کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیدێکی ناڕۆشن بۆدنیایەکی رۆشن یان سەفسەتەی بەناوڕؤشنبیری..!

Tuesday, 15/03/2016, 23:05


لەهەرقۆناغێکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا بەهۆی ئاستی گەشەکردن و هۆشمەندی ئینسانەکان بەماف و ئازادیەکانیان جۆریك لەدنیابینی دێتەبوون و کۆمەڵێک ئایدیای جۆراوجۆر گوزارشت لەو قۆناغە دەکەن و خۆیان دەسەپێنن ،یان دەبنەئایدیای باوو دەیانەوێت کۆمەڵگاو مرۆڤەکانی پێی ئاراستەبکەن .
میژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چەندین ئایدیاو فکری جۆراوجۆری بەرهەم هێناوە پەرەیان سەندوە،کەهەندیکیان خاوەنی خەیاڵ پڵاوی یۆتۆپیابوون و بەشوین دروست کردنی کۆمەڵگایەکی ئەفسانەیی بوون ومرۆڤایەتینا خۆش خەیاڵکردوە ،بەوەی دەتوانرێت لەسەر ئەرزی واقیع ئەو خەیاڵ و خەونە بەرجەستەکرێت .بەشێکی زۆری ئەوئایدیاو فکرانە جگە لەسەفسەتەو گەمژاندنی مرۆڤ بەخوڵقاندنی بەهەشتێکی خەیاڵی لەسەر زەوی و تەسلیم کردنی مرۆڤەکان بە بێ ئیرادەیی هیچی لێ بەرهەم نەهاتوە .
لەهەموو تافەکاندا لەم جۆرەئایدیا خەیاڵیانە بەخوێندنەوەی فەلسەفەوئایدیاخەیاڵیەکان بوونیان هەبوەو درێژەیان بەگەوجاندنی خەڵک داوە بەناوی ڕۆشنبیری و چی و چی ،تالەوێوە بەرگری لەمانەوەی دەسەڵاتە چەوسێنەرو سەرو ئینسانیەکان بکەن .ئەگەر لەکۆندا و سەرهەڵدانی ئایینەکان هەڵگری ئەم تێرمایە بووبن بۆمرۆڤەکان ،ئەوا بەسەرهەڵدانی فەلسەفەش ،بەشێکی زۆر لە تیزەفەلسەفیەکان هەڵگری هەمان نۆرم و تێراونینی ئایینی بوون بۆ دنیاو ماف و کێشەکان و تیزەکانیان ،لەسەر بنەمای باڵادەست وکۆیلە داڕشتوە و بەردەوامی و ڕەوایەتیان داوە بە هیزی باڵادەست .
پەیوەست بوونی مرۆڤەکان و کۆیلەبوونیان بۆ خودایەکی نادیارو چاوەڕان کردنی بەهەشتی نادیار هێندەی ترسی مرۆڤەکان بوە لەمەرگ ،نیوهێندە ترس نەبوە لە پیاوەباڵادەستەکانی ئایین ،کاتێکیش ترس لەمەرگ دەبێتە سایکۆلۆژیا مرۆڤ دووچاری کۆیلەبوون دەبێت و ئیرادەی بۆیاخی بوون لەدەست دەدات و ئەمەش وای لێدەکات بەرامبەر پیاوەکانی ئایین ،کەخۆیان بەنوێنەری خوای نادیاری ئاسمان دەزانن بێ ئیرادەو بچوک دەبن و هەوڵی یاخی بوون نەدەن ،لەدەست زوڵمی پیاوەکانی ئایین و بەدەرچون لەفەرمانی خودای بزانن .
قوناغی یەکەمی ملکەچ کردنی مرۆڤ ،لەئایینەکانەوە دەست پێ دەکات و بۆناو تێزەفەلسەفیەکان درێژ دەبیتەوەو تائەم تافەی ئێستاش ئایین و تیزە فەلسەفیەکان دەوری باڵایان هەیە لە کۆیلەکردنی مرۆڤ خەڵەتاندنیان بە وادەی بەهەشتی نادیاری دوای مردن .
چەواشەکردنی مرۆڤەکان بەهێنانەوەی سەفسەتەی تیزی فەلسەفی و دورخستنەوەیان لە ڕاستی و بینی ڕاستیەکان وەک ئەوەی هەیە ،بۆتەکاری خۆ بەڕۆشنبیرو موفەکیرزانەکان ،دەیانەوەێت لەڕێگەی نواندنی باڵادەست بوونی فکروە ئینسانەکان گێل بکەن و لەهەموو ماکەکانی یاخی بوون و ڕیگاڕاستەکەی ڕزگار بوون لەکۆیلەیەتی دابڕن و بیکەنە مرۆڤێکی رازی بەهەموو ئەو چەوسانەوەیەی لەسەریانەو بەحەتمیەتی بزانن مارکس بەرامبەر بە خوڵقێنەرەکان و دەسەڵاتی فکر زۆر جوانی پێکاوە و دەڵێت  دەبێت خوڵقێنەرەکان ،لەبەردەم خوڵقاوەکاندا بەچۆکدابێن ،بالەم دەسەڵاتی فکرە یاخی بین،کەباڵادەستەکان دەبێت باڵادەست بن هەژارەکانیش کۆیلەبن ،کەم نین ئەو تیزەفەلسەفیانەی لەسەر بەهێشتنەوەی مرۆڤ بەکۆیلەیەتی کاریان کردوە .ئەگەر لەکۆندا ئەفلاتۆن سەرمەشقی ئەم تێزەبووبێت .کاتێک ڕەنگڕیژی کۆمارەکەی دەکات ،زۆر ئاشکرا دەڵێت ژن و کۆیلە لەکۆمارەکەم دا جێگەیان نابێتەوە ،راستەو خۆ ئەم باڵانمای فکری ئەفلاتۆنە، کە گوزارشتە بۆ مانەوەو بالادەست بوونی سیستمی کۆیلەیەتی و بەردەوام بوونی دەسەڵاتی خاوەنانی کۆیلەکان .
بەدوای ئەفلاتۆن دا چەندان تیزو فەلسەفەو بیرمەندی تر کاریان لەسەر باڵادەست بوونی دەسەلات دارەکان کردوەو بەخواوەندی سەرزەوی شوبهاندویانن و ڕمڵی فەلسەفیان بۆ حەقانیەت دان بەو دەسەلات دارانە لیداوە ،لەنێوان زاراوەسازیدا وونیانکردن و کۆمەڵگایان بەناوی تێزی رۆشنبیری ئایندەبینی و لەپێناو خۆشبەختی مرۆڤەکاندا سەرکردەو دیکتاتۆرەکانیان پیرۆزکردوەو هەوڵی مانەوەیان داون .
ئەگەر لەکاتی باڵادەست بوونی ئایینی مەسیحەت ،کۆمەلگای خۆرئاوا لەڕیگای کەنیسەکان و قەشەکانەوە بەڕێوەدەبراو ،پاپاو قەشەکان لەپشتی دەسەڵات دارەکانەوە خەریکی گەوجاندن و فریودانی خەڵکی بوون و شەرعیەتیان بە مانەوەی دیکتاتۆرەکان دەداو ،هەرکەسێکی لەدەرەوەی دوانەی کەنیسەو دەسەڵات قسەیەکی هەبوایە دووجار تاوانبار دەکرا بەوەی لەئایین دەرچوەو دژی پیرۆزیەکانی ئایین و دەسەڵاتیشە ،بەمە ڕاستەو خۆ دەبوایە ملی بپەڕینرایە ،سەدەکانی ناوەڕاست و دادگاکانی پشکنین عەقڵ نموونەی زیندوەی دەسەڵات و ئایین بووە ،کەچۆن هەموو ڕیگاکانیان لەبەر دەم یاخی بوونی ئینسانەکان ،لەدەسەڵات و ئایین داخستوە.
هەوڵدان  ئایین بۆپیرۆز کردنی دەسەڵات ،لە هەموو ئایینەکاندا ،وەک یەک بوە ،ئایینی ئیسلام و دەسەڵاتەکانی خەلافەت .بەهەمان ئەندازەی ئایینی مەسیحەت دژی هەموو خۆرە ڕەخنەیەک بوە لەئایین و دەسەڵات ،هەمیشە ئەوانەی ڕەخنەیان لەخەڵافەت و خەلیفەگرتبێ بەدەرچون لەپیرۆزیەکانی ئایین لەقەڵەم دراوە دەیان نموونەی تەکفیربوونیان بۆ هێنراوەتەوە ،دەیان بیرمەندو زاراوەسازی بەناوبانگ پاساوی فکریان بۆ ئەوتەکفیرکردنەهێناوەتەوەو شەڕعیەتیان بەلەناوبردن و ملپەڕاندنی داوە،لەنموونەی مەنسوری حەلاج و چەندانی تر بەناوی تەکفیربوون لەدین دەرچوون سزای مەرگیان بەسەردادراوە.
مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تەژیە بەکوشت و کوشتارو لەناوبردنی ڕەخنەگرانی ڕاستەقینەی دەسەڵات ،بەهەموو دیوەکانی دا،واوەتریش مێژووی مرۆڤایەتی تەژیە بە بیرمەندو رۆشنبیر ،کەتەواوی تێزەکانیان خستوەتە خزمەتی دەسەڵات ،بۆ گەوجاندنی خەڵک تێکدانی ڕێگای ڕاستەقینەی شۆڕش و یاخی بوون و دروست کردنی سەفسەتەو سەریەشە بۆ بەکۆیلە هێشتنەوەی ئینسانەکان و شەرعیەت دان بەکۆیلە کردن بەناوی دەسەڵاتی فکر .
لەدنیای مۆدێرن و سەردەمی سەرمایەداری دا ،سەدان و بگرە هەزاران نووسەر و بیرمەندمان هەیە ،بەردەوام نوسینەکانیان رمڵ لێدانە بۆ مانەوەی نیزامی دڕندانەی سەرمایەداری و بەحەتمیەت لەقەڵەم دانی ئەو نیزامەو داتاشینی دەیان تیئۆری جۆراو جۆر بۆشەرعیەت دان بەجەنگ و کاولکاری و ئینسان کوژی ،لەپێناو مانەوەی ئەو نیزامە نائینسانی یە .
لەشەستەکانی سەدەی بیست دا،دەیان بیرمەندو رۆشنبیر کاریان ئەوە بوو ،کەرووی نیزامی سەرمایەداری جوان بکەن و شۆڕشی پڕۆلیتاریان ناشرین بکەن ،ئەوەش لەڕێگەی بەکار هێنانی کۆمەڵێک بۆچون و تیزی تەموومژایی ،لەشێوەی کۆمەڵگای وەفرەو ،تاک ڕەهەند بوونەوەی مرۆڤ و سەندنەوەی مۆرکی شۆڕشگێرانە ،لەچینی کرێکار و بەخشینی بە قوتابیان ،وەک هەوڵەکانی فکری ٦٨ ،کەڕابەرانی ئەم تێزە بەدەرەجەی یەکەم بیریارانی بونیاد گەری بوون ،لەنموونەی میشل فۆکۆ .بەدەر لەوانیش بیری کۆمەڵگای تاک ڕەهەندی ،کە مارکۆزە زیاتر پێ لەسەر ئەوە دادەگرت ،کەمرۆڤەکان ،لەکۆمەگای وەفرەدا تاک رەهەندبوون و ،لەباتی شؤڕش بەشوین دەسکەوتی تاکەکەسیەوە .
هەوڵەکانی سڕینەوەی سیفاتی شۆڕش گێڕی لە پڕۆلیتار،لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو ،کەنیزامی سەرمایە داری ترسی گەورەی هەبوو چینی کرێکار ،کەخاوەنانی ئەسڵی کۆمەڵگان و هێزی بەرهەمهێنان ،ئەگەر یەکبگرن ،لەپێناو مافەکانیان ،کە نیزامی کاری بەکرێ ،وەک کۆیلەیەکی کرێگرتە بەکاریان دەهێنێت ،لەپێناوە کەڵەکە کردنی سەرمایە .
ترسی نیزامی سەرمایە لەچینی کرێکار دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی کۆمۆنەی پاریس و بەدوای ئەویش دا شۆڕشی ئۆکتۆبەر ،کە دووئەزمنی دەسەڵات و هێزی چینی کرێکار بوو ترسی گەورەیان خستە ناو دڵی سەرمایەو وویستیان جیهانێک بونیاد بنێن بێ چەوسانەوەو قازانج پەرستی و یەکسان بوونی مرۆڤەکان و کۆتایی هێنان بەچەوساندنەوەی ئابوری سیاسی .
لەسەردەمی کۆمۆنەو دواتریش شۆڕشی ئۆکۆبەر سەدان ڕۆشنبیرو بیریاری سەرمایەداری هەموو هەوڵەفکری و تیئۆریەکانیان تەرخانکردبوو ،بۆ داژیەتی شۆڕشی کرێکاری و بەحەتمیەت لەقەڵەم دانی نیزامی کاری بەکرێ ،ئەو هەوڵەش بەدەر نەبوو لە دیدە مەزهەبیەکانیش ،چونکە مەزهەبیش پایەیەکی گرنگی مانەوەی نیزامی سەرمایەداری و چینایەتی یە.
ترس لەمارکسیزم و شۆڕشی کرێکاری بەدرێژایی بلاوکردنەوەی مانیفێستی کۆمۆنیست دەست پێدەکات و تابەزەمنی ئێستای دنیای سەرمایەداری بەردەوامی هەیە ،تانیزامی سەرمایەداری بەردەوام بێت کۆمۆنیزم ئەو تارمایەیە ،کەهەمیشە ترس و بیمی خستوەتە ناوذلی نیزامی سەرمایەداری و هەموو ڕێگایەکیان گرتوەتەبەر دژی هەر هێزو بزووتنەوەیەکی مارکسی و کۆمۆنیستی ولەڕێگەی تاوانبارکردنیان بەتیرۆریست ،جگەلەوەی لەڕێگەی بیرمەندو لیکۆڵیارەکانیانەوە دەیان تئۆریان دا تاشیوە بۆ ناشرین کردنی کۆمۆنیزم و لەقەڵەم دانی بەوەهم ،بەحەتمی دانانی نیزامی سەرمایەداری .
لەدوای هەرس هێنانی بلۆکی خۆرهەڵاتی سەرمایەداری ژێرناوی سۆسیالیزم ،چەندین هەوڵی فکریان بۆ حەتمیەتی سەرمایەداری هێنایە بوون ،لەشێوەی هەوڵەکانی هانتی نیکتۆن بەناوی شەری شارستانیەتەکان و شەپۆلی سێ یەمەکی تافلەرو کۆتایی میژووەکەی فۆکۆیاما ،هەموو ئەو هەوڵانە بۆ سڕێنەوەی ناوەڕۆکی ئابوری چینایەتی شەڕەکان و بەحەتمی ناسینی نیزامی سەرمایەداری بوو.
هەموو هەوڵەکانی نیزامی سەرمایەداری لەرووی هێزو توندوتیژی و  بلاوکردنەوەی تیئۆری بێ ئومێدکردنی کرێکاران بەشۆڕش و کۆتایی هێنان بەنیزامی کاری کرێگرتە ،نەک سەرکەوتو نەبوو ،بەڵکو جیهانی بەرە و دەیان شەڕی ماڵوێرانکەر و برسێتی و کۆچی بەڵێشاو بردوەو ،نیزامی سەرمایەداری دووچاری ئەزمەیەکی قوڵی ئابوری سیاسی کردوەو ناتونیت لە و ئەزمە قوڵە قوتاری بێت ،بۆیە پەنای بردوە بۆ هەڵگیرسانی شەری قەومی و مەزهەبی و عەشیرەتی ،تالەوێوە کێشە ئابوری و سیاسیەکان لەبیری خەڵک بەرێتەوە ،بەلام دیسان ئەو هەوڵانەش هەمان کاریگەری لەسەر چینی کرێکار هەیەو ناتوانێت حەتمیەتی نیزامی سەرمایەداری بسەلمێنێ .
جیهان بەم هەموو ئاڵۆزیەوە بەدەستی نیزامی سەرمایەداری و قوڵبوونەوەی ئەزمەکان ،هەنگاو بەرەو مامانی لەدایك بوونێکی نوێ دەنێت ئاماژەکانی لەدایک بوونی جیهانێکی نوی ،وەک تارماییەک خۆی نمایش دەکات و لەبەشێک لەووڵاتان سەرکەوتنی سوسیالست و چەپەکان ئەو ئاماژەو تارماییەن ،کەووردە ووردە جیهانی سەرمایەداری ئەزمەگرتو توشی شۆک دەکات و نازانێت بەچی ئاراستەیەک بەر بەسەرکەوتنی چەپ و سوسیالیستەکان بگرێت .سەرکەوتنی چەپ و سوسیالیستەکان ،لەیۆنان تەواوی جیهانی سەرمایەداری ڕاچڵەکان ،بەوەی کەجیهان بۆ هەتا.. هەتایە بەخواستی نیزامی کاری بەکرێ ناڕوات بەڕیوەو ،هەڵگیرسانی شەری ئایینی و قەومی و خێلەکی و دروست کردنی گورپەئیسلامیە توند ڕەوکانی، وەک قاعیدەو تاڵیبان و داعش ،بۆ قوڵکردنەوەی شەرە مەزهەبیاکان ،ناتوانێت بەر بەشەپۆلی بەرەو پێشی بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالست و دژی سەرمایەداری بگرێت .
دروست کردنی داعش و خەون بینین بەدروست کردنی ئمپراتۆریرتێکی مەزهەبی و هاوکاری دەوڵەتە ئیسلامی و فاشستەکانی وەک سعودیەو تورکیا ،دژ بە بزووتنەوەی ئازادی خوازی کۆبانی  بەردەوام بوونی ڕەوتی وەحشیانەی نیزامی سەرمایەداری و هەڵگیرسانی شەڕی مەزهەبی ،لەبەر ڕۆشنایی تیئۆریەکەی هانتی نیکتۆن ،نەک ئامانجی نەپێکاوە ،بەڵکو خۆراگری کۆبانی هەموو نەخشەکانی نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتە فاشیستەکانی تێک شکان و بەناچاری ملیان دا بەحەقیقەتی بوونی هێزێکی ئازادی خواز و پێشەکوتوخواز ،کەلەسەربنەمای یەکسانی ئازادی خەبات دەکات .
هێشتا گەمەکانی سەرمایەداری و تیئۆریسۆنەکانی بەردەوامی هەیەوە ،دەیانەوێت بەهەر جۆرێک بێت بەربە هەربزووتنەوەیەکی ئازادی خواز و چەپ بگرن ،کەلەدەرەوەی ئیرادەو بڕیاری ئەوان هەوڵی کۆتایی هێنان بە کۆیلەیەتی نیزامی سەرمایەداری مەزهەبی دەدات ،ئەوەتا بەبەر چاوی هەموو دنیای سەرمایەداری و مرۆڤ دۆستەوە دەوڵەتی فاشستی تورک قەتڵ و عامی خەڵکی ئازادی خوازو پێشکەوتوخوازی تورکیا دەکات ،لەکورد و چەپ و سوسیالیستەکان ،بەلام ووڵاتانی دڕندەی سەرمایەداری نەک بێ دەنگن ،بەڵکو پشتیوانی لە بەردەوامی فاشیەتی ئەردۆغانی فاشی پان ئیسلامی دەکەن ،دیسان بۆ باشوری کوردستانیش نیزامی دڕندەی سەرمایەداری پشتیوانی لەدوو بنەمالەی مافیای بەرزانی و تاڵەبانی دەکەن و شەرعیەت بەمانەوەی دەسەلاتی مافیاگەری دەدەن .
هەموو ئەو پشتیوانیانەی نیزامی دڕندەی سەرمایەداری و هەوڵەکانی تیئۆرداتاشەرانی نیزامی سەرمایەداری و خێلەکی و مەزهەبی و بەحەتمیەت لەقەڵام دانی مانەوەی نیزامی سەرمایەداری مەزهەبی ،نەیتوانیوە بەر بەخەونی گەیشتن بەئازادی و سۆسیالیزم دادپەروەری بگرێت .
دەسەڵاتە شمولی دکتاتۆرەکان ،جگە لەوەی بە هێز بەرەو رووی هەموو بزوتنەوەیەکی پێشکەوتو خوازانە دەبنەوە ،بەهەموشێوەک کار لەسەر سڕینەوەیان دەکەن ،بەدیوێکی تریش دا چەندین بەناو ڕۆشنبیرو نووسەری کاسەلێس هانداوە ،لەڕیگەی هێنانەوەی تیئۆری حەتمیەتی دەسەڵات و سەرمایەداری و هێرش کردنە سەرمارکسیزم و ناشرین کردنی شۆڕش و شوبهاندنی بەئاژاوەگێڕی .
ئەوەی بەشێک لە ڕؤشنبیران ،بۆخاتری کۆمەڵێک دەسکەوتی مادی و ،وەستانەوە دژی هەربزوتنەوەیەکی پێشکەو توخوازی ،بەدیدێکی ناڕۆشن و تەمومژاوی و هێنانی کۆمەڵك تیئۆری ناڕۆشن و پێچانی بەناوی هەندێک بیرمەندی بەرگری کاری مانەوەی نیزامی سەرمایەدارو ریزکردنی دنیایەک ووشەی بێ ناوەڕۆک و هەوڵدان بۆ سەرلێشیواندنی ئینسانەکان وپۆڵێن کردنی ناوی دەیان بیرمەندی خۆرئاوایی ،بەتایەبەت ئەو بیرمەند و رؤشنبیرانەی دژی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالستی بوون .لەشێوەی پۆپەرو گادامێرو ،فۆکۆ شتراو ، دەیانی ترو پشت بەستن بە کتێبی کۆمۆنیزمی ڕەش و ڕۆمانی مەزرای حەیوانەکانی ئۆرێڵ و دکتۆر زیفاکۆی بۆیرس باسترناک و ،دەیانی تر ،کەوتنە دژایەتی بیری چەپ و سۆسیالیزم خزمەت کردن بە مانەوەی هەردوو بنەمالەی مافیای بەرزانی و تاڵەبانی .
ئەم کۆمەڵە نوسەر و ڕۆشنبیرە هەربەوەشەوە نەوەستان خەریکی کۆمەڵك دەربڕینی بی ناوەڕۆک بن ،هەستان بەتەرخان کردنی ژمارەیەکی گۆڤاری بوون بۆ داژایەتی مارکس و مارکسیزم ،کە هەموو کارەکەیان بەرگری کردن بوو ،لە هەردوو بنەماڵەی مافیای بەرزانی و تاڵەبانی .
سەفسەتەی ئەم بەناوڕۆشنبرانە ،تەنهایەک مەبەستیان هەبوو تەڵخ کردنی دیدی رۆشنی شۆڕش و ئاسۆی ئازاد بوون ،لەدەسەڵاتی مافیاگەری ،شێواندنی مارکسیزم و ناشرین کردنی مارکس کاری ئەم سەفسەتە بازانەبوو ،تائەوڕادەیەی  دنایەک تۆمەتی ناڕاست بۆ مارکس و شۆڕشی سوسیالستی دروست کەن ،لەگەڵ ئەوەی ئەو سەفسەتەبازانە بەشێکی زۆریان هیچ ئاشنایەتیەکیان بەمارکس و مارکسیزم نەبوو ،دەچون دەگەڕان دێڕێکیان دەهێناو دەیان ووت ئەوە قسەی مارکسە ،یان ئەنگلس ،یان لینین ،وەک کتێبەکانی عەفیف ئەخزەرو کتێبی کۆمۆنیزمی ڕەش ،یان ئۆرۆ کۆمۆنیزم ،ئەوکتێبانە ئامانجیان ناشرین کردنی کۆمۆنیزم بوو بەبێ بەڵگەی زانستی .
هەوڵی سەفسەتەبازەکان و دیدە ناڕۆشنەکانیان ،وایکرد سەرانی هەدوو بنەمالەی مافیای بەرزانی و تاڵەبانی  پشتێنی خۆیان بکەنوەو ،خەریکی دزی و گەندەڵی و تاڵانی و کوشتنی هەموو دەنگە ناڕازیەکان بن و رۆژنامە نووسان تیرۆربکەن ،مەژغوڵ کردنی کۆمەڵگاو ناشرین کردنی ناڕەزایەتیەکانیش بسپێرن ،بەو سەفسەتەبازانەو گەوجاندنی خەڵک بەناوی ڕۆشنبیری ،لەکاتێک دا ،خۆیان خاوەنی هیچ دیدێک نەبوون ،جگە لە مەژغوڵ کردنی گەنجەکان بەناوی خوێندنەوە ناشرین کردنی شۆڕش و ڕاپەڕین و یاخی بوون .
بۆیە بەهۆی دیدی ناڕۆشنی ئەم سەفسەتەبازانەو مەژغوڵکردنی گەنجەکان بەناوی خوێندەوە چی و چی هیزی یاخی بوون و دیدی ڕۆشنیان ،لەلای گەنجەکان مراندو ڕازیان کردن بەملکەچی و کۆیلەیەتی ،بۆیە ئەم سەفسەتە چیانەش بەقەدەر سەرانی هەردوو بنەماڵەی مافیای کورد تاڵەبانی و بەرزانی تاوانبارن.
١٠/٣/٢٠١٦

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە