کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پڕۆژه‌ باران

Wednesday, 17/02/2016, 21:22


ئه‌مڕۆ له‌ناو بوونی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ ناوخۆییانه‌ی هه‌رێمی کوردستان ڕۆژانه‌ گوێمان له‌ پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌بێته‌وه‌، پڕۆژه‌ی تاکه‌که‌سی یان تاک حزبی یان پڕۆژه‌ی کوتله‌ی حزبێک یان هه‌ندێ جار پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و فراوان که‌ خۆی له‌ چه‌ند حزبێکدا ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ک پڕۆژه‌ی چوار حزبه‌که‌ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و چه‌سپاندنی سیسته‌می په‌رله‌مانی.
هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌کرێ پڕۆژه‌ی چاکبن وه‌ ناوه‌رۆکی جوانیان هه‌بێ و به‌شێوه‌ی ئه‌کادیمی و که‌سانی پسپۆر نوسیبنیان، وه‌ هه‌ریه‌که‌شیان له‌ ڕوانگه‌یه‌که‌وه‌ و بۆ مه‌به‌ستێک نوسراون هه‌یانه‌ له‌ڕوانگه‌ی هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاری و خه‌مخۆری بۆ نیشتمان و داهات و نوسرابێ، هه‌شه‌ بۆ ڕاگرتنی ته‌وازوونی سیاسی نوسرابێ و هه‌شیانه‌ وه‌ک کوڕه‌ که‌چه‌ڵ بۆ خۆ ده‌رخستن و کوتله‌و کوتله‌کاری نوسرابێ ، ده‌شکرێ له‌ ناچاریان و ئه‌وپه‌ڕی بێ ده‌سته‌ڵاتیان نوسرابێ، هه‌رچه‌ند هه‌مووشیان ده‌چنه‌ خانه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی.!
لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر ناوه‌رۆک و روپۆش و مه‌به‌ستی پڕۆژه‌کان نیه‌، به‌ڵکو مه‌به‌ستمانه‌ بڵێین ئه‌و هه‌موو پڕۆژه‌یه‌ بۆچی و بۆ کێ؟
ئایا پڕۆژه‌کانی ڕابردوو جێبه‌جێ کران؟ یان ئایا گوێیان لێگیرا؟ وه‌یان هێزی یاساییان نه‌ماوه‌ بۆیه‌ پڕۆژه‌ی دیکه‌مان پێویسته‌؟ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زانن که‌س گوێتان لێناگرێ وه‌ک چۆن سه‌رۆکی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کانتان به‌ده‌ستی به‌تاڵ ناردرانه‌وه‌ بۆماڵ ئه‌و پڕۆژه‌و پڕۆژه‌کاریه‌تان له‌چیه‌، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر نه‌به‌زینتانه‌ له‌ شۆڕشی مه‌ده‌نی و به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی دامو ده‌زگاکان و سه‌روه‌ربوونی یاساتانه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستتان خۆشبێت، به‌ڵام له‌ئێستادا پێویستیمان به‌خه‌باتی ژێرزه‌مینی و شۆڕشی فکری هه‌یه‌ ئه‌بێ له‌ سه‌ره‌تادا عه‌قڵی که‌سه‌کان بگۆڕین، ئه‌گه‌رنا ئه‌و هه‌موو پڕۆژه‌و پڕۆژه‌کاریه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی و سه‌ری خه‌ڵک هێشانه‌ چیتر یاری به‌و خه‌ڵکه‌ مه‌که‌ن یان وه‌ک ئه‌وانی تر ببنه‌ یار و دۆستی ده‌سته‌ڵات و پشت له‌ میلله‌ت بکه‌ن، یان ببن به‌ پێشڕه‌وی ڕاپه‌ڕینی ده‌نگه‌ ناڕه‌زاکان و هه‌ژاران و ماف خوراوان که‌ نزیکه‌ سه‌رهه‌ڵدانی.
هه‌رچه‌ند بڕیاربوو هیچ له‌سه‌ر پڕۆژه‌کان نه‌نوسم چونکه‌ ئه‌و هۆنراوه‌یه‌م بۆی نوسی بوو واله‌خواره‌وه‌ بۆتان داده‌نێمه‌وه‌.
پڕۆژه‌ باران
له‌ئاسمانی ووشکه‌ حزبان
دێنه‌ خوارێ.....
به‌سه‌ر شاخێکی به‌ردینی
وه‌ک ڕه‌وه‌زێکی ڕه‌ق و ته‌ق
داده‌بارێ.....
هه‌ندێ پڕۆژه‌
له‌هه‌وریکی تاک هه‌وریا
هێواش هێواش دێنه‌خوارێ.....
هه‌ندێکی تر 
له‌هه‌ورێکی پچڕ پچڕ
کوتله‌ کوتله‌ داده‌بارێ.....
هه‌ندێکیشیان
له‌هه‌ورێکی ڕه‌شی توڕه‌
وه‌کو به‌هار ده‌گرمێنێ.....
به‌ڵام سه‌د ئاخ
ئه‌و پڕۆژانه‌ هه‌رچه‌ند زۆربن
بێنه‌ خوارێ داببارێن.....
هیچ کار ناکات
پڕۆژه‌کان یه‌گکرتوو نین
به‌دوای یه‌کدا دانابارێن.....
له‌ولاشه‌وه‌
ڕه‌وه‌زه‌ شاخ هه‌ر ڕه‌ق ده‌بێ
چه‌ندی ده‌که‌ن نه‌رم نابێ.....
به‌هیچ جۆرێک
نه‌بۆ جوتیار نه‌ بۆ بزن 
هیچ شتێکی لێ شین نابێ.....
ده‌سا ئێوه‌ش
ئه‌ی خاوه‌نی پڕۆژه‌کان
واز له‌ پڕۆژه‌و مڕۆژه‌ بێنن.....
وه‌رنه‌ مه‌یدان
گه‌ر چۆڕێک هێزتان تیا ماوه‌
به‌ کوتک بۆم بڕوخێنن.....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە