کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌سه‌ڵاتی پارتی و رێبازەکەی بارزانی كێ و چییان بۆ هەولێر به‌رهەم هێناوە؟!

Sunday, 27/03/2016, 0:53


مەسعود بارزانی لە دواین گاڵتەجاڕیی سیاسییدا دەڵێت ئێمە چاكسازی دە‌كە‌ین! بۆ ئەمە یە‌كە‌م كە‌سیش لە‌خۆم و ماڵ و برا و برازاكانمەوە دەست پێدەكەم! ئەم گوتەیەی بارزانی پێی دەڵێن فشەی سیاسی، چونکە تەنیا گفتە و رەفتاری جیدی لەگەڵدا نییە، رەفتاریش بە کەسێک دەکرێت کە خۆی مایەی گەندەڵیی و قەیرانەکان نەبووبێت، گفتیش کەسێک دەیدا کە متمانەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مابێت، واتە کایەنی مێژووەکەی پڕ نەبووبێت لە درۆ، بازی نەدابێت بە سەر پەیمانەکەی خۆیدا.
یەکێک لە مەرجەکانی سەرکردەی سیاسیی ئەوەیە متمانەی خۆی لای خەڵکی و هاوڵاتیان هەبێت و نەدۆڕاندبێت! مەسعود بارزانی لەو کەسانەیە قسەیەک دەکات، پاش ماوەیەک کاری پێچەوانەی قسەکانی دەکات! مەسعود بارزانی مەرجی سەركردەی سیاسی تێدا نییە، ئەگەر لە رابردووشدا هەیبووبێت، ئەمڕۆ ئەو مەرجانەی لە دەست داوە، چونكە یەكەم كاری چاكسازی ئەگە‌ر لە دەستییدا بوو، کە بیكات، پێش ئەوەی ئەم قسانە بکات، دە‌بوو لە‌ خودی خۆیە‌وە‌ دە‌ستی پێبکردایە، ئەویش وازهینانی بوو لەكورسییەكەی و لە دوور کەوتنەوە بوو لە سەری رەشی داگیركراو، کە دەبوو رادەستی شارەوانی بكاتەوە، بە دوایدا ئەو سوپا و بوجە زەبەلاحەی خۆی و كوڕی و برازاكەی كە ‌لە‌سە‌ر قوتی خە‌ڵك بۆ خۆیان لاداوە، كەمی بکردایەتەوە!
لەتەك ئەمانەشدا من دەپرسم: جەناب دوای ئەمانە دەبێت چاكسازیی لە چییدا دەكەی؟ كە سەر و بنی حیزب و دەسەڵاتەكەت بۆگەن بووە! دەست بۆ کامیان دەبەیت، کە هەمووی ئێقی کردۆتەوە و بۆگەنی کردووە!؟ بەرادەیەك گوڕانكاریی ئەوەندە قێزەوەنتان خستۆتە نێو كۆمەڵگای كوردی كە بە ٧٥ساڵی داگیركراوی عێراقدا كەسێتی تاكی كورد وا نەبوو، ئێوە زەلیل و بێ ئیرادە و ناشیرینتان کردووە. لەم روانگەوە ئێمە باس لە خەساندن و بەكارتونكردنی دەیان حیزب و هەزاران كەسێتی كورد ناكەین، بەڵام لێرەدا دەچینە نێوەندی بەشی هونەر و ئەدەب و نووسەرەكانتانەوە ...بۆ نمونە لە سەردەمی بەعسدا و لە قوناخی سەردەمی ساڵانی ٦٨ بۆ ٩١ ئەو رژێمە بەو هەموو قین و شوڤینیەتەی خۆی نەیتوانی ئەدەب و هونەری کوردی وا تێک بشکێنێت، کە ئێوە کردتان! ئەوان وەکو ئێوەیان نەکرد! كەچی هونەر و ئەدەبێیكی جوان و نەمری هونەری كوردی لە دوای بەعس بەجیما و هیوایەکی تێدا مابوو، ئێوە هاتن ئەوەشتان ناشرین کرد. بەنمونە لەپیرە هەولێر دەیان هونەرمەندی دیاری وەك (فوئاد ئەحمەد، رەسوڵ گەردی، عومەر دزەیی، سێوەی كۆیە، قادر زیرەك، تاهیر توفیق، جەلال سەعید، نیزام شوكور، زیاد و هاوتا ئەسعد ....تیپی هونەری موسیقای هەولێر و گورپەكەی ڤینا فائیقوان ...سەری هەڵدا كە بووبوونە بەشێكی گرنگ لەهونەری گورانی گوتنی كوردیدا، بەڵام لەژیر سایەی حوكمی ٢٥ساڵەی دەسەڵاتی پارتی و یەكیتی ١٩ ساڵەی دوای ٣١ی ئابی پارتی.هەولێرتان کرد بە ج گاڵتجاڕی ‌هونەر و ئەدەب. هونەرمەندانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لەهەولێر ئەمڕۆ ئەم ناموبارەکانەن: جەلال پەرێشان، دەشنێ، لۆكە و كچەكانی تری هەڵكەوت زاهیر! سەیری، شانۆ و فلیم و كۆمیدیای كوردی بكەن! لە كۆندا چەندین بەروبومی جوان و گرنگ هەبوون، كە مروڤ تام و چێژی تایبەت و هوشیاركردنەوەی لێدەبینی، وەك كورتە فلیم و تەمسیلیەكانی تیپەكانی هەولێر، كۆمیدیاكەی رەجەب و بلە سورگوم و حاجی یادگار، بە‌ڵام ئیستا بە‌روبومی پارتی حە‌مكۆیە‌.لەم پیرە هەولێرەدا جاران دەیان نووسەر و ئەدیب سەری هەڵدەدا و كۆمەڵگای هوشیار دەكردەوە بەنمونە هەردوو شاعیرە شەهیدە نەمرەکەی هەولێر(جەمیل رەنجبەر و ئەحمەد رەشوان) هەروەها عەبدوڵڵا پەشێوی ئیستا، جگە لە چەندین مێژوونوس و ئەدیب، بە‌ڵام لە ژێر دەسەڵاتی پارتیی و بارزانییدا كام داهینەر و جوانییەكی دیاری هەولێریەكان لە بواری نووسین و هەڵوێستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، یان ئەدەبیی و هونەری هەڵکەوتووە و ماوە؟ ئێوە شاری هەولێرتان پڕكرد لەسەرشێتی نمونەی وەك فەرهاد پیرباڵ؟ ئەمە كارەساتە لە پیرە هەولێردا لە بری سیمبوڵی هەولێریەكان (شەهید عبدولخالق مەعروف)، کەچی یەکێکی وەک مەلا عەلی كەڵەك سەر هەڵدەدات! كارەساتی پارتی و ئەو ڕێبازەی بارزانی تەنیا لەوەدا نییە، شارێك ٦٠٠٠ ساڵ مێژوەكەی بێت و لەبڕی ئەوەی ببیتە شوێنێ مێژویی و كەلتوری گەشتیاران و بەرد بە بەردی وەك بەرشەلۆنە و یونان و ئیسپانیا و روما،نۆژەن بكرێتەوە، كەچی ئەمڕۆ زۆرینەی شوێنەكان تەخت کراوە و لە لایەن بنەماڵە و بەرپرسەکانی ترەوە داگیردەكرێ، دەكرێتە باڵەخانەی دوبەی ئاسا، مروڤ کە دەچێتەوە ناو شاری هەولێر، هەست بەنامۆ بوون دەکات ونایناسێتەوە، چونكە ئێوە سیمای هەولێر و بیروەریەكانی ئەم شارەتان بەرەو وێرانكردن برد! جگە لەوانە ئەو گیانە شۆڕشگێڕیی و خۆڕاگرییەی، بە‌رامبە‌ر بە بەعس، کە لە تاكی هەولێریەكاندا هەبوون، کاتێک لە سەر شەقامەكان گەنجەكانی گوللەباران دەكرد، بەهەزاران گوندی لە دەشتی هەولێر تەخت دەكرد، لاوەکانی بەرەو پەتی سێدارە رەوانە دەکرد، ئێوە ئەوانەتان نەهێشت. ئیرادەی هەولێریەكان وەك هەموو شارەكانی تری كوردستان لە لوتكەدا بوو. ئێوەی بارزانیی و پارتیی هەموویتان تێکشکاند و ئیستا بەئیرهاب و گەندەڵكردنی هەولێریەكان و مراندنی خەونی خەڵك هیچتان نەهێشت! دوای راپەڕین بەنیشاندانی ئەو ئەزمونە مەترسیدارە، ژمارەیەكی یەكجار كەم نەبێت هەست و موراڵی هەڵویست و جوانی لەم شارە بەرەو نەمان دەروات! تەنانەت كەلتور و كەسێتیە جوانەكەی هەولێریەكانیش لە راستگۆیی ودڵگە‌ورە‌ یی و پاكی و میوان دۆستیتان داشۆریی، ئیستا لە شوێنی کەسێتی هەولێری جوان،  پڕبووە لە مروڤی درۆزن، هەڵپەرست، شەهونەتباز، ساختەچی، بێكەرامەت و زەلیل، هۆكارەكەشی ئەوەیە کە خودی بنەمالەی بارزانیی و پارتی و كەسەکانتان سەلماندتان ئێوە رقتان لەجوانی و هەڵوێست و بوونی مروڤی بە ئیرادەیە، بۆیە سەیربكەن قەڵەم بەدەست و هونە‌رمە‌ندی شارە‌كانی تریش، کە هاتوونەتە لای ئێوە لە نمونەی ئەحمەد سالار، حەمە سەعید حەسەن، مەهاباد قەرەداغی، كەریم گوڵانی، ئەوانەشتان وەکو خۆتان ناشرین و زەلیل و بێ هەڵویست کردووە! ......
بەكورتی پارتی و دەزگا ئەمنیی و قەڵەم بەدەستەكانی ئەمڕۆ وەك ڕەوەكولەیان لێهاتووە، روو لەهەر شوێنێک بكەن لە ناوی دەبەن، راستی ئەمەش سەیری تەنیا ئەو دوو هونەرمەندە هەولێرییە بكەن (زەكەریا و هاوتا ئەسعەد) هەردوكیان خاوەنی بەهرەیەکی جوان بوون، چەندین بەرهەمی جوانیان خستە نێو گەنجینەی هونەریی كوردییەوە، بە‌ڵام پارتی هاوتایان وا ناشرین کرد، كەرامەتییان شكاند، ئەمڕۆ تەنانەت خۆشی پێی شەرمە وەک هونەرمەند بێتەوە‌ نێو خە‌ڵكی، ببێتەوە بە هاوتا هونەرمەند و گۆرانیبێژەەی جاران، چونکە لە ناخەوە تێکیان شکاند! زەکەریاش بوو بە بازرگان و مافیا .ئا ئەمەیە بەروبومی دەسەڵاتی پارتی و رێبازی بارزانی.
جەنابی کاک مەسعود بارزانی دەستی خۆت، دەستی خراپ سازیی بووە، نەک چاکسازیی، کار و ئەرکی تۆ ئەمە بووە، ئیتر لە کوێوە دەست بە چاکسازیی دەکەیت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە