ڕاپه‌ڕین بۆچی؟ له‌کێ؟ که‌ی؟ چۆن؟
Monday, 29/02/2016, 23:34
ڕاپه‌ڕین له‌ئه‌نجامی بوونی ده‌سته‌ڵاتیێکی داگیرکا‌ر و سته‌مکار و خۆسه‌پێن و سه‌رکوتکار و فه‌رامۆشکردنی هاوڵاتیان و پشتگوێخستن و برسی کردنیان تا ئه‌وپه‌ڕی بێزاری سه‌رهه‌ڵده‌دات ، بۆ ڕزگاربوون له‌و سته‌مکاریانه و به‌ده‌ست هێنانی ئازادی هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌پشتیوانی گروپێک یان چه‌ند گروپێک وه به‌ڕابه‌رایه‌تی سه‌رکرده‌یه‌کی لێهاتو له بارودۆخێکی گونجاو‌دا.
که‌واتا ڕاپه‌ڕین ئه‌و ناوه پیرۆزه‌یه که ده‌بێته هۆی شانازی ئه‌وگه‌له‌ی کاتێک به‌رهه‌مێکی زۆرباشی هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه گه‌ر ڕاپه‌ڕین ببێته هۆی لادان و له‌ناوبردنی ده‌سته‌ڵاتێکی سته‌مکار و هێنان و دروستکردنی ده‌سته‌ڵاتێکی سته‌مکارتر و خراپتر ئه‌وا ئه‌وگه‌له په‌شیمان ئه‌بێته‌وه له هه‌وڵ و ماندوبوونی ئه‌وڕاپه‌ڕینه‌و به‌ڵکو بیر له‌ڕاپه‌ڕینێکی ترده‌کاته‌وه له‌بارودۆخێکی گونجاوتردا.
گه‌لی کوردیش به‌درێژایی مێژوو زۆر ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ئه‌نجامداون بۆ ڕزگاربوون له ژێرده‌سته‌یی و داگیرکاری، له‌هه‌مووشیان دیارتر و نزیکتر ڕاپه‌ڕینی (١٩٩١/٣/٥) ه که له شاری ڕانیه ده‌ستی پێکردو هه‌موو شاروشارۆچکه‌کانی کوردستانی باشوری گرته‌وه، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه له‌دژی زوڵم و سته‌مه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ڕژێمی به‌عس ئه‌نجامدرا به پشتیوانی به‌ره‌ی کوردستانی که سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌شداربوون تێیدا، به‌ڕابه‌رایه‌تی سه‌رکرده‌ی حزبه‌کان و به‌به‌شداری زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و به‌ژن و منداڵیشه‌وه، له‌بارودۆخی دوای جه‌نگی که‌نداو و کوێت و دانانی ئابڵۆقه‌ی ئابوری له‌سه‌ر عێڕاق، که بۆ هۆی سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌که، له ئه‌نجامدا په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی لێ به‌رهه‌مهات.
لێره‌دا پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر به‌رهه‌می ئه‌و ڕاپه‌ڕینه بکه‌ین که له‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا یادی (٢٥) ساڵه‌ی ده‌کرێته‌وه که به‌یادی یۆبیلی زیوین ناسراوه، به‌داخه‌وه دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه ئێستاش هاوڵاتیان داوای ڕاپه‌ڕینێکی تر ئه‌که‌ن نه‌ک داوا به‌ڵکو ئاماده‌کاری بۆ ده‌که‌ن، هۆکاره‌که‌شی ڕوون و ئاشکرایه ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه له به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕینی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان به‌ته‌نها خۆیان و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان تێیدا سود مه‌ند بوون ، هاوڵاتیانیش به‌ده‌ستی به‌تاڵ و گیرفانی خاڵی و دڵی پڕ خه‌م و بێزاری بیست و پێنج ساڵه چاوه‌ڕوانن، بۆیه پێویسته بپرسین ئایا ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه بیریان له‌وه کردۆته‌وه هاوڵاتیان بۆچی داوای ڕاپه‌ڕین ده‌که‌ن؟ یان ئێستاش خۆیان پێ فریاد ڕه‌سی ئه‌وگه‌له‌یه؟ له‌کاتێکدا گه‌وره‌ترین گرفت و نه‌هامه‌تین.! ئایا بیریان له‌چاره‌سه‌ر ی کێشه‌کان و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی داواکاری هاوڵاتیان کردۆته‌وه؟ یان هه‌ر به‌نیازن به تۆمه‌تی ئاژاوه‌گێڕی و خیانه‌تکاری ، به‌زه‌بری هێز و سه‌رکوتکردن و گرتن و کوشتن ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه؟
پێویسته ده‌سته‌ڵاتداران ئه‌وه بزانن که سته‌م و داگیرکاری و خۆسه‌پاندنیان گه‌یشتۆته لوتکه، به‌رگه‌ی بێزاری و ڕقی تۆڵه‌ی گه‌ل ناگرن، چونکه ئه‌وکات هیچ جیاوازی نیه ئه‌و سته‌مه کێ ده‌یکا ئایا ده‌سته‌ڵاتی خۆییه یان بێگانه؟ بۆیه سته‌م هه‌ر سته‌مه با براکه‌ی خۆشتبێ، وه پێویسته ئه‌و ڕاستیه بزانن با به که‌سانی چوارده‌وریان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان لێتان ناڕازیه ، له‌به‌ر کاره ناله‌بار و خیانه‌تکاری و دزی تاڵانیه‌کانتان و جیاکاری و داگیرکاریه‌کانتان، تا ئێستا که قبوڵ کراوه له‌به‌ر خاتری ئێوه‌نیه به‌ڵکو له‌به‌ر مه‌ترسی دوژمنانه، وه پێویسته ئه‌مه‌ش بزانن که بارودۆخی ڕاپه‌ڕین له‌ئێستادا زۆر له‌باره، ئه‌وه‌ی که بۆته گرفت نه‌بوونی پشتیوانی ڕێخراوه‌ییه له‌گه‌ڵ ڕابه‌رێک و سه‌رکرده‌یه‌کی دیار، ئه‌گه‌رنا وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه له‌ئێستادا بوونیان هه‌یه، واله خواره‌وه یه‌ک به‌یه‌ک ڕوونیان ده‌که‌ینه‌وه.
ڕاپه‌ڕین بۆچی؟ بۆ ڕزگاربوون له زوڵم و سته‌م و داگیرکاری و خۆسه‌پاندن و قۆرخکاری و جیاکاری و برسیکردن، وه بۆ به‌ده‌ستهێنان و ده‌سته‌به‌ر کردنی ئازادی ئه‌نجام ئه‌درێ ئایا له‌ئێستا پێویستیمان به‌مه‌نیه؟
ڕاپه‌ڕین له‌کێ؟ له ده‌سته‌ڵاتێک که سته‌م له هاوڵاتیانی بکات و خۆیان تێر و خه‌ڵک برسی و هیچ بیری داهاتوویان نه‌بێ ته‌نها بیر له خۆیان بکه‌نه‌وه ، گوێ له‌که‌س نه‌گرێ به‌هیچ ڕانه‌چڵه‌کێ ته‌نها زمانی زبر بزانێ، یان ته‌نها ده‌ستی دزی و تاڵانی هه‌بێ، یان بیری تۆڵه‌و تۆمه‌تی له‌مێشکدابێ، یان ته‌نها بیر له په‌رده پۆشکردن و درۆکردن و پلاندابڕێژێ بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانیان، ئایا ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی ئێمه وانیه؟
ڕاپه‌ڕین که‌ی؟ ڕاپه‌ڕین کاتێک ئه‌نجام ئه‌درێ که باردۆخ گونجاو له‌باربێ واتا هه‌م بێزاریه‌کان بگاته لوتکه هه‌م ده‌سته‌ڵاته‌که گڵۆڵه‌ی که‌وتبێته لێژی واته لاوازبووبێ له‌ئێستاشدا ئایاده‌سته‌ڵاتی هه‌رێم به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و جه‌نگ و په‌رته‌وازه‌ییان له‌لاوازیدانیه؟
ڕاپه‌ڕین چۆن؟ واته چۆن ئه‌نجام ئه‌درێ، ڕاپه‌ڕین کاتێک ئه‌نجام ئه‌درێ که پلانی پێش وه‌خته هه‌بێ له‌لایه‌ن چه‌ند که‌س و ڕێکخراوێک وه پێویستی به سه‌رکرده‌و ڕابه‌رێک هه‌یه، ئه‌وه‌ی که له‌ئێستادا بوونی نیه ته‌نها وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یه، ئه‌ویش که بارودۆخه‌که درێژه بکێشێ په‌یدا ئه‌بێ جا چ ئه‌و حزب و سه‌رکردانه‌ی ناڕازین پێش جاماوه‌ربکه‌ون، یان خۆڕسکانه له‌ناو جه‌ماوه‌ردا هه‌ڵقوڵێ که زۆرجار شتی وا ڕویداوه.
له‌کۆتایدا ڕووی خامه‌م ئه‌که‌مه به‌رپرسان و ده‌سته‌ڵاتداران، پێویسته چیتر لێکدانه‌وه‌ی خراپ بۆ ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و ده‌نگه ناڕه‌زاکان نه‌که‌ن، له‌جیاتی په‌نا بردن بۆ تۆمه‌ت و ناو زڕاندن سه‌رکوتکردن بیر له‌چاره‌سه‌ری مه‌یدانی و کرداری بکه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان ئاشت بنه‌وه و ئاوێته‌بن، نه‌ک پلان دابنێن بۆ پینه‌و په‌ڕۆکردنی کاره گڵاوه‌کانتان به‌درۆ و ده‌له‌سه‌و هه‌ڕه‌شه چونکه په‌تی سته‌م و درۆ کورته ، تا له‌و لوت به‌رزیه‌تان به‌رده‌وامبن چاوه‌ڕوانی ڕاپه‌ڕینێکی گه‌وره‌بن، ئه‌وکاتیش ئێوه به‌رپرسن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست