تەنیا ڕێگای فریاکەوتن!
Wednesday, 02/03/2016, 8:28
شایەتیەکانی Michael Rubin ی ئەمریکی لە سەر ئەو پارانەی دوای ڕوخانی سەدام بە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی دراون، قسەکانی ئەم دواییەی Christopher Robert Hill ی سەفیری پێشوی ئەمەریکا لە عێراق لە سەر پارەی مۆڵدراوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لە ئەمریکا و ئەوروپا ،هەروەها بە پێی بەڵگەنامەی ویکیلیکس: ID 06KIRKUK46 دەستەیەک لهبهرپرسانی سهرهوهی یهكێتیو پارتی لە کەرکوک بازاڕێكی رهشیان دروستكردوه بۆ سوتهمهنی و بەمە سامانێكی زۆریان دەستکەوتوە، ئەمانە و دەیان بەڵگەنامەی تر دەیسەلمێنن کە پارتی و یەکێتی هەم وەک حیزب هەم وەک دەسەڵاتدارانی پلە یەک و دو و سێی ناویان بایی دەیان ملیارد دۆلار سامانی جۆراوجۆری کوردستانیان لە پارەی کاش و زەی و زار و تەلار و ئوتێل و زێڕ... بە شێوەیەکی نایاسایی بردوە بۆ خۆیان و لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر وەک سەرمایە بەکاری دەهێنن یا هەر بە مۆڵکراوی دایانناوە. پتر لە ٩٠% ی داهاتی هەرێم لە نەوتەوە بۆمان دێت کە لە مانگی ٦ ی ٢٠١٥ وە خۆمان بێپرس بە عێراق دەیفرۆشین، بەڵام بەهۆی بردنی بەشێکی داهاتەکەی لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بردنی بەشێکی تری داهاتەکەی لە لایەن تورکیاوە ئێستا حوکومەتی هەرێم ناتوانێ بەجارێک یا چەندجارێک موچەی پێنەدراوی پێنج مانگی ڕابوردو بداتەوە. بۆ پێدانی ئەو موچەیە خێراترین ڕێگا لە بەردەم حکومەتی هەرێم کە پارتی و یەکێتی دەیبەن بەڕێوە ئەوەیە کە بەلای کەمەوە شەش ملیار دۆلارێک لە سامانی خەڵکی کوردستان کە لایانە بیگێڕنەوە بۆ گەنجینە بەتاڵەکانی هەرێم. بێگومان پارتی و یەکێتی بە کارێکی ئاوا بوێرانە نەک هەر خۆشی و ئومێد دەخەنە دڵی گەلەکەمان بەڵکو بڕێک داد و یەکسانی دەگێڕنەوە بۆ خەڵک. ئێ باشە ئەگەر بەمە نەبێت ئەی چۆن ئەو موچەیە دەدەنەوە پێمان؟ نە بەرهەمێکی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی وامان هەیە بیفرۆشین بە دەرەوە بە دۆلار، نە پیشەسازیمان هەیە، نە سەدان هەزار ئیشکەرمان لە ئەوروپا و ئەمریکا و خلیج هەیە کە مانگانە پارە بنێرنەوە بۆ کوردوستان، پارەی گومرگ و باج و داهاتی ناوخۆش بە هۆی گەندەڵیەوە زۆر کەمە، کەرتی گەشت و گوزار بە هۆی بارودۆخەکەوە توشی ئیفلیجی بوە. تا گێڕانەوەی تەواوی موچەی پێنج مانگی پێشو پێویستە بایکۆتی هەمو دەسگا و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم بکەین و شێوازەکانی تری خەباتی مەدەنیی ناتوندوتیژیش بگرینە بەر، خەبات ژیانە، خۆبەدەستەوەدان پوکانەوە و مردنە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست