماوه‌ی چوارساڵ، که‌ ئه‌بوایه‌ پێش کۆتای هاتنی ماوه‌که‌ی کارکراباو بوار ڕه‌خسێندرابا بۆ خۆ پاڵاوتن بۆجاری دووه‌م به‌ڵام پاش دواکه‌وتنی پێنج مانگ له‌به‌سه‌رچونی ماوه‌که‌ی که‌ له‌ (٢٠٠٩/١/٣١) ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی به‌سه‌رچوو ئینجا په‌رله‌مان وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی که‌ (له‌دوای تا به‌ڕه‌ به‌خۆیان دائه‌ده‌ن) به‌ کاوه‌خۆ له‌ (٢٠٠٩/٥/١٣) له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی پارتی و یه‌کیه‌تی که‌ ئه‌وکات (عدنان موفتی) سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوو بۆ جاری یه‌که‌م ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی بۆ درێژکراوه‌ تا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ئه‌درێت له‌ناو خه‌ڵک به‌شێوه‌ی نهێنی ، ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵی (٢٠٠٩) بۆ جاری دووه‌م به‌شێوه‌یه‌کی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا بۆ ماوه‌ی چوارساڵی تر تا ساڵی (٢٠١٣) که‌ ئه‌بوایه‌ پێش ته‌واوبوونی ماوه‌که‌ی ئاماده‌کاری بکرێت بۆ هه‌ڵبژاردنێکی تر، به‌ڵام له‌ به‌رواری (٢٠١٣/٦/٣٠) بۆ جاری دووه‌م په‌رله‌مان وه‌ک کوده‌تایه‌ک ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی بارزانی درێژکرده‌وه‌ به‌نا یاسایی تا دوو ساڵی تر به‌ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ لیستی کوردستانی (پارتی و یه‌کیه‌تی) که‌ ئه‌وکات (ئه‌رسه‌لان بایز ) سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوو، به‌پێی ئه‌و ماوه‌یه‌شبێت ئه‌بوایه‌ له‌ (٢٠١٥/٨/٢٠) کۆتای به‌ ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی بارزانی بێت به‌ڵام وه‌کو بینیمان به‌ سازان و کۆبوونه‌وه‌ و ناوبژیوانی ده‌ره‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک پارتی هه‌وڵیدا که‌ جارێکی تر ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی بۆ درێژبکرێته‌وه‌ ، به‌ڵام لایه‌نه‌کان نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ سازانێک و له‌ئه‌نجامدا له‌سه‌ر ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی بارزانیدا کوردستان دوو چاری چه‌ندین قه‌یران و بۆشایی یاسایی بۆوه‌ ، تا کار که‌وته‌ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌ک بخرێ به‌زه‌بری هێزی ملیشیایی.
لێره‌دا حه‌ق وایه‌ بپرسین له‌و ماوه‌یه‌ زۆره‌دا ئایا بارزانی توانیویه‌تی ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌باشی جێ به‌جێ بکات ؟ ئایا سودی هه‌بووه‌ بۆ هاوڵاتیان به‌گشتی یان ته‌نها بۆ پارته‌که‌ی خۆیی و خودی بنه‌ماڵه‌ی خۆی هه‌بووه‌؟ ئایا بارزانی بێ لایه‌ن بووه‌ له‌کێشه‌ ناوخۆییه‌کان؟ ئایا له‌وماوه‌ زۆره‌ هیچ کات ده‌رفه‌ت نه‌ڕه‌خساوه‌ بۆ ڕیفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت یان به‌س خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ بوونه‌؟ ئایا ئاساواری دوو ئیداری بنبڕکرد یان برینه‌کانی قوڵترکردنه‌وه‌؟ ئایا هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و ئه‌منی قه‌ومی یه‌کخستنه‌وه‌ و له‌ده‌ستی حزبی ده‌رهێنان یان له‌یه‌کتری کردن به‌دوژمن؟ ئایا سه‌رۆکێک له‌ ماوه‌ی یانزه‌ ساڵ و سێ مانگ نه‌یتوانی بێت ئامانجه‌کانی بێنێته‌دی له‌ماوه‌ی دووساڵ یان که‌متر له‌ دووساڵ ده‌توانێ چی بکات؟
زۆر پرسیاری تر هه‌یه‌ بیکه‌ین به‌ڵام بۆ ئێوه‌ی خوێنه‌ری جێ ده‌هێڵم له‌کۆتایدا ته‌نها ئه‌ڵێم : ئه‌وه‌ی بارزانی و پارته‌که‌ی داوای ده‌کات ته‌نها مانه‌وه‌یانه‌ له‌ ده‌سته‌ڵات و هیچی تر چونکه‌ له‌‌و ماوه‌یه‌ زۆره‌دا گه‌ر نه‌یتوانی بێت سه‌رۆکێکی خه‌مخۆر و دڵسۆز و پڕ سود بێت ، بێ گوومان له‌و ماوه‌که‌مه‌دا تازه‌ ناتوانێت هیچ بکات جگه‌ له‌ مه‌ترسی و ڕشتنی تۆوی دووبه‌ره‌کی ..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە