كاتێك درۆ ئەبێتە كلتوری حزبێك
Sunday, 27/03/2016, 21:45
زۆرجار ئەبیستین كەئەڵێن"خێزان یەكەم قوتابخانەی پێگەیاندنی مرۆڤە"،بەواتای مناڵ كە لەناو خێزاندا پەروەردە ئەكرێت لەگەورەكانیەوە فێری هەمو شتێك ئەبێت.مەبەست لەگەورەش دایك وباوكە.لەدەرەوەشدا قوتابخانە بەپلەی دوەم دێت، ئینجا دەسەڵات.ئەم سێ كایە مرۆڤی باش پەروەردە ئەكەن.خێزانی باش، قوتابخانەی باش،دەسەڵاتێكی باش،بەرهەمەكەشی دروستبونی ئینسانێكی داهێنەرە.ئەمە ئەو راستیە ئەسەلمێنێ كەوا مرۆڤ بەرهەمی ژینگەی خۆیەتی.
رەنگە زێدەرۆییم نەكردبێت بەوەی دەسەڵاتیشم خستبێتە نێو ئەو كایانەوە كەمرۆڤ پێدەگەیەنن،بەڵام ئەوە حەقیقەتە ناتوانین نكوڵی لێبكەین، ئەگەر لەناو كۆمەڵگەدا سیستەمی سیاسی سەقەت بو،مرۆڤەكانیش بەسەقەتی پێئەگەن، بەپێچەوانەشەوە مرۆڤی ئازاد لەناو كۆمەڵگەی ئازاددا دروست ئەبێت. دو نمونەی زیندو لەمبارەیەوە،ئەزمونی ژاپۆن كەتەنانەت كەناسی شەقامەكانیشیان نازناوی"ئەندازیاری تەندروستی"یان لەلایەن حكومەتەوە پێ بەخشراوە.بەراورد بەئەزمونی لای خۆشمان كەچۆن كلتوری عەشرەتگەری وبنەماڵەیی زاڵە بەسەر كایەكانی دەسەڵاتداو بوەتە كلتورێكی بۆماوەیی لەسەرۆك عەشرەتو دەرەبەگەكانەوە.
لەكاتی كۆڕەوەكەی ئاداری 1991 هاوڕێیەكم بۆی گێرایەوە،لەیەكێك لەكافیتریاكانی ستوكهۆلم دانیشتبو لەپڕ وێنەی ئەو هەزاران مناڵو پیرو ژنانەی كوردی باشور هاتنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن كەپەراگەندەی سەرسنورەكانی ئێرانو توركیا ببون.ئەو وتی" ئاوڕم لەزەلامێكی سویدی تەنیشتم دایەوەو پێموت" ئەمە حاڵو وەزعی ئێمەیە لەگەڵ رژێمەكەی سەداما..كابرای سویدی پێیوتم"هەڵبەت خەتای خۆتانە،بۆچی هەڵتانبژارد مادام ئەتانزانی ئاواتان لێئەكات؟؟!..ئەم زەلامە كەپەروەردەی ژینگەی خۆیەتی ولەناو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسیدا پەروەردە بوە وا ئەزانی هەمو میللەتانی دونیا مافی خۆیانە سەرۆك هەڵبژێرن.لای ئەو ناكرێتو نابێت سەرۆك هەر لەخۆیەوە هاتبێتە سەر كورسی دەسەڵات!!.
سیاسەتمەدارێكی تریش بۆی گێرامەوە كەوا كاتێك سەدام كوردی ئەنفالكرد،ئەچوینە هەر وڵاتێكەوە باسی ئەوەمان بكردایە كەوا 180 هەزار كەسی میللەتەكەمان ئەنفال كراوە، باوەڕیان پێنەئەكردین،ئەیانوت چۆن شتی وا هەیە سەرۆكی وڵات میللەتەكەی خۆی ئەنفال بكات؟؟!!.ئێستاش هیچ میللەتێكی دونیا باوەر ِ بەوە ناكەن كەوا لای ئێمە حكومەت كش لەپەرلەمان ئەكات..دیوەخانەی عەشرەتێك بڕیار ئەدات كێ ببێتە سەرۆكی وڵات..حزبێك قەرار ئەدات كێ ببێتە ئۆپۆسزیۆن و كێ بێتە ناو دەسەڵات..دو كەس بریار بدەن سامانی میللەت چۆن بفرۆشرێتو پارەكەی بچێتە گیرفانی كێوە..ئەمانەو هەزاران هەڵویستو سیاسەتی ئەم وڵاتە وێرانەی ئێمە كەقابیلی باوەڕ پێكردن نیە لای ئەو كەسانەی لەناو كۆمەڵگەیەكی سەلیمدا پەروەردە كراون. لەكۆمەڵگە تەندروستەكاندا سیاسەتكردن واتە راستگۆیی لەگەڵ میللەت. هەر حزبو سەرۆكێك كە ئەچنە هەڵبژاردنەوە بەرنامەی خۆیان ئەخەنە بەردەم دەنگدەرانەوە،ئەگەر بردیانەوە ئەم بەرنامەیە وەك گرێبەستێكی سیاسی لەگەل دەنگدەرانیان جێبەجی ئەكەن،لای خۆمان بەڵێنەكانی سەركردەكانمان ئەبنە بڵقی سەر ئاو و بوخاری سەر مەنجەل پاش ماوەیەكی كورت ئەتوێنەوە.
ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو نمونەیەك لەو بارەیەوە وەربگرین،لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا جێگری سەرۆكی ئەم حیزبەو سەرۆكە هەمیشەییەكەی حكومەتەكانی بەڵێنی ئەوەیدا كەوا داهاتی نەوت بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا دابەشبكات،مانگانە لەناو زەرفێكدا بەشی هەر هاوڵاتیەك بنێرێتە ماڵەكەیەوە،ئێستا ئەم حیزبو سەرۆكی حكومەتەكەی لەموچەی هاوڵاتییانو قوتی مناڵەكانیەوە تێچوی ئەو نەوت دەرهێنانە ئەبڕێت كەداهاتەكانی ئەچێتە گیرفانی چەتەكانی مافیای دەسەڵاتەوە .
سەرۆكی پارتی كاتێك دوساڵی بەناهەقی بۆ در ێژكرایەوە ئیمزای خۆی خستە سەر ئەو بریارەی پەرلەمان وبەمنەتەوە لە یەكێتی وەریگرت، ئێستا رێز لەئیمزاكەی خۆشی ناگرێت دەستبەرداری پۆستە درێژكراوەكەی بێت.
لەپەیامەكەی نەوروزدا بارزانی داوای كردبو كەوا لێیگەرێن تا هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتو لەسەر كورسییەكەی بمێنێتەوە، سێ رۆژ ی پێنەچو پۆستەكەی بەقەدەر سپاردو تا رۆژی مردنی خۆی چەسپاندە سەر كورسیەكەیەوە.
كاتێك سەركردە درۆ لەگەڵ میللەتەكەیدا ئەكات،وەزیرو گزیرەكانی حزبەكەشی فێری درۆ ئەكات،بۆیە سەرنج بدەن درۆكردن بوەتە كلتورێك لەناو حزبی پارتیدا،لێدوانی سەركردەو كادیرانی ئەم حزبە هیچ راستیەكیان تێدا نەماوە.. ئەوان پرۆسەی سیاسییان پەكخستوە، بەگۆڕانو حزبەكانیتر ئەڵێن "تێكدەر"..هەشت ساڵە نەوت كە سامانی میللەتە ئەدزنو پارەكەی ئەخەنە گیرفانی خۆیانەوە،وەزیری نەوتەكەیان راپۆرتی درۆزنانە بڵاو ئەكاتەوە..بەئەجیندایەكی توركیاوە دژایەتی كوردستانی باكور ورۆژئاوا ئەكەن، كەچی بەدرۆ باسی پرۆژەی نەتەوەیی ئەكەن. ئەڵێن لەقەیرانی داراییان وپارەمان نیە،لەولاشەوە 300 ملیۆن دۆلاری نەوت ئەدەنە كوڕەزای سەرۆكەوە..شكستیان لەئیدارەی سێ پارێزگا هێناوە، بەدرۆ باسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی چوار پارچەی كورد ئەكەن. لەناو كۆبونەوەكانیان لەگەڵ یەكێتیدا پێیانوتراوە كەوا یەكێتی ئامادە نیە تاكلایەنە هیچ رێكەوتنێكی لەگەڵ پارتیدا بكات، كەچی سەركردەكانیان رۆژانە قەوانی ئەوە دوبارە ئەكەنەوە كەوا لەگەڵ یەكێتی رێككەوتون هیچ شتێك نەماوە.رۆژ بەرۆژ رقو كیینەی تا سەر ئیسقانیان بەسەر گۆراندا هەڵئەڕێژن، كەچی لەدیدارەكانیاندا باسی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی سیاسی ئەكەنو داوای كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەكەنەوە وەك ئەوەی حزبی شیوعی پەرلەمانی پەكخستبێت.
قوتابخانەكەی پارتی ئەم بونەوەرانەی بەمشێوەیە پەروەردە كردوە كەوا درۆ لایان ئاسایی بێتو شەرمیشی لێنەكەن وەك وەزیری راگەیاندنی هیتلەر وتویەتی"درۆ بكە درۆ بكە تا خەڵك باوەرت پێئەكەن".
ئێستا كاتی ئەوە هاتوە حزبەكانی كوردستان لەگەڵ میللەتەكەی خۆیانا راستگۆ بن ونەكەونە ژێر كاریگەری ئەم درۆیانەی سەرانی پارتیەوەو سنوریك بۆ ئەو یاریكردنە بێزەلەتە دابنێن با لەوە زیاتر خەڵكی چەواشە نەكرێن بەم درۆ شاخدارانەوە،كاتی هەڵوێستێكی راستەقینەیە بۆ گێڕانەوەی متمانەی خەڵك بەدەسەڵاتو دروستكردنی سیستەمێكی سیاسی راستگۆ لەگەل میللەتەكەی،چونكە بەراستی سیاسەت لەم هەرێمەدا بۆنی سەرقەپاخەكانی ئاوەڕۆكانی لێدێت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست