جوگرافیای دیستۆپیا
Sunday, 20/03/2016, 2:24
سنوور تەنها دیاردەیەکی جوگرافی نیە و بەس،بەڵکە سنوور ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیشی دیاری کردوە. هۆکاری ئەم سنوورانەش بەندە بەکۆی ئەو یاسا و ڕیسایانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر وەستاوە. وەهەر کاتێ ئەم سنوورانە بەزێندران،وەیان شکێنران و ڕێزیان لێ نەگیرا ،ئەوا هاوسەنگی تێك ئەچێ و لەجیاتی ئەوە ،ڕەنگە شتی نامۆ بێتە شوێنی. ئەوەی لێرە مەبەستمانە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە لەکوردستانی باشوور شتێك نیە ناوی سنووری نیشتمانی،نەتەوەیی،کۆمەڵایەتی و سیاسیش بێ. بەڵکە ئەم سنوورە ڕۆژ دوای ڕۆژ لەگۆڕانکاری خۆی نەوەستاوەو ئەو هاوسەنگیە تەواو وون بوە. گەر بگەڕێنیەوە بۆ ساڵانی دوای پێکهێنانی دەوڵەوتی عێراقی ئەبینین کەناوچەیەکی وەك شاری موسڵ شارێکی کوردی بوو،واتە ئەو کات ناوچەی کوردستان قەوارەیەکی گەورەتری هەبوو کەخۆی لەگەورە بوونی ژمارەی هاوڵاتیانیشی ئەبینینەوە،لێ وەك ئەزانن هەراکەی ئەیلول کە بەدەستی ئێران دروست کراو مەلا مستەفایان لەدژی عەبدول کەریم قاسم هانداو چەك و تفاقیان دانێ و بەناوی (فشە کوردایەتی)وە هەرایەکیان نایەوەو لەو نێوەندەدا شاری موسڵ بەفەرمی خرایە سەر جوگرافیای ناوچە عەرەب نشنینەکان و لەکوردستانی باشوور دابڕێنرا.
ئەمڕۆ بەداخەوە کەم کەس هەیە بەوانەی بزووتنەوەی گۆڕانیش کە ئەم خیانەتەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەبیر خەڵك و نەوەی نوێ بهێننەوە و بەهیچ کلۆژێ لەمیدیاکانیاندا باسی لێوە ناکەن. ئەڵبەت ئەم خۆدزینەوەیە بێ مەرام نیەو لەپاڵ ئەوەدا پلەو پۆست و پارە هەوسەنگی کردونەتەوە.
دوای ئەوەی بەناوی شۆڕشی نوێ و گوڵان ئەم جوگرافیایە ئەوەندەی تر بچووك کرایەوە هەر لەو ڕۆژەوە چەندین ناوچەی تری کوردستانی باشوور بەر گوورزی (دیستۆپیا)یی بوەو لەچەندین لاوە قەوارەی کوردستان و خەڵکەکەی بەرەو قارسبوون و لێك دابڕان و گچکەبوون بووەوە. لەساڵی ٢٠٠٣ و نەمانی حزبی بەعسی شۆڤینی جارێکی تر نەوەکانی مەلا مستەفاو جەلال تاڵەبانی بەشێکی گرنگی جوگرافیای کوردستانی باشووریان خستە نێو قومارێکی دۆڕاو بەناوی (ماددەی ٥٣ کە دوایی گۆڕدارا بە مادەی ١٤٠) کەئەمەش دیارە شاری کەرکوکی کوردیان لە کوردستان دابڕی و ناسنامە کوردیەکەیان تاریك کردوو گومانی کوردستانبوونیان خستە سەر. ئەم شارە ئەوڕۆ بەشێك نیە لە کوردستان و لێرەو لەوێ داوای پرۆسەی(ڕێفراندۆم)ی لێ ئەکەن . خودی ئەم پرۆسەیەش تەنها بۆ ئەوەیە کە ئایا کەرکوك ئەیەوێ بگەڕێتەوە سەر هەرێم وەیان نا. دەنا ئەوە بڕاوەتەوە کە کەرکوك کوردستانی بێ. ئەمە سەرباری ئەوەی مەترسی لەسەر چەندین ناوچەی تری وەك (خانەقین ،مەندەلی،کفری،شارەبان،تەلئەعفەر و شنگار چەندین ناوچەی تر)هەن.
تێبینی / بەڕێزانی ستافی کوردستانپۆستی خۆشەویست، ئەڵبەت بەندە بەهەڵە لەجیاتی (دستۆپیا) ووشەی (دسپۆتیا)م بەکارهێنا کەئەمەش جگە لەهەڵەیەك هیچی تر نەبوو،بۆیە وێڕای داوای لێبووردن لە ئێوەو خوێنەرانی بەڕێز،هەوڵئەدەم ووشەکە بەم شێوەیە بەکاربێت و گەر بتوانن لەمەودوا بەو شێوەیە بڵاوی بکەنەوە لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیم .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست