کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیرەوەری

Monday, 14/03/2016, 22:14


" سیچان ، شمەک ، دەوڵەتی کوردی ،! "
ساڵی ١٩٧٢هەڵیانداشتمە دوورە گووندێکی شاری / زەنجا ن / لە نزیک تارانی پاتەختی ئێران. کاری من لەوێ وانە گووتنەوە بوو.( کاری موعەللیمی ). منداڵەکانی ئەو گووندە نە فارس بوون نە کورد. بەڵکو بە زمانی زگماکی خۆیان / ئازەری / دەئاخفین. منی رەبەنیش بە ملی شکاوم دەبوایە بە زمانی فارسی دەرسیان پێ بڵێمەوە.!
لە ناو منداڵەکاندا لەو گووندە هەژارە قوتابیەکی / شاگرد / خرپن و خوێن شیرینی تێدا بوو. دوای ئەو هەموو ساڵانە / ٤٣ ساڵی رابوردوو / رواڵەتی ئەو منداڵەم لە بیر ناچێتەوە. ئەو کات لە ناو پەڕتووکەکاندا لەڕێگای وێنەکان منداڵمان فێری خوێندنەوە و نووسین دەکرد. تا فێری زبانی فارسی ببن. لە ناو وێنەکاندا وێنەی ( مشکی ) تێدابوو. ساڵێکی رەبەق من بەو منداڵەم دەگووت : ناوی ئەو وێنەیە / مووشە / . بەکوردی یانی ( مشک )، لە جوابدا دەیگووت: سیچان ! / بە زمانی ئازەری یانی مشک / . ئەو منداڵە ئاخریەکەی هەر دەیگووت " سیچان ! لە کۆتاییدا وازم لە سیچان هێناو گووتم با قسەی تۆ بێ. تا دووساڵەم تەواو بوو.
دوو: کە گەڕامەوە زێدی بابوداپیران لە شاری مهاباد، هەمیسان بوومەوە بە موعللیم.( لە باشوور دەڵێن مامۆستا ). لە وێش سەرلە نوێ ناردیانمە گووندێک لە رۆژهەڵاتی مهاباد بە ناوی / قزڵجەی سەروو /. دەڵێن بەهەشت خۆشە من ئەوە نازانم، بەڵام ئەو گووندە خنجیلانەیە بە هیچ وێنەکێشێکی تەڕدەست نەدەکێشرایەوە. بە داخەوە پاشآن قزڵباش هاتن و وێرانیان کرد.
" پووختەی کەلام "
لە ناو ئەو گووندەشداقوتابیەکیم هەبوو ناوی / بایز / بوو.( ئێستێ تەمەنی ٤٥ ساڵ دەبێ ). هەمان پەڕتووک،هەمان حەمام وهەمان تاس!لە لاپەڕەیەکی ئەو پەڕتووکەدا وێنەی جلوبەرگی تێدا بوو.( بە فارسی دەڵێن  ،، لباس،،) . یەکساڵی رەبەق بە بایزم گووت: ئەو وێنەیە پێی دەڵێن: لباس ! پاش دوو خولەک لێم دەپرسیەوە بایز ئەو وێنەیە ناوی چییە ؟ ددەیگووت : شمەک ! ئاخری من بەزیم وگووتم دەرەقەتی منداڵە ئازەریەکە نەهاتم کە بە مشکی دەگووت: سیچان. چۆن دەرەقەتی بایزی خۆن دێم کە دەڵێ ئیللا بیللا ئەوە : شمەکە! وازم لە بایزیش هێنا.
سەرتان زۆرنەهێشێنم مەبەستی من لەو بیرەوەریە رێک داستانی خودای راستان و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیە لە لایان مەسعودبارزانی . ئەو کابرایە نەسەری پیوازە نە بنی پیواز. نە سەرۆکە نە بەرۆک. گەمەی سیاسیمان لە سەر بەڕێوەدەبا!وادەزانێ دەوڵەتی کوردی / مشکە / تەڵەی بۆ دانێن ودەستی بەسەردا بگرین! یانژی وادەزانێ دەوڵەتی کوردی / شمەکە / بە دووخوڵەک دەبەری کەین وپۆزی پێوە لێدەین !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە