دەبوایە كەمال شاكر سەرۆكی كۆمەڵەی كەڕ و ڵاڵەكان بوایە نەوەك پارتێكی كۆمۆنیست !
Sunday, 20/03/2016, 1:53
مایاكۆڤسكی : مرۆڤی شیوعی دەبێت ئازا و چاونەترس و خاوەن هەڵوێست بێت ...
ئەگەر ئاورێك لەمێژووی خەباتی شیوعیەكان بدەینەوە , وێنەی سەدان سەركردەی ئازا و بوێر و خاوەن هەڵوێست و لەبەر چاواندا بەرجەستە دەبێتەوە . ئەو سەركردە كۆمۆنیستانە نەك هەر قارەمان و شۆڕشگێڕی چاونەترس بوون , بەڵكو داهێنەر و بەرهەمهێنەری بیری ماركسیزمیش بوون , تاكو ئێستاش كاریگەری بیر و بۆچوون و تێزە هزری و تیۆریەكانیان ماوە و چەپەكانی جیهان وەكو فێرگەیەك وانەیان لێ فێر دەبن و سوود لەئەزموونەكانیان وەردەگرن و لێكۆڵینەوە و تۆژینەوەیان لەسەردەكەن .لینین و تروتسكی و گرامشی و ماوسیتۆنگ و دیمترۆڤ و هۆشی منە و كاسترۆ و گیڤارا و فەهد و چەندین سەركردە و بیرمەندی كۆمەنیستی گەورە تاكو ئێستاش ناوەكانیان وەكو ئەستێرەیەكی پڕشنگدار ماونەتەوە .
كەس ناتوانێت نكۆڵی لەڕۆڵی پارتی كۆمۆنیستی عیراق بكات لەشەڕی دژی كۆنەپەرستی و نادادپەروەری و ستەمكاریدا , چەندین سەركردەی ئازا و مەردی لەپێناو ئەو مەبەستە بونە قوربانی هەر لەشەهید فەهد و سەلام عادل و جمال حەیدەری و نافیع یونس و .......هتد . شیوعیەكان مێژووێكی دەوڵەمەندیان هەیە لەخەبات و تێكۆشانی شۆڕشگێڕانە دژی دەسەڵاتدارە فاشیستەكان . سەركردە شوعیەكان هەمیشە سەركردەی مەیدانی و جەماوەری بووینە , بەردەوام لەخۆپێشاندانەكان پێشڕە وبوونە . بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە پازدە ساڵە كەمال شاكر سكرتێری حزبی شیوعی كوردستانە , ڕۆژێك كەسێك نەیدیت ئەو كابرایە وتارێك بدات و كاریگەری هەبێت لەسەر شەقام و جوڵاندنەوەی خەڵكی بەشخورا و .
یان لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكاندا شان بەشانی جەماوەری مافخوراوی كوردستان بەدەركەوێت یان هەڵوێستێكی بچووكیشی هەبێت . هەركەسێك شارەزای ئەم وڵاتە نەبێت و كەمال شاكر نەناسێت دەڵێت دیارە سكرتێری پارتی كۆمۆتیستی كوردستان ڵاڵە و ڕەنگی بەزەییشی پێدابێتەوە !
ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستیەی كەمال شاكر لەماوەی سكرتێریەكەیدا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تواندنەوەی حزبی شیوعی كوردستان و لاوازبوونی و بێهزێكردنی پێگەی ئەو حزبە لەنێو خەڵكدا . ئەگەر سكرتێریەتی حزبی شیوعی ئاوا ئاسان بێت هەموو كەسێك دەتوانێت بیكات . لەوبێدەنگیەدا تەنیا كەمال شاكر تاوانبار نیە , بەڵكو ئەوانەی دەوربەری زۆر تاوانبارترن , چونكە ئەوان بەرهەمێنەری سەرەكی ئەو بێدەنگیەن . نهێنی ئەو بێدەنگیە پەیوەندی بە پێكهاتەی فەسلەجی كەمال شاكر نیە و چونكە هیچ خەوشێك لەزمانیدا نیە , ئەو بێدەنگیە دەسكەوت و سەروەت و سامانێكی زۆر گەورەیە بۆ كەمال شاكر و هاوڕێیەكانی و بازرگانیەكی باشی پێدەكەن ! ئەو بێدەنگیە ژەهرێكە و بۆ ویژدانی و هەنگوینە بۆ حەز و ئارەزووەكانی . ئەو بێدەنگیە گەورەترین سوكایەتیە بەخوێنی هەزاران شەهیدی شیوعی و ڕازاندنەوەی ڕوخساری فاشیستەكانە . بۆیە ئەو خەڵكە دڵسۆز و پاكانەی ئێستا لەناو حزبی شیوعیدا ماون و ویژدانیان نەدۆڕاندووە ئەگەر هەڵوێست لەو ناپاكانەی ئەندازیاری بێدەنگی وەرنەگرن باناوی حزبەكەیان لەكۆمۆنیستەوە بكەنە حزبی كەڕ و ڵاڵەكان !
هاوڕێ ژین دۆست
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست