یان شەڕی ناوخۆ یا دوو ئیدارەیی
Wednesday, 20/04/2016, 0:31
هیچ چارەیەكی ترمان لەپێشدا نییە.ئەوەتا مەسعود بەرزانی زۆر راشكاوانە بەریشسپییەكانی بنەماڵەكەی راگەیاندوە"ئەگەر دەسەڵات بكەوێتە دەست سۆرانییەكانەوە، كوردستان غەرقی گۆمی خوێن ئەكەین"!!. ئەم قسەیە ئەگەر راستیش نەبێت، بەڵام بەكردار بەرزانی دوپاتی كردۆتەوەو حزبەكەشی هەمیشە دوبارەی ئەكەنەوە كەوا لەبەرزانی بەولاوە رازی نابن كەسێكی تر ببێتە سەرۆكی هەرێم. كاریش بەمانەوەی خودی مەسعود بەرزانی كۆتایی نایەت، چونكە دوای ئەویش دەیان كەسی ناو بنەماڵەكەی ریزیان بەستوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەتەكانی پارتی. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كەوا ئەم حیزبەی پارتی لەوەتەی دامەزراوە لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە كۆنترۆل كراوە، ئیدی چۆن دەستبەرداری ئەبن.لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە چاوەرێی چی لەم سەركردەو حزبە ئەكرێت بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموكراسی لەكوردستاندا؟؟ زۆرجار كاتێك ئەكەومە گفتو گۆوە لەگەڵ بردەران پرسیارێك سەد هەزار جار دوبارە ئەبێتەوە ئەویش ئەوەیە" بۆچی حزبەكانی تری كوردستان بەتایبەتیش یەكێتی كە هێزێكی كاریگەری سەر گۆرەپانەكەیە ناتوانێت سنورێك بۆ پارتی دابنێت لەتێكدانی رەوشی سیاسیو شێواندنی سیستەمی دیموكراسی.. هتد. ئێ خۆ یەكێتی هەوڵێكی وای دا لەسەرەتای دروستبونیەوە تا ئەمرۆش.بەڵام هیچ ئەنجامی نەبو!.
لەسەرەتادا تەنانەت دامەزراندنی یەكێتی وهەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان مەبەستی سەرەكی ئەوە بو كۆتایی بەكلتوری سەركردایەتی پارتی بهێنرێت لە كاروانی خەباتی نەتەوایەتیمان.بۆیە ئاسایی بو هەر لەو دەمەوە پارتی بكەوێتە سەنگەری دوژمنایەتی كردنی یەكێتیو پشتكردنە خەباتی نەتەوایەتی دژ بەبەعسی فاشی،ئەوە بو هەر لەگەل دەستپێكی شۆرشی نوێدا كارەساتێكی گەورەی بەسەر یەكێتیدا هێنا لەكۆمەڵكوژیەكەی هەكاریدا.بەدرێژایی ساڵانی شۆرشیش سەدان پێشمەرگەی دلێری یەكێتی شەهیدكران،لەدوای راپەرینیش ململانێی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا بەرێگای سندوقی هەڵبژاردنەوە بەردەوامی پێدرا، بەڵام لەوێشدا بەتەزویرو تەزویركاری توانییان خۆیان پێشبخەن.لەئەزمونی حوكمرانیشدا دوای رێكەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا لەسەر نمونەی حوكمی فیفتی فیفتییەوە،پارتی بەناشرینكردنی ئەم نمونەیەش كەوتە دژایەتی كردنی یەكێتییەوە،تا وایلێهات بەبیانوی تاپۆكردنی پێنج دوكان لە قەڵادزێوە كەوتە هەڵگیرساندنی شەڕی براكوژی،كاتێكیش یەكێتی توانی پارتی شاربەدەر بكات، پارتی بێ سڵەمینەوە هانای بۆ دەبابەكانی حەرەس جەمهوری سەدام برد تا یەكێتی لەهەولێر دەربكات.
یەكێتی هەمیشە لەهەوڵی ئيحتواكردنی پارتیدا بوە،بەكۆسپێكی زۆر گەورەشی زانیوە لەبەردەم بەدیموكراسیزە كردنی كۆمەڵگەكەمان كە ئەمەش دروشمێكی سەرەكی یەكێتی بوەو راستگۆیانە هەوڵی بۆ داوە، نەوەك پارتی بەناوەكەیەوە بازرگانی پێوە بكاتولەرەفتارو هەڵوێستە ناشرینەكانیدا ئەوەی ناوی دیموكراسییەتە لەم حیزبەدا بەدینەكرێت..ئێستاش یەكیتی لەململانێ بەردەوامە.بەشێوازی مەدەنییانە هاوشانی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتو وحزبەكانی تر پرۆژەی هەبوە بۆ بەدیموكراسی كردنی كۆمەڵگە،بەڵام دیسان پارتییە ملناداتو ئەیەوێت حوكمی دیكتاتۆرییانە بچەسپێنێت وسەرۆكی هەتا هەتا لەكوردستاندا فەرزبكات.
بژاردەكان زۆر كەمن بەتایبەت كە تۆ لەگەڵ حزبێكی عەشایەری دواكەوتوو سەركردەیەك مامەڵە بكەیت كە هیچ سڵنەكاتەوە لەخییانەتی نیشتمانیو نەتەوەیی،هیچ مانیعی نییە بەیانی جارێكیتر جەندرمەی توركیا بێنێتە سەر پەرلەمانی كوردستانو حزبە هاوپەیمانەكانيشى لەپرۆسەی سیاسی دەربكات.ئەم سەرۆكە تازە ئەبێ دەستی لێ بشۆینەوە كەوا ببێتە فاكتەرێك بۆ دامەزراندنی حوكمێكی دیموكراسییانەی تەندروست لەكوردستاندا، خەونی ئەوو حزبەكەشی بۆ چەسپاندنی حوكمێكی دیكتاتۆرییانەیە، بەرزانی ئەگەر بۆشی بچێتە سەر دەستبەسەر پارچەكانی تری كوردستانیشا ئەگرێت،ئەوە نییە شەڕی نفوز ئەكات لەگەڵ پەكەكەو پەیەدە، ئەوە نییە سەرباری ئیكسپایەربونی پۆستەكەی دەستبەردار نابێت، ئەوە نییە پەرلەمانو حكومەتی پەكخستوە تەنها لەبەر ئەوەی كەسێكو لایەنێك جورئەتی ئەوەیان كردوە باسی پۆستەكەی ئەو بكەن، ئەوە نییە قەڵەمەبەكرێگیراوو راوێژكارە كاسەلێسەكانیان باسی هێنانی سوپای ئیسرائیلو عەرەبستانی سعودییە ئەكەن بۆ كوردستان.ئەمانە هەموی ئاماژەن بۆ ئەوەی كەوا پارتی بەفیعلی ئامادە نییە دەسەڵات رادەستی كەسی تری سۆرانی بكات.
لەئیدارەداندا فەرقێكی یەكجار زۆر لەنێوان هەردو زۆنی زەردو سەوزدا هەیە،تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی پێشمەرگە خانەنیشنینكراوەكانیش ئەوانەی لەرۆژگارە سەختەكاندا بەرگرییان لەمیللەتو شۆرشەكەیان كردو،بەشانوباڵی خۆیانەوە ئەم كییانەیان دروستكرد وهێزی بەعسیان راماڵی،ئێستا جیاوازییان ئەكرێت لەگەڵ خانەنشینەكانی پارتیدا كە زۆربەی زۆریان رۆژیك تەقە لەتفەنگیانەوە نەهاتوەو خەڵكی وایان تێدایە كە هیچ پەیوەندییەكیان بە پێشمەرگایەتیەوە نەبوە، ئەوان زیاتر دەنگدەری بەكرێگیراون تا پێشمەرگەی دێرین بن،هەمو مانگێك لەسەر لیستی وەزارەتی پێشمەرگە موچەی تەواوی خۆیان وەرئەگرن،موچەی پێشمەرگەكانی یەكێتیش بەوەزارەتی داراییەوە بەستراوەو سێ مانگ جارێك ئەدرێت،سەرۆكی حكومەتەكەی پارتیش دوا بریاری لەبارەیانەوە ئەوەیە كەوا 45 رۆژ جارێك موچە وەربگرن ئەمەش لەقتوی هیچ عەتارێكدا بونی نیە..دوو لەسەر سێی بیرە نەوتیەكانی هەرێم لەزۆنی یەكێتیدایە،بەڵام پارتی بەزۆرەملێ مامەڵەیان پێئەكاتو هەرزانفرۆشی بەم سامانە نەتەوەییە ئەكاتو لەسەر خوانێكی زێرین پێشكەشی ئەردۆگانی گەورە دوژمنی كوردی ئەكات.لەناو فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمدا زیاتر لە100 فەرمانبەر دەوام ئەكەن تەنها 4 فەرمانبەریان یەكێتییە.لەئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمدا، سەرەرای ئەوەی كەوا هەردو دەزگای پاراستنو زانیاری بەپێی یاسا یەكسانن لەروی بودجەو میلاكاتەوە،بەڵام چونكە سەرۆكەكەی پارتییە،بەشی شێری بودجەكە بەر پاراستن كەوتوە، ئەویش بۆ كاری حیزبی بەكار ئەهێنرێت لەراوەدونانی نوسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنوسانو گرتنو زیندانی كردنی خۆپیشاندەران، ئەمانەو دەیان نمونەی تر كەنیشانی ئەدەن پارتی دەستی بەسەر زۆربەی جومگەكانی دەسەڵاتدا گرتوەو دەستبەرداریان نابێت، لێرەشدا پرسیارەكە دوبارە ئەبێتەوە تاكەی یەكێتی بەم وەزعە رازی ئەبێت؟؟.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە قوڕسە ئەبێ بزانین بژاردەكانی بەردەم یەكێتی چین؟.
- یەكێتی لەوەتەی دامەزراوە چ لەشاخو چ لە شار هەوڵێكی زۆری داوە بۆ ئەوەی پارتی بێنێتە سەر رێگای راستی خەبات لەپێناو میللەتەدا. لەشاخ لەجیاتی شەڕی براكوژی بەرەیەكی فراوان دروست بكرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی بەعس ، لەمەشدا بە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی سەركەوتو بوو تا ماوەیەك توانی دوای راپەرینیش دەسكەوتێكی مەزن بێنێتەدی ئەویش دامەزراندنی پەرلەمانو حكومەتی هەرێم بو.
بەدرێژایی ئەزمونی پەرلەمانو حكومەتی هەرێم یەكێتی بەلەخۆبوردییەوە هەوڵیداوە لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمان بێت بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم،لەبەغداش یەكریزبن وچەندینجار بەلیستی هاوبەشەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد. لەدابەشكردنی پۆستەكاندا هەمیشە یەكێتی سازشی كردوە لەسەر زۆربەی ئیستحقاقاتی خۆی بۆ پارتی بۆ ئەوەی وەزعی هەرێم تێكنەچێت، بەنمونەش چەندینجار سازشی لەسەر پۆستی سەرۆكی حكومەتیش كردوە بۆ پارتی. لەسەرۆكایەتی هەرێمشدا یەكێتی سەرباری باجە گەورەكانیشەوە هەمیشە پشتگیری پارتی كردوە.كەواتە یەكێتی هەمو رێگایەكی گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی نەكەوێتە ململانێیەكی خوێناوییەوە لەگەڵ پارتیدا جارێكتر وڵاتەكەمان توشی نەهامەتی شەڕی براكوژی بكاتەوە كە پارتی ئاوی لێناخواتەوە بەڵكو زۆرجار هەرەشەی ئەوەش لەیەكێتی ئەكات.
بەهەڵسەنگاندنی رابردوی ئەم حزبەوە بۆمان دەرئەكەوێت كەوا پارتی بەهێچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەو ئوسلوبەی حوكمرانی لەكوردستاندا نابێت،ئەو هەمیشە ئەیەوێت باڵادەست بێتو هەمو شتەكان بچنەوە لای خۆی، هەر بریارێك بیەوێت دەریبكات بریاری بەرامبەركانیشی بخاتە ژێرپێیەكانیەوە، بۆیە تەنها بژاردەیەك مابێت لەبەردەم یەكێتیدا جیابونەوەو خۆ دەربازكردنە لەژێر دەستی پارتی.. گەڕانەوە بۆ دو ئیدارەیی باشترین چارەسەرە لەگەڵ حزبێك كە ئاوا مامەڵە بەئەزمونی حوكمرانیو ودیموكراسیەتەوە بكات. ناكرێت تا هەتا چاوەروانی عەتفو سۆزی پارتی بین كەی رەحم بەم میللەتە ئەكات، ئەوەتا ئەو تەنانەت ئامادەیە دەست بۆ قوتی میللەتیش ببات، هیچ سڵیشناكاتەوە لەوەی خاكی كوردستان بفرۆشێتە كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتو لەپێناو رازیكردنی دڵی ئەردۆگانیشەوە شەڕی پەكەكەو پەیەدە بكاتو چارەنوسی هەر چوار پارچەی كوردستان بخاتە ژێردەستی هێزە داگییركەرەكانەوە.
لەكۆتاییدا ئەڵێم هیچ شتێك نییە یەكێتی پابەند بكات بەسیاسەتە چەوتەكانی پارتییەوە،بۆیە جیابونەوە باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی یەكێتی بگەڕێتەوە بەرەی گەلو نمونەیەكی جوانتر لەوەی پارتی پێشكەشی میللەتەكەی بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست