پێویستە پاپۆڕێکی تر دروست بکرێت!
Tuesday, 16/02/2016, 9:44
"چارەسەر سواڵی موچە نییە، بەڵکو رێکخستنەوەی کۆمەڵگایە لە کۆنتراکتێکی سیاسیی نوێدا کە تیایدا دەستەڵاتێکی سیاسیی کۆمەڵ بەرێت بەڕێوەو بیپارێزێت."
داهاتوت مەفرۆشە بە بەرژوەندییەکی کاتیی!
قسەی راست لە کەسانی متمانە پێنەکراو وەرمەگرە!
شتێک کە گومانی تیادا نەماوەو هەموو لایەک لەسەری کۆکە ئەوەیە کە:
باشوری کوردستان پاپۆڕێکە لە نوقومبووندایە.
ئەوەی کە گرنگە بۆ ئەمڕۆ ئەوەیە کە هەموو لایەک چەند راستییەک هەیە بیزانن:
١. ئەوەی خراپی کردووە ناتوانێت چاکی بکات.
ئەو سیستێمی دەستەڵاتدارییەی کە پارتەکانی ناو پەڕلەمان پێکیان هێناوە بۆ "تاڵانیی" بوو نەک بۆ "بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا". هیچ کام لەو پارتانە کە پشکی هەیە لە دروستکردنی قەیراندا ناتوانێت پێچەوانەی ئەوەی کە کردویەتی چارەسەریی بکات. بەردێک ژێر ئاو کەوتبێت مانای وایە سەر ئاو ناکەوێت.
٢. نوقومبوونی ئەم پاپۆڕە بە زیانی هەموو لایەک تەواو دەبێت، بە زیانی ئەوانەش کە کونیان کردە بنی پاپۆڕەکە. بۆیە هەموو لایەک پێویستە بە ئەقڵێکی ساردەوە لەگەڵ پڕۆسەی چارەسەریی بێت.
٣. کێشەکە ئەوە نییە کە ئەم سیستێمی دەستەڵاتدارییەی ئەمڕۆ چۆن چاک بکرێتەوە؟ پاپۆڕەکە چۆن بکەوێتەوە سەر ئاو؟ بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە چۆن و لەسەر کام پرەنسیپانە کۆمەڵگا سەربەست لەم دەستەڵاتەی ئەمڕۆ خۆی رێکبخاتەوە؟ پێویستە بیر لە دروستکردنی پاپۆڕێکی تر بکرێتەوە، ئەوەی لە نوقومبووندایە مەحاڵە سەر ئاو بکەوێتەوە.
٤. هەر هێزو کەسانێک کە پێشتر تاقی کرابێتنەوە هەڵەیە جارێکی تر رۆڵیان پێ بدرێتەوە و متمانەیان پێ بکرێتەوە. پێویستە کۆمەڵگا رێگاو ئامرازی نوێ تاقی بکاتەوە. گرتنەوەی رێگای دەستەڵاتدارو هێزی کۆن هەر دەمانبەنەوە سەر هەمان مەنزڵی کۆن.
٥. پێویستە هەر کەسێک لای خۆیەوە ژن یان پیاو، لە هەر تەمەنێکدا بێت، هەر کارو فەرمانێکی هەبێت، لەم پڕۆسەی هەڵسانەوە نیشتیمانییەدا خۆی بە خاوەن ماف و بەرپرس بزانێت، بەرژەوەندیی گشتیی و وڵات لە سەرو هەموو شتێکەوە رابگرێت لە هەر پارت و رێکخراوێکدا بێت.
٦. لە دەرەوەی بازنەی ئەو خاڵانەی سەرەوە هەر گفتوگۆو هەوڵێک بدرێت لای "بزوتنەوەی کۆنتراکت" جوینەوەی بنێشتی کۆنە.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆنتراکت
١٣/٠٢/٢٠١٦
سلێمانی
ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوین خۆتانی لێ مەدزنەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست