چارە چییە؟
Tuesday, 08/03/2016, 23:30
شیتاڵ شیتاڵم بە تاژانی ڕەشەبای ئەوینتەوە!
تۆ کە لە دوورترین بەندەری دنیادا
لەنگەرت گرتووە و
هەموو کاتێ
بەلەمەکانت نووقمی هەڵمێکی نادیارن
چۆن توانیت وەکو ژەنەڕاڵێکی براوە
لە شەڕی جەردە دەریاییەکاندا سەرکەوی و
دڵی کڵۆڵی من بە تاڵان بەری؟
بمبوورە دڵ !
بمبوورە کە نەمتوانی دڵڕەقانە بتپارێزم
تا دەستی هیچ دەریا وانێک
نەگاتە مرواریەکانی ناو ەوەت
بمبوورە گەر حەیام نییە و
"ئاورە سوورە
هەموو دەمێک لە ئەو دوورە" و لە تۆ نزیک !
کاتێ ئەڤین
جگە لە بێدەسەڵاتی و شەرمەزاری
هیچی بۆ نامێنێتەوە
چارە چییە ؟
نە دەتوانم خۆم بە کەزیەی خەونێکەوە هەڵواسم و دەربازببم !
نە دەتوانم بێمە دوورگەی چاوەکانت و
ببمە پەنابەرێکی بێ نیشان !
نزیک بە لێم ئەی دۆست
کاتێ دووری خەمێکی مۆر
لە ناو دڵما شکۆفە دەکا !
نزیک بە لێم
ئاوری بێ ئامان !
سەراپا بمکە بە خۆڵەمێش !
تا دواتر لە سووتماکی جەستەم
ژیلە مۆیەکی ئەبەدی داگیرسێنم !
نــزیک بــە لێم
با هەموو دنیا و دەنگەکانی
مرۆڤەکان و ڕەنگاو ڕەنگیان
ئازارەکان و جەنگەکان
هەموویانم بیر چێتەوە و
تەنیا دەنگی لێدانی دڵی تۆ ببیستم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست