کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیدیعای کارێکی حەق لە پێناو مەبەستێکی نابەجێدا دەکات

Wednesday, 17/02/2016, 21:41


تا ئەم ساتەوەختەش دەسەڵات بێ باکانە لەسەر ریتمی فەرمانرەوایی خۆی دەروات و، وەک ئەوەی تا ئێستا هیچ رووی نەدابێت رەفتار دەکات، لە لایەکەوە وا شڵەژاوە داوای ریفراندۆم دەکات و لەلایەکی ترەوە تا بیناقاقای لە گەندەڵی چەقیوە و وای لەخۆی کردووە لە قەیرانەکاندا تەواو نغرۆ بێت، کەچی هیچ چارەسەرێکی پێ ناکرێت . تا دوێنی خەڵکی بە کێشەی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە سەرقاڵ کردوو، چەندین هەڵەی گەورەی لەوبارەوە کرد و، بووە مایەی دووبەرەکی و خۆ خەرێک کردن بە شتی لاوەکی و، ئەمەش وای فەرز کرد کە هەمووان خەریکی راستکردنەوەی باری لاری حوکمرانی بن و، وای لێهات زەلکاوەکە زیاتر قوول بێت و پەرش و بڵاوی زیاتر بکەوێتە نێوان لایەنەکانەوە و درزێکی گەورە بکەوێتە نێوان خەڵک ودەسەڵاتەوە . ئەوەتا رۆژ نیە هەواڵی زیاتر نەگات و شتە نهێنیەکانیان دەرنەکەون و، وا روون دەبێتەوە چی یاریەکیان بەم میلەتە کردووە و، کەچی تا ئێستا چۆن بێ منەتن لە ئاست هەڵوێستەکان و داواکاریەکانی خەڵک و لە باری ژیان وگوزەرانیان بێ خەمن .
ئەوەی لەم کاتەدا وەزعی گەلی کورد ببینێت، کە لە چ نارەزایەتیەکی نێخۆییدا دەژێت، قەت روو گشتپرسیەکی ئاوها ناکات، کە بە شێوەیەک لێی دەرچین دوژمنان پێی خۆشحاڵ بن، ئەگەر بزانیت ئاستی نارەزایی گەیشتۆتە پلەیەک کە شکت هەبێت رێژەیەکی زۆری خەڵک نەچێت بۆ دەنگ دان و  لەو رێژە نافەرمیەی پێشوو کە م بێتەوە، دەبینە گالتەجاری دەوروبەر و جیهان، پاش ئەم هەموو قوربانیدانە .
لە لایەک کەس گومانی لەوەنیە کە خەڵک بە هیچ جۆرێک لەم هەنگاوە دڵنیا نیە، لەبەر ئەوەی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات نەماوە، لە لایەکی ترەوە تەنانەت باوەری پێ ناکەن کە سەربەخۆیی بە رووتیش بخرێتە بەردەستی دەستی بۆ نابات و، هەموو لایەک ئەم دەنگۆیەی بە بانگەشەی حزبی و موزایەدە لەقەڵەم دەدەن، لەم کاتە هەستیارەدا و، وای دەبینن کەدەسەڵات بەم بانگەشەیە دەیەوێت خۆی لەم تەنگژانە قوتار بکات، بەڵگەش بۆ ئەمە خودی مەسرور بەرزانی رایگەیاند، کە ریفراندۆمیش بکرێت دەرئەنجامەکەی ناخەنە بواری پراکتیکیەوە، ئەی پرسیارەکە لەوەدایە، وا بێت؛ ئەمەت بۆچیە ئەگەر بو مەشغوڵ کردنی خەڵک و موزایەدە و بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبی نەبێت و، یاریەکی قێزەون بە ئامانجێکی پیرۆزی وا نەبێت؟ باشە خەڵک حەقی نیە بپرسێت بۆچی لەم دوو دەیەی کە بواری گشتپرسی ئەوەندە زۆر بوو نەتانکرد، بۆچی لەم کاتەدا .... کەفی کردووە، بەتایبەتی بە خۆتان باش دەزانن کە میلەت ئێستا لەخەمی چیدایە و تۆ ئەم پرسە زۆر گرنگ و پیرۆزەی لا قێزەون دەکەیت، ئەگەر یاریکردن نەبێت بە چارەنوسی میلەت ؟
بۆیە، ئەگەر تۆیەک چارەنوسی ئەم میلەتەت لا گرنگ بێت و، نەیکەیتە قوربانی بەرژەوەندی حزبەکەت، وەزعی خەڵک و بیرکردنەوە و روانین و بۆچونە گرنگەکانی بخوێنەوە و نەیکە قوربانی سەرکێشیەک لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و حزبی  رووت خۆت.
کە خەڵک لە گشتپرسی پێشو لە سەدا نۆهەد و هەشت زیاتر دەنگی بۆ سەربەخۆیی دابێت و، تۆ ئێستا نەتوانیت لەم بارودۆخە سەختە نیوەی ئەو رێژەیەش بەدەست بێنیت، لەبەر ئەوەی ئەولەویاتی خەڵک لەم کاتەدا نان و رزقەکەیەتی و، تەنانەت زۆر جار خۆزگە بە رۆژگارەکانی نەهامەتی دەخوازێت و، تۆش بێیت باسی گشتپرسی بۆ بکەیت، بێگومان باش دەزانێت کە ئەمە کارێکی حەقە لە پێناو مەبەستێکی نابەجێ و ناحەقدا .
جا تۆیەک کە لە حوکمرانی هەرێم شکستت خواردبێت و، خەڵکت لە حوکمداری خۆیی بێزار کردبێت و، نەبیتە نمومە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، باسی ریفراندۆمی چی دەکەیت . ئەمە با لەوە گەرێین کە هیچ بنەمایەکی دەوڵەتبونت دروست نەکردبێت، بەڵکو نەخێر بنەما سەرەکیەکانی بە هەرێم بونی فیدرالێشت دۆراندبێت . ریفراندۆمی چی و دەوڵەت لە کوێیە ؟ بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردستان بزانن، کە خەڵک نیشتمانی لەوان زیاتر خۆش دەوێت، بەڵام باوەر بەوان ناکات کە لەم حوکمە وابەسەتەییەی دەوڵەتی ناوەندیە شکستیان خواردبێت، لە ریفراندۆم و سەربەخۆییش لەمە باشتر بن و، نیشتمان لەبەر چاو خەڵک نەخەن و، دەستێوەردانی دەوروبەر ئاسانتر مەکەن . بۆیە دەپرسین؛ گشتپرسی  و سەربەخۆیی و گەندەڵی و شکست کوجا مەرحەبا  ؟
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە