کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەحشیگەرى کاپیتالیزم دەیسەلمێنێت، تەنها کات ژمێرێکى ماوە بۆ شۆڕش

Sunday, 06/03/2016, 23:17


سیستەم ڕۆژانە تراژیدیاى مرۆیى ترسناک و هەژێنەر  فۆرمەڵە دەکات و هاو شێوەى  ئەفلامەکانى هۆلیۆد دەیکاتە خۆراکى ماس میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە  دەیخاتە بەر دیدەى وەرگرو سایکۆلۆژیاى مرۆڤ بە ترس پێ زاخاو دەدات ، ئابڕو چوونەکانى  ئەو تاوانانە کە سیستەمى کاپیتالیزم  لە ڕێگاى  هێزە ئەڵقە لە گوێ و  خاوەن ئایدۆلۆژیا جۆراو جۆرە کۆنەپەرەستەکانى  بە  بەهانەو ناوى بڵاو کردنەوەى دیمۆکراسى و لە ژێر   چەترى نیو لیبرالیزمەوە  ئەنجام دەدرێت هیچ بەهاو حورمەتێکى بۆ  مرۆڤ بوونى مرۆڤ و مرۆڤایەتى نەهێشتۆتەوە ، ڕۆژانە کوشتن و هەتک کردنى مرۆڤ و تاڵانکارى و  ئاوارەیی و نەخۆشى و بێکارى و لە برسا مردنى مرۆڤ و ژیاندنەوەى ئەفکارى ئێکس پایەر لە ناوچەکانى کنارو ڕۆژهەڵات بوەتە سیناریۆى ڕۆژانەو مەشهەدەکانى  بە ساناو ئاسایى  لە سەر شاشەى تیڤیەکان پیشان دەدرێت ،  من وەکو مرۆڤێک  بە بینینى  تراژیدیاى ئەو مەشهەدانە  بیز لە مرۆڤ بوونى خۆم دەکەمەوە ،،هێڵنجم لە ویژدانى مرۆڤایەتى دێتەوە کە چۆن چۆنى دەتوانن ئۆقرە بگرن و بێدەنگ بن لە ئاست ئەو تراژیدیانەى دژ بە ژیانى  مرۆڤ  دەکرێت  و پەلامارى سیستەم نادەن و ژێراو ژورى  بکەن !!. کۆى ئەو تاوان و تراژیدیانە کە ئەنجام دەدرێن لە دونیاى سیاسى  ئێمەدا  گەیشتۆتە دۆخێک  ڕەنگە  قۆناغى یەک لاکەرەوە بێت ، ئاماژەکان  ئەو گریمانەیە  دەدەن بە دەستەوە ئەم دۆخە سیاسیە نالەبارە ئاوسە بە جۆش و خرۆشى شۆڕشگێڕانە و  ماشینى مێژوو دەچەرخێنێت بەرەو قۆناغێکى نوێى مرۆڤایەتى کە دەمێکە پێویستى بە دابراِنێکى مێژووى هەیە بۆ کرانەوەو ((سیستەمێکى دیکە کە هەر ناوێکى لەَ دەنرێت گرنگ نییە)) ، گرنگ ئەوەیە سیستەمێک بێت ئیرادەو بەها بگەڕێنێتەوە بۆ ژیان و مرۆڤ  ، هەروەها مرۆڤ وەکو مرۆڤ پێناسە بکات . ئەمڕۆ کوردستانیش بەشێکە لەو سیستەمە کاپیتالستەى بە شێوازێکى وەحشیگەرى مامەڵە لە گەڵ مرۆڤدا دەکات ، هێزگەلێکى ((ناسیۆنالست ـ فیوداڵى)) کۆنەپەرەست و ناعەقڵانى تێدایە ستراکچەرى سیستەمێکیان بە زەبرى هێزى پۆلیسى چێ کردووە لە ((لیفن تانەکەى)) تۆماس هۆبز دەچێت و وەکو حوت  تەواوى سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبات .. هەرکە فشار و ناڕەزایەتیەکانى خەڵک دروست دەبێت بەرامبەر ئەو هەموو ستەمکارى و نا دادوەرى و دواجاریش بڕینى قوتى خەڵک ، یەکسەر دێنەسەر باس کردنى چاک سازى و بنەبڕ کردنى گەندەڵى !!... پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کەسانێک کە خۆیان سۆبێکتن بۆ خوڵقێنەرى ڕستێک  قەیرانى سیاسى و ئابوورى و ئیداری لەم هەرێمەدا ،هەروەها خۆشیان بکەرى بە خێو کردن و ژیاندنى گەندەڵ کاران و دزو مافیاکانى دەوروبەرى خۆیانن ،، دەتوانن  قەیرانەکانى ئەم هەرێمە چارەسەرو ئیحتوا بکەن  یان پتر ئاڵۆزى دەکەن ؟؟!!بێگومان نەخێر ،، ئاشکرایە پرسەکان پتر ئاڵۆز دەکەن ..ئەوەى ئێمە  دەیبین و تێبینى دەکەین  لە میدیاکانەوە ڕۆژانە بە بەردەوامى  ڕیزێک ژوڕنالیزمى قەڵەم فرۆش و هەواڵ دز ،،  سیاسى لۆمپین و چەنەباس و کاسە لێس ،، پەرلەمانتاریزمى  ئۆپۆرتۆنیست و پارەپەرەستى حزبەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە،دەهێندرێتە سەر شاشەکان و  زۆر هەراشانە  قسەو باس دەکەن سەبارەت بە ڕیفۆرم و چاکسازى سیستەم و  دەسەڵات  بە شێوەیەکى پاسیفانە و چەواشەکارى بۆ  دوو ئامانج : ـ  یەکەمیان  بۆ کات کوشتن و مز وەر گردن ، کە هەرگیز دەسەڵاتدارانى کوردستان  گوێ بۆ قسەکانیان ناگرێت ، ئەم فرە وێژانە  ئامانجیان  خۆڵ کردنە چاوى خەڵکە  بۆ  درێژەپێدانى ڕەوشى نالەبارو ناهەموارى  کوردستان وەکو ئەوەى هەیەو هێشتنەوەى  دۆخەکە بۆ  قازانجى ئابوورى و سیاسى  بڕێک بنەماڵەى  سەرمایەدارى خێڵەکى و تاڵانچی کە سامانى ژێر زەوى و سەر  زەوى  ئەم وڵاتە  دەدزن و ژمارەى سەرمایەکانیان بە ملیاردەها دۆلار مەزندە دەکرێت و لە بانقەکانى چەندین وڵاتدا شاردۆتەوە ، هەروەها ئامانجى دووەمیشیان بۆ درێژ کردنەوەى تەمەنى سیاسی ئەم بکرە سیاسیە ڕیسوایانەیە کە جڵەوى حوکمڕانیان  بە دەستەوەیەو  گەردێک لەزانست و هونەرى سیاسەت  نازانن و تەنها دژایەتى  ئازادی و ماف و حورمەتى  ئینسان نەبێت ،، نا ئاشنییان بە دونیاى سەردەم  ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو لێوارى داڕوخانى ئابوورى و سیاسى و مەعنەوى دەبەن  و لە تەواوى جومکە بنەڕەتیەکان و   بوارە جیا جیاکانى فۆرمى حوکمڕانى  شکستیان هێناوەو نە دان بەو شکستەشدا دەنێن و نە بەرپرسیارێتى هەڵدەگرن و نە  بەرۆکى خەڵکیش بەر دەدەن ، دەیانەوێت بۆ هەتا هەتایە بە شێوەیەکى دکتاتۆرى و خوێن ڕشتن  پشتاو پشت  خۆیان و نەوەکانیان  حوکمى ئەم وڵاتە بکەن لە ((فۆرمێکى  فاشستانەدا)) !!! ، چونکە ئەم بێ فەرهەنگانە لە شەقاوەتى چەقۆکێشى نێو شەقامەکانەوە هاتون  و لە نێو مەکتەبى سیاسى  حزبەکان گیرساونەتەوە بۆ تاڵانکارى و شەوکوتى و ستەمکارى ، هەر خۆیان وەزیرو پەرلەمانتارو فەرماندەو سەرۆک و ڕاوێژکارو  تەواوى جومگە بنەڕتیەکانى دەسەڵاتدارى و بەڕێوە بردن و ئابوورى و بازرگانى  و  پیشەسازى  و ڕاگەیاندنى ئەم وڵاتەیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان و خزم و هاوڕیکانیان مۆنۆپۆڵ کردووە و ،،ڕۆژ بە ڕۆژ  ژیانى هاو نیشتمانیانى کوردستان  لە برسێتى و  جەنگ و مردن نزیک دەکەنەوە .. ئیتر کاتى ئەوە هاتووە کۆمەڵگا بێنە سەر شەقامەکان و پێیان بڵێن بڕۆن ئێوە بە کەڵکى سیاسەت و دەوڵەتدارى ناشێن .. دەبێت خۆشیان  بە واقیعى  درک بەو ڕاستیە بکەن شکستیان هێناوەو نەیانتوانیوە بکەرێکى سیاسى دادوەرو پۆزەتیف بن  بۆ  کۆمەڵکاو هاونیشتمانیان، تەنانەت بوونەتە فاکتێک بۆ قەیرانەکان و نەهامەتیەکانى خەڵکى کوردستان و ڕۆژ بە ڕۆژ   ژیان و گوزەرانى خەڵک بەرەو نەدامەت و چاڵێکى  قوڵ و تاریک و نوتەک تر دەبەن ،دەبیت عەقڵیان بخەنە گەڕو باشتر وایە ئەم سیاسیە دزو مافیایانە بە شێوەیەکى ئاشتیانە و دور بە کار هێنانى زەبرو زەنگ و هێزو خوێن ڕشتن دەست بەردارى دەسەڵات بن و پابەند بن بەویاسایانەوە کە خودى خۆیان داڕێژەرى بوون ، لێگەڕێن بۆ کەسانى دڵسۆزو پسپۆر و شارەزا لانى کەم دەکرێت ئازارەکان کەم بکرێنەوەو قەیرانەکانیش ئیحتوا بکرێت ،، هەر ئێستا  کۆمەڵکا  بە تەواوى لە دۆخى  جۆش و خرۆش و کوڵان دایە و بۆ دەرفەتێکى گونجاو و لەبار دەگەڕێت ، لە هەر پێشهات و ئەگەرێکى گۆڕانکارى  لە ناوچەکەداو تێک چوونى هاوسەنگى سیاسى نێوان هێزەکان ، بێگومان دۆخێکى  نەخوازرواى سیاسى وا دێتە پێشەوە بەرى پێ  ناکرێت و تەقینەوەى کۆمەڵایەتى ڕودەدات و  شیرازەى ئاشتى کۆمەڵایەتى تێک دەچێت و پەشێوى کۆمەڵایەتى جێگاى دەگرێتەوە ، چونکە ئەو هەموو ((دزى و ، و تاڵانکارى و، تیرۆرو، تۆقاندن و ، جێوازى چینایەتى و ،بێ مافى .....هتد)) بەرامبەر بە خەڵک کردویانە دەبێتە فاکتێک تا خەڵک تاسەى  ئەوە بکات تۆڵەى ئازارەکانى بکاتەوە ، ئەو هەموو ستەمکارى و نا یەکسانیەى کە سیاسیەکان بە بەهانەى جۆراو جۆرەوە  چەندین ساڵە لە کوردستان  بە ڕێوەى دەبەن ، هاونیشتمانیان  وادار دەکات بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش کردن و هێرش کردنە سەر ئۆرۆستۆکراتە سیاسیەکان و سەرمایەدارەکانى دەڵاڵیان  کە زیاتر لە 24 ساڵە خوێنى خەڵک دەمژن ، لە دۆخێکى لەو چەشنەشدا عەقڵ و لۆژیک کنار گیر دەبن و،  هێزو توندو تیژى جێگرەوەیان دەبێت ،ئەو کات  بیرۆکەى  کردارى شۆڕشگێڕانەو فۆرمى سەردەمى ((ڕۆپسپیر و یەعقوبیەکان)) دەبێتە ڕێچکەى یەکلا کردنەوەو پایەماڵ کردنى  پۆخڵى سیاسى  بە زەبرى هێز ، لە دواجاریشدا کارەساتى مرۆیى و وێرانکارى بە دواى خۆیدا دێنێت . بۆیە ئەم وەحشیگەرى و بەڕبەڕیەتەى کاپیتالستە فیوداڵەکانى ناسیۆنالستى کورد  بەرامبەر بە خەڵک دەیکەن ، هیچ دەرەچەو ئەڵتەرناتیفێکى نیە تەنها سەرکێشى و هەڵچون و دەمارگیرى شۆڕشگێڕانە نەبێت ، بۆیە ئەگەر دۆخەکە هەر بەو چەشنە بیت و چاک نەکرێت ڕەنگە تەنها ساتێکى مابێت  بۆ بەرپا بوونى  شۆڕش  ...... 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە