جاران دەمامکمان نەدەویست !
Saturday, 20/02/2016, 19:58
لە ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردوستان خۆڕسکانە وبە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەرامبەر دەسەڵاتی ناڕەوا و دواکەوتوی پارتی و یەکێتی ڕاپەڕین ئێستا دوای ٥ ساڵ کە بێموچەیی و بێبازاڕی و برسێتی تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە دەرکەوت ئەو ڕاپەڕینە ڕاست و دروست و مێژویی بو. لە ٢٠١٦ لە ساڵیادی ئەو ڕاپەڕینە پڕشکۆیەدا چەند دیمەنێکی دزێو و ناشرین و ناسروشتی بو کە چەندین توێتای پڕ لە چەکداری دەمامکدار بە شێوەیەکی خێرا بە ناو جادەکانی سلەیمانیدا دەسوڕانەوە بۆ ترساندنی خەڵکی شار و بەتایبەتی بۆ ترساندنی گەنجانی توڕە و بێکار و بێموچە و بێئایندە.بێگومان ئەم چەکدارە ڕوت و برسی و داماوانە بە ئەمری دەسەڵاتدارانی یەکێتی نیشتمانی کوردوستان لە سلەیمانی دەجوڵێنرێن، کە هەر ئەوانە و پارتی دیموکراتی کوردوستانی هاوخەباتی ستراتیجییان بو ١٧ ی شوباتیشیان خڵتانی خوێن کرد. دەمامکە ناشیرینەکانی سەر ڕوی چەکدارەکانی ئیمڕۆ منی وەک پێـشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتی توشی نامۆیی و سەرسوڕمان کرد و ئەم بیرەوەریانەی بەیادهێنامەوە: لە وێرانستانی دوای ئاشبەتاڵی پارتی کە یەکێتی هاتە مەیدان بۆ هەستانەوەی کورد هەر کەسێ پێـشمەرگەی یەکێتی بوایە نەک هەر باوک و دایک و خزمە نزیکەکانی بەڵکو هاوڕێ و دراوسێ و خێڵ و هۆزەکەیشی شانازیان پێوەدەکرد و سەربەرزانە بێ دەمامک لە هەمو شوێنێک لە ناوخەڵکدا بو. لە هەمو ناوچەکاندا خەڵک کە کێشەی قورسیان لەگەڵ یەک دەبو دادوەرییان بە کادیرەکانی یەکێتی دەکرد ئەوانیش سەربەرزانە و بێدەمامک دەچونە ناوبژییان و کێشەکانیان بۆ چارەسەردەکردن. تەنانەت هەندێ لە کێشەکانی ناوخەڵکی شارەکانیش دەهێنرانە شاخ بۆ بەردەم کادیرە بێدەمامک و ڕوسور و لاوز و ڕیشن و ڕوتەڵەکانی یەکێتی. کە شای ئێران ڕوخا پێشمەرگە برسی و ڕوتەڵەکانی یەکێتی هاتنە ناو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان و لە لایەن خەڵکی ئەو شارانەوە وەک کوڕی ڕوسور و سەربەرز و بەشکۆی خۆیان ئامێزی میهر و ڕێزیان بۆ ئاوەڵاکردن. لە ڕاستیدا تەنانەت کە پێشمەرگەیەکی ناوشاری یەکێتی بە ڕۆژی نیوەڕۆ سیخوڕێکی ڕژێمی سەدامی دەدایە بەر گولە بە دەمامک ڕوی خۆی نەدەشاردەوە و شانازیی بە چالاکیەکەیەوە دەکرد. جیاوازیەکانی یەکێتیی ئەوسا و ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر و فراوانتر دەبێت و وابڕوا ئیتر یەکتری ناناسنەوە. پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس پێویستیان بە دەمامک نیە خۆیانی تیا بشارنەوە، ئەوان شایستەی ڕێز و پێزانینن .دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی دەبێ باش بزانن دەمامک و چەک و هەڕەشە و پیلانگێڕی بو ترساندن و کڕینی خەڵک تا سەر دادیان نادات. هەمو مێژوی مرۆڤایەتی هەزاران جار ئەمەی سەلماندوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست