هێشتا ئەنفال بەردەوامە
Monday, 18/04/2016, 14:01
لەگەڵ بڕیاردان لە فیدرالیەتی ڕۆژاوا-باکووری سوریا، چەندین هەڵوێستی خێرا لەلایەن "داگیرکەرانی کوردستان، دەوڵەتە عەرەبیەکان، بەرهەڵستکارە شۆڤێنیەکانی سوریا، هەندێک لایەنی بەناو کورد"یەوە دژ بەو فیدرالیەتە گیرانەبەر، ئەمە سەرەڕای هێرشێکی راگەیاندنی بەرفرە لەلایەن "کەناڵە عەرەبی و تورکی و چەندین کەناڵێکی کوردی زمان"وە.
دژایەتیەکان تەنها بە هێرشی ڕاگەیاندنی و دژ وەستاندنەوەی ئەو لایەنانە کۆتایی نەهات، بەڵکو گەیشتە ئاستی کۆبوونەوە و پەیمان بەستنی تێکڕای ئەو لایەنانەی کە بە درێژایی 5 ساڵ شەڕی سوریا لە ململانێی یەکتریدا بوون.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی سوریاوە گەورەترین گرفت کەوتە نێوان 'ئێران-تورکیا'، 'سعودیە-میسر'، 'سوریا-قەتەر'، 'حیزب اللەی لوبنان-بەرهەڵستکارانی سوریا' و تەنانەت 'یەکێتی-پارتی'ش، هەندێک بە هەموو هێزیانەوە کەوتنە دژایەتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد و هاوکاریکردنی بەرهەڵستکارانی سوریا، هەندێکی دیکەشیان ڕێک پێچەوانەکەیان هەڵبژارد.
بەڵام بە جاڕدانی فیدرالیەتی 'ڕۆژاوا-باکووری سوریا' تێکڕای دژبەرەکانی ڕابردوو بوونە ئاشنا و تەنانەت هاوپەیمانی یەکتریش. شەڕی 5 ساڵە بە ئاگربەست گەیشت، سعودیە و میسر دەستلەملانی یەکتر بوون، ئێران و تورکیا وەک دوو هاوپەیمانیان لێهات، ناکۆکیەکانی یەکێتی و پارتی بە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و داکۆکیکەر لە یەکتری گەیشت.
سنوورەکان بە ڕووی ڕۆژاوادا داخران، وێڕای دیداری جەواد زەریف و داودئۆغڵو، جارێک سەردانی ئەردۆغان بۆ تاران و دوو جار سەردانی ڕۆحانی بۆ ئەنقەرە، ڕاموسینی پادشای سعودی و سەرۆک کۆماری میسر، هانابردنی تورکیا بۆ جەزائیر، بە پۆل گەڕاندنەوەی بەرپرسانی هەرێم بۆ باوەشی بەغدای عروبە، چەندین سەردانی نهێنی و ئاشکرای سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ ئەنقەرە، بەخۆ کەوتنی ئۆردوگانشین و وتێلنشینەکان بوونە گەرمترین ڕووداوەکانی ڕۆژ.
پەیوەندی نێوان دوو وڵاتی ئێران-تورکیا گەیشتە ئەو ئاستەی کە "PJAK, PYD, PKK و داعش" بە دوژمنی هاوبەش بزانن و بە کردەوەش لە ناوخۆ و دەرەوە بکەونە دوژمنایەتی کوردان، تورکیا ڕەشە کوژی کوردان و خاپورکردنی شارەکانی باکووری کوردستانی گەییاندە لوتکە و لە شێخ مەقسودی شاری حەلەبیش لە ڕێگەی نۆکەرەکانیەوە تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وێڕای لە سێدارەدانی زۆرترین چالاکانی سیاسی ڕۆژهەڵات، دەستی نەگریسی گەیشتە باشووری کوردستان و لە ڕێی بەکرێگیراوەکانیەوە دوو چالاکی پژاکی بە ناوەکانی 'کەمالی شێخ سادە و وەستا سەدیقی ساڵیئاوایی' تیرۆر کرد. بڕوانە ئەم لینکە:
تیرۆرکردنی ئەو دوو کادرەی پژاک لە ڕۆژێکدا ئەنجامدرا کە 28هەمین ساڵڕۆژی ئەنفالی بەدناو بوو، کە زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی کوردی تێدا زیندەبەچاڵ کرا.
یەک لە سیاسەتە نەگریسەکانی ئێران شەڕکردنی نەیارەکانیەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە، بەڵام ئەم شەڕکردنەش بەبێ هاوکاری کەسانی بەکرێگیراو ئەنجام نادرێت. بۆ ئەو مەبەستەش بەبێ هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی باشوور کەسانی بەکرێگیراو نەیاندەتوانی هێندە بەئاسانی ئەو دوو کادرە تیرۆر بکەن.
زیاتر لە 25 ساڵە باشووری کوردستان بۆتە باشترین زەمینەی چالاکی داگیرکەران بەگشتی و ئێران بەتایبەتی، ئەگەر بەشێکی فەراهەمکردنی ئەو زەمینەیە بۆ دژەیەتی پژاک بێت ئەوا بەشی هەرە زۆری بۆ گرێدراوی پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوور بە ئێرانەوە دەگەڕێتەوە، چونکە جگە لەوەی لە 25 ساڵی ڕابردوودا پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوور وەک چەند گوردانێکی ئێرانیان لێهات، هەموو تەمەنی ڕابردووشیان لە ئێران بەسەر برد.
ئەو دوو کادرە لە پێنجوێن شەهید کران، پێنجوێنیش لەژێر قەڵەمڕەوی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە، لە دوای جاڕدانی فیدرالیەتی 'ڕۆژاوا-باکووری سوریا'ش یەکێتی هەموو ناکۆکیەکانی لەگەڵ پارتی فەرامۆش کرد و وەک دوانەیەکیان لێهات، پارتیش لەسەر زاری سەرۆکەکەیەوە پەیەدەی بە دڕندەتر لە بەعس ناوبرد. بڕوانە ئەم لینکە:
هیچ گومانم لەوەدا نییە کە ئەو دوو کادرە بەدەستی نۆکەرانی کۆماری ئیسلامی تیرۆر کران، بەڵام بە حوکمی باڵادەستی یەکێتی لە پێنجوێن بەرپرسیارێتی ئاشکراکردنی تیرۆرەکە دەکەوێتە ئەستۆی یەکێتی و بەبێ هاوکاریکردنی بەرپرسانی یەکێتیش کارێکی وەها دڕندانە ئەنجام نادرێت. خۆ ئەگەر بێتو یەکێتی وەک حیزب دەستی لەو تیرۆرەدا هەبێت ئەوە زەنگێکی زۆر مەترسیدار دەبێت، چونکە ئەو کردەوەیە هەمان کردەوەی ساڵانی نەوەدەکان بەبیر دێنێتەوە کە سەدان پێشمەرگە و کادری ڕۆژهەڵاتی تیرۆرکران، ئەنجامی ئەو تیرۆرکاریانە هەم لاوازی بەرهەڵستکارانی ئێران و هەم زیاتر داسەپاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەگەرچی ئاستی پێشکەوتنەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بەگشتی و پژاک بەتایبەتی گەیشتۆتە ئاستێک کە بەو تیرۆرکاریانە پاشەکشە ناکات، بەڵام تیرۆرێکی وەها ترسەنۆکانە هەم زامێکی قوڵتر دەخاتە دڵی کوردان و هەم قەیرەنەکانی باشووریش زۆر زیاتر دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست