کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قه‌یرانی دارایی و كۆمپانیا حیزبیه‌كان

Monday, 22/02/2016, 15:11


قه‌یرانی دارایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی بوارو سێكته‌ره‌كان كردووه‌ ، خه‌ڵك به‌ته‌واوی نائومێد بووه‌ له‌ دۆخی سیاسی و ئابوری له‌ هه‌رێمی كوردستان ، هاوڵاتیان ئێستا خانوو زه‌وی ئوتۆمبیل ده‌فرۆشن و ڕێگای هه‌نده‌ران به‌و په‌ڕی مه‌ترسییه‌وه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر له‌ پێناو كۆچكردن نا به‌ڵكو له‌ پێناو هه‌ڵهاتن له‌ ده‌ست زوڵم و سته‌م و ناعه‌داله‌تی و دیكتاتۆری ده‌سه‌ڵاتی كوردی .
له‌ ماوه‌ی دووساڵ دا (200,000 هه‌زار ) هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستانی به‌جئ هێشتووه‌ و به‌ پێی ئاماره‌كان له‌ %85 ئه‌م كۆچبه‌رانه‌ توێژی گه‌نجانن ، به‌گشتی له‌ %70 له‌ پیاوانن و له‌ %30 له‌ ژنانن ، له‌ %65 له‌ سنوری زۆنی سه‌وزدا بووه‌ له‌ %30 له‌ زۆنی زه‌رد و له‌ %5 له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بووه‌ .
ڕێژه‌ی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ %70 و له‌گه‌ڵ ئیران له‌ %60 دابه‌زیووه‌ ، كۆمپانیا حیزبیه‌كان ته‌واوی دۆخه‌كه‌یان قۆرغكردووه‌ ، ده‌زگا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی حیزب قۆرغ و ئیحتیكار به‌ ته‌واوی مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كان و بازاڕه‌وه‌ ده‌كه‌ن .
له‌ زۆنی زه‌رد كۆمپانیای هۆرس قۆرغی ته‌واوی بازرگانی پزیشكی كردووه‌ و چه‌ندین كۆمپانیاری تری حیزبی كه‌ ئیحتیكار به‌ بازرگانی جگه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن و ره‌قابه‌یه‌كی كه‌می له‌سه‌ر دانراوه‌ ،كۆمپانیاكانی ( كار – گروپ خۆشناو -كۆڕه‌ك -77- میلله‌ت – عراق ئۆیل – ناتیزنفت –نیمۆ ) قۆرغی ته‌واوی بازرگانی نه‌وتیان كردووه‌ ، ئایا كه‌س جورئه‌تی هه‌یه‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ كۆمپانیای كۆڕه‌ك بكات كه‌ كارگه‌ی شیش و چیمه‌نتۆی بۆچی یه‌ ؟!
له‌ زۆنی سه‌وزیش گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان و گروپ قه‌یوان قۆرغی ته‌واوی بازرگانیان كردووه‌ ، كه‌س هه‌یه‌ بتوانێت لیكۆلینه‌وه‌ له‌ (نه‌وت و غازی ) گه‌رمیان بكات كه‌ چۆن ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌ی ده‌چیته‌ گیرفانی كێوه‌ ؟! نه‌وتی كه‌ركوك چۆن ده‌فرۆشرێت و داهاته‌كه‌ی ده‌چێته‌ گیرفانی كێ وه‌ ؟!
هیچ كۆمپانیایه‌ك نیه‌ له‌ كوردستان كه‌ كاراكته‌رێك له‌ پشتیه‌وه‌ نه‌بێت و بێگومانیش ئه‌و كاراكته‌ره‌ به‌رپرسێكی حیزبی یه‌ ،ئه‌م كۆمپانیایانه‌ له‌ توانایاندا هه‌یه‌ كه‌ بودجه‌و موچه‌ی ده‌ساڵی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ن .
گروپی كۆمپانیاكانی نۆكان و گروپ قه‌یوان هه‌ریه‌كێكیان خاوه‌نی زیاتر له‌ (5-7) ملیار دۆلارن ، ده‌زگای وه‌به‌رهێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی (12- 15 ) ملیار دۆلاره‌ ، ئه‌م پارانه‌ له‌ كوێتان بوو به‌ چی په‌یدا كرا ؟!
تا هه‌نوكه‌ (25) پرۆژه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست حكومه‌تی بنكه‌ قه‌یران بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌ی كه‌ خولقێنراوه‌ ،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی پێنج مانگه‌ فه‌رمانبه‌ران موچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كی زۆری به‌ دوای خۆیدا هێنا ، چونكه‌ خودی سیسته‌مه‌كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی عه‌قلانی و زانستی و یاسایی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بوو ، به‌ر له‌ هه‌ر شتێك هه‌نگاوی یاسایی و ئیراده‌ی جدی و بوێریمان پێویسته‌ بۆ ده‌رچوون له‌م قۆناغه‌ی ئێستا ، پێویسته‌ چاكسازی سیاسی پێش چاكسازی كارگێری بخرێت ، جه‌وهه‌ری قه‌یرانه‌كان په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ ناوخۆی خۆمان و بئ پرۆژه‌و بئ پلانی بئ ستراتیژی حكومه‌تی بنكه‌ قه‌یرانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ده‌بوو حكومه‌تی بنكه‌ قه‌یران به‌ته‌نها پشتی به‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌وت نه‌به‌ستایه‌ و به‌ڵكو سه‌رچاوه‌كانی تری وه‌كو ( پیشه‌سازی – گه‌شتوگوزار – كشتوكاڵ ) ببه‌ستایه‌ ، چه‌ندێن ساڵه‌ ئابوریناسان و پسپۆران هاوار ده‌كه‌ن و كه‌س گوییان لئ ناگرێت .
له‌ماوه‌ی 10 ساڵ دا له‌ نێوان ساڵانی (2003 – 2013 ) زیاتر له‌ (100) ملیار دۆلار هاتووته‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌بوایه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ژێرخان و بونیه‌یه‌كی ته‌حدی به‌هێزمان هه‌بوایه‌ كه‌ به‌رگه‌ی ئه‌مرۆمان بگرتایه‌ ، هۆكاری له‌رزۆكی ئیستای بونیه‌ی ته‌حدی كورد ئه‌وه‌ی كه‌ به‌هه‌ده‌ردان هه‌بووه‌ گه‌نده‌لی و خراپ به‌كار هێنانی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌بووه‌ ، ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ شارێكی وه‌كو سلیمانیدا خولقاوه‌ ، له‌كاتێكدا به‌رسڤ و داوایه‌كی هه‌ق و ڕه‌وایه‌ ، دووره‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان و ده‌ستی ده‌ره‌كی فه‌رمانبه‌ران له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ركه‌كانیان مافیان هه‌یه‌ و پێیان نادرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ، پاشانیش پێمان وانه‌بیت كه‌ خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌رانی ( هه‌ولیر و دهۆك ) له‌ خۆشیدا ماراسۆن ده‌كه‌ن ، به‌ دیوێكدا مانای ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم حكومه‌تێكی ناوچه‌ی و ناوچه‌گه‌ری هه‌ردوو شاری ( هه‌ولێرو دهۆك ) بووه‌ و خۆی به‌به‌رپرس نه‌زانیووه‌ له‌به‌رامبه‌ر خه‌لك و فه‌رمانبه‌رانی شاری سلیمانی و ده‌وروبه‌ری ، به‌ دیوه‌كه‌ی تریشدا ژینگه‌و كه‌ش و هه‌وای ئازادی له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شاریكی تر جیاوازه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی راسته‌خۆی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حوكمرانیه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە