کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ به‌رده‌می ڕای گشتی باشوری کوردستان

Friday, 04/03/2016, 1:10


    له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر یادی پڕشکۆی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی 5ی ئاداری 1991، که‌ له‌ شاری ڕانیه و ناحییه‌کانی حاجیاوا و چوارقوڕنه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و دواتر ئازادبوونی باشوری کوردستانی به‌دوادا هات،‌ سه‌ره‌ڕای پیرۆزباییمان بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵکی تێکۆشه‌ر و به‌ هه‌ڵوێستی کوردستان، درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان و، سوپاس و پێزانین بۆ خوڵقێنه‌ران و به‌شداربوانی ئه‌و شۆڕشه‌ ده‌نێرین. وه‌ک ده‌زانرێت ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو و شه‌هیدانی ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر و به‌رفراوانتر بوو، که‌ ئه‌مڕۆ به‌رچاو ده‌که‌ون. به‌داخه‌وه‌ حزبه‌ سیاسییه‌کان و نوخبه‌ی سیاسی، ته‌نها ساڵێک دوای سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌که‌‌، ده‌ستیانکرد به‌ لادان له‌ ئامانجی شه‌هیدان و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو، که‌ به‌ ته‌زویر و ساخته‌کاری هه‌ڵبژاردنه‌کانی 1992 ده‌ستیپێکرد و به‌ قۆناغه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی و مۆنۆپۆڵکردن و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داهات و که‌ڵه‌که‌بوونی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و پێشێلکاری یاسا و مافه‌کانه‌ی مرۆڤ و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادیدا تێپه‌ڕی، تا گه‌یشته‌ خواردنی موچه‌ی چه‌ند مانگێکی ته‌واوی موچه‌خۆران بۆ ساڵی 2015، وه‌ بڕینی زیاتر له‌ %50ی موچه‌ی زۆربه‌یان له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2016 ه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ وایکردوه‌ له‌ ئێستادا توڕه‌یی خه‌ڵک بگاته‌ لوتکه‌ و، ده‌سه‌ڵات خۆیشی له‌ هه‌موو که‌س زیاتر هه‌ست به‌و توڕه‌یی و ناڕه‌زاییه‌یی خه‌ڵک ده‌کات.
ئێمه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتیمانی و به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی، بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یران و کێشه‌ و گرفتانه‌ی ئه‌مڕۆ کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، هه‌ندێک له‌ قه‌یرانه‌کانی کوردستان به‌ گشتی و ده‌ڤه‌ره‌که‌مان به‌ تایبه‌ت دیاریده‌که‌ین، هاوکات له‌گه‌ڵ پێشنیار و ڕاسپارده‌ بۆ شێوازی چاره‌سه‌رکردنیان:-
یه‌که‌م: له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان:-
1. بۆ ڕێزگرتن له‌ خه‌بات و قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و که‌سوکاریان و خوڵقێنه‌رانی ڕاپه‌ڕین و ئامانج و خه‌ون و ده‌ستکه‌وته‌کانیان، هاوکات بۆ ڕێزگرتن له‌ یاسا و بنه‌ما و پره‌نسیپه‌ دیموکراسییه‌کان و کارئاسانیکردن بۆ به‌رقه‌راربوونیان له‌ کوردستان، پێویسته‌ له‌ زووترین کاتدا، مه‌سعود بارزانی ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ببێت و، دواتریش له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگه‌رده‌وه‌، سه‌رۆکێکی شه‌رعی و قانونی بۆ هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێت، جا چ به‌ گوێره‌یی یاسای له‌ کاردابووی ئێستای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم یاخود دوای هه‌مواردکردنه‌وه‌ی یاساکه‌.
2. کاراکردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی په‌رله‌مانی کوردستان و‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌ستبه‌کاربوونی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ کابینه‌ی ئێستای حکومه‌تی هه‌رێم و، دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی ته‌کنۆکرات بۆ قۆناغی گواستنه‌وه‌ له‌ که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا که‌ ماوه‌که‌ی تاوه‌کو سه‌ره‌تای واده‌ی خولی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بێت و، ئه‌رکی له‌ پێشینه‌یی ئه‌و حکومه‌ته‌ هه‌وڵدانی جددی بێت بۆ ده‌ربازکردنی هه‌رێمی کوردستان له‌و گێژاوه‌ سیاسیی و ئابورییه‌ی تێیکه‌وتوه‌ و، زه‌مینه‌سازیکردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگه‌رد، به‌ چاودێری وردی ناوخۆیی و بیانییه‌وه.
3. پێویسته‌ له‌و قۆناغه‌ ڕاگوزه‌رییه‌دا کاربکرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ببێته‌ خاوه‌ن ده‌ستورێکی تایبه‌ت به‌خۆی، که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ بێت و، روئیایه‌کی ستراتیژی نیشتیمانی درێژخایه‌ن له‌خۆی بگرێت، وه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و به‌ دامه‌زراوه‌یکردنی ده‌زگاکان بنرێت و، گه‌ره‌نتی بێت بۆ چه‌سپینی دیموکراسی و هێنانه‌ ئارای ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات.
4. کۆتایهێنان به‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌یی که‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانی شه‌رعیه‌ت و مه‌شروعیه‌ت له‌ کوردستان دروستکراوه‌ و، دابینکردنی موچه‌ به‌ لیستی پێشوو بۆ سه‌رجه‌م موچه خۆره‌ ڕاسته‌قینه‌کان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی موچه‌‌ فه‌وتاو و بڕاوه‌کان بۆیان،هه‌روه‌ها پێویسته‌ کاری جددی بکرێت بۆ بونیادنانی ئابورییه‌کی به‌هێز و، کۆتایهێنان به‌ گه‌نده‌ڵییه‌ گه‌وره‌کانی په‌یوه‌ست به‌ فره‌ موچه‌یی، بندیوار، خانه‌نشین و دامه‌زراندنی نایاسایی، لێبڕینی به‌رچاو و یه‌کجاری (نه‌ک پاشه‌که‌وت)، له‌ پله‌ تایبه‌ت و باڵاکان و ڕه‌چاوکردنی دادپه‌روه‌ری له‌ سیسته‌می موچه‌ و دابه‌شکردنی داهاته‌کان و، له‌ سه‌روویی هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌نجامدانی گۆڕانکاریی و چاکسازی ڕیشه‌یی له‌ دۆسییه‌ی نه‌وت و گومرگ و فڕۆکه‌خانه‌کان و سیاسه‌تی باج. به‌ چاکسازی له‌و که‌رت و بوارانه‌دا ده‌توانرێت هه‌نگاو بۆ چاکسازی بنرێت نه‌وه‌ک بڕینی موچه‌ی موچه‌خۆره‌ ڕاسته‌قینه‌کان.
5. چه‌سپاندنی لامه‌رکه‌زیه‌ت و دابه‌زاندنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بۆ یه‌که‌ ئیدارییه‌کانی وه‌کو پارێزگا، قه‌زا، ناحیه‌ و شاره‌وانییه‌کان، به‌ تایبه‌ت له‌ ڕووی کارگێڕی و داراییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسا په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌بێت.

دوه‌م: په‌یوه‌ست به‌ دۆخی شاری ڕانیه‌ و ده‌وروبه‌ری
شاری ڕانیه‌ و ده‌وروبه‌ری سه‌ره‌ڕای کێشه‌ و گرفته‌ گشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ده‌ست چه‌ندان کێشه‌ و گرفتی تایبه‌ت به‌ خۆیاوه‌ ده‌ناڵێنێت له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کانی وه‌ک په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، شاره‌وانی و سه‌وزایی، خزمه‌تگوزاری و گه‌شتوگوزار هتد...، به‌جۆرێک ئه‌و په‌راوێزخستنه‌ی له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ هیچ شوێن و سوچێکی تری هه‌رێمی کوردستاندا هاوشێوه‌ی نه‌بێت‌، ئه‌مه‌ش بێگومان له‌گه‌ڵ که‌موکوڕی له‌ سیسته‌م و یاسا و شێوازی ئیداره‌دان و شکستی ده‌سه‌ڵاتی باڵا، به‌شێکی تری په‌یوه‌ندی به‌ که‌مته‌رخه‌می و نادڵسۆزی به‌رپرسه‌ لۆکاڵییه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌وه‌ هه‌یه‌‌. به‌ ئامانجی به‌جێهێشتنی ئه‌م دۆخه‌ و ده‌ربازبوون لێی، هه‌ندێک له‌ گرفته‌کان و ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی ده‌ڤه‌ره‌که‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:-
1. ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین؛ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی داواکاری به‌پارێزگابوون دروستکرا و، دوای پێکهێنانیشی جگه‌ له‌ بارگرانی هیچ سودێکی تری بۆ ده‌ڤه‌ره‌که‌ نه‌بوه‌، بۆیه‌ داواکارین به‌ زووترین کات هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت چونکه‌‌ هیچ چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی نیه‌ و، نه‌ خه‌ڵک و نه‌ حکومه‌تیش  اعترافی پێناکه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ داواکارین و ده‌مانه‌وێت شاری ڕانیه‌ بکرێت به‌ پارێزگا و هه‌ریه‌که‌ له‌ ناحییه‌کانی ‌ حاجیاوا و چوارقوڕنه بکرێن به‌ قه‌زا، که‌ سه‌رجه‌م مه‌رجه‌کان و بگره‌ زیاتریشیان تێدایه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌و شوێنانه‌ی پێشتر کراون به‌ قه‌زا و پارێزگا. دواتریش ده‌کرێت له‌ قه‌زای پشده‌ر و ناحییه‌کانیدا ڕاپرسی بکرێت و ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بێنه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پارێزگا نوێیه‌وه‌.
2. پێویسته‌ داواکاری گشتی داوای یاسایی له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ که‌مته‌رخه‌م و شکستخواردوه‌کان  بجوڵێنن به‌ مه‌به‌ستی دادگایکردن و لێپرسینه‌وه‌ لێیان له‌ لایه‌ن دادگایه‌کی سه‌ربه‌خۆوه‌، وه‌ دورخستنه‌وه‌یان له‌ پۆسته‌کان و سزادانییان ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت که‌مته‌رخه‌م بوون یاخود پۆستی گشتیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و که‌سانی نزیک له‌ خۆیان به‌کارهێناوه‌. زیاتر له‌مه‌ پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان له‌ سنوری قه‌زاکه‌ بگرێته‌وه‌ و، سزای پێویست بدرێن ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌وت که‌مته‌رخه‌م بوون.
3. پێویسته‌ گۆرانکاری له‌سه‌رجه‌م به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا بکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێکیان ماوه‌یه‌کی یه‌کجار زۆره‌ له‌ پۆسته‌کانیاندا ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێکی تریان له‌ ڕابردوودا ڕۆڵی خراپیان هه‌بوه‌ له‌ سه‌رکوتکردنی خۆپیشاندانه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ له‌وانه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کانی‌ مانگه‌کانی ته‌موز و ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2015دا و، گرتن و سزادانی هه‌ندێک له‌ هاوڵاتیان و چالاکانی مه‌ده‌نی. زیاتر له‌مه‌ش زۆربه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی حزبیبوون دانراون و له‌ ناو حزبیشدا زۆربه‌ی پۆسته‌کان به‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ و ده‌ڤه‌ره‌که‌ ڕه‌وا نه‌بینراون. هه‌روه‌ها هه‌ندێک به‌رپرسی عه‌سکه‌ری "به‌ناو پێشمه‌رگه‌" له‌ دوای شه‌ڕی ناوخۆوه‌ هێنراونه‌ته‌ شاره‌که‌ و به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا فه‌رز کراون و، له‌ پا‌ڵ خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن، ئیشیان سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ بوه‌ له‌ کاته‌ هه‌ستیاره‌کاندا، نابێت ئه‌وانه‌ چیتر ببنه‌ به‌شێک له‌ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵک.
4. به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریی و ڕۆڵگێڕانی هاوڵاتیان و گه‌ل له‌ دانانی لێپرسراوه‌ خۆجێیه‌کان و له‌ ناویاندا قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌کان و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان، پێویسته‌ کاری جددی بکرێت بۆ جێبه‌جێکردنی یاسای ژماره‌ 3ی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان. به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌رۆکی شاره‌وانییه‌کان پێویسته‌ به‌ ده‌نگی خه‌ڵکی شاره‌کان هه‌ڵببژێردرێن، نه‌وه‌ک له‌ لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه‌ دیاریبکرێن و حکومه‌تیش ئه‌رکی شه‌رعاندن و سه‌پاندنیان بگرێته‌ ئه‌ستۆ.
5. سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنیان بۆ ناکرێت پێویسته‌ له‌ کوردستان و له‌ ناویاندا پۆسته‌کانی شاری ڕانیه‌ و ناحییه‌کانی له‌مه‌ودوا به‌ که‌سانی پسپۆڕ و شیاو پڕبکرێنه‌وه،‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی وشاره‌زایی و به‌ کێبڕکێ، هه‌روه‌ها‌ هه‌تاوه‌کو خه‌ڵکی شیاو له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌دا هه‌بێت ناکرێت و پێویست نیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رپرس بۆ شاره‌که‌ بهێندرێت له‌ لێپرسراوێکی حزبییه‌وه‌ تاوه‌کو سه‌رۆکی زانکۆ، له‌ ڕابردوودا و تا ئێستاش ئه‌مه‌ یه‌کێک بوه‌ له‌ گرفته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ و، ئێستاش به‌ ڕوون و ئاشکرایی کاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌کانی ده‌رکه‌وتون.
6. له‌ ده‌رئه‌نجامی لاوازی و که‌مته‌رخه‌می حکومه‌ت و یه‌که‌ ئیدارییه‌کان، داگیرکردنی خانو، بینا و زه‌ویی و موڵکی گشتی له‌ شاری ڕانیه‌ و ناحیه‌کانی ده‌وروبه‌ری خه‌ریکه‌ له‌ سنور ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی یه‌کجار قێزه‌ون و ناشیرینه‌ و خه‌ڵک و هاوشاریانی توشی هه‌راسانی کردوه‌، بۆیه‌ داواکارین به‌ زووترین کات ده‌ستبکرێت به‌ کاری جددی و پراکتیکی بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م موڵکه‌ گشتییه‌ داگیرکراوه‌کان جا له‌ لایه‌ن هه‌ر که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ داگیرکرابن یاخود به‌ نایاسایی به‌ کارهێندرابن و، وه‌ پێویسته‌ سه‌رپێچیکاران سزای پێویست بدرێن و غه‌رامه‌ی پێویست بکرێن، ئه‌مه‌ش دوای دادگایکردنێکی عادیلانه‌.
7. ده‌ستڕۆیشتوویی هه‌ندێک له‌ که‌سایه‌تی و ئاغا و ده‌ره‌به‌گ له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێکی مه‌ترسیدار، ئه‌مه‌ش بێگومان به‌ هاوکاری و پشتیوانی حزبی باڵاده‌ست بوه‌ و، له‌ ئێستادا بوونه‌ته‌ خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌ له‌سه‌ر حکومه‌ت خۆیی و موڵک و ماڵی گشتی، ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ سنوردار نه‌کرێت، ئاینده‌ی ده‌ڤه‌ره‌که‌ به‌ره‌و چاره‌نوسێکی خراپ ده‌چێت.
8. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نوێنه‌ره‌کانی شاری ڕانیه‌ و ناحییه‌کانی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ناچالاک و شکستخواردوو بوون له‌ به‌رامبه‌ر کێشه‌ و که‌موکوڕییه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ و جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیان، داواکارین هه‌موویان ده‌ست له‌ کاربکێشنه‌وه‌ جا سه‌ر به‌ هه‌ر حزب و لایه‌نێکی سیاسی بن به‌بێ جیاوازی.
سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌ یادی ڕاپه‌ڕین
یادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی 1991، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تاوه‌کو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام هه‌وڵی بچوککرنه‌وه‌ و که‌مکردنه‌وه‌ له‌ گرنگی و بایه‌خی دراوه‌، هیچ ساڵێک له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ یادێکی شایسته‌ به‌و یاده‌ مه‌زنه‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌ که‌ جێگای ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵک و ڕۆحی شه‌هیدان و که‌سوکاریان و به‌شداربوانی ڕاپه‌ڕین بووبێت، به‌رده‌وام یاده‌که‌ کراوه‌ته‌ شاباشی حزبی و شانۆگه‌رییه‌ک بۆ خۆهه‌ڵکێشانی هه‌ندێک به‌رپرس و به‌خشینه‌وه‌ی هه‌ندێک به‌ڵێنی شاخدار به‌ خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێک له‌ واقعی ده‌ڤه‌ره‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌ی گۆڕابێت. ئه‌و دۆخه‌ش حزب و حکومه‌ت و کۆی دامه‌زراوه‌کان لێی به‌رپرسن، له‌ نێوانیشیاندا هه‌ردوو خولی سێیه‌م و چواره‌می په‌رله‌مان، که‌ هیچیان ئاماده‌نه‌بوون ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ تاوتوێ و په‌سه‌ند بکه‌ن که‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ نیشتیمانیکردنی ئه‌و یاده‌ مه‌زن و پڕ شکۆیه‌ پێشکه‌شیان کراوه‌. له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌باشی ده‌زانین ئه‌م ساڵ خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ به‌ تایبه‌ت، خۆیان خاوه‌ندارێتی له‌ ڕاپه‌ڕین و ده‌ستکه‌وته‌کانی بکه‌ن و، له‌ ئاینده‌شدا هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئامانجه‌ به‌دینه‌هاتوه‌کانی بده‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند خاڵێک پێشنیار ده‌که‌ین:-
1. داواکارین خه‌ڵکی کوردستان و شاری ڕانیه‌ و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌که‌ بایکۆتی سه‌رجه‌م هه‌وڵێکی حکومه‌ت له‌ ژێر دروشمی یادکردنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وان کاتێک سه‌دان ملیۆن دیناریان ده‌خرایه‌ به‌رده‌ست، نه‌یانتوانی یادێکی شایسته‌ بۆ راپه‌ڕین بکه‌نه‌وه‌، دڵنیابن ئێستاش ناتوانن بیکه‌ن، چونکه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بڕوا و ئیمانیان به‌ ڕاپه‌ڕین نه‌ماوه‌.
2. سه‌ردان و هاتنی سه‌رجه‌م به‌رپرسه‌کان بۆ شاری ڕانیه‌ ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌، نامانه‌وێت چیتر خه‌ڵک‌ ساڵانه‌ له‌و یاده‌ پیرۆزه‌دا به‌ڵێنی ناڕاست و بێکرداریان به‌سه‌ردا ببه‌خشرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێویسته‌ به‌رپرسه‌کان خۆیان ڕوویان نه‌بێت سه‌ردانی ناوچه‌که‌ بکه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌ ناڕاست و بێ کردارانه‌ی له‌ ڕابردوودا به‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌یان داوه‌.
3. به‌ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت و چونکه‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن یان ده‌سه‌ڵات نیه‌ پشتیوانی له‌ خه‌ڵکی سته‌ملێکراو و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان بکات‌، نابینه‌ ڕێکخه‌ر و پێشڕه‌وی هیچ خۆپیشاندانێک، به‌ڵام پشتیوانی له‌ هه‌ر چالاکییه‌کی مه‌ده‌نی و ناتوندوتیژانه‌ ده‌که‌ین که‌ بۆ یادی ڕاپه‌ڕین ئه‌نجامبدرێت، وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر هه‌وڵێکی حزب و حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ ناوچه‌که‌دا بۆ توندوتیژی به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان مه‌حکوم ده‌که‌ین.
4. پێویسته‌ بۆ ڕۆژی یادی ڕاپه‌ڕین جگه‌ له‌ پۆلیسی چالاکیه‌ مه‌ده‌نییه‌کان ڕێگه‌ به‌ هیچ هێز و لایه‌نێکی تری چه‌کدار نه‌درێت که‌ که‌ بێته‌ ناو جه‌ماوه‌ر و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ بیانه‌وێت یادی ڕاپه‌ڕین بکه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و که‌سه‌ عه‌سکه‌ریانه‌ی که‌ حزب له‌ شوێنانی دووره‌وه‌ هێناونی و له‌گه‌ڵ هه‌ر چالاکییه‌کدا ئاماده‌ن ناوی پیرۆزی "پێشمه‌رگه‌" بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی شاره‌که‌ به‌کار بهێنن. هه‌ربۆیه‌ داواکارین ئه‌و هه‌زاران سه‌ربازه‌ی که‌ له‌ فیرقه‌ی چوارقوڕنه‌ بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی شاره‌که‌ ئاماده‌ کراون، به‌ زوترین کات پاشه‌کشه‌یان پێبکرێت.
5. داواکارین خه‌ڵک و به‌ تایبه‌ت گه‌نجان، له‌ کاتی به‌شداریکردن له‌ هه‌ر چالاکییه‌کدا، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ستپێشه‌خه‌ری بۆ کاری توندوتیژی و نامه‌ده‌نی نه‌که‌ن، پێویسته‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی له‌ پاراستنی موڵکی گشتی و داموده‌زگا حکومی و حزبه‌ییه‌کان و سه‌روماڵی هاوڵاتیاندا بگێڕن. له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێشخه‌ری بۆ توندوتیژی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، هه‌ندێک که‌سایه‌تی عه‌سکه‌ری و داموده‌زگای ئه‌منی دیاریکراو به‌رپرس ده‌بن که‌ لای هه‌موو که‌سێکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ ئاشکرا و ناسراون.
6. په‌یاممان بۆ حزبه‌ سیاسییه‌کان و به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پێگه‌ی به‌هێزیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نیه‌ هاوکات سه‌رجه‌م ڕێکخراو و چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ک که‌ بۆیان گونجاوه‌، پشتگیری و پشتیوانی له‌ هه‌ر چالاکییه‌کی مه‌ده‌نی خه‌ڵکی ناڕازای بکه‌ن، یاخود لانی که‌م نه‌بنه‌ به‌شێک له‌ دژایه‌تیکردن و سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکی ناڕازی.
7. بانگهێشتی ڕیکخراو و دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناوخۆ له‌سه‌رجه‌م شاره‌کانی کوردستان و ته‌نانه‌ت بیانیش ده‌که‌ین، که‌ ڕۆژی 5/3/2016 له‌ شاری ڕانیه‌ ئاماده‌ بن، وه‌ک شایه‌د و چاودێری بێلایه‌ن چاودێری دۆخی شاره‌که‌ بکه‌ن و هه‌ر هه‌وڵ و کارێکی ده‌سه‌ڵات و حزب بۆ ئه‌نجامدانی توندوتیژی و ئازاردانی هاوڵاتیان و پێشێلکارییه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕین تۆمار بکه‌ن.
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاریکردن له‌ یادی ڕاپه‌ڕین و ده‌ستکه‌وته‌کانی
                                                                         3/3/2016
                                                                         ڕانیه‌


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە