کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وه‌ڵام بۆ مێژوو

Wednesday, 20/04/2016, 0:59


(محمد ره‌زا) كۆتا شای ئێران،  له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (وه‌ڵام بۆمێژوو)، نوسیویه‌تی ئه‌و كاته‌ی  كه‌ كورده‌كان به‌ڕێبه‌رایه‌تی (قازی محمد) ویستی سه‌ربه‌خۆیی له‌مێشكیاندا چه‌كه‌ره‌ی كرد و كۆماری كوردستانیان دامه‌زراند، له‌و سه‌ر و به‌نده‌شدا به‌هۆی جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ ئێران وه‌ك نیمچه‌ داگیركراوێك وابوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵاتی (بریتانیا. ڕوسیا)به‌بیانوی لێدانی (ئه‌ڵمانیا)وه‌ هێزی سه‌ربازیان له‌ ئێراندا هه‌بوو، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، ڕوسه‌كان هاوكاریه‌كی باشی كورده‌كانیان كرد بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام دواجار (ئه‌حمد قه‌وام)سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌وكاتی ئێران سه‌ردانێك ده‌كات بۆ مۆسكۆ و له‌وێ چاوی به‌ گه‌وره‌ كاربه‌ده‌ستانی ڕوسیا ده‌كه‌وێت، به‌مه‌به‌ستی ئیمزاكردنی ڕێكه‌وتن نامه‌یه‌ك له‌باره‌ی سود وه‌رگرتن له‌سه‌رچاوه‌ نه‌وتیه‌كانی ویلایه‌تی باكوری ئێران له‌گه‌ڵ ڕوسه‌كان، به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ له‌51%پشك و سوده‌كان ده‌درا به‌سۆڤیه‌تیه‌كان و له‌49%بۆ ئێران، له‌به‌رامبه‌ردا دواجار ڕوسه‌كان هاوكاریه‌كانیان بۆ كورده‌كان ڕاگرت و به‌داخه‌وه‌ ئاشكراشه‌ چاره‌نوسی كۆماره‌كه‌ و (قازی محمد)یش چی به‌سه‌رهات، دواتر پشتكردنی ئه‌مریكا و ئه‌وروپاییه‌كانیش له‌ 1974وه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ به‌رامبه‌ر به‌ له‌ناوبردنی ده‌ستكه‌وتی گه‌له‌كه‌مان و چاوداخستنیان به‌رامبه‌ر ئه‌و جینۆساید و تیرۆره‌ی هه‌میشه‌ ده‌كرێته‌ سه‌رگه‌له‌كه‌مان، ته‌نانه‌ت زۆرجار تیرۆری كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كانمان سنوری جورافی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشی تێپه‌ڕاندوه‌ و له‌ ئه‌وروپا ده‌كرێت. نمونه‌ی (قاسملو. شه‌ره‌فكه‌ندی. دواجار ساكینه‌ و هاوڕێكانی) له‌به‌ر چاوانه‌، نوێترین نمونه‌ش تیرۆركردنی دوو ئه‌ندامی په‌ژاك له‌ شارۆچكه‌ی پێنجوێنی باشوری كوردستان له‌م چه‌ند رۆژه‌ی ڕابردودا. 
ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆكورد له‌م كاته‌دا به‌هۆی جه‌نگی داعش و كاڵبونه‌وه‌ی سنوره‌كانی سایكس بیكۆ له‌ناوچه‌كه‌دا، ده‌رفه‌تێكی باش هاتۆته‌ پێش تا سودی لێ ببینرێت، ئه‌ویش گومانی تیانیه‌ به‌یه‌كڕیزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی و نزیك بونه‌وه‌ی لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان ده‌كرێت، له‌ یه‌كێتی یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی تۆكمه‌دا، ده‌بینین ئه‌ردۆغان تاسه‌رئێسقان دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌دی كرد له‌ سوریا، به‌ڵام ته‌نها له‌سه‌ر حسابی كورد واخه‌ریكه‌ له‌ڕێگه‌ی كونسوڵخانه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌جه‌زائیر، هه‌وڵی په‌یوه‌ندی داوه‌ له‌گه‌ڵ به‌شارئه‌سه‌د تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ كۆتایی به‌ سیسته‌می حوكمڕانی خوشك و براكانمان بێنێت له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، هه‌ربۆهه‌مان مه‌به‌ست له‌ ئێرانیش نزیك بۆته‌وه‌، به‌ڵام كورد تا ئێستاش حسابی بۆ ئه‌وه‌نه‌كردوه‌، واز له‌ كێشه‌ و ناكۆكیه‌كانی ناوخۆی خۆی بهێنێت و له‌به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتودا به‌رامبه‌ر به‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان پڕۆژه‌یه‌كی پێ بێت بۆ داهاتوی خۆی، ئه‌وه‌ی تا ئێستا هه‌یه‌ ته‌نها پڕۆژه‌ی حزبیه‌ هه‌ندێك جاریش پڕۆژه‌ی پارچه‌یه‌كی كوردستان بوه‌، هه‌رئه‌مه‌ش وای كردوه‌ له‌بێ پڕۆژه‌یی كورددا زۆرجار وڵاتانی جیهان و ته‌نانه‌ت توركیا و ئێران پرۆژه‌یان هه‌بوه‌ بۆ ناوچه‌ی كوردی!!. 
خالی هه‌ره‌به‌هێز له‌ ئێستادا كورد پێی هه‌ستێت ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانه‌، دوور له‌ ده‌مارگرژی (ئاینی. مه‌زهه‌بی. حزبی. پارچه‌ گه‌رێتی)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاكه‌ زامنی به‌هێز و مانه‌وه‌ی كورده‌، له‌لایه‌كیتر دواجار هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بگه‌ین به‌ ئامانجه‌كانمان، بۆ سه‌ربه‌خۆیی، لیره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌نیه‌ شیكردنه‌وه‌ بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كام لایه‌ن ڕێگربوه‌ له‌ په‌ككه‌وتن و نه‌كردنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وه‌ی هه‌بوه‌ له‌به‌رچاوانه‌، پێویسته‌ ناكۆكیه‌كان به‌خاتری له‌ناونه‌چونی ئه‌وده‌سكه‌وتانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ و به‌ره‌ و پێشبردنیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان، پڕۆژه‌یه‌كی جددی هه‌بێت، ئه‌وكات وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش حساباتیكی جیاوازتر له‌ ڕابردوو ده‌رحه‌ق به‌ كێشه‌ی كورد ده‌كه‌ن و زیاتر گوێ له‌داواكاریه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌گرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە