کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەد ڕۆژ بەرخۆدانی سور

Friday, 11/03/2016, 22:52


لە دوای سەد ڕۆژ بەرخۆدانی كۆبانێ ئاسای یەكینەكانی پاراستنی سڤیل ، وەزیری ناوخۆی حكومەتەكەی  ئەكەپە ڕاگەیاندووە كە ئۆپراسیوێنەكانیان بۆ سەر ناوچەی سور كۆتایی پێهێناوە، وەك هەمیشە لە بانگەشەیەكی چەواشەكارانەدا ئاماژە بەوە دەكەن، گوایە 271 ئەندامی پەكەكەیان كوشتووە، هەڵبەتە شەهیدكردنی منداڵێكی چل ڕۆژە تا پیرێكی هەشتا ساڵەی كورد لە دیدی فاشیستەكانی توركدا تیرۆریستە!!  لە یادەوەری هەمو ئازادیخواز ومرۆڤدۆستێكی جیهان و هەمو كوردێكی وڵاتپارێز و نیشتمان پەروەردا بۆ هەمیشە بەرخۆدانە مەزنەكەی كۆبانێ دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر لە كاتی هێرش و پەلامارەكانی چەتەكاندا، كەسانێك گومانی ئەوەیان هەبوبێت لە قسەی دڵسوزان كە حكومەتەكەی ئەكەپە بەهەمو تونایەكەوە هاوكاری چەتەكانی داعش دەكەن بۆ كەوتنی كۆبانێ و دوژمنایەتیەكی زۆر سەرسەختانەی گەلی كورد دەكەن لە تەواوی كوردستاندا ، ناهەقیە لە ئێستادا ئەو گومانە بونی هەبێت، چونكە هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان پەردەی لەسەر ڕوی ڕەشی فاشیستەكانی تورك هەڵماڵیوە، ئامانجی ئەكەپە و داعش یەك ئامانجەو لە یەك ناوەندی بڕیارەوە ڕێنمایی وەردەگرن، كومەڵ كوژیەكانی جزیرە و سوری ئامەد ئاشكرایەوە پەردەپۆش ناكرێت، چەتەكانی ئەردۆگان بەهەمان شێوازی دڕندانەی داعش هێرش و پەلاماردان و وێرانكاری ئەنجام دەدەن، هەروەها بەهەمان گیان فیدایی شەڕڤانەكانی كۆبانێش كچ و كوڕانی كورد بەرخۆدان و ڕوبەڕو بونەوە پێشدەخرێت، 
بڕوام وایە لە دوای خۆڕاگریەكەی ماڵتا توركەكان شكستی وەك شكستەكەی كۆبانێ یان نەبینیوەو ئێستاش دیسان لە ناوچەی سور لە ئامەد هەمان ئەو دۆڕاندنە دەبیننەوە، لە ساڵی 1565 عوسمانیەكان لە دڕژەی پەلاماردانەكانیان دا بە ناوی ئیسلامەوە هێرشدەكەنە سەر دورگەی ماڵتا، بە چل هەزار سەرباز و دووسەد كەشتی جەنگیەوە ماوەی شەش مانگ گەمارۆی ماڵتیەكانیان دا، بەڵام ماڵتایەكان بە حەوت هەزار سەربازەوە شكستیان بە سوپاكەی ئیمپراتۆر هێناو لوتیان شكاند، لەدوای زیاتر لە 450 ساڵ جارێكی تر توركە شۆڤیەنیەكان و دووەم گەورە هێزەكەی ناتۆ لوتی شكێنرایەوە لە شارێكی پێدەشت و دوور لە چیا نەك لە دورگەیەكدا، شەڕڤانەكانی یەكینەكانی پاراستنی سڤیل یەپەسە بە كەمترین پێداویستیەكانی شەڕ لە بەرامبەر پێشكەوتوترین چەكەكانی سەردەم ، لە ناوچەی سور سەد ڕۆژ بەرخۆدانیان تێپەڕاند، 
(بەرخۆدانی مێژویی لە لە قەڵای مێژویی)
قەڵاوشورای ئامەد بەشێوەیەك دەردەكەوێت كە هەزران ساڵ بێت شارەكەی پاراستبێت، لەسەر ڕاستە ڕوویەكی فراوانی سەرتەپۆلكەیەكی بەرزی تەنیشت ڕووباری دیجلە كە شارەكە دەژێنێ دروستكراوە، لە دووبەشی سەرەكی پێك دێت، قەڵای ناوەوە كەلە پێشتر دا دروستكراوە ، قەڵادەرەوە كە دواتر دروستكراوە، 
قەڵای ناوەوە
قەڵای ئامەد یان قەڵای ناوەوە وەكو یەكەمین شوێن لەلایەن میتانییەكانەوە لە ساڵی 3700 ـــ 3500 پێش زاین دروستكراوە ، ئامەد لەگەڵ شارنشینە بچوكەكاندا بەدرێژایی مێژوو سی وسێ شارستانی نەتەوەو رۆشنبیری دەوڵەتی بینیوە، هەر دەسەڵاتێك بۆ پاراستنی خۆی شورای قەڵاكەی نۆژەن و فراوانتركردۆتەوە، وەك ئەوەی لە لایەن ئیمپراتۆری ڕۆما"قەستەندیوسی دووەم" لە ساڵی 349، هەوەها بەپێی رێكەوتنی نێوان ڕۆماو ساسانیەكان لە ساڵی 362 وەك گرنگترین قەڵای ڕۆما" نسێبین" كەوتە دەستی ساسانیەكان و بەهۆكاری ئاینەوە كۆمەڵێ كەسیان بۆ قەڵاكە ڕاگواست و لە رۆژئاوای قەڵاكەدا جێگیركران، لە دوای ئەم كۆچەو لە ساڵی 367 ـــــ 375 شورای رۆژئاوای قەڵاكە رووخاوە كە نسێبینەكانی تێدا بووە و قەڵاكە شێوەیەكی تری وەرگرتووە و شارەكە بەشورانوێیەكە فراوانتربۆتەوە و قەڵاكەش بووە بە یەكەم سەنتەری بەڕێوەبردن لە شارەكەدا ، قەڵای ناوەوەش لە 1524ـــ 1526 لە سەردەمی سوڵتانی عوسمانی سوڵتان سلێمانی قانونیدا فراوانكراوەو تائێستا بەو شێوەیە ماوەتەوە، 
قەڵای دەرەوە
بەسەیركردنێكی گشتی قەڵای ئامەد وەكو ماسیەك دێتە بەرچاو،دیواری قەڵای ئامەد درێژێكەی پێنج كیلۆمەترە وحەوسەد مەترە ، بەرزی دیوارەكەی دە بۆ سیانزە مەترە و پانیەكەیشی سێ بۆ پێنج مەترە، رێگەیەكی بەرفراوان لەسەردێوارەكە هەیە كە قولەو بورجەكان بەیەكەوە گرێدەدات، ئەو رێگەیە بە دیوارێكی حەفتا سامتیمەر بەرز دەپارێزرێت دیارە لە كاتی خۆیدا رێگای هاتوچۆی پاسەوانەكان بووە، لە پێشدا شورای ئامەد حەفتاو دوو بورجی هەبووە وەك دەڵێن لە بەرئەوە بووە كە حەزرەتی عیسا حەفتاو دوو هاوەڵی هەبووە، بەدرێژایی كات دە بورجی دیكەش دروستكراوەن بەگشتی ژمارەی بۆرجەكانی شورای ئامەد ئێستا هەشتاو دوو بورجە، شێوازی بورجەكان هەندێكی بازنەیی  و هەندێكی چوارگۆشەو هەندێكی تریشی چەند گۆشەیە، بورجی هەرە مەزن و دیرۆكی بورجی "كچكێ" كچێ یە ، دوای ئەوەش بورجی حەوت براو گەورەو نورە، زۆر بەی بورجەكان پێكهاتووە لە سێ نهۆم نهۆمی ژێرەوە بۆ تەویلەو ئاخورٍی ئەسپ بەكارهاتووە و نهومی دووەم و سێیەمیش بۆخەوتن و پشووی شەڕوانەكان بەكار هێنراوە، لە ناوسەرجەم بورجەكاندا تەنها هەردوو بورجی وەستاو بورجی شاگرد چوارنهۆمییە، 
قەڵاكە چواردەرگای هەیە
دەرگاكانی لە ڕووی بیناسازی مێژووییەوە گرنگن و بەهەر لایەكدا دەكرێنەوە، لە باكورەوە بەرەولای داغ دەرگای "هاربون قاپی" لە رۆژئاواوە بەرەو ئۆرفا دەرگای "رۆم قاپی" لە باشورەوە بەرەو ماردین دەرگای "تل قاپی" لە رۆژهەڵاتیشەوە بەرەو دیجلە دەرگای" ئوسوقاپی" لەكۆتایی چارەكی سەدەی چوارەمدا شووراكە لەدەرەوەی شوورای ئێستادابووە، ساڵی 1232 كاتێ شارەكە كەوتووە دەست دەسەڵاتدارێتی ئەیوبی "پاشاكامل"ەوە شوراكانی دەرەوەی رووخاون و دواتر بە بەرد دروستكراونەتەوە وەك لە ئێستادا دیارە ، لە ئەمڕۆدا شوێنەواری شوراكە لە شەقامی نەخۆشخانەی دەرگای چیا" داغ قاپی" دەرگای ماردین " ماردین قاپی " لە تەنیشت بن ئەوسنەوە دەبینرێت،  ئەوشورایە 5600ساڵ لە شەڕو هێرشەكان خۆی پاراستووە، لە ساڵی 1932شوراكە لە بورجی درەجیەوە بەفەرمانی والی شارەكەو پاساوی ئەوەی كەڕێگرە لە بەردەم هەوای شاردا بڕیاری ڕووخاندنی دراوە ، بەڵام شوێنەوارناس و لێكۆلەری فەرەنسی "ئەلبرد لویس گابریێل" كاتێ ئەمەی بینیوە بروسكەیەكی بۆ ناوەند كردووە تادەست لەو كارە هەڵبگرێت لەئێستادا بەشێك لە شوراكە وەك شێوە مێژوییەكەی ماوەتەوە،
رەوشی ئێستای سور لە چاوی ناتالیاوە
ناتالیا مەكگاری پەرلەمانتاری سكۆتلەندی كە خۆی سەردانی ناوچەی سوری كردووەو وەك مرۆڤدۆستێك ڕاپۆرتی خۆی خستۆتە ڕو دەڵێت: ( لە سێ مانگی رابردوودا شەش گەڕەكی ناوچەی سور گەمارۆی سەربازی لەسەرە، 10000كەس ئیش و كاریان لە دەست داوەو 3000 دوكان و شوێنی بازرگانی داخراون و50000 كەس لە ماڵەكانی خۆیان رایانكردووەو بەلایەنی كەمەوە نیوەی سور كاول كراوە. ئەستەمە باس لەو هەموو مرۆڤەش بكەین كە ژیانیان لە دەست داوە، ناوچەكە لێوان لێو بووە لە تانك و زرێپۆش و سەربازو جەندرمە، ئەردۆگان بە بیانوی لێدانی پەكەكە هاوشێوەی جەزیرەو سلۆپی، گەمارۆی سەربازی خستووەتە سەر شارۆچكەی سور، تەنانەت رێگە بەوەش نادات هیچ جۆرە شاندێكی مەدەنی بچێتە ئەوێ بۆ رزگاركردنی ئەو 200 هاووڵاتیە مەدەنیەی كە لە ناوچەی سور بەدەست گوللەو تۆپبارانەكانی سوپاوە گیریان خواردووە، بەهەر پێوەرێك بێت ئەمە كۆمەڵكوژیەكە لەلایەن دەوڵەتەوە لەڕێی برسیكردن تەقەكردن لێیان یانیش رێگەگرتن لەوەی كە دەرمان و چارەسەری پزیشكیان پێ بگات)
ئەنجام
لە كۆتایدا پێویستە ئاماژە بەوەبكەین شەڕ دوا ویستگەی ململانیەكان نیە، دواجا تەنها دیالوگ و مێزی دان و ساندن ئاشتی و پێكەوە ژیان فەراهەم دەكات، لە دوای سەد رۆژ بەرخۆدانی ئازادیخوازانی كورد، ئایا فاشیستەكانی ئەكەپە خۆیان بەسەركەوت و دەزانن؟ ئایا روتكردنەوەی خەڵكی مەدەنی و سوكایەتی پێكردن و زیندانی كردنی ئەو كەسانەی لە ماڵە وێرانەكاندا مابونەوە ئومیدی ئاشتی و دیموكراسی لێبەدی دەكرێت؟! ئایا دەستگیركردنی منداڵانی خوار دە ساڵ تۆوی تەبایی دەچێنێت؟ تۆ بڵیی دەسەڵاتدارانی تورك تاكەی ڕێگای ملهوڕی بەرنەدەن؟ ئەی پەكەكە بەنیازی چیە؟ چاوەڕوانی ئەم نەورۆزو بەهارە دەكەین بۆ وڵام. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە