دیستۆپیا
Sunday, 13/03/2016, 3:51
بەپێچەوانەی (یۆتۆپیا) ئەو جێگایەی بێ کەم و کووڕیە و هەموو شتێك لەوێ تەواو و ڕێك و پێکە. یاسا ڕۆڵی تەواوی خۆی ئەبینێ و کەس لەکەس ناکەوێ.جوانیەکان وەك خۆیان دەرئەکەون و پێوست بەوە نیە جوانکاریان تیا بکرێ.ئازادیەکان بێ سانسۆرن و ناکرێ بەدرۆ و ساختە ئازادی ببەخشرێتەوە.مرۆڤەکانی کەسانی ڕاستگۆو سوودبەخشن بۆ کۆمەڵگاکەیان و خۆشەویستی شوێنی تایبەتی و مەزن لەهزر و هەڵسوکەوتەکان ئەگرێتەوە.کارو پیشەی مرۆڤ دیاری کراوەو بناغەی کارامەیی و دڵسۆزی و پیشەیی خراوەتە پێش هەموو شتێك و مرۆڤی شیاو لە شوێنی شیاوادا بەدی ئەکرێ.سیاسیەکان خزمەتکاری دەنگدەرانیان و هەرکاتێك ماوەی دیاریکراویان کۆتایی هات،ئەچنەوە سەر کارەکانی پێشووی خۆیان و لەخزمەتکردن بەردەوام ئەبن و دوا تەمەنی ژیانیان بەکاری خۆبەخش خەریك ئەکەن.بازرگانەکانیان بەپێی نرخی بازاڕ و یاسای ئابووری گونجاو قازانجی گونجاو مامەڵە لەگەڵ کڕیاردا ئەکەن. جوتیارەکانیان بەرهەمی خۆماڵی خۆیان لەبازاڕەکاندا ساغ ئەکەنەوەو چەندە بۆیان بکرێ شت ومەك لە دەرەوە ناهێنن و پشت بەئابووری ناوخۆ ئەبەستن.هەرچی خوێندگاو فێرکار و مامۆستاکان تەنها لەخەمی پەروەردەی نەوەکانن و بەزمانی دایك فێری مناڵان ئەکەن و بەزمانی زانستیش نەوەیەکی بەسوود ڕەوانەی کۆمەڵگا ئەکەن . خەستەخانە و پزیشکەکان لەپەرۆشی بۆ نەخۆش و لێقەوماوان درێغی ناکەن و جیاوازی لە نێوان نەخۆش ناکەن. ئاست و پلەی پێشکەوتن لێرە بە بەرزبوونەوەی هزری تاکەکان پێوەری سەرەکیەو باڵەخانەو ڤێلاو ژمارەی باغ و باخچە شتێکی لاوەکیە. دایکان ڕۆڵەو جەرگ گۆشەکانیان بۆ خۆشەویستی نیشتمان ئامادە ئەکەن و فێری گیانفیدایی و قوربانیدانیان ئەکەن. لێرە دایکان بۆ شەهیدەکانیان ناگرین و ئامادەن خۆشیان ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی ماف و ئازادیەکان و شان بەشانی پیاوان بەشداری دروست کردنی شارستانی ئەدەن. سەرکردەکانیان میلەتی خۆیان بەتاکە سەرچاوە دائەنێن و تەنها و تەنها ئەوان ئەکەنە چاوگەی پتەوی و بەهیزی خۆیان. ئەم سەرکردانە لەناوەوە ئارام و لەدەرەوە وەك بروسکە دەرئەکەون. ئەم سەرکردانە تەنها خۆیان بۆ گەلەکەیان ئەچمێننەوە.
مانای ژیان لە(یۆتۆپیا) بریتیە لەهاوکاری و پێکەوە ژیان و گوزەرانێکی یەکسان وپڕ لەیاسا و ڕێسای جوان بۆ هەموان.لێرە کەس لەکەس زیاتر و کەمتر نیە،هەموان لەهەوڵی ئەوەدان ڕۆژێکی پڕ ئاسودەو سبەینێکی پرشنگدار دروست بکەن.مرۆڤەکان لەخزمەتکردنی یەکترن و بەلایانەوە گرنگە مافەکانیان لەگەڵ داواکاریەکانیان هاوتەریب بێ.لێرە ئازادی وەك هەر پێویستیەکی تری ژیان وەك ئاوو خۆراك دابین کراوەو لەسایەیدا هەموان بەسوودن لێی. مرۆڤەکان ڕێز لەیەکتری ئەگرن و کەس بۆ کارێك ئازادی کەسی تر ناخەسێنێ. بۆ دابینکردنی مووچەو نان پێوست بە ماستاو ساردکردنەوەو مامە حەمەیی ناکات. بۆ ئەوەی پلەو پۆستێك وەدەست بێنێ ،ئەوە خزم خزمێنەو دیاری گۆڕینەوە یاساغەو کاری پێ ناکرێ. لەسەر ووتنی ڕاستی کەس تووشی گرتن،کوشتن وتیرۆر کردن نابیتەوە. بۆ داواکردنی داوایەك پێوستی بە مۆڵەت وەرگرتن نابێ. لێرە شوێنێك نیە ئاڵایەکی پێوە نرابێ جگە لەئاڵای ووڵات زیاتر و کەس سوکایەتی بەو ئاڵا ناکاو بڵێ ئەوە تەنها پارچە پەڕۆیەکە. گەنج و لاوان دەست کراوەن لەوەی داهینان بکەن و پشیگیریان لێ ئەکەن و پێوستیان بە پارەی حزب و ئەم بنەماڵەو ئەو بنەماڵە نیە. کوڕی ئەم شوێنە جیاوازی نیە لەکوڕی بەرپرسێك و هەمان پشکی هەیە لە ئازادیەکان و مافە سەرەتاییەکان. گەنجەکان ووڵات جێناهێڵن و خۆیان بەرگری لەمافی هەموان ئەکەن. لێرە خاك پیرۆز و بەهاکان بەرز ڕاگیراوە.
جا ئایا کوردستانی باشوور لەنێوان(یۆتۆپیا و دیسپۆتیا)کامیانن؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست