لەپەراوێزى روبەروو بونەوەکەى مەلا عەلى و مەلا بەختیار دیموکراسیم رۆ
Tuesday, 12/04/2016, 12:29
ئەگێڕنەوە کاتى خۆىلەسەردەمى شاخ کۆمەڵێک پێشمەرگە ئەچن بۆلاى نەوشیروان مستەفا و،پێى ئەڵێن لەسەر جیهانگیرى( گڵۆپالیزم) قسەمان بۆبکە. ئەویش راست و رەوان ئەڵێت: بەداخەوە هیچى لێ نازانم. بەڵام واباشترە بچن بۆ لاى مەلا بەختیار، ئەویش وەک من فڕى پێوە نى یە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سێ سەعات قسەى لەسەر ئەکات.
دنیایەکەى عەجیبەبەڕێزان، لەم وڵاتە فڕە کوێخاو کەس بەکەسەیا،دیموکراسى و،مافى مرۆڤ و، سۆسیالیزم،بوون بەمەخسەرە و گاڵتە بازاڕ،چەندان هەرزە و نەفامى وەک ئەو مەلایانە نان و پیازى پێوە دەخۆن. ئاخر هەردوو مەلا ئێوە چى دەزانن و دەرچووى کام فکرەى جیهانین و، تاچەند دیموکراسیتان لە خۆتانا پیادەکردوە وا ئێستا ئەوێرن باسى بکەن؟!دیموکراسى لەزهنى ئێوەدا واتاى کۆشتن، واتاى زوڵم و زۆر، بەواتاى ژێرپێخستنى ویست و ئیرادەى خەڵک.
لەلاى مەلابەختیار،دیموکراسى بەماناى قۆرخکردنى دەسەڵات و دەستگرتن بەسەر پۆستە هەستیار و باڵاکانى حزب و حکومەتدادێت ، بەواتاى گواستنەوەى دەسەڵاتە لەباوکەوە بۆ باوان.لەلاى ئەو دیموکراسى ئەو واتایەیەک ە بەخۆت رەوا ببینى ژنى پاسەوانەکەت زەوت بکەیت. دیموکراسیەکەى مەلا، ئەو چەمکەیە کە رەواى دەدات بە کوشتن و کپکردنى دەنگە نەیار و ناڕازییەکانى وەک کاوە گەرمیانى. یان دیموکراسى لەرێکخراوە بەناو دیموکراسیەکەى مەلادا ئەوەیە کە کچى سۆزانى و رابردوو ناشیرین، بکرێت بەپەرپرس وکاندید بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکان.
ئاخر مەلا شەرم نانگرێت،لەم وڵاتە پڕ مافیا و پیاو کوژەدا، باسى وشەیەکى پیرۆز و گەورەى دیموکراسى دەکەیت؟ ئەو دیموکراسیەى کردوتانە بەکۆکاین و حەشیشە و، لەکاتە هەستیارەکاندا میللەتى پێ مەست و بێهۆش دەکەن. ئەو دیموکراسییەى باسیدەکەیت،تاچەند بڕى کردوە، مافى کام نەگبەت وبێدەسەڵاتى پاراستوە؟ تاچەند سکى برسى و گیرفان بەتاڵەکان پڕکردووە؟!تاچەند توانیوتانە لەسەدا یەکى ئەو چەمکە لە خۆتاندا پیادە بکەن؟!
کۆلکە مەلا بەختیار ئەوە خۆ چاوت هەیە و درک بەشتەکان دەکەیت، ئەوا سەرۆکى هەرێمەکەت کە ئەویش حزبەکەى هەڵگرى وشەى دیموکراسییە، ئەو چەمکەى کردوە بەقەڵغان وسوپەر، لەژێر ئەو ناوەدا رەوایى بە ئێکسپایەر بوونى دەسەڵاتەکەى دەدات، ئەویش لەبن پەردەى ئەو ناوەدا، دەنگى ئازادى و رەئى جیاواز خەفە دەکات، ئەرێ کاتێ سۆرانى مامە حەمە ، سەردەشت عوسمان، عبدالستار تاهیر ، دیموکراسى لەکام مۆڵگە و تویلەدا کاوێژى ئەکرد؟ پەرلەمانەکەت کە سیمبولى دیموکراسى و ناسنامەى وڵاتەکەتە، وەک کەوش لەپێکراوە،قیمەتى سەلکە تورێکى نەماوە، ئەى دیموکراسى لەکوێ هۆرە ئەکات؟ ئەوە حزبەکەت کە بەزۆرى زۆردارى لەلایەن کۆمەڵێک کەڵتەکۆن و لێکەوتوەوە بەڕێوەدەبرێن، خەریکە لەسەر پۆست و کورسى یەکتر قڕ دەکەن، ئەمیان بەزۆر کوڕى دەکات بەشت ،ئەویان لەداخا پلەى لەو بەرزترى پێدەدا،کە هیچ کامێکیشیان لە دەبەنگ و گەمژەیەکى بەناو سیاسى هیچى تر نین.عومەر فەتاحەکەت، کۆسرەتە لەرزۆکەکەت، فوئاد مەعێومە هێڕ و وڕەکەت و.. سەریان لەگوێى قەبر ئەلەرزێت و، عومرى پیرە مەڕێکیان نەماوە،کەچى دیموکراسیان کردوە بەوڵاخ و جرت وفڕتى لەسەر دەکەن . ئەى ئیتر دیموکراسى و چەمک و واتاکانى لەم وڵاتەدا کێ هینى پێ ئەسڕێت؟!
لەوەش خۆشتر خۆ بەخێرێ لەژێر ناو و سیستەمى دیموکراسیدا ، هەڵبژاردنتان بۆ پەرلەمان وئەنجومەنى پارێزگا کرد، هەموو عالەم شاهیدە کە نیوەى دەنگى بزوتنەوەى گۆڕانتان هێنا، پلەى دووەم بوون.کەچى هەتا نها هەر ئێوە بەرپرس و بالادەست و فەرمانڕەواى شارى سلێمانین،ئەى ئەودیموکراسیە کەى بەخەبەر دێتەوە؟!
جەنابى مەلا حیکمەت: سەردەم سەردەمى نەوەدەکان و شاخ نى یە، ئێستا خەڵک هۆشیار بۆتەوە، کاغەزى سپى دەخوێنێتەوە، بەهەزاران گەنج و لاو و، نەوەى تازە پێگەیشتوە،کە لە سەرۆک و بەرپرسەکانیشت بلیمەت و لیهاتووترن، زانیارى و شارەزایان لەسەر سیاسەت و دیموکراسى سەدان هێندەى زیرەکەکانى حزبەکەتە. ئیدى بەسە بەجاجمى دیموکراسى، گەندەڵى و خڵتەو پیسى خۆت و حزبەکەت پەردەپۆش مەکە. چونکە ئەوە کارێکى کۆن و سواو فیلمێکى سووتاوە.
مەلا باپیر گیان تۆش کە ئەهلى ئیمان و سەلەفیت، هیچى وات لە مەلا حیکمەت کەمتر نى یە، تۆش هاوشێوەى حزبەکانى دیکە (شورا) و ئیسلام و قورئانت کردووە بەئامرازێک بۆ مانەوەت لەسەرکورسى دەسەڵاتى حزبەکەت،، بۆ ئەوەش دەیان و سەدان کەست بەکوشت داوە،تا گەیشتیتە ئەو پلەو پۆستە، تۆش لەژێر ناوى ئیسلام و سوننەتدا دەیان فرت و فێل و دزى و گەندەڵیت هەیە. خۆتمان لێ مەکە بەئەولیاو ئەسحابە.
هۆ مەلاکانى ئەو بەشدارى ئەودیدارە گاڵتەجاڕییە،کێشەى ئێمە کێشەى دیموکراسى نى یە، لەبەر ئەوەى ئێمە هەر لەئەزەلەوە نەمان بووە لامان نامۆیە، ئیتر بۆ قسەى لەسەر دەکەن.هەربگرە ناشزانین چى یە؟! ئەخورێت؟ لەپێدەکرێت،؟رادەخرێت؟!.. ئەوەى کە بیستوومانە تەنها لەمیدیا و درۆى بەرپرسەکان بەرگوێمان کەوتوە.لاى من و زۆرێکیش هەتا ئێوە لەپلەو دەسەڵاتدا بن دیموکراسی چەشنى هێڵى ئیستیوا وەهم و خەیاڵە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست