کاریگهری ئیسلام و جولهکه لهسهر یهکتری ـ بەشی دوهەم
Friday, 08/04/2016, 0:06
چوار خهلیفهکهی پهیامبهر و ئومەویەکان
سەدەی هەشتەم ، کاتێك کە ئیسلام و قورئان لە قۆناغی سەرەتاییاندا بون، موسوڵمانەکان پەنایان دەبردە بەر جولەکەکان بۆ لێکدانەوەی ماناکانی قورئان و تەفسیری قورئان. هەر بۆیە جولەکەکان پایەیەکی تایبەتیان لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەبوو. ئەوان تەنها کۆمەڵگایەك بون کە ئایینی یەکخواییان (مۆنۆتیزم) هەبوو هەر بۆیە لەو بوارەدا خاوەندی کولتور و ئەدەبیاتی دەوڵەمەند بوون. لە سەرەتادا تەنها ئەوان دەیانتوانی لێکدانەوە بۆ قورئان بکەن و ڕونکردنەوەیان سەبارەت بە یەکخوایی لەناو ئیسلام دەدا و لە مانای (لا الە الا اللە) قوڵ دەبونەوە. ئایینناسە جولەکەکان بوبونە توێژێكی ناموسوڵمان لە کۆمەڵگای ئیسلام کە لێکدانەوەی قورئانیان کردبووە تایبەتمەندیەك بە خۆیانەوە. ئیبن ئیسحاق یەکێك بوولە کەسە دیارەکانی جولەکە کە ساڵانێکی دورودرێژ لێکدانەوەی بۆ قورئان دەکرد. تەواوی ئەو سەردەمانەش بە جولەکەیی مایەوە و تەنها لە ساڵانی نزیك بە کۆتایی ژیانی هاتە سەر ئایینی ئیسلام. زۆربەی کارەکانی ئیبن ئیسحاق ناڕەوا و بە مەبەست خراونەتە پاڵ کەسانی تر. ئەوەش بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیەی کە جولەکەکان لە لێکدانەوەی قورئان دا دەسپێشکەر و پێشڕەوی موسوڵمانان بون.
یەکەمین قۆناغی داگیرکاری لەشکری موسوڵمانان بە مۆرکی عەرەبیەوە بوو نەك ئیسلامی. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا دەسەڵاتی بێزەنتیەکان و فارس و شارستانی ئەوان و شارستانی دێرین بونی هەبوو. پەلامار و داگیرکاریەکان بە مۆرکی کۆچەری و خێڵەکیانەوە ئەو شارستانیانەی لەناوبرد. لەبەرامبەر ئەوەدا نەیتوانی ڕاستەوخۆ شارستانیەکی تری لەجێگادا دابنێتەوە. ئەوەش بەمەبەست ئەنجام درا، چونکە فەرماندە و سەرانی موسوڵمانان نەیاندەویست ئیسلام و بنەماکانی تێکەڵ بە شارستانیەکانی تر ببێت. پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان و کریستیانەکان هاتنە سەر ئایینی ئیسلام ئیتر نەدەکرا ئەو گۆشەگیریە و پاراستنەی ئیسلام لە کاریگەری شارستانیەکانی تر ڕێگری لێ بکرێت.
بڵاوبونەوە و گەشەی ئیسلام کاریگەری هەمەجۆرە و گەورەی بۆ سەر ژیان و ئایین و سیستەمی بەیەکەوە ژیانی جولەکەکان هەبو. جولەکەکان بە هۆی ئایینی ئیسلامەوە بە گشتی کەوتنە سنوری وڵاتێك و دەوڵەتێکەوە ولەو ڕێگایەشەوە پاش دابڕانێکی زۆر یەکخرانەوە. جولەکەکانی شام (سوریا، لوبنان،فەلەستین و ئوردن) و میسر لە لایەن موسوڵمانانەوە باشتر مامەڵە دەکران. مامەڵەی موسوڵمانان بە پێچەوانەی مامەڵەی خراپی بێزەنتیەکان و تەواوی کریستیانەکان لەسەردەمی دەسەڵاتیان دا جۆرە متمانەیەکی لە نێوان موسوڵمانان و جولەکەکان دروست کردبو. لە سەردەمی دەسەڵاتی موسوڵمانان لە وڵاتی شام کریستیانەکان لە لایەن فەرماندە و سەرانی موسوڵماناوە وەکو ئەهل کیتاب مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا بەڵام لە لایەن کۆمەڵگای موسوڵمانانەوە بە پێچەوانەی مامەڵەی باشیان لەگەڵ جولەکەکان خراپ مامەڵەی کریستیانەکان دەکرا. کریستیانەکان وەکو لایەنگرانی بێزەنتیەکان و کۆڵۆنی پێنجەمی بێزەنتیەکان تێیان دەڕوانرا. هەر ئەو مامەڵە خراپەی موسوڵمانان بوو کە هۆکار بو بۆئەوەی کریستیانەکان ناچاربن بە لێشاو بێنە ناو ئایینی ئیسلامەوە. لە لایەکی ترەوە جولەکەکان تاقیکردنەوەیەکی دێرینیان هەبوو لە مامەڵەیان دا وەکو کەمایەتی بە پیجەوانەی کریستیانەکان کە چەندین سەدە لەو ناوچانەدا دەسەڵاتدار و زۆرینە بوون. هاوتەریب لەگەڵ مامەڵەی باشی موسوڵمانان بەرامبەر جولەکە بە شێوازی جیاواز گوشارێکی زۆر دەخرایە سەر ئەو جولەکانەی کە زمانی عەرەبیان نەدەزانی بۆ فێربون و دوان بەو زمانە و تواندنەوەیان لە کۆمەڵگای عەرەبی ئیسلامی دا.
جولەکەکان لە دەوڵەتی ئیسلامی دا تەنها لەسەدا یەکی دانشتوانیان پێك دەهێنا بەڵام لەسەدا نەوەدی جولەکەکان لەو دەوڵەتەدا کۆبوبونەوە. پێش هاتنی ئیسلام بۆ وڵاتی شام زۆر لە جولەکەکان بە هۆی مامەڵەی خراپی کریستیانەکان و دەسەڵاتدارانی بێزەنتی لە گوندەکان دەژیان و لەلایەن ئاغا و خانە ناوچەییەکانەوە دەپارێزران. کاتێك ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر رکێفی دەوڵەتی ئیسلامی ئیتر لە لایەن خودی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسلامیەوە دەپارێزران. هەر بۆیە لەگەڵ سەقامگیربونی دەوڵەتی ئیسلامی ئیتر بۆ جولەکەکان دەرگای شار و شارۆچکەکان واڵا بوو کە ئازادانە هاتوچۆی بۆ بکەن یان تیایدا نیشتەجێ بن و پیشە و بازرگانی تیا ئەنجام بدەن. دەسەڵاتدارانی ئیسلام سیستەمی(زمە) یان پەیڕەو دەکرد بۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ناموسوڵمانی ناو سنوری دەوڵەتی ئیسلامی کە پێیان دەوترا ئەهلی زمە (اهل الذمة). جولەکەکانیش وەك ئەهلی کتێب سودمەند بون لە سیستەمی زمە. کە بریتی بوولە وەرگرتنی باجێکی تایبەت و زیاتر لێیان لە بەرامبەر پاراستنیان و ڕیگا پێدانیان بۆ پەیڕەوی ئایینەکەی خۆیان.
سەرباری کارکردن بە سیستەمی زمە، کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارانی ئیسلام لە چاوەڕوانی و هەوڵی ئەوەدا بون کە ناموسوڵمانەکان بێنە سەر ئایینی ئیسلام . ئایینی ئیسلام هەمیشە بە دوا ئایین و بەرزترین ئایینە ئاسمانیەکان تێی دەڕوانرا. دێرینترین سیستەمی زمە دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی دوهەمین خەلیفەی ئیسلام عومەر کوڕی ئەبو خەتاب و بە (پەیمانی عومەر) ناسراوە. یەکەمین پرینسیپەکانی ئەو پەیمانە بریتی بو لەوەی کە کڵێسا و سیناگۆگەکان ڕێگا پێدراون بمێننەوە، بەڵام ڕێگا بەوە نادرێت کە کڵێساو سیناگۆگی نوێ بنیات بنرێن و ڕێگا پێدراو نیە کە کۆن و داڕماوەکان نوێژەن بکرێنەوە. ئەهلی زمە جگە لەوەی کە باجێکی تایبەت و زیاتریان دەدا، دەبوایە جۆرێکی تایبەتی جلوبەرگ بپۆشن بەو مەبەستەی لە موسوڵمانان جیابکرێنەوە، تەنانەت لە حەمامەکانیشدا دەبوایە ئەوە پەیڕەو بکەن. مافی ئەوەیان نەبوو چەکدار بن. مافی سوکایەتی پێکردن و ڕەخنەگرتنیان لە ئایینی ئیسلام نەبوو. بۆیان نەبو لەگەڵ ژنانی موسوڵماندا هاوسەرگیری بکەن.
عەباسیەکان
سەردەمی عەباسیەکان سەردەمی گەشەی کولتوری و ڕۆشنبیری دونیای ئیسلام بو. هەڵبژاردنی بەغدا وەکو پایتەختی عەباسیەکان لە سوودی جولەکەکان بوو کە ژمارەیەکی زۆریان لە بابل، نزیك بە بەغدا دەژیان. ئێکسیلارچ نازناوی ڕابەری دونیایی جولەکەکانی تاراوگە بوو لە بابل. ئێکسیلارچ لە بوارەکانی کاروباری دونیاییان دا ڕابەر و نوێنەر و دەمڕاستیان بو لە بەغدا و لە ناو دەوڵەتی ئیسلامدا. گاۆۆن ڕابەری ئایینیان بوو. لە هەمانکاتدا بە کرداری و لە ژیانی کۆمەڵگای جولەکەدا گائۆن پایە و ڕۆڵی گرنگتری هەبو لە ئێکسیلارچ . گاۆۆنیش لە لای خۆیەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوو بە خەلیفەی عەباسیەکانەوە لە بەغدا. ئەو پەیوەندیە ڕاستەوخۆیەش بنەمایەکی تایبەت و بەهێزی پێدابو لەناو کۆمەڵگای جولەکەکانی تەواوی دەوڵەتی ئیسلامی.
بە هۆی کاریگەری و وەرگرتنی کولتور و فەلسەفەی گریکی کە هێشتا لە سوریا مابۆوە، هەروەها وەرگرتن و چونە ژێر کاریگەری حیکمەی فارسی گۆڕانکاری و بەرەوپێشەوە چونی گەورە لە بواری لێکدانەوەی ئایینی ئیسلامی ڕویدا و سەرەتایەکی گرنگ بۆ بنیاتنانێك بۆ تیۆلۆژی ئیسلامی دانرا. ئەگەرچی لە قۆناغێکی سەرەتایی و زانستێکی سادەیا بوو . لە هەمانکاتا بریتی بو لە شێوازێکی ژیان و ئێتیك. فەلسەفەی بونی خوا و چارەنوسدیاری کە لە ژێرکاریگەری هێلێنیزم سەریهەڵدا و لایەنێکی گرنگی ئەو تیۆلۆژیە بوو. ئەم تێڕوانینە نوێیانە بە ڕۆڵی خۆیان کاریگەری گەورەیان کردە سەر سێ شەپۆلی فەلسەفی و تیۆلۆژی جولەکە.
شەپۆلی یەکەمیان شەپۆلی ئەقڵانی بیرئازاد بو کە کاریگەری گەورەی موعتەزیلەی ئیسلامی بەخۆوە بینی. ئەم شەپۆلە بیرمەندیە تێڕوانینی کلاسیکیان سەبارەت بە خوا و ئافەریدەکردن دەخستە دواوە و پرسیاری ڕەخنەگرانەیان لەو بوارەدا دەخستە ڕو. هیڤی بالچی هەوڵی دەدا گەورەیی خوا بخاتە ژێر پرسیارەوە و نکۆڵی لە بونی بکات. کتێبێکی پێکهاتو لە دووسەد پرسیاری سەبارەت بە تەورات نوسی. بالچی لایەنگرێکی زۆری لەخۆکۆکردەوە و کەوتە ناکۆکی لەگەڵ گاۆۆن.
شەپۆلی دوهەم، کاراییتەکان بون ئەمانە سەر بە دەستەی ئێکسیلارچ بون. ئەمان ناتەبا و بێباوەر بون بە جولەکە ئەرتۆدۆکسەکان. دەیانەویست بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە بنەڕەتیەکان، واتە بایبڵی جولەکەکان. دەیانەویست بە شێوازێکی پیتی پەیڕەوی بکەن و وەکو تەنها سەرچاوە بەکاریبهێنن بۆ هەلەخا ( هەلەخا هاوشیوەی شەریعەیە لە ئیسلامدا). ئەم شەپۆلە لەژێر کاریگەری پیتیەکانی ئیسلام (الحرفیین) دروست بون. تاکو ئێستاش ئەو قوتابخانەیە لە بەشێك لە جیهانی ئیسلام دا باڵادەستن کە دەیانەوێت قورئان و حەدیسی پەیامبەری ئیسلام بە شێوازی پیتی لێکبدەنەوە و پیادەی بکەن کە بە پێچەوانەی ناوەرۆکیەکانن (الباطنیین).
شەپۆلی سێهەم، ڕابانیم بوو کە لەلایەن سادیە گاۆۆن بنیاتنرا. ئەمەش کاردانەوەیەك بو لەسەر دوو شەپۆلی ناوبراو. ڕابانیمەکان گەلێك بابەتی ئیسلامیان بردە ناو پەیڕەوەکانیانەوە. دەکرێت تێروانینەکانیان بە سیکۆلاستیك بەراوارد بکرێت (سکۆلاستیك، بریتی بو لە ئەو شەپۆلە بیریەی کە هەوڵی دەدا ئایینی کریستیانەکان و فەلسەفەی کۆنی گریکیەکان بەیەکەوە بگونجێنێت). ڕابانیمەکان خۆیان سەرقاڵی گریمان گەلێك دەکرد کە بونیان لە ژیان و واقیع و دەوروبەردا نەبوو. ئەم پەیرەوەش ئەنجامی کاریگەری ڕەوتی پێنوسیی ئیسلامی (القلم) سەریهەڵدا، کە بریتی بو لە دیالۆگی نێوان فەلسەفە و لاهوتی ئیسلامی کە بەهۆی کراوەیی عەباسیەکانەوە لە ئاستێکی قوڵ و فراواندا ئەنجام دەدرا.
کاریگەری ئیسلام لە بوارەکانی تیۆلۆگی، زمان و ڕێزمان و فەلسەفە و ئەدەبی جولەکەدا ڕەنگی دابۆوە. لە ئایینناسی جولەکە و تیۆلۆگیاندا مۆرکیکی کرداریانەی پێوە دیاربو. سادیە گاۆۆن چەندین مەسەلەی لە (تەناخ) ی جولەکەکان هەڵبژاراد و لێکدانەوەی بۆ کردن و ناوی لێنان (لێکدانەوەکان). (تەناخ ، کتێبی پیرۆزی جولەکەکانە کە کریستیانەکان پێی دەڵێن تەوراتی عیبری و دوای ھەندێ گۆڕانکاری و زیاکاری تیاکردن بە ناوی (پەیمانی کۆن) هێنراوەتە ناو ئینجیلەوە و لە سێ بەش پێکهاتووە: تۆرا،'' فەرمانەکان''، نێڤیم'' کتێبی پەیامبەران ،''کێتۆڤیم ''نوسراوەکان''. )
بەشێکی زۆر لە نوسینەکان بە پیتی جوـ عەرەبی دەنوسران واتە بە زمانی عەرەبی و پیتی عیبری. ئەو شێوازی نوسینەی کە جولەکەکانی وڵاتانی عەرەبی تا بەجێهێشتنی ئەو وڵاتانە بۆ ئیسرائیل بەکاریان دەهێنا. لە هەلەخا و لە بابەتەکانی پەیوەست بە حەڵاڵ و حەرام ووشەی ئیسلامی الفقە بەکاردەهێنرا بۆ دانانی یاساکانی ئایینی جولەکە.
لە ڕێزماندا بنەمای سیستەمی ڕەگی زمانی عەرەبی (الجذر) بەکاردەهێنرا ، تاکو ئێستاش لە ڕێزمانی عیبریدا ڕەگی (قتل) وەکو لاسایی و وەرگیراوەیەك لە (فعل) ی عەرەبیەوە بەکاردەهێنرێت.
لە ئەدەب و شیعری ئیسلامیدا کە تاکو سەردەمی گەشەی عەباسیەکان مۆرکێکی ئایینی پیوە بوو، گۆڕا بۆ ئەدەبێکی سیکولار. ئەم گۆرانکاریەش گوێزرایەوە ناو شیعر و ئەدەبی جولەکە. تەنانەت بابەتە شیعریەکانی جولەکە بووە هەمان بابەتی سەردەمی شاعیرە موسوڵمانەکان لەناویاندا شەراب و نێربازی کە یەکێك لە بابەتە باوەکانی شاعیرانی عەرەبی زوبانی ئەو سەردەمە بون.
کۆتایی بەشی دوهەم
بەشی سێهەم
- لهیهك ههڵوهشاندنهوهی دهوڵهتی ئیسلامی و قۆناغی گهشهداری ئهندهلوس
- عوسمانیهکان
ـ دەرئەنجام
سهچاوه کوردی و عهرهبیهکان
ـ فصول من تاريخ الإسلام السياسي ، هادی العلوی نیقوسیا،١٩٩٥
ـ علی ابراهیم حسن، التاریخ الاسلامی العام، القاهرة ، ٢٠٠٥
ـ مەریوان هەڵەبجەیی، سێکس و شهرع و ژن له مێژووی ئیسلام دا، ٢٠٠٥
سهرچاوه ئینگلیزی و ئهڵمانی و هۆڵهندیهکان
- David Biale (ed.), Cultures of the Jews, New York, 2002, 1196 p.
-Tilman Nagel, Geschichte der islamischen Theologie. Von Mohammed bis zur Gegenwart, München, 1994, 269 p.
- A. van der Heide, Jodendom, Kampen, 2006, 190 p.
- Emilio Platti, Christendom en islam, syllabus bij het vak christendom en islam, Leuven, 2004-2005, 157 p.
- Ibn Ishaak, Het leven van Mohammed, Amsterdam, 2000, 288 p.
- R. Detrez, ‘Het Osmaanse millet-systeem’, in: R. Detrez en J. Blommaert (eds.), Nationalisme. Kritische opstellen, Berchem, 1994, pp. 290-303.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست