داودئۆغلوو هەرجیابوونەوەیەک لە عێراق و سوریا بەهێڵی سور دەزانێت
Monday, 28/03/2016, 16:58
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
جارێکی تر تورکیا جەخت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و سوریا دەکاتەوە و هەر جیابونەوەیە بەهێڵی سوری دەزانێت.
سەرۆک وەزیرانی تورک ئەحمەد داودئۆغڵوو ڕایگەیاند کە موسڵ پشتێنەیەکی ئەمنیە بۆ ئەوان و یەکپارچەیی خاکی عێراق و سوریا بۆ ئەوان بنچینەییە.
داودئۆغڵوو دوێنێ ئێوارە پێش گەشتەکەی بۆ وڵاتی ئۆردون لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئستەمبوڵ قسەی بۆ ڕاگەیاندنەکان کردوە و وتویەتی: لەگەڵ سەرفەرمانداری گشتی سوپای وڵاتەکەی کۆبوەتەوە و پێڕایگەیاندون هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست لە عێراق بگرنەبەر و هێزەکانی ئەوان بەمەبەستی هاوکاری خەڵکی عیراقی لە باکوری عێراق بەجێکراون.
داودئۆغڵوو وتوشیەی: (یەکێتی خاکی عێراق و سوریا بۆ تورکیا بنچینەییە) و هەر مەترسیەک بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە مەترسیە بۆسەر تورکیا.
ئۆغڵوو لە قسەکاندا ئاماژەی بەوەش کردوە کە هەموو ناوچەکانی باکوری موسڵ و حەلەب پێشتێنەی ئەمنی تورکیان، هەبوونی هێزەکانیشیان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە کەلەو ناوچانە هەیە و هاوکاری خەڵکی ئەو وڵاتانە و حکومەتی عێراقی دەکەن.
قسەکانی داودئۆغڵوو لەکاتێکدایە کەلە 17.03.2016 ڕۆژئاوای کوردستان فیدراڵی ڕاگەیاندوە و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق بانگەشەی ئەوە دەکات کەئەمساڵ ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەرلەدیدارێکیدا بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر بارزانی وتبووی: ئەردۆغان لەهەمووان زیاتر لە کەیسی کوردان تێدەگات و ئەوەی من لەئەردۆغانەوە بیستوومە لە هیچ کەسێکی دیکە نەمبیستووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست