رۆڵی پیرەمێرد لەژیانەوەی جەژنی نەورۆزدا و کورتە درامایەکی کۆمێدی
Sunday, 20/03/2016, 13:37
بۆ نەورۆزی ٢٠١٦
لەدێرزەمانەوە، نەورۆز واتایەکی پیرۆزی هەیە لەناو نەتەوەی کوردا. بیرمدێ کاتێ لەچلەکانی چەرخی بیستدا لەحوجرەەیەک ئەمخوێند، مامۆستا بۆڕۆژی 21/3ی هەمو ساڵێک، لەسەر قاپێکی فەخفوری بەقەڵەمی ئوچ، نەورۆزنامەیەکی بۆئەنوسینەوە. ئەو قاپەش لەماڵەکەماندا وەک شتێیەکی پیرۆز سەیرئەکراو هەتا مەرەکەبەکە ئەچوایەتەوە، هەر بەڕێزەوە سەیرئەکرا. پیرۆزییەکەش لەو باوەڕەوەبوە کە لەو رۆژی سەرەتای ساڵی کوردییەدا، گیانە پاکەکانی داپیران و باپیرانمان، بەسەرمان ئەکەنەوە، بۆیە ئەبێ بەپاک و خاوێنی و بەرگی رەنگاوڕەنگ و ئاگرکردنەوەو ئاهەنگەوە پێشوازییان لێبکەین و گەردنی یەکدیش ئازادکەین. بەوەش ئەوان شادمان ئەبن.
دوایئەوەی پیرەمێردی بلیمەت (1867-19/6/1950) لەتورکیا گەڕایەوەو بەهەمیشەیی لەسلێمانی جێگیربو، گرنگییەکی زۆری بەنەورۆزدا. هەمو ساڵێک لەو ڕۆژەدا چەندین مەنجەڵی گەورە یاپراخی لەکارێزی وەستا شەریف لەدامێنی گردی مامە یارە، لەسلێمانی، ئەبەخشییەوە بەسەر سەیرانکەرانداو بەمۆزیکی دەهۆڵوزوڕناوە ئەبو بەهەڵپەڕکێ و شاییلۆغان. لەمەوە گەشەی زیاتری بەنەورۆزداو بەوبۆنەیەوە وتارو هۆنراوەی نەتەوەیی ئەخوێنرایەوە. ئاگری نەورۆز لە زۆر گەڕەک و بەرزاییەکانی سلێمانیدا ئەکرایەوە. بۆنەورۆزی 1945 میستەر ئەدمۆنس و متەسەرێفی سلێمانی و گەورە فەرمانبەرانی بانگهێشتکرد. قوتابیی کوڕان و کچانی ئامادەکرد بۆ وتنی سرودی نەتەوەیی. وتارو هۆنراوەی نەتەوەیی تیا خوێنرایەوە، فایەق بێکەس هۆنراوەی (بیست و حەوت ساڵە من رەنجبەری تۆم)ی بەدەم پەنجە راوەشاندن و هەڕەشەوە بۆ ئەدمۆنس خوێندەوە! ئەدمۆنسیش هەر پێئەکەنی! واڕێکەوت من لەپشت کورسییەکەی ئەدمۆنسەوە وەستابوم، بەکوردی وتی تۆ کوڕی کێیت؟ وتم فڵان، نەیناسی، دوایی وتم برازای ئەلف بێ هەوری، وتی بەڵێ ئەیناسم، عەمر درێژبی. بەوجۆرە، پیرەمێرد هەمو ساڵێک گەشەی زیاتری بەنەورۆز ئەدا تا ساڵی 1958 ،لەو ساڵەدا، حیزب دەستیگرت بەسەر بۆنەی نەورۆزداو بڕوخێ بڕوخێ دەستیپێکرد، حکومەتیش ئاهەنگگێڕان و ئاگری نەورۆزی قەدەغەکرد. لەکاردانەوەی ئەوەدا، پیرەمێرد وتی: حیزبی حیزباب نەورۆزیشیان لێکردین بەسیاسەت.
جگە لەو هەوڵانە، پیرەمێرد لەڕۆژنامەکەشیدا گرنگیی بەژیانەوەی نەورۆز ئەدا وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی. هۆنراوە بەناوبانگەکەشی (ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) ئەوەندەیتر جۆش و خرۆشی لەدەرونی لاواندا جێگیر کرد، بەتایبەتی بەئاوازو دەنگە زۆر خۆشەکەی دیلانی هونەرمەندو هۆنیارەوە :
ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەن ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێپەستبو تاکو پار
هەر خوێنی لاوەکانبو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو رەنگە سورەبو کە لەئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆگەلی دورو نزیک ئەبرد
نەورۆزبو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بەئەشق ئەچون بەبەرەوپیری مەرگەوە
ئەوا رۆژ هەڵات لەبەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە رەنگی شەفەق شەوقئەداتەوە
تائێستا روینەداوە لەتەئریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچانبێ لەهەڵمەتا
پێیناوێ بۆشەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لەدڵی میللەتا ئەژین
لە بۆنەیەکی تردا، پیرەمێردو شێخ مەحمودو ئەدمۆنس و پیاوماقوڵانی شار کۆ ئەبنەوەو ئەدمۆنس ماڵئاوایی لەسلێمانی ئەکا:
بۆ ژیانەوەو گەشەدان بەجەژنی نەتەوەیی کورد، جەژنی نەورۆز، پێش پیرەمێرد،مێژونوسان و نوسەران و هۆنیاران (شاعیران)یتر، نوسین و هۆنراوەی زۆریان بۆ نەورۆز وتوە. خانی و نالی و مەولەوی و کۆیی و وەفایی و حەریق و حەمدی و قانیع و زۆریتر لەو دەرگایەیان داوە، بەڵام هیچیان وەک پیرەمێرد برەویان بە نەورۆز نەداوە . خەڵکەکەش، هەرچەن نەورۆزیان لێقەدەغە کرابو، بەڵام لەئێوارەکانی 20/3ی ساڵەکانی دوای 1958دا، ئاگری نەورۆزیان لەسەر چیاکان و سەربانی ماڵەکان و گۆڕەپانەکان، هەر ئەکردەوە. لەو پێناوەشدا خەڵکێکی زۆر ئەگیران و زیندانی ئەکران و ئەشکەنجە ئەدران. بەوەش خۆشەویستیی نەورۆز، زیاتر لەدڵ و دەرونی میللەتا ئەچەسپی. ئێستا نەورۆز بەفەرمی جەژنێکی نەتەوەیی کوردە. بەوەش ئاواتەکەی پیرەمێردی نەمر هاتۆتەدی، بەڵام هەموی نا! چونکە پیرەمێرد، نەوبەهارێکی ئەویست کە پڕبێ لەگوڵی ئاڵی پاک، نەک نەوبەهارێکی پڕ دڕکوداڵ و گەندەڵی!! ئەوەو گیانی ئەو نەمرە، پاڵیان بەمنەوەنا، هەر چەن ساڵێ جارێک، شانۆنامە (دراما)یەک بۆ نەورۆز بنووسم لەژێرناوی (کەربازاڕێک بۆنەورۆز) . یەکەم 2006، دوەم 2012. ئەمەش بۆ نەورۆزی 2016:
بەبۆنەی یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆزەوە، لەتەویلەیەکی گەورەی داخراودا، کەربازاڕێکی ھەموارکراو، بۆ ٣ کەری ھەمەرەنگ سازکرا. ،ئەگەرچی پێشەکی :( گیان )ی ھەندێ کەسایەتیی کۆچکردوی مرۆڤی ناسراو بانگھێشت کرابوون، بەڵام ھاتن بۆ ھەموانبو، بۆیە تەویلەکە جمەیدەھات. سەرەتا کەرەکان بۆ ماوەیەک زەڕین و خۆیان گەوزاند بۆ ئەوەی بەقورگێکی ساف و مێشکێکی کراوەو تەندروستییەکی چاکەوە، بچنە پشتی میکرۆفۆنەکانەوە . دەنگدەربڕین (phonotic)ی قسەکردنیشیان،وەک ئاژەڵی ناو فلیمە کارتۆنییەکانبو. ئامادەبوانی تەویلەکەش، وردەوردە، ھەر کۆمەڵەو بونە چەپڵەکوت و لایەنگری یەکێک لە کەرەکان.
سەرەتا، پێشکەشکەری کەربازارەکە، وەسمانی هەمە نادر- سەرۆکی پارتی کەران، دوای بەخێرھاتن، ئەوەی درکان کە پرژی کێشەکانی کورد و ئەو مەترسییانەی رودەکەنە کوردستان، ئاژەڵ و باڵندەکانیش ئەگرێتەوە، وەک لە بۆردومان و کیمیابارانەکاندا بینیمان، بۆیە ماف و ئەرکی سەرشانی ئەوانیشە بێنە دەنگ و لە روی مێژویی و سیاسیشەوە باری سەرنجی خۆیان پیشاندەن و بەرگری لە خۆیان بکەن و داوای مافی خۆیان بکەن ، بەتایبەتی لە کابینەو پەرلەمانی داھاتودا ئەوانیش نوێنەرو کورسی و بەشە بوجەی خۆیان ھەبێ و لرفیلێدەن ! ئەگینا ئەبنە ئۆپۆزسیۆنی ئەوەڵباب !!
تەویلەکە پڕبو لە ژاوەژاو، یەکیک لە دانیشتوەکان ،ھەستایە سەرپێ و بە توڕەییەوە وتی : کەر چۆن ئەتوانێ ببێتە ئەندامی کابینەو پەرلەمان !؟ بوجەیان بۆچیە!؟دەنگێکیتر وەڵامیدایەوە: بۆ ناتوانێ؟ ئەگەر ئەو ئەندامیتیە لە پەرلەماندا بریتیبێ لەوەی تەنیا دەست بەرزکاتەوە ، یا لە کابینەدا تەنیا فەرمانی پارتەکەی خۆی جیبەجێبکا ، ئەوە کەریش ئەتوانێ ئەوە بکا .بوجەش کە بەکاڵی و سەوزی لرفی لیبدرێ، بائەمانیش ئەوەندەی بارستایی خۆیان لەسەری بلەوەڕێن . ئنجا وەسمان وتی: رونکردنەوەی لاپەڕە لێڵ و تاریکەکانی مێژو، یاریدەدەرێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەمڕۆ. بابەتی کەربازارەکەی ئەمڕۆشمان، لێدوانێکی میژویی بابەتیانەیە لە سەرگروشتەکەی کاوەی ئاسنگەرو ستەمکارێک. فەرمون ئیوەو کەرەکان:
کەری دێز : ئەژدەھاک سەرکردەیەکی کوردبو. کاوەش لە خۆمان بو، واتا جاشبو، بۆیە وەک سروشتێکی دێزگەرایی، چەکوشەکەی سرەواندە کەللەی ئەژدەھاک (ئاشتیاک) کەدواپاشای مادبو و کوشتی و دواییش دەسەڵاتی دایە دەست فەرەیدون کە بێگانەیەکبو، یا بەواتایەکیتر، کارەکەی کاوە، بەخزمەتی بێگانە گەڕایەوە.
وەڵام لەدانیشتویەکەوە: تۆدرۆئەکەی، ئەم قسانە لەورگی خۆت دەرئەھێنی .کەی وایە ؟ بەڵگەت چیە؟
کەری دێز: من پیاوی درۆنیم و بەبێ بەلگەش قسە ناکەم:
بەڵگەی یەکەمم: جاشایەتی و دێزایەتی و ناپاکییە زۆرو زەبەندەکانی ناو لاپەڕە رەشەکانی مێژوی کوردستانە لە رابردودا ، وەک ناپاکیەکەی سۆفی عەبدوڵا کە بۆسەیەکی بۆشیخ عەبدولسەلام داناو رادەستی تورکەکانیکرد لەکاتیکدا کە ئەو سەرکردە دادپەروەرە لە ھەوڵی کوردستانیکی سەربەخۆدابو. وەک ئیبنولدینار کە لەژیرەوە لەگەل سولتانی عوسمانی ر ێکەوت و دەرگای قەڵای ئامەدی کردەوە بۆ لەشکری تورکی دژ بەکورد. وەک مەلای خەتێ کە فەتوای تەلاقکەوتنی دەرکرد بۆ ھەرکەسێ گوللە بەلەشکری موسولمانی تورکەوە بنێ و بەوە کۆتایی بە میرنشینی رەواندز ھێنا . وەک ئدریسی بەتلیسی کە میرنشینیە کوردیەکانی کردە پاشکۆی دەولەتی عوسمانی . وەک یەزدان شیر کە بوە ھۆی ئەوەی تورکەکان بتوانن پشت لە ھێزەکانی بەدرخان بگرن . وەک ئەو ھەمو جاش و موستەشارانە کە مشتیکن لەخەروارێ . ئێستاش ئەو دێزایەتی و جاشایەتییە، لە بەرگێکی تازەی جلخواریی نوێدا، درێژەی ھەیە.بۆنمونە: دو ساڵێک لەمەوبەر، ژمارەیەک لەئیوەی مرۆڤ ،وەک شاخێک چۆن ژانئەیگرێ و مشکیکی ئەبێ ،بەوجۆرە ژانگرتنی و بەیانیکی عیراکچیانەیان لێبەربوە خوارێ! کە ئەتوانم بلێم ئەو بەیانە جەختکردنەوەیە لەسەر ھەمان فەلسەفەی (دەولەوتی کوردی خەونی شاعیرانە ) ! باشە ئەگەر خەونی شاعیرانە ،بۆچی خاوەنی ئەو فەلسەفەیەو ئەم شاگردە تازانەی، سالانیکی زۆرو لەپیناوی دروشمی (یا کوردستان یا نەمان )دا ھەزارانیکیان لە ئیوەو لە ئیمەش بەکوشتدا !؟ ھەروەھا ئەو نیوە رۆشنبیرە تاریکبینانە کە ئەوە باری سەرنجیانە، بۆچی خۆیان بەتەواوی یەکلایی ناکەنەوەو وەک (بەیانە عەرەبی )ە کەیان، یەکی عەگالیکی عەرەبیش لەسەرناکەن !؟
بەڵگەی دوەم: ئەگەر دێزنەبوبێ، بۆچی دوای کوشتنی ئەژدەھاک و روخاندنی رژێمەکەی، کاوە خۆی دەسەڵاتی نەگرتە دەست و دەسەڵاتی بەکەسێک سپارد، کە ئەگەر ئەو کەسە بیگانەیەکیش نەبوبێ، بەپێی ھەندێ سەرچاوە، ئەوا کەسێک بوە ھیچ ئارەقێکی لەراپەرینەکەی کاوەدا نەرشتوە!؟.
بەڵگەی سێیەم: کوا، کەی کورد ئەوەندە زیرەکبوە، جارێک لە جاران، بە درێژایی مێژو،سەرکردەیەکی بێگانەی قڕکەری کوردی کوشتبێ!؟ یاپایتەختیکیانی ھەڵتەکاندبێ ؟ (مەگەر تەقینەوە جەوامێریەکانی ئەمدواییە) ئێوە وامەزانن ئێمە ھەر لەبەر ئەوەی ناومان بەکەرئەبەن، خۆشمان کەرین! نەخێر. ئێمە تا ئێستا زمانمان نەبوە قسەی پێبکەین تا ئەوەی لە ناخماندایە دەریبرین . بەڵام ئێستا بە ھۆی کارە سەرسوڕھێنەرەکانی کومپیوتەرەوە، ئەتوانین گوزارە لە ناخی خۆمان بکەین( چەپڵەیەکی بۆ لێدرا). ئیوەی مروڤ ئەچن نوکتە لەسەر ئیمەی گوێدریژ دروستئەکەن و ئەلێن : (لەباخچەی ئاژەلان ریوی نوکتەیەک ئەڵێ، گوایە کەر دوای ھەفتەیەک پێئەکەنێ !)واتا ئیمە دوای ھەفتەیەک لە شت ئەگەین! ئەیباشە ئەو زۆر رۆشنبیرە پیشکەوتنخوازە عیراکچیە چەپڕەوانە، بۆچی دوای ٩٦سال ھیشتا لەوە نەگەیشتون کە ئەو ئیراکەی ئەوان ئیراکچیتیی بۆ ئەکەن، دەسکردی ئەوئیمپریالیزمی ئنگلیزەیە کە لە ١٩١٧ەوە چەپی دنیا جوێنی پیئەدا !؟ ئیستە منیش ناھەقمە بڵیم ئێوە وەک ئەوەی نانی کونە ماسی ئەخواو پاسی جرتاوا ئەکا، نانی کوردستان ئەخۆن و پاسی ئیراک ئەکەن !؟ ئیتر بۆچی ھەر بە ئیمە ئەلین کەرە دێزە !؟ ئاخر ئەو قەڵەموەشێنانە چ خیروخۆشییەکیان لەو ئیراکە دیوە کە ٩٦سالە کوردستانی کردۆتە گۆمی خوێناو سەرباری تالانکردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەویمان!؟ ئەوە ئەگەر ئیمە شتێکیوامان بکردایە، نەتانئەوت چەن کەرن!؟یائەگەر ئیمە بۆ ریکخستنی ناوماڵی خۆمان ناکۆک و بۆریکخستنی ناومالی بێگانە کۆک بوینایە ، پێتان نەئەوتین کەر وانەبێ بۆچی چاکە !؟(چەپلەیەکی بۆلیدرا و قاقای پیکەنین تەویلەکەی پڕکرد).
کەری رەش: بە باوەری من، داستانی کاوە، سەرگروشتەیەکی دروستکراوو چیرۆکێکی خەیاڵییە. کەسێک، بەوە ویستۆیتی شانازی (مجد) ێکی درۆ بۆ کورد ھەڵبەستێت. ئاخر کابرایەکی ئاسنگەر، تەنیا بە درەفشێکی کاویان و چەکوشێکەوە، چۆن ئەتوانێ سەرکردەی وڵاتێک بکوژێ!؟.
ئەورەحمانی خامەی ئاسنگەرباشی سلێمانی، خۆی بۆ نەگیرا، ھەستایە سەرپێ و نەڕانی: ئێمەی ئاسنگەر بە بازوی پتەومان، ئاسن و پۆڵا ئەچەمێنینەوە! پژاندنی مێشکی ئەژدەھاکێک، ئەبێ چیبێ لە ئاستی چەکوشە زەبر وەشێنەکانمان!؟ ئێمە و کاوەی ئاسنگەری باپیرمان، نەجاشایەتیمانکردوە، نە پیاوی درۆو چیرۆکی خەیاڵیبوین .. ئا رێگەمبدەن با دەم ولمۆزی ئەو کەرانە بشکێنم و مێشکیان بپژێنم( چەپڵەیەکی بۆ لێدرا)و دەستیانگرت و دایانمرکاندەوە.
یەکیک ھەستاو ھاواریکرد : بژی ھیزی بازوی پتەوی جەماوەر ، با.. بژی ..با.. بژی .
کەری دێز و کەری رەش، بە گوێچکەکانیان ھەندێک ئیمێڵیان بەیەکتردا. کەری دێز دەستیکرد بە زەڕین. کەری رەشیش بۆ ترساندنی ھێرشێک نەبا بکرێتە سەریان، لەسەر شانۆکەوە دەستیکرد بەجوتەوەشاندن. کەربازارەکە شێوا . خەڵکەکە بون بە ناوبژیکەرو دوای ھەولیکی زۆر، ھەردو لایەنیان ھێورکردەوە و کەربازاڕەکە چوەوە دۆخی ئاسایی خۆی و کەری رەش دریژەی بە وتارەکەیدا : - من نازانم ئەم خاڵەیە بۆچی بەوجۆرە ویستی ھیرشمان بکاتە سەر؟ سوپاس بۆ ئیوە کە نەتانھیشت سەری ئیمەش بکا بە سەری ئەژدەھاک . یا ئێمەش بە مەرەی ئەو گەنجانە بچین کە لەسەر بیروباوەڕیان ناکاوکوژ کران و ئەکرێن !! مەگەر ئیمە مافی دەربڕنی بیرورای خۆماننیە !؟ ئەی ئەگەر وایە، ئەو لافی( دیموکراتی )ە چیە ئێوەی مرۆڤ ھەمیشە خۆتانی پێوەبائەدەن!؟ ئاخر ئێمە کەم خزمەتمانکردون ، بۆچی لەپاداشتدا پێمانئەلێن کەر!؟ ئیمە ناومان گوێدریژە، تکایە ئیتر ئێوەی گوێ کورت پێمانمەڵێن کەر!! سوپاس بۆ کۆمپانیاکانی رۆژئاوا کە لۆریی تانکەرهەڵگری گواستنەوەی نەوتیان دروستکردوە ،ئەگینا ئیستا ھەرچی نەوتی قاچاغ ھەیە بەکۆلی ئێمە ئاودیو ئەکرا وەک چۆن لەکاتی راپەریندا ئەو ھەمو تالانیانەتان بەکۆڵی ئیمە ئاودیوکرد !!(چەپلەیەکی بۆلیدرا).
کەری سپی: رای من سەبارەت داستانەکەی کاوە، پێچەوانەی قسەکان و بەڵگەکانی کەری دێز و کەری رەشە. بەراوردکردنی کەسێک بە کەسانێکیکە، نابێ بەبەڵگەی یاسایی بەسەر ئەو کەسەوە. راستە ناپاکی و دێزایەتی و جاشایەتی لەناو کوردو نەتەوەکانیتریش بوە، بەڵام لاپەڕە سپییەکانی مێژوی کورد، پڕن لە داستانی قارەمانێتی و نیشتمانپەروەری و کوردایەتی. ئێمەش لە شۆرشەکاندا بەشداریمانکردوە و ئاوەڵ و بارھەڵگری پێشمەرگە بوین و ھەزاران شەھیدمانداوە. کاوە، سەرکردەیەکی ستەمکاری کوشتوە کورد بوبێ یا بێگانە،. رووداوەکەش ئەوەندە دێریننیە، بەبەڵگەی ئەوەی باس لەوە دەکات کە کاوە ئاسنگەربوە. واتا روداوەکە لەسەردەمی پیشەسازیدابوە. ئەو سەردەمەش زۆر کۆننیە. ناگاتە سەردەمی ئاشتیاک. بەپێی هەندێ سەرچاوە، پێش ئاشتیاک و پێش زایینیش بە 4700 ساڵ، نەورۆز هەر جەژنبوە. منیش پشتگیریی قسەکانی خاڵە ئەورەحمان ئەکەم. کورد تا ئێستا نەیزانیوە شانازیی درۆ بۆ خۆی ھەڵبەستێ، بەپێچەوانەی دراوسێکانییەوە کە چەندین شانازیی درۆیان بۆ خۆیان خنیوەتە مێژوە خەیاڵییەکانیانەوە.کورد ئەگەر ئەو درۆزنیەی بزانیایە، ھەڵبەت چەند شانازییەکیکەی درۆی بۆخۆی ئەھۆنیەوە. نەک ھەرئەوە،بەلکو کورد ھەر نەیزانیوە، یا بواری نەدراوەتێ، مێژوە راستییەکەی خۆیشی بنوسێتەوە. بە زۆری گەشتیارە بێگانەکان بەئارەزوی خۆیان مێژوی کوردیان نوسیوەتەوە.ھیچ بێگانەیەکیش ئەو خێرە بە کورد ناکا کە شانازیی درۆی بۆ ھەڵبەستێ.بەپیچەوانەوە نووسەریکی وەک(کارڵ مای ) بەبیئەوەی کوردو کوردستانی دیبێ ، کوردی وەک دڕندەو پیاوخۆر بەجیھان ناساندوە! مێژونوسە ئەرەبەکان، بەتایبەتی مەسعودی، وتویانە (کورد نەوەی جنۆکەیە)..ئەوەی کاوە سەری پانکردەوە ، بێگانەیەک بوبێ نەیار ، یا کوردێکی کوردکوژەی ستەمکار، لەھەردو بارەکەدا، سێ خاڵی ھاوبەش بۆ جەوامێری و لەخۆبوردویی و ھۆشیاریی کاوە ھەیە:
یەکەم: راپەڕیوێکبوە.
دوەم: ستەمکارێکی کوشتوە.
سییەم: خۆی دەسەڵاتی نەگرتە دەست، کە بایەخی ئەم خاڵەیان، لە دو خاڵەکەیکە کەمترنیە.
بابزانین چۆن: کاوە ئەیتوانی دەسەڵات بگرێتە دەست. بەڵام لەو سەردەمی نەزانینەدا، ئەو ئەوەی ئەزانی کە لە ھونەری بەڕێوەبردنی دەسەڵات نازانێ. بۆیە دەسەڵاتی دایە دەست لێزان. ئەگەر کاوە ئەو ھەڵەیەی بکردایەو خۆی دەسەڵاتی بگرتایەتە دەست و لێزانەکانی پەراوێزکردایە، ئەوا کوردستانی ئەوساش وەک ئیستا ئەبوو بە گەندەڵستان!(چەپلەیک) بەوەش کارەکەی کاوە لەکاری ئەو زیندانیە کوردانە ئەچو کە لە ٩/٤/٢٠٠٣دا بەشداربون لە روخاندنی زیندانە گەورەکەی ئیراقدا، کەچی لەماوەی ٢٥سالی ئازادیدا، لەلایەک کەوتنە شەرو کوشتنی یەکدی، لەلایەکی تریشەوە کەوتنە گرتنی دامێنی پاسەوانانی زیندانەکە، بۆ دروستکردنەوەی زیندانێکیکەی لەو جۆرەو دوایی بەپێی خۆیان چونەوە ناوی و ئەگەر کار وابڕواو ھەرچی زوترە سەربەخۆیی کوردستان رانەگەینن ، ئەوا رۆژێک دێ وەک مەڕی قوربانی، یەکلەدوای یەک چاوەڕوان، بۆ چەقۆی قەساب! بەخۆشیاندەڵێن سیاسەتکار و لێزانی نایاب! (قاقای پێکەنین و چەپڵە، تەویلەکەی پڕکرد).
مچکۆی ھەولێریی قسەخۆش، ھەستایە سەرپێ و وتی: لۆ پێدەکەنن؟ ئەدی کەر لۆ بارنەبێ، لۆ غار دەبێ!؟ (کەرەکان ھەڵسڵەمینەوەو بە قسەکە گرژبون و دەستیانکرد بەپڕمەپڕم و چاوسورکردنەوە لە مچکۆ !)
وتەگۆی کەربازاڕەکە، وتی: بەڕێزان: ئێستا کاتی وچانێکە بۆ ماوەی پازدەخولەک.، (لەو ماوەیەدا، ئالیکێکی چاک، خرایە سەرخوان و ماشێنرایەوە !)... ئنجا وتەگۆ وتی: بەشی دوەمی کەربازاڕەکەمان، بەچەند ھۆنراوەیەک، ئەڕازێنینەوە. سەرەتا ھاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کەری بێ ماف و ستەملێکراو، بەم ھۆنراوەیە پیشانئەدەین:
لەوکاتەوە ئاسۆی ژیان، داویە مژدەی رۆژ و شەفەق
دو ھێز لەجەنگ و زۆراندان، ھێزی ھەق و ھێزی ناھەق
بەرئەنجامی ئەم راستییە، پەندێکە باباش تێیبگەین
ھەق مافێکە بەدەسنایەت، بەزۆر نەبێ و بەنووکی شەق
ھەقی بێ شەق، تاوانێکە، سەری لەپێناودا ئەچێ
یا ھیچ نەبێ لەلای ھەندێ، ھەق تاڵیەو ھەق قسەی رەق
کۆشکێکی بەرزیان دروستکرد بەکۆڵی کەری بەسەزمان
تەواوبو، پاداشتی چاکە، درا بەشێرێکی چاوزەق
لەدەروازەی ئەو کۆشکەدا، پەیکەری شێرێکیان دانا!
وەک شەھیدێ، فەیلەسوفێ، دانایەکی قسەنەستەق!
کەری سەرشۆڕی سەلامەت،لەم پەندی رەنجوئەنجامە
گۆییئەلەقان،خۆیئەگەوزان،زەڕەی گریان،چاوی ئەبڵەق
نەکەسێ بو، نەدەزگایەک، نەکۆمەڵێ، نەیاسایەک
نەزەمیرێ، خاوەن بیرێ، دادی پرسێ بۆ رەوای ھەق
چەپلەیەک بۆ ھۆنراوکە . کەرەکانیش، خوڕخوڕ فرمێسک بەچاویاندا ھاتەخوارێ.
شێخ رەزای ھۆنیاری رەوانبێژی کەرکوکی ھەڵیدایە و وتی:
مادام کۆڕەکە بو بەحەیشی نێرەکـــــەر
منیش مەترەقم بە بنکی ژێری کەمەر:
ئەوەی دارگوێز و خورما ئەکاتە ئـــــاوەڵ
گوێز داری پتەوە، خورما داری گەنـــدەڵ
ئەولادی ئەم عەسرەی بە ئیراک شانازن
حاشا نەوەی کەرنین،ئەوانە پــــــــــوازن
دەست و پینوسەکانیان ژەھر ئەڕێژن
کوردن و ئەچن کوردایەتی ئەنێژن !
(چەپلەیەک) بۆ شیخ رەزا .
بەھدوڕی راڤینیی بادینانی قسەخۆش وتی: ئەز دەبێژم گوێدرێژ گەلەک ھێژایە. مەخابن بەخائینان دەبێژن جەحشەکەر !.
کەرەکان سەیرێکی یەکیانکردو سەری رەزامەندیان بۆ ھۆنراوەکەو قسەکان لەقاندو بەگوێچکەکانیان چەپڵەیەکیان بۆ شێخ رەزاو بەھدوڕ لێدا.
پیرەمێردی ھۆنیاری گەورەی سلیمانی، ھەستایە سەرپێ و لەبارەی پلەدارە کوردەکانەوە لە بەغدادی دوای 2003 ، وتی :
ئەوانە دیسان وەفدێکی کوردســــــــتانن
لێرە دژیەک و لەوێ ناوبژیـــــــــــــــــوانن
ئەوانەی چوون، نەگەڕێنەوە، ئەمــــــــجارە
چارەنوسیان وەک پاداشتەکەی سنــمارە
خویەکی خراپە، توشیبون بە شــیری
ئێستاکە ناتوانن تەرکیدەن بە پـــیری!؟
لێیانگەڕێن ئەوانە دەستیان لێبشــــــۆن
بانەوەی نوێ خەمی ئەم دەڤەرە بخــۆن.
چەپڵە رێزان، بو بەشاییلۆغان. ھەڵپەڕکێی رەشبەڵەکی مرۆڤ و کەر دەستیپێکرد. ئنجا سرودی ( ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە) بەدەنگی ھەمو ئامادەبوانی تەویلەکەو کەرەکان، جۆش و خرۆشێکی زیاتریدا بەکەربازارەکە:
ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە، ئیراکە، ھاتــــــــــــــــەوە
کۆستێکی کۆنی کوردە، چڕوچاوی خواتــــــــــەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێپەستبو تاکو پار
ئەمساڵ پشیلەمان لە ھەڵۆ کرد بە گورگی ھـــــــار
ئەو رەنگە سورەبو کەلە ئاسۆی بڵندی کـــــورد
لاوانی، دژ بە گەندەڵیی، بۆ لای مەرگ ئەبــــــــــــرد
ئیراکبو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگــــــــــــــەوە
ئەنفال بەئەشق ئەچو بە بەرەوپیری مەرگـــــەوە
وا رۆژھەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتــــــــــــــــەوە
کابرا خەریکە تازە بە شومان بداتـــــــــــــــــەوە
تا ئێستە رووی نەداوە لە مێژوی کەراوکـــــــــەرا
باوان شەھید بەخوێنڕژە بێژی پەناوبــــــــــــــــرا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گریـــــــن
وا ئێمە ئێستە لەجێی ئەوانیش پڕاوپڕیــــــــــــن.
بەو جۆرەو بەپێکەنین و زەڕین و چەپڵەرێزان، کەربازارەکە، نزیک بەکۆتایی ھات.
وەسمانی هەمە نادر: بەڕێزان، بەداخەوە نەورۆزی ئەمساڵمان لەبارودۆخێکی قەیراناویی دارایی و سیاسیی خراپدا ئەکەین. بەباوەڕی من، هۆکاری ئەو قەیرانانە ئەگەڕێتەوە بۆ بونی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی بەهەمو جۆرەکانییەوە!! ئاخر نەتەوەیەکی دیل و ژێردەستەی وەک ئێمە، ئەم هەمو حیزب و کۆمپانیای حیزب و بارەگاو تەلەفیزیۆن و رادیۆو رۆژنامەو چیوچییەیان بۆچیە کەئەوە 25 ساڵە سامانی نەتەوە تاڵان ئەکەن و پولێکیان لەبنی دەغیلەکەدا نەهێشتۆتەوە بۆ رۆژێکی رەشی وەک ئەمڕۆ، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی مەلاکانیش لەپێناوی گوایە خواداو راستییەکەی بۆ هەریسەکە، خۆیان فڕێدایە زەلکاوی حیزبایەتییەوە!! ئاخر خوا حیزبی بۆچیە!؟ لەبەرئەوە من لەم سەکۆیەوە رایئەگەیەنم : حیزبەکەم (پارتی کەران) هەڵئەوەشێنمەوەو واز لەحیزبایەتی ئەهێنم و کاروباری تەویلەکان ئەدەمە دەس ژمارەیەک گوێدرێژی تەکنۆکرات.
کەری دێز: نەخێر ئێمە وازناهێنین و تەکەتولێکی جیاواز بۆخۆمان دروستئەکەین و بەشە بوجەو بەشە تاڵانیی خۆمان هەرئەوێ! خوایئەکرد هەمو وڵاتمان بەخۆمانەوە ئەسوتان! ئەوەش نەبێ، ئەبین بە ئۆپۆزسیۆن، ئەی دێز مانایچی!؟
کەری رەش: وڵات بەبێ حیزب چۆن ئەبرێبەڕێوە!؟
کەری سپی: وڵات بەیەک سەرکردەی کەڵەمرۆڤ (کارێزما)ی نیشتمانیی پاک و یەک لەشکری فەرمیی پێشمەرگەو چەن کەسێکی پیشەگەر (تەکنۆکرات) وەک گوڵ ئەبرێ بەڕێوە. ئاخ بۆ ئەتا کوردێک!
بۆ وەرگرتنی رای ئامادەبوان، راپرسییەک کرا. ئەنجام بەمجۆرەبو :
لایەنگرانی کەری دێز: 1%
لایەنگرانی کەری رەش: 9%
لایەنگرانی کەری سپی: 90%
منیش هاتمەوەو هیچیان نەدامێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست