ئەمریکا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەڵتەرناتیڤی تورکیادا بکات ؟
Friday, 08/04/2016, 15:16
ئەگەر مانەوەی پەیوەندی توندوڵی ئەمریکا بە تورکیاوە لەبەر هەندێک فاکتەری تایبەتی خۆی و ناوچەکە و پێویستیەکانی شەری ساردبون، ئەمرۆ ئەو هۆاکرانە وەک خۆی نەمانەوەتەوە، یان ئەەتا پێویستیەکانی مانەوەی خۆی لەم ناوچەیە و زەرورەتی پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ هەندێک دەوڵەتی وەک تورکیای لەناوچەکە لەدوورەوە دابین کردووە، بۆ دەکرێت بڵێین، ئەمریکا دەتوانێت تورکیا پشتگوێ بخات، نەک لەبەر خاتری کورد وەک هەندێک کەس دەڵێن، بەڵکو لەبەر گۆرانکاری لەسیاسەتی ئەمریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکەدا لە هەموو بوارەکاندا بەگشتی و بە پێ ی ئەو کۆرانکاریە ریشەییەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا بە هەموو جۆرەکانیانەوە و بە دەوڵەت و پێکهاتە خاوەن پێگە ستراتیجیەکانەوە روویداوە . ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لەسەر بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی لە دابینکردنی گەیشتنی نەوت بە شوێنی تایبەتی خۆی و ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندیە جیۆپۆلەتیکیەکانی خۆی و ئیسرائیل و چۆنێتی مامەڵەکردنیی لەگەڵ تیرۆر و حیسابەتەکانی بۆ ئەگەری پەیدابونی چەکە کۆمەڵکوژیەکانی ناوچەکە بوبێت، ئەمرۆ بە جیدی ئەو هاوکێشانە گۆراون و ئەوەی وای لە ئەمریکا کرد بە ئاسانی لەم ناوچەیە بکشێتەوە، هەر بەو پێیە دەتوانێت وا لە ئەمریکا بکات بە تەواوی سیاسەتەکانی و مامەڵەی لەگەڵ ناوچەکە و پێکهاتەکنیدا بچێتەوە .
بۆیە دەتوانین بە پشت بەستن بەو هۆکارانەی وای لەئەمریکا کرد دارشتنی سیاسەتەکانی لەم سەدەیەدا بە جۆرێکی جیاوازبێت لەوەی پێشوو، ئاوهاش دەتوانێت لەگەڵ سەرچەم دیدوبۆچونەکانیدا و بە تایبەتی لە پرسی پەیوەندیە ستراتیجیەکانی لەم ناوچەیەدا سیاسەتێکی نوێ پیادە بکات :
یەکەم : تورکیا لە ئەولەویاتەکانی ئەمریکادا وەک پێشتر نەماوە، لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری بابەتی کە پەیوەستن بە ناوچەکە و سیاسەتی ئەمریکا بە ناوچەکەوە بە گشتی و گۆرانکاریە گەورە و تایبەتەکانی لەم ناوچەیەدا، نەک لەبەر خاتری چاوی کورد، کە هەنگاوەکانی لە کشانەوە لەعیراقەوە دەرکەوت و پەیوەندی بە گۆرانکاری لە ناوچەکەدا هەیە، کە کارئاسانیەکی زۆری بۆ کرد بۆ دارشتنەوەی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ئەم ناوچەیە، ئەگەر خۆی دروستی نەکردبێت بۆ ئەو مەبەستە .
دووەم : سیاسەتی ئیسرائیل و خودئیکتیفای پاراستنی ئەمنی نەتەوەیی ئەم دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی تر، تاوەکو وەزعی وڵاتانی ناوچەکە بەم شێوەیە بێت و، نزیکترین هاورێی ستراتیجی ئەم دەوڵەتە کە بتوانێت پەیوەندیەکانی تەندروست و دوور مەودای لەگەڵدا ببەستێت کوردە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە شێوەیەکی ناراستوخۆ قازانجێکی تایبەتی بۆ مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ کوردا هەیە .
سێیەم : بەهێزترین لایەنی شەرکەر دژ بە تیرۆر لەسەر ئەرزی واقیع کورد بوو، بۆیە ئەمەش کەلێنێکی گەورەی بۆ مەهام و ئەرکی ئەمریکا لەناوچەکە پر کردەوە و خاڵێکی سەرەکی بۆ جێگرەوەی مانەوەی هێزی ئەمریکای لە ناوچەکە دابین کرد .
ئەمە و چەندین فاکتەری لاوەکی تر، هۆکارن بۆ ئەوەی مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ کوردا بە شێوەیەک بێت نەتوانێت بە ئاسانی پشتگوێی بخات . جگە لە چۆنێتی ریکخستنی ململانێکانی لە ناوچەکە لەگەڵ هێزەکانی تردا بە تایبەتی چین و روسیا . بۆیە لەوباوەرەدام ئەمریکا دەتوانێت تورکیا بە شێوەیەک جڵەو بکات کە هیچ لە بەرژەوەندیەکانی نەدات بە تایبەتی ئێستا لە حاڵەتێکدایە، کە پەیوەندیەکانی تا ماوەیەکی درێژی تر ناتوانێت لەگەڵ روسیادا بگەیەنێتە دۆخێکی ئاسایی .
ئەم بۆچونەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمریکا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کورد بە پێی ئەو واقعە هەیەی رەزامەند دەبێت، سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بینی بۆ ئەم پرسە لە چوارچێوەیەی فدیراڵیزم بۆ چەندین ساڵی تر بەردەوام بێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست