جەنگ
Thursday, 17/03/2016, 1:31
بڕواناکەم خەیاڵەکان هێندە دور ڕۆشتبێتن
سواری ئەسپێکی سپی بووی وەک چیرۆکەکان
پیاوێکی کەنەفتی نابینا لەشەقامێکدا بەکەمانچە
مێژووی دەرۆزەکەر دەنوسێتەوە
ئەو مۆسیقا بۆ پێش جەنگ و
دوای جەنگ لێدەدات
،،،،،،،،
زەردەخەنە لەجەنگدا هونەرە
هەموو چاوەڕوانین دار ئاسایەک بخوڵقێت
ئێمە رادەکەین لەمردن
لەم جەنگەدا
کات چۆن دەڕوات ، بابڕوات ...!
ڕۆژگارێک دێت لەبرسا دیوار دەخۆین
هێندە چاوەڕێمان کرد ، ڕواین و
لەدارێکی بێبەر دەچین
مەحکوم بووین بەتەنهایی
ببورە ئازیزم
ئێوە لە بنەڕەتەوە دۆڕان
باپێت بلێم ئازیزم
گەردڵت لاوازە ، سەیری تەرمەکان مەکەن
ئەوان ئاواتیان بوو دوامەنزلیان ،باخچەی عەدەم بێت
پیاوان حەزیان لەپرسیار نی یە
پیاوان وادەزانن سەربەستیان زەوتدەکرێت
پیاوان ڕوداوەکانیان لەجەنگیشدا
بەنهێنێ دەهێڵنەوە
پیاوان لەگوناحی نەبەخشراو دەچین
پیاوان
،،،،،،،
لەجەنگدا
داوای یارمەتی لەناپاکان دەکەین
جەنگ دڵی پیرکرین
جەنگ هەموومانی گۆڕیوە
چەند ڕقم لەم جەنگە نەفرەتیەیە
ئەم جەنگە ئێمە هەڵمان نەبژاردوە
چەند ڕۆژە تەرم لەکۆڵەکاندا کۆدەکەینەوە
تەرمەکان لەفریشتە دەچوون ، پڕبوون لەژیان
ئیتر ئێمە کۆتایمان پێهات
زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت وەک قارەمانی نیشتمانی
پێشوازیان لێبکرێت
لەدوایی جەنگ
دەڵێم: هەرکەسێک وێنەیەکی بەتفەنگەوەگرت
نابێتە قارەمانی ڕووداوەکان ، دڵنیابن
کەجەنگەکە کۆتای هات
باشترە یەکێک هەبێت بۆی بژیت
کێ دەڵێ ژیان دادپەروەری یە ؟
گوێتان لەلاوانەوەی ئاسمان نی یە ..
،،،،،،،
ئازیزم
زۆر گۆڕاون.... بەئاستەم دەتان ناسمەوە
بەهۆی ئەم جەنگەوە نەبوایە
متمانەم بەخەڵک دەکرد
لای زۆرکەس بێدەنگی وەک ئاڵتون وایە
دودڵی باجی خۆی هەیە
ئەم نیگەرانی یە ئێمە دەکوژێت
ئێمە لەهەنگاوەکانمان دەترسین
لەم گەڕەکە داخراوانەدا
تۆ بڵی جارێکی تر
لەستارەی سەربانەوە
لەخۆر بڕوانم کەئاوادەبێت ....؟
گوێم هەڵخەم بۆ دوا جریوەی چۆلەکەو
توڕەبونی پشیلە چاوشینەکە
کە ئۆقرەناگرێت لەهیچ جێیەک
ئای لەچیرۆکی جەنگ چەند تۆقێنەرە
هاکە بڕیارمان دا دەستبکەین بەخواردنی
لاشەی هاوڕێکانمان
،،،،،،،،
لەجەنگدا
مرۆڤ دەزانێت چی لەئاوەڕۆکاندا دەگوزەرێت
یەکەم هەنگاو، ناوی دوژمنەکەتە بیزانیت
ئێمە ... بەرامبەر بەیەک لەمەتەرێزداین
کەسمان ناوی یەکتر نازانین
مەلایەکی شەڕەڕانگێز گیرفانی تەرمەکان دەگەڕێت
شکست بەشێکە لەژیان
لەم قەڵا نەفرەتیەدا
چیرۆکی سیخوڕەکە جێی بڕوای هەموان نەبوو
تۆ بەردەوام پڕی لە نیگەرانی و سکاڵا
ئەم شوێنە وەک خەون وایە
هەوڵ مەدە قارەمانێتی خۆت تاقیبکەیتەوە
خۆزگە
گوناحی هەمووکەس ئاوا دڵپاکانە بوایە
وەک ئەو تەرمەی بەردەمان
تەنها بەسەرە تاتکێ گیانی بەخشیە جەنگ
دووڕۆژە ، گولە ڕێگەنادات بیکەن بەژێر خاکەوە
ئەم جەنگە ڕێگەیەکی گەمژانەی بینی بەخۆیەوە
ئێوە ئەتان ووت: جەنگی ئێمە دژی منداڵ نی یە
بۆردومانەکانتان هەزاران منداڵی کوشتین
،،،،،،،
بڕواناکەم خەیاڵەکان هێندە دور ڕۆشتبێت
تانەگەین پێی
ڕاکردن بەدوایی درۆکاندا
هەسانەوەی چەقۆکان و
ڕۆشتن لەگەڵ بادا پێیووتین
ئێمە سەرگوشتەیەکی جیاوازین
مردن قسە بۆ پیاو جێناهێڵێت
ئێمە چیمان بەسەر دێت ...؟
لێرە نغرۆ دەبین
هیچ کۆترێکی نامە بەر لێرە نی یە
تاهەواڵی نغرۆ بونمان بگەیەنێت
بەودیوسنور
هەموو ئەو چیرۆکە خراپانەی بیستوتانە لەم جەنگەدا
بوونی هەبوو
پێش بینی تەمەنێکی درێژ بۆ کەسمان ناکەم
دەیڵێمەوە
ئێمە سەرگورشتەیەکی جیاوازین
دەمانویست تێبگەین لەڕووداوەکان
هیچ شتێک لەم ژیانەدا چاوەڕێمان نی یە
ئێوە ئەوجەنگە دەدۆڕێنن
شایەنی ئەوەن بدۆڕێن
ئەوان هەوڵیان دا قارەمانێتی بنوێنن
تیژی کێردەکانیان، بەبڕینی مەکی کچان و سەری پیاوانمان
تاقی دەکردەوە
چیرۆکەکەی ئێمەش تا ئێرەبوو
ئێمە بەیەکەوە بەڕێکەوتین
بەیەکەوە لەژێر باراندا تەربووین
هۆنراوەکانمان بۆ مەرگ و خەم دەهۆنێوە
چ هەیەجانێکە ...؟
تۆیەکەم کەس نیت کە لەجەنگدا خۆشەویستەکانت لەدەستدابێت
ڕاوکردنی ناپاکەکان کۆتایی نایەت
ئیتر فرمێسک بەس بڕێژە
،،،،،،،
جەنگ هەموومانی نائومێدکرد
ئەتوانم ببینم چۆن تێک شکاوین
دوای کۆچی تۆ، هەمووشتێک بێتام بوە
گورگی سپی ، پێویستە
چیرۆکی خۆمان بۆ یەکێکی تر باسبکەین
لە دوای جەنگ
ئەگەر بەزیندووی ماینەوە
،،،،،،،
لێرە بێدەنگی حاکمە
شوراکان ساردن
جەنگ هەمووشتێکی خاپورکرد
کەچی ئێوە هەمیشە شانازی بەخۆتانەوەدەکەن
هیچ شتێک لەئێوەدا نەگۆراوە
ئێوە غەرق بوون لە ناپاکیدا
لەکوسی دەسەڵات نایەنەخوارەوە
نەفرەتان لێبێت
باپێکێک بۆ مەینەتیمان
بنۆشین
لەسرکەی گەڕاوەی ناو کوپەشینەکەی داپیرەمان
جیهانەکەمان خەریکە هەرەس دەهێنێت
دەشزانین
ڕووباری قوڵ بەبێدەنگی دەڕوات
،،،،،،،،،،،،
ئیتر بەس بڵێ من بەس...!
ئەمە جەنگە ئێمە هەموومان شەڕدەکەین
ژیان ئەوەندە دادپەروەر نی یە
هەموومان دەزانین
بازرگانەکانی جەنگ
هاڕاوی داریان تێکەڵی نانەکانمان دەکرد
ئێمەیان تاڵان کرد ، مایەپوچیان کردین
لەدوایی دا
بێدەنگی پاش لافا وەکە هات و
ترساین لەتاریکیدا بخنکێین
یاریتان بەبەختمان دەکرد
ئێوە بوون
پاسەوانی ناموس و
چاوتان نوقاند
لە ترسانی ئاسکێکی بریندار
لەتۆقینی ڕۆژێکی شار
لەدانیشتنی لاوازێک، سیما شیرینی
بەردەم گۆڕە بچوکەکان
لەوێ لەگۆڕستانەکان
تەرمەکان بەهێواشی شیدەبنەوە
هیچ شتێک من بەئێرەوە نابەستێتەوە
ئەمە جیهانی من نی یە
پیرێژێک بەچاوی پڕفرمێسکەوە دەیوت
بۆ دواجار....خوا نزاکەی قبوڵکردم
خوایارمەتی دام دڵنیابووم ئیتر ئازیزانم
خاوەنی گۆڕێکن
بائیترلێیان گەڕێین
گوناهبارێک سزابدەین
پێچەوانەی یاساکانی بودایە ، بودا
،،،،،،،،
هێندە گریاین بۆکەسە لەدەستچوەکانمان
لەشمان وەک زەوی تینوو ووشک بۆتەوە
ئیتر
ئەمە سروشتی شۆڕشە
کەسێک بیەوێت دنیا بگۆڕێت
نابێت تەنها بیر لەخۆی بکاتەوە
ئێمە لەمەتەرێزەکە بەتەنیشتی یەکەوەبووین
بەدرێژای شەو گۆرانیمان دەووت
ئارەزووم بوو لەو بەر مێژووەوە بینەر بومایە
مرۆڤ تا کەمتر بزانێت ئاسودەتر دەبێت
خۆزگە بەشێتەکان و نابیناکان دەخوازین
لەم جەنگەدا
لەناشتنی تەرمەکانیشدا ناوی ساختە بەکاردێنین
بەپەرەی کتێبی پیرۆز شۆربایەک چاکدەکەین
ئیتر پشت بەبەخت نابەستین
باخۆمان لەشکست لادەین
تانجی خانەدانە گەندەڵەکان
،،،،،،،،،
پەیدابونی خەونێکی نوێ
سەفەر بۆکیشۆرێکی نادیار
بەدەمانچەکەی باوکێک
کچێکی خوێن گەرمی زەیتونی
خانـمێکی پرچ پەشۆکاو، لەخوێن گەوزاو
مرۆڤێکی ڕەدووکەوتووی
پێش قەرەوڵ
لەباخچەی دایکدا کەوتوو
شار خرۆشا بەم هەواڵە
کەچی
خەڵک بەچاویان تێستی سکپریان بۆکرد
کاتێک لەلاشە ساردبوەکەیان دەڕوانی
حیکایەتی سەمەرەیان دەهۆنێوە
بەتەنها لەچەند چرکەیەکدا
سەرڤێروس *
سەگە سێ سەرەکەی ناو ئەفسانەی یۆنانێکان
پاسەوانی بەرقاپی خوا لەوێ نەبوو
باوکێک کچەکەی خۆی کوشت
کچەکە لەپێناوی شەرەفی جەنگدا ، ڕۆحی کێشرا
ئەو خەریک بوو نانی بەمراوێکان دەدا
لەباخچەکە
کەخەڵتانی خوێنی کرد پاوکە نابوتەکە
،،،،،،،،،،
گرنگ نی یە ، ئێمە چەند فرمێسک دەڕێژین ؟
ترسان لەئەجەل ،هیچ سودێکی نی یە
لەچاوەڕوانی گۆدۆدا ژیان دەکەین
گوێگرتن لەدەنگی دڵمان
وەك شوێن کەوتوانی ئاینی "ڤۆدۆ"
ئاینێکی پڕلەجوڵە
ئاینێکی لەخوێن هەڵکێشراو
ژیان دەکەین
هەلێک هەبوو سەفەرێکی دۆزەخمان کرد
لەم جەنگەدا
،،،،،،،
ژیان لەجەستەیەکی بێگیاندا کارەساتە
لەکۆتایدا ئەژنۆی شەیتانتان شکاند
دەبێ دەستی ئەو ژیانە بنوشتێنینەوە
کەئاوا خەیاڵەکانمان تێک دەشکێنێت
ئێوە لەبەرەی دۆڕاوەکانن
لەجەنگدا کەس براوەنی یە
کەسمان نازانین قوربانێکان کێن... ؟
ئەوان وەسێت نامەیان لەبەرکدا نی یە
،،،،،،،،،،،
لەچاوەکانتا یادەوەرێکان بوون بەفرمێسک
بۆ ووشە نوێیەکان چارۆکە هەڵدەدەین
بەبەر چاومانەوە باڵندە کان فڕین
خۆدەتزانی
هەرکەسێ لەچاو وون بوو لەدڵدا نامێنێت ؟
،،،،،،،،،
نزایەکی سادە
لەبەردەم پەنجەرەیکدا ڕوو لەئاسمان
ئەو نازانێ سەما لەگەڵ کێدا دەکات؟
لەم سەردەمەی ئێمەی تێدا دەژین
تەنهایی بەخشندەیە
ژیان بەجێدێڵین بۆ کات
چاوی خۆڵەمێشی کچە کوژراوەکە
دەیزانی
ئێمە بۆ بردنەوە لەدایک بووین
،،،،،،،،،،
بارانی پیرۆز بەرلەبارینت
پەڕەی ڕۆژنامەکان دەکەین بەفڕۆکە
بۆناردنی هەواڵەکان
حاڵمان دەبێ بەدوکەڵ و
جەستەمان لێرەیە
بەڵام خەیاڵ بۆجێگەیەکی تر لەسەفەردایە
جێگەیەک دور لەجەنگ و دەنگی تەقینەوە
ئێمە ووتمان و هیوامان وابوو
هەموو شتێک لەکۆتایدا باش دەبێت
دوا بونەوەری جەنگ
پێکەنی پێمان
،،،،،،
لەجەنگدا
وەکو یەکە سنوری نێوان مردن و ژیان
بەسەیرکردنی ڕابردوو
پیشبینی داهاتووناکەین
دۆزینەوەی تەرمێک لەتاریکدا دەیجورنی یە
باوەڕم بەقەدەر هەیە
لەمردن ناترسم، کەچی
مەرگەکان لەدوای یەکتر دێن
بەختەوەر ئەوەیە ببیتە خاوەنی گۆڕێک
کێلێک کە ناسنامەکەت وون نەکات
ئەم هەموو تەمەنەمان لەم شارە بەسەربرد
ئەم ڕۆژگارە هەمووکەس دەکاتە درۆزن
لەبەر ژاوەژاو گوێم لەدەنگی دڵم نی یە
بابزانین ژیان بۆکوێمان دەبات؟
ڕۆژە ڕەشەکان چاوەڕوانمانن
لەم جەنگەدا
،،،،،،
چ خەسارەتێکە پیاو ، کەدەبینێت
لەچاوەکانتا بێچارەی هەیە
باهەمووشتێک بۆ ڕابردوو بەجێبهێڵین
کاتە لەدەستچوەکانم زۆر لەدەست چوون
من پیاوی ناو ئەشکەوتم
کاتێ مەرگ لەدەرگا دەدات
چەند کاری تەواو نەبوو جێدهێڵم
گەورەترین کێشەی من ڕاهاتنە
کەڕۆیشم ڕانەهاتبووم
ئێستا کەدەگەڕێمەوە
ڕانایەم
ئای لەم جەنگە نەفرەتی یە
،،،،،،،
لەناو دەستەکانمدا، مێژوویەک هەیە
ئەو ژنەی لەژیانی خۆمم خۆشتر دەوێیت
گەر دەتەوێت بەدەست بەتاڵی نەگەڕێتەوە
بەدەست بەتاڵی مەڕۆ
چەند بۆ سەرکەشی بژی
ئەوەندە زیاتر ژیان دەکەیت
ئازیزەکەم ئەوەندەی خۆتت خۆش دەوێت
خۆشم دەوێیت
،،،،،،،
ژیان زۆر بێبەزەی یە
تۆ دەتزانی...؟
کەشتیە نوقمبۆکە ،مرواریە چڵکنەکانی پێبوو
کات زوو بۆئەوکەسانە تێدەپەڕێت
کەلەدورەوە ژیان دەکەن
مردن هەندێک جار لەپشتی شانسی بچوکەوە
خۆی حەشار دەدات
لەجەنگدا
،،،،،
دنیا تابێت گەورەتر دەبێت
دووپیاو تابوتێکیان پێ یە
دنیای دەرەوە چەند فراوان بێت
من خۆم شاردۆتەوە لەتاریکی ژیاندا
ئێمەناتوانین ئازاری کەس کەم کەینەوە
بەڵام ئێمە لەگەورە بووندا
چیرۆکەکانمان لەدەست دەدەین
ئێمە ئەو مرۆڤانەش دەناسین کە
لەپەنجەرەوە هامشۆدەکەن
بێدەسەڵاتەکان دەبینین ،چۆن
ووڵاتەکەمان دەپارێزن
ئێوەش
لەسەرمێزی قومارو شەهوەت
دەیدۆڕێنن
کرمە قێزەونەکانی ووڵات
ئێوە وەک دڕندە ڕاوەدوودەنرێن
درەنگ یان زوو
لەدوایی جەنگ
،،،،،،،،
تێگەیشتن لەنرخی هەر چرکەیەک کەتێدەپەڕێت
ئاسان نییە
لەناو حەزەکانم ،لەناو خەیاڵەکانم
هەمووی تۆی تێدایە
ئای بۆ چەقۆیەک ئازارەکانمان ببڕێت و
ئیتر هەواڵی خیانەت نەبیستم
لەدەمی کەسەوە
،،،،،،
ئێمە ئێستا چەندە تەنهاین؟
تاکۆتای ژیان ، ڕێگە هەر جەهەندەمە
بینایمان لەدەست دەدەین ،نەک یادەوەرێکانمان
لەهەرکویەک دەست پێدەکەمەوە
باکم نی یە
گرنگە لام لەگەڵ کێدا هاو سەفەرم ...!
لەم جەنگە نەفرەتیەدا
،،،،،،،
ئەمڕۆ دەیجورێک ڕوویدا
ئێمە هەردووکمان یەک خەونمان هەیە
خانمەکەم
ماچی وێنەی سوار چاکەکەت بکە شەرمی ناوێت
یاسای ژیان جودایە
تیشکی خۆر ناخی مرۆڤەکان گەرم دەکاتەوە
حیجاب مانیفێستی جیهادێکانە کەبەزۆر
دووقاچ دەخەنە پێڵاوێکەوە و
خوا دەکەنە جەلاد
ژنە ڕەشپۆشەکانی
گوندیەکی تەپوتۆزاوی
هەر دێون و دەچین
دەڵێ دوپشک پێوەی داون
لەناو
دارستانێکی باراناویدا
نازانم ئەم بێدەنگیە چی یە ،
تۆ بڵێ جەنگ کۆتایی هاتبێت ...؟
،،،،،،،،،
ئەم حیکایەتە لێرە کۆتای نایەت
نوێژی مردوو بۆزیندۆکان دادەبەستین
کۆنتڕۆڵی دل و چەکمان بۆناکرێت
بۆنی خوێن دەچی بەلوتماندا
دایکان دەبێ بگرین
بۆ مێرد ، بۆ منداڵەکانیان
ئەو دایکانەی کەتفەنگیشیان هەڵگرتوە
ئەوان مەحکومن بەگریان
لەم جەنگەدا
،،،،،،،،،،
گولەیەک لاشەیەکی لەگەڵ خۆیدابرد
ئێوە یاریتان بەسەروەری ئێمەکرد
لەترسی گیانی خۆتان بەڕێگەیەکی هەڵەدا ڕۆیشتن
من عاشقی ئازادیم
لێدانی دڵم ڕاستە
شەڕ خۆشی ژیانە و پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەین
شازادەکانی مۆناکۆ
بەلەدەستدانی ئێوە قیامەت هەڵدەسێنێت
قیامەت
مانەوەتان لەهاتنتان قورسترە
لەجەنگدا
،،،،،،
چەند شەپۆلێکی توڕە پەکی خستین
دواجار ئەوان و ئێمە دۆڕاین
ئێستا زۆرتەنهاین
هەمووگوڵەکان لەیەک کاتدا هەڵوەرین
ئێمە مردنیشمان تێپەڕاند
من ناتوانم شاهیدی کات بکەم ، گرنگی بەهەشت و
مرۆڤێکی گەڕاوە لەجەهەندەم
وەک و یەکە
لەم جەنگدا
،،،،،،
وەک شێت بەرەنگاری دنیا دەبینەوە
لەباران ڕادەکەین و خۆمان بەلافاو دەسپێرین
ووڵات خۆشبێت
ئەگەر بڕۆی ئەم دنیایە تامی نامێنێ لام
بۆنی بەڵادەکەم
کچە ئاسکەکانم
کوبانی ئیتر غەمگین نی یە
خەندەی سەرلێوەکانتان ،سەماکانتان
جەنگی جوانکرد و
نەفرەتی جەنگی نەهێشت
ژنەکان و کچەکانی ووڵات دەڵێی
دڵۆپی ئاون
دەڵێ بەفری تازە باریون
لەهەتوانێک دەچن بۆ ساڕێژی برینەکانمان
ئای چەندمان خۆش دەوێن ..؟
نمایندەکانی ئازادی
گوڵەحاجیلەکان
،،،،،،
لەدەرەوە لەسەر شەقامەکان مردن و
لەناوەوە بۆنی مردوومان گرتوە
پیاوەکانمان بەزاند
کە لەتوکدا ڕوخساریان دیار نەبوو
جوانترین ساڵی تەمەنم لێرە بەسەر برد
ئەگەر تێگەیشتبم بەجیهادیەک بم
ئەوەی بۆخاتری حۆرێکانی ئاسمان
خۆی خەڵتانی خوێن دەکات و
حۆرێکانی ئێمەش لەسەرزەوی
بۆ ئازادی
لەم جەنگەدا ، بەر بەڕژانی خوێن دەگرن
نەیان هێشت بازاڕێکی گەرمتر
وەک"سبایا"** جارێکی تر ئاوادانبێت
کچ و ژنان لەناویدا هەراجکرێ
مێژوو سەرکەوتۆکان دەینوسنەوە
ئەمە یاسای سەر زەوی یە
کۆبانیش شاهیدێکی زیندوومانە
لەم جەنگەدا
،،،،،،،،،،،،،،،
سەرڤێروس *
ئەفسانەی یۆنانی سەگێکی سێ سەر کە پاسەوانی قاپی خوایە
سبایا**
ئەو ژن و کچە ئێزییە کوردانەی داعش فرۆشتنی لەموسڵ
ڕزگار ڕانگور
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست