کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میدیای دیستۆپیا

Sunday, 27/03/2016, 20:42


دیارە دوو جۆر میدیای بەرچاو هەن لە جیهانی دیستۆپیادا،یەکەمیان ئەوەیە کە بەئاشکرا دانی پێدا ئەنێن و بودجەکەی لەهی حزبەوە دەست نیشان کراوەو ئامانجەکەی بریتیە لە پیرۆزکردنی ڕۆڵی حزب و سەرکردەکانی بەگشتی و بنەماڵەیەك بەتایبەتی. ئەم جۆرە میدیایە لەزۆربەی سیستمە دیکتاتۆر و تاك حزبی و تا ڕاددەیەك، حزبە بەناو ئیسلامی، بەناو سۆشیال دیموکرات و بەناو کوردستانی و دیموکراتی و هتد بەدی ئەکرێ. ڕەنگە کێشەکە لێرەدا بەو شێوە زەقە نەبێ کە ڕەخنەیەکی گەورەی لێ بگیرێ،چونکە ئەوە حزبەو کار بەو شێوە ئەکا و تەنها خزمەت بەخۆی و ئەندامان و سەرکردەو بنەماڵەکانیان بەڕێوە ئەبا. ئەم جۆرە میدیایە بەشێوەی ئاشکرا خاوەنی چەندین دەزگای بینراو،بیستراو و سایتی ئەلکترۆنی و پەیجی فەیسبووک و تویتەرە. وە لەهەمان کاتدا ،سوپایەکی گەورە لە مووچەخۆرانی بەخۆیەوە گرێداوەو لەبودجەی گشتی خەرجیان بۆ سەرف ئەکرێ.
حزبی بەعسی عەرەبی خاوەنی هەموو دەزگاکانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بوو لەوانە(الثورە) . پارتی کۆمۆنیستی ڕووسیا خاوەنی(برڤدا) . لەهەموو بارەکاندا ئەم جۆرە لە میدیا بەتەواوی بەدەست پارتی باڵا دەستەوە کۆنترۆڵ کرابوو وەتەنها لەخزمەتی ئەودا کاری کردوە. دیارە ڕۆژنامەی(کوردستانی نوێ و خەبات) و ئەوانی تریش نمونەی ئەو دەزگایانەن کە هەریەك لە پارتی و یەکێتی بەکاریان هێنان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان. ئەم جۆرە لە میدیا کاتێ بینرا ئێدی چیتر ناتوانێ ڕۆڵی خۆی بگێڕێ و ئەو کاریگەرییەی نامێنێ و جەماوەر پشتیان تێ ئەکەن و ڕۆژنامەکانیان وەك سفرەی خوان بەکاردێنن و چیتر تەماشاکەریان نامێنێ و سەردانی سایت  و پەیجەکانیان ڕوو لەکەمی و کزییە،ئەوا دێن و بیر لە جۆری دووەمی میدیایەك ئەکەنەوە کە هەم هی خۆیان بێ و هەم بتوانێ جەماوەر و شەقام لەخشتە بەرێ.
ئەم جۆرە میدیایە هەمان کاری پێشووی میدیای حزبی پێسپێدراوە و ئەرکێکی گەورەتری لەسەرە تا بتوانێ ئامانجەکانی حزبی دەسەڵات و بنەماڵە بپارێزێ. ئەم میدیایە گەلێ مەترسی لەسەرە سەبارەت بەو ڕۆڵە نێگەتیڤ و چەواشەکارییەی ئەیگێڕێ بۆ دەستەمۆکردن و ڕام کردنی کۆمەڵگا بەگشتی و توێژی گەنج بەتایبەتی. ڕەنگە یەکەم کاری ئەم جۆرە میدیا بریتی بێ لە گەوجاندنی توێژە شۆڕشگێڕەکە(گەنجان) و هەر بۆیە دێن و لەنێو گەنجانەوە کار بۆ ئەو مەبەستە ئەکەن. بۆ نمونە چەندین گەنج دروست ئەکەن و پەیامی گەنجان بەشێوەك بڵاو ئەکەنەوە کە ڕەنگە خۆی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ببینێتەوە: 
یەکەم: هەوڵئەدەن گەنج لە دروست کردنی پارت و ڕێکخراو دوور بخەنەوەو چەندین سەنتەری گەنجان و ڕێکخراوی بەناو دیموکراتی و مەدەنی و قاوەخانەی کلتووری و هەمە چەشنەیان بۆ بکەنەوە و لەو ڕێڕەوە دووریان بخەنەوە کەگەنج بیرو هزری بۆی بچێ.
دووەم: هەوڵئەدەن گەنج فێری خەباتی مەدەنی ببێ و بیر لەخەباتی چەکداری نەکاتەوە. بەوەی باووی ئەم جۆرە خەباتە نەماوەو چیتر(گیڤارانیزم)ڕۆڵی لە گۆڕانکاری کۆمەڵگادا نیە. ئەمە لەکاتێکدا خۆیان هەردەم لەڕێگای هێزو ئاگرو چەکەوە وەڵامی ڕەخنەگرانیان ئەدەنەوە.
سێیەم: هەوڵئەدەن گەنج دەست سپی بێ و خۆی نەتوانێ خۆی بەخێو بکا. بۆ ئەمەش چەندین ڕێگای کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی،سیاسی و ئابووری جیاواز هەیە کە حزبەکان پشتیان پێبەستوون وگەنجیان پێوە گیرۆدە کردوە.
چوارەم: بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و برەو دان بە سێکس و کارە قیزەوەنەکان کە گەنج تیایدا خۆی ئەدۆڕێنێ وگەنجێی خۆی لەدەست  ئەدا.
پێنجەم: لەڕێگای گەنجە  دەستکردەکانی خۆیانەوە پەیامی ئەوە بەگەنجان ئەدەن کە ئەم دەسەڵاتە (نوێیە،گەنجە،ساوایە،بێ ئەزموونە) و پێوستی بەکاتە و پیوستە ڕەچاوی ئەوە بکەن.
شەشەم: لە ڕێگای ئەم گەنجانەوە هەوڵئەدەن هەرچی گیانی شۆڕشگێڕیە لەگەنجان دایماڵن و فێری وانەی سەرشۆڕی و بێ دەنگیان بکەن. بۆ نمونە ئەڵێن با ئەم دەسەڵاتە نەگۆڕین چونکێ ڕەنگە ئەوەی دوای ئەم دێ لەوانەیە لەمەی ئێستا باشتر نەبێ. وەیان بەواتایەکی تر، ئەم دەسەڵاتە بدزێ باشترە لەوەی دوای ئەمە ،لەبەرئەوەی ئەمەی ئێستا تێری خواردوەو چی تر پێوستی بەپارەو سامان نەماوە.بەڵام گەربگۆڕدرێن ،ئەوا سەرلەنوێ تاقمێکی تر دێن و دەست ئەکەنەوە بەدزی و تاڵانی و بەم جۆرە گەنج سارد ئەکەنەوە لەکاری گۆڕنکاری.
حەوتەم: جۆرێك لەبێسەروبەری دروست ئەکەن کە تیایدا گەنج نەتوانێ بڕیاری یەکلای کەرە بداو تا کار بگاتە ئەوەی گەنجان بەلێشاو ووڵاتی خۆیان جێبێڵن بەپاساوی ئەوەی ئەم ووڵاتە ژیانی تیا نەماوە. وا بەرچاوی گەنجان ڕەش ئەکەن کەتەنها سەرهەڵگرتنیان تاکە هەڵبژاردەیەکەو هیچی تر.
هەشتەم: هەرچی ئەم میدیایە خۆیان تەرخان کردوە بۆ نیشاندانی ئەو کارکتەرو ڤیگەرانەی کە لای شەقام و ڕای گشتی نەفرەت لێکراوون و زۆریش قێزەوەنن. ئەم جۆرە کەسانە چۆنکێ بەپارەی خۆیان ئەم میدیایانەیان خستۆتە بازاڕەوە،ئێدی هەرکات بیانەوێ لێرەوە لەڕێگای نووسین و بۆچوونەکانیانەوە دێنەوە بەردەم خوێنەرو بینەر. کەچی لەهەمان کاتدا ئەم میدیایە لەبەردەم کەسانی ڕەخنەگری ڕاستەقینەو بنیاتنەر گویان کپەو چاویان نایان بینێ. ئەڵبەت ئەمەش هەر بەخۆڕایی نیەو لای کەسیش شاراوە نیە.
نۆیەم: چەند نمونەیەك لەم جۆرە  میدیایە وەك( ئاوێنە،سبەی،لڤین،شار،کەی ئێن ئێن،ئێن ئاری تی و ڕووداو و چەندینی تر. کاری ئەمانە تەنها بریتیە لە ڕەخنەیەکی مۆڵەت پێدراوو کەخۆی تەنها لەباسکردنی دیاردەکان ئەبینێتەوە و خۆی لە باسکردنی ناوی کەسە گەندەڵ و خیانەتکارەکان ئەدزێتەوە بەهەنجەتی(لەکەدار کردن).
دەیەم: باسکردنی گەندەڵی و خراپی سیستمی بەڕێوەبردن بەبێ ئەوەی ئەم میدیایە دەست بخاتە سەر کرۆکی کێشەکان.بۆ نمونە بەچاك و خراپ میدیا نایەوێ و ناوێری هێڵی سووری سەرکردەو بنەماڵەکان ببەزێنێ. ئەم خۆدزینەوەیە ئەو نمونە خراپەیە کەلە جیهاندا نمونەی نیە.
یانزەیەم: سانسۆرکردن و هەوڵدان بۆ لەکارخستن و پەراوێزکردنی سایت و کەناڵە گرنگ و ڕاستگۆکان کە خۆیان لە کوردستانپۆست و هاوشێوەکانیان ئەبیننەوە . ئەم جۆرە لەمیدیا لەڕێگای جۆری یەکەم و دووەمەوە دژایەتی ئەکرێن و هەردەم بۆسەیان بۆ داناوە. وە لەڕێگای چەندین تۆڕی سیخوڕی و شتی ترەوە هەوڵدراوە ئەم جۆرە سایت و خەباتانە نەگاتە نێو شەقامی کوردی.وە بەوەش نەوەستاوون بەردەوام لەهەوڵدان بۆ ناشرین کردن و لەیبڵکردنیان بە سایتی جوێنفرۆش و تابووری پێنج و شتی تر. لێ هیچ لەو دوو جۆر لەو میدیایە سەرکەوتوو نەبوون لەو کارەیاندا.
میدیای دیستۆپیا بەهەردوو جۆرەکەی تەنها لەخەمی دەسەڵات و ئەو چەند بنەماڵەیەن کە کوردستانیان وەك کەلاکێك لێکردوەو هەریەکەو بەشی خۆی ئەبا و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەو کەلاکە گۆشتی پێوە نامێنێ و تەنها ئێسکەکەی ئەمێنێتەوە. دیارە هەنووکە ئەم جۆرە میدیایەش وا خەریکە ڕەواجی نامێنێ و شەقام و کۆمەڵگا زیاتر لێیان تێگەیشتوون. هەر بۆیە مەحاڵە دەسەڵاتی دیستۆپیا چی تر بتوانێ گەل بگەوجێنێ و بەردەوامی بەخۆی بدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە